2/8/2021 04:49 PM

شۆڕشی دەسەڵاتی خەڵک لە فیلیپین-بەشی دووەم

رێبەری
کۆری ئاکوینۆ، هاتە ناو ئەو رێگایەی کەوا هاوسەرەکەی رچەی شکاندبوو و رێبەرایەتیی بزوونتنەوەی رزگاریخوازانەی خەڵکی فیلیپینی وەئەستۆ گرت. هاوسەرەکەی کاتی خۆی گوتبووی "گەورەترین هۆکاری شەرعیەتدان بە حکومەت، لاپەڕەی دەنگدانە نەک فیشەک". هەر بۆیە بە پابەندبوون و وەفاداربوون بە میراتی سیاسیی هاوسەرە کوژراوەکەی، کۆری بوو بە درێژەدەری نەریتێک کە ئەو بناغەدانەری بوو، نەریتێک کە خەریکی چەسپاندنی یاسای وڵامدەربوونی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە بەرامبەر خەڵکدایە. ژنێک کە لەلایەن هەفتەنامەی ئەمریکی بە "بێگەردی دیموکراسی" دەناسرا، بە هاندانی خەڵک ئەوانی وا لێکرد کە بزووتنەوەیەکی بەهێز و گشتگیر رێک بخەن کە نموونەکەی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا نەبیندرابێت. سەرکەوتنی کۆری ئاکوینۆ وەها بوو کە ئیلهامـبەخشی زنجیرە شۆڕشێکی مەدەنی بوو نەک لە سەرتاسەری ئاسیا بەڵکوو لە سەرتاسەری جیهان. بەپێی قسەی ئەنوەر ئیبراهیم، رێبەری ئۆپۆزیسیۆنی مالیزی، «خەباتی کۆری ئاکوینۆ بۆ دیموکراسی و سەرکەوتنەکانی ئەو لە بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی لە فیلیپین، بە یەکێک لە خەباتە رچەشکێن و مێژووسازەکانی کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم دێتە ئەژمار». هەروەها، قەشەی باڵای ئەفریقای باشوور، دێسمۆن توتو، بەرپرسایەتی ئەم ژنە لە حاست دیموکراسیی بە یەکێک لە سەرچاوەکانی ئیلهام دەزانێ کە لە گۆڕانی پرێسپێکتیڤی سیاسیی ئەم وڵاتە و خەباتی خەڵکەکە بۆ جێگیر کردنی دادپەروەری و حکومەتی یاسا، رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا.
کۆری ئاکوینۆ بۆخۆشی لەم بوارەدا و سەبارەت بە رۆڵێک کە بۆ تێپەڕینی فیلیپین بەرەو دیموکراسی گێڕای دەڵێ: "من رەمزێکی تایبەت بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری و جێگیرکردنی دیموکراسی ناناسم. تەنها شتێک کە پێشنیاری دەکەم ئەوەیە کە بۆ ماوەیەک خۆتان فەرامۆش بکەن و بیر لە خەڵک بکەنەوە. چونکە هەمیشە خەڵکن کە هۆکاری سەرەکیی رووداوە قووڵە مێژووییەکانن".

کەشی مەدەنی
سیستمی سیاسی و ئیداریی مارکوس، بە بێ سەرنجدان بە ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکانی ئەم وڵاتە، تەنها بیری لە پاراستنی دەسەڵات و مانەوەی خۆی دەکردەوە. رۆژنامەوانی بە توندی سانسۆر دەکرا و لەنێوان سەرجەم کەناڵە رادیۆیی و تەلەفیزیۆنییەکاندا تەنها میدیایەک کە لە دەرەوەی چاوەدێریی حکومەتدا درێژەی بە کاری خۆی دەدا، رادیۆ Veritas بوو. مارکوس، وەک تاکەکەس، باجی دەخستە سەر دانە بە دانەی مامەڵە بازەرگانیەکان لە فیلیپین و بە بەفەرمی ناسینی پیشەسازی مەزادخانەکان لەم وڵاتەدا، سەرچاوەیەکی گەورەی ماڵیی ئامادەی بۆ باجدان بە ئەم و ئەو لەبەردەستدا بوو.
بەپێی راپۆرتە جۆراوجۆرەکانی رێکخراوەی ئەمنستی (لێبوردنی ناودەوڵەتی)، لە ١٩٧٢ تا ١٩٧٧، نزیکەی شەست هەزار حاڵەتی دەستبەسەرکرانی سیاسی بە فەرمانی راستەوخۆی مارکوس ئەنجام دراوە و ئەشکەنجە بوو بە ئامرازێکی باو کە زیندانەکانی ئەم وڵاتەدا. سیستمی دادوەریی لە فیلیپین هیچ سەربەخۆییەکی نەبوو. لەدوای ئاشکرابوونی رۆڵی فەرماندەی سوپا، ژەنەراڵ «فابیەن وێر» و ئەفسەرانی پلەبەرزی ئەم وڵاتە لە دۆسیەی کوشتنی نینەوی ئاکوینۆ، مارکوس خۆی لە بەدواداچوونی یاسایی ئەو و هاوکارانی پاراست، بە هۆی کارتێکەرییەک کە لەنێوان هێزە سەربازییەکاندا هەیانبوو.

پەیام و بەردەنگ
کۆری ئاکوینۆ رایگەیاند «من بەشوێن شۆڕشێکی توندوتیژەوە نیم. سەردەم، سەردەمی ئەم چەشنە شۆڕشانە نییە...سەردەم، سەردەمی خەباتی ناتوندوتیژانەیە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و دەبێ بە بەکارهێنانی رێکاری ئاشتی‌خوازانە لەبەرامبەر خراپەدا بەرگری بکرێت.» ئەو بە بەکارهێنانی رادیۆ Veritas و ئەو میدیایانەی لە دەرەوەی چاوەدێریی حکومەتدا چالاکیان دەکرد، خەڵکیان بۆ بایکۆتی بنکە بازەرگانییەکانی پێوەندیدار بە سیستم و خزمانی مارکوسەوە هان دەدا، ئەو بنکانەی کە دەکرێ لە ناویاندا ئاماژە بە چەند بانکی فیلیپینی و چەند کۆمپانیای چەندنەتەوەیی وەکوو کۆکاکۆلا بکرێت.
لە ١٥ـی فێبریەی ١٩٨٦ و لە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی لەدژی راگەیاندنی سەرکەوتنی دووبارەی مارکوس لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، کۆری ئاکوینۆ بە رێکخستن و بەشداری لە رێوڕەسمێکی هاوتەریب بۆ خواردنی سوێند وەکوو سەرۆکی هەڵبژاردەی خەڵک، بەربڵاوی و قووڵایی پشتگیریی گشتیی لە خۆی و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە سیستمی مارکوس نیشان دا. هەفتەیەک دواتر، لە ٢٢ـی فێبرییەی هەمان ساڵدا، بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسانی سەربازیی ئەم وڵاتە، بە راگەیاندنی پشتگیری نەکردن لە مارکوس، دەست‌لەکارکێشانەوەی خۆیان لە رێگەی رادیۆی Veritasـەوە ئاشکرا کرد و داوایان لە خەڵک کرد بۆ پشتیوانی کردن لەم کردەوەیەی ئەوان لە گۆڕەپانی سەرەکیی پایتەختی فیلیپین لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا بەشداری بکەن.
لە ماوەی سێ رۆژی دوای ئەم زبجیرە رووداوانە بوو کە، لە ٢٣ تا ٢٦ـی فێبریەی ١٩٨٦، بە رێپێوان‌گەلی گەورە لە یەکێک لە دەمارە سەرەکییەکانی شاری مانیل، جووڵەی خەڵکێک کە ژمارەیان زیاتر لە ٢ ملیۆن کەس بوو، بەرەو بە لووتگەیاندنی بزووتنەوەی رزگاریخووازی ئەم وڵاتە دەڕۆیشت. بە بەهێزکردنی پشتگیرییە خەڵکیەکان لەم جووڵەیە بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی لە سیستم جیا بوونەوە و تێکەڵ بە بزووتنەوە بوون. وەزیری بەرگری ئەم وڵاتە لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەڵێ: «سەیر ئەوە بوو...ئێمە کە لە سیستمی بەرگری و سەربازیی فیلیپیندا دەبوو پارێزەری خەڵک بین، خۆمان کەوتبووینەوە ژێر چەتری پارێزگاری ئەوانەوە».

 

خاک - سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved