3/8/2021 02:53 PM

بزووتنەوەی پشتێنەی سەوز-بەشی یەکەم

وانگاری موتا ماسایی،
دایکی دارەکانی ئەفریقا


روانگە و پاڵنەر
وانگاری موتا ماسایی ژنێکی کینیاییە کە لە ساڵی ١٩٧٠ـەوە بینەری کۆمەڵێک کاریگەریی بەربڵاو و نەرێنی دارستان‌سڕینەوەیە لەلایەن حکومەتی کینیاوە. پلانی دارستان‌سڕینەوەی حکومەت بە گۆڕینی دارستان بۆ زەوی کشت و کاڵ و بیناسازی، داڕمانی ژینگەیی کینای قووڵتر کردەوە و ئەم کارە هۆکار بوو بۆ وشکەساڵی، پوانی خۆڵ و لەناوچوونی زەوییە کشت و کاڵییەکان. ئەم گۆڕانکاریانە، ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی لە سەرچاوە زەروورەکان بێ‌بەش کرد. ژنان کە رۆڵی نەریتیی ئەوان بەردەوام دۆزینەوەی ئاو و ئاوردوو بوو، بە خەستی کەوتنە ژێر کاریگەریی لەناوچوونی ئەم سەرچاوە سروشتیانەوە. کەوابوو، وانگاری موتا ماسایی لە رۆژی زەوی لە ١٩٧٧ـدا بزووتنەوەی پشتێنەی سەوزی وەکوو رێکخراوەیەکی خەڵکیی ژینگەیی و ناحکومی لە کینیا دامەزراند. ماسایی بە بونیادنانی بزووتنەوەی پشتێنەی سەوز، خەباتێکی ماندوونەناسانەی بۆ راگرتنی کارەساتێکی ژینگەیی و دەستدرێژی بۆ مافی کەسەکان لەمەڕ بوونی ژیانێکی تەندروست و سەقامگیر دەست پێکرد.

ئامانج و مەبەستەکان
ئامانجی سەرەتایی ماسایی، تەنیا پاراستنی ژینگە بوو. ئەو لەهەمانکاتدا دەیویست ژنان بەهێز بکات، هیوا و متمانەبەخۆییان پێبەخشێت بۆ ئەوەی بتوانن لەبەرامبەر هەر چەشنە ئاڵۆزییەک لە شێوەی ژیان و ژینگەی سروشتیدا بوەستنەوە. ماسایی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەدا، جووتیارانی کە ٧٠٪ـیان ژن بوون، هان دا کە بە چاندنی دار، «پشتێنەیەکی سەوز» دروست بکەن بۆ ئەوەی بەرگیری لە پوانی خۆڵ بکات و سەرچاوە سروشتییەکان بژیێنێتەوە. رێکارەکەی ئەو سادە بوو: چاندنی چەند دانە دار وەکوو هەنگاوی یەکەم و بەدوایدا بەربڵاوکردنەوەی بەرەبەرەی گۆڕانکارییەکان. بە واتەیەک «ئەو ژنانەی چاندنی دار لە زەوییەکانی خۆیاندا دەست پێدەکەن، کاریگەریان لەسەر درواسێکانیان دەبێت. دراوسێکانی ئەوانیش دواجار دەست بەکار دەبن. ئێستا بینەری دژکردەوەی حکومەتین».
بەڵام چالاکیی بزووتنەوەی پشتێنەی سەوز، تەنها لە چاندنی داردا کورت نابێتەوە. بزووتنەوەی پشتێنەی سەوز دەستی کردووە بە بەهێزکردنی ژنانی کینیایی. گروپی ماسایی بە هاوکاری کردن لەگەڵ ئەنجومەنی نەتەوەیی ژنانی کینیا، کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی دیکەشی ئاراستەی ژنان و گوندنشینانی کینا کرد، بۆ نموونە رێکارەکانی رێکخستنی خێزان، خورد و خۆراک و شارەزاییەکانی رێبەری. بزووتنەوەی پشتێنەی سەوز هەزاران ژنی کەم‌داهاتی لە بواری دارستانڤانیدا داوەتە بەر فێرکاری و نزیەکەی ٣٠٠٠ پیشەی نوێی دروست کردووە.

رێبەری
وانگاری موتا ماسایی، ساڵی ١٩٤٠ لە کینیا لەدایک بوو. ئەو سەر بە پێکهاتەی ئەتنیکی "کیکۆیۆ"ـیە. ماسایی بەپێچوانەی دایک و باوکە جوتیارەکەی، خوێندەواریی سەرەتایی و ناوەندی هەبوو. ئەم بابەتە بۆ زۆرینەی ژنانی کینیایی ئەو سەردەمە، بە دەسکەوتێکی دەگمەن دەهاتە ئەژمار. لەدوای تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی ، ماسایی ئەفریقای جێهێشت و لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیا لە بواری بایۆلۆجیدا دەستی کرد بە خوێندن. ئەو یەکەم ژن بوو لە ئەفریقای رۆژهەڵات و ناوەندی کە پلەی دوکتۆرای وەرگرت. ماسایی لە ماوەی سەرۆکاتیی خۆی لە ئەنجومەنی نەتەوەیی ژنان لە کینیا سەرەتا لەگەڵ پرسەکانی ژینگە ئاشنا بوو. ژنە گوندی و شارییەکان بە کۆمەڵێک چیرۆکەوە سەبارەت بە خەباتی خۆیان لەدژی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەهاتنە لای ماسایی. دژکردەوەی ماسایی لەبەرامبەر ئەم چیرۆکانەدا، دامەزراندنی بزووتنەوەی پشتێنەی سەوز بوو کە وای دەکرد ژنان، لە ریزی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە ژینگەییەکاندا چالاکی بنوێنن.
کارەکەی ئەو ئیلهامـبەخش بوو بۆ ژنان بۆ ئەوەی وەکوو مافێکی جەوهەریی مرۆڤ سەیری تەندروستیی ژینگە بکەن، نەک وەکوو پوانێکی حاشاهەڵگر. ماسایی بەخێرایی سەرنجی سەرجەم ژنانی ئەفریقای بۆ لای خۆی راکێشا و بە «دایکی دارەکانی ئەفریقا» بەناوبانگ بوو. ماسایی لە دیسامبەری ٢٠٠٢ـدا بە زۆرینەی سەرسوڕهێنەری ٩٨٪، وەکوو ئەندام پەرلەمانی کینیا هەڵبژێردرا. مووائی کیباکی، سەرۆکی کینیا، ماسایی وەکوو جێگری وەزارەتی ژینگە هەڵبژارد. دوو ساڵ دواتر «بە هۆی رۆڵی ئەو لە بواری پەرەسەندنی سەقامگیر، دیموکراسی و ئاشتی»، خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی ٢٠٠٤ـی پێ بەخشرا.

کەشی مەدەنی
کینیا لەو کاتەوەی سەربەخۆ بوو لە بەریتانیا لە ساڵی ١٩٦٣ـدا لەگەڵ تاعوونی سەرکوتی سیاسی بەرەوڕوو بووە. بە دەسەڵات گەیشتنی سەرۆک دانیەل ئاراپ مویی لە کۆتاییەکانی ١٩٧٠ـدا، هاوکات بوو لەگەڵ هەرەسهێنانی دەسەڵاتی سیاسیی پێکهاتەی ئەتنیکی کیکۆیۆ و سەردەست بوونی پێکهاتەی ئەتنیکی ئاراپ مویی، کالێنجین. لەو کاتەوە، کیکۆیۆ تۆمەتبار بوو بە لاوازکردنی حکومەت لە رێگەی چالاکیی سیاسییەوە و لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، بووەتە قوربانی بێ‌بەزەییەتی پۆلیس. تا کاتی سەرکەوتنی بەرەی کۆلکەزێڕینەی نەتەوەیی وەکوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٢ـدا، حکومەتی کینیا بەناوبانگ بوو بە بەکارهێنانی سەرکوتی سیاسی، پشتگیر لە لاینگرانی خۆی، کۆنتڕۆڵکردنی میدیاکان، فێڵبازیی لە هەڵبژاردن و هاندان بۆ توندوتیژی لەدژی پێکهاتەی ئەتنیکی کیکۆیۆ. تەنانەت لەدوای گۆڕانێکی دیموکراتیکی سەرکەوتوودا، کینیای سەدەی بیست و یەکەم لەگەڵ زیانەکانی فێڵبازی لە هەڵبژاردن، توندوتیژیی ئەتنیکی و گەندەڵی رووبەڕووە.
زۆرینەی کێشە مەدەنییەکانی کینیا بە چالاکییەکانی ماسایی دەرکەوتوون. ماسایی لە ١٩٨٩ لەگەڵ گرووپێکی بچووک لە ژنان، خۆپیشاندانێکی ئارامیان لەدژی شێواندنی پارکی ئوهوروی نایروبی رێکخست. کۆمپانیا بیناسازییەکان بەتەما بوون بینایەکی بازەرگانی ٦٢ نهۆمی کە بریتی بوون لە کۆمەڵێک یەکەی نیشتەجێ‌بوون، نووسینەگەی ناوەندیی نوێ بۆ حزبی دەسەڵاتدار و پەیکەرەیەکی گەورە لە سەرۆک‌کۆمار دانیەل ئاراپ مویی، لەو پارکەدا دروست بکەن. ماسایی و لاینگرانی بە هاودەنگی لە بەرامبەر شێواندنی ئەم پارکەدا بەرگریان کرد و بە هۆی توندوتیژیی پۆلیسەوە، بزیندار بوون. بەم حاڵەوە بێدەنگ نەبوون و سکاڵایان تۆمار کرد. ئارگیۆمێنتی ئەوان ئەوە بوو کە ئەم پارکە هی خەڵکە و داگیرکردنەکەی نادادپەروەرانەیە. ئەگەرچی ناڕازیان لە دادگا سەرکوتوو نەبوون بەڵام دۆخەکە لە کۆتاییدا کەوتە بەرژوەندی ئەوانەوە؛ سەرمایەگوزارانی پرۆژەی شێواندنی پارکی ئوهورو، بەهۆی ناڕەزایی گشتیی خەڵک بەنیسبەت ئەم پرۆژەیە، سەرمایەگوزارییەکی خۆیان راگرت.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved