5/8/2021 06:57 PM

خەبات بۆ مافی کرێکارانی جوتیار-بەشی یەکەم

سێزار چاوێز، مانگرتن و بایکۆتی ترێی دێلەینۆ

روانگە و پاڵنەر
لەگەڵ روودانی شۆڕشی مەکسیک لە ساڵی ١٩٥٠ـدا، زۆرینەی مەکسیکییەکان رایان کرد بۆ باکوور واتە ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی ژیانێکی نوێ و دوور لە خوێنڕشتن بدۆزنەوە. لەگەڵ بەردەوام بوونی کۆچبەری، پێویستیی ئەمریکا بە کرێکارانی بەشی کشتوکاڵ ئەوەندە زۆر بوو کە پلانێک بۆ ڤیزای کاری مەکسیکییەکان لە ١٩٥٠ـدا داڕژرا. پلانی «بێراسێرۆ» گرێبەستێکی کاریی یاسایی ئاراستەی کرێکارانی جوتیاری مەکسیکی دەکرد بەڵام زۆرینەیان بە هۆی پێشێلکردنی ئاشکرای مافی کار و هەڵاواردنی رەگەزی ئازاریان دەبینی.
مافی کرێکارانی بەشی کشتوکاڵ زۆر جار نەدەدرا و مافی پێکهێنانی یەکێتی (سەندیکا)ـیان نەبوو، مافێک  کە کرێکارانی ئەمریکی هەیانبوو. ئەوان لە دۆخێکی نامرۆییدا کاریان دەکرد و خاوەن زەوییەکان، مافی ویلایەتی سەبارەت بە دۆخی کاریان لەبەر چاو نەدەگرت. کرێکاران لە زەوییەکاندا تواڵێتیان نەبوو و ناچار بوون هەموو رۆژێک دوو دۆلار سەرفی ژیان لە ژووری کانزایی و بێ ئاودا بکەن. لەوانەش خراپتر، ترێ‌چنەکان بۆ هەر کاتژمێرێک ٩٠ سێنت و بۆ هەر سەوەتەکی پڕ کراو ١٠ سێنتیان وەردەگرت و ئەم پارەیە، بنەماڵەکانی دەخستە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
سێزار چاوێز لە بنەماڵەیەکی مەکسیکی-ئەمریکی لە ویلایەتی ئاریزۆنا لە سالی ١٩٢٧ـدا لەدایک بوو. لە سەردەمێکدا کە وەستانی گەورەی ئابووری خەریک بوو ئەمریکا بەرە لەناوچوون ببات، بنەماڵەکەی زەوی و پیشە و کارەکەیان لەدەست دا و لە ساڵی ١٩٣٧ـدا ماڵەکەیان گواستەوە بۆ کالیفۆرنیا. بنەماڵەی چاوێز لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا کاریان دەکرد و بەپێی وەرزەکان لەم زەوییەوە دەگوازرانەوە بۆ زەوییەکی دیکە. بنەماڵەکەی ئەو لە دەیەی ١٩٤٠ لە دێلەینۆ کە شارێکی کشتوکاڵی لە دۆڵی "سێن واکین" بوو جێگیر بوون. ئەم دۆڵە بووە ناوەندێکی بزووتنەوەیەکی ناوازە بۆ مافی کرێکارانی جوتیار لە دەیەی ١٩٦٠ـدا.

ئامانج و مەبەستەکان
ئامانجی کۆتایی چاوێز «رووخاندنی سیستمێکی کاری جوتیاری بوو لەم وڵاتەدا کە لەگەڵ کرێکاران بە شێوەیەک دەجووڵاوە کە گۆیا مرۆڤگەلێکی گرنگ نین». ئەو لە ساڵی ١٩٦٢ـدا یەکێتیی نەتەوەیی کرێکارانی جوتیاری دامەزراند کە بووە ئێسکەبەندی خەباتە کرێکارییەکانی ئەو. چاوێز بەشوێن ئەوەوە بوو کە کەرامەت و مافی کرێکارانی جوتیار رێزی لێ بگیرێت. ئەو دەیکوت: «ئێمە دەمانهەوێ وەکوو مرۆڤێک کە هەین هەڵسوکەوتمان لەگەڵ بکرێت! ئێمە کۆیلە نین، ئێمە ئاژەڵ نین».
کۆمیتەی رێکخستنی کرێکارانی جوتیاری دێلەینۆ لە سیپتامبەری ١٩٦٥ دەستی کرد بە مانگرتن. ئەم کۆمیتەیە کە زۆرینەیان ترێ‌چنی فیلیپینی بوون، خوازیاری ١.٤ دۆلار بوون بۆ هەر کاتژمێرێک و ٢٥ سێنت بۆ هەر سەوەتەیەکی ترێ. رێبەری ئەم کۆمیتەیە دەیزانی کە مانگرتنێکی سەرکەوتوو دەبێ جگە لە کرێکارانی فیلیپینی بەڵکوو کرێکارانی مەکزیکی و چیکانۆ لە دێلەینۆش تێیدا بەشدار بن. ئەو چووە لای چاوێز و یەکێتیی نەتەوەیی کرێکاران. چاوێز پشتگیری لێکرد و ئامانجەکانی مانگرتنەکەی بەرز کردەوە بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکانی یەکێتی لەلایەن خاوەن زەوییەکان و یاساگەلێک لەسەر بنەڕەتی پێدانی مۆڵەتی پێکهاتنی یەکێتی لەلایەن کرێکارانی وەرزێر و بەشداری ئەوان لە دانوستانە بەکۆمەڵەکاندا.
چاوێز لە هاوینی ١٩٦٧ـدا، چڕبوونەوەی خۆی لە بایکۆتەوە گواستەوە بۆ بایکۆتی نەتەوەیی ترێکانی کالیفۆرنیا بۆ پشتگیری لە مافی کرێکارانی جووتیار. تۆڕێکی بەربڵاو لە چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی داوایان لە بەکارهێنەران کرد ترێ بایکۆت بکەن و زەخت بخەنە سەر فرۆشگەکان کە ترێ نەکڕن بۆ ئەوەی گرنگی بدرێت بە داوای کرێکاران و خاوەن زەوییەکان ناچار بن گرێبەستێک لەگەڵ کرێکاران واژۆ بکەن.

رێبەری
رێبەرایەتی چاوێز لەسەر بەرپرسایەتی تەواوی ئەو بۆ شێوازی ناتوندوتیژ، فیداکاری تاکەکەسی و ئەخلاقی کاری چڕ ببووەوە. ئەو بە دانانانی ژیانی خۆی لەسەر ئەم ئامانجە داوای لە لاینگرانی دەکرد ئەوانیش خۆیان بۆ ئەم رێگەیە تەرخان بکەن. چاوێز دەیگوت: "ئێوە دەبێ خزمتکار خەڵک بن. ئەگەر وا بن، دەتوانن چاوەڕێی بەرپرس‌بوونیان لێبکەن".
ئەو لە ساڵە سەرەتاییەکانی چالاکیی یەکێتیی نەتەوەیی کرێکارانی جووتیار، توانی خۆڕاگری، کەم کەمە کرێکارە دوودڵەکان کە چەندین مانگرتیان بینیبوو، لەگەڵ خۆی هاودەنگ بکات. چاوێز سەرەتا هەوڵی دا لە خواستی کرێکاران ئاگادار بێتەوە. ئەو خەریتەیەکی لە دۆڵی دێلەینۆ کێشاوە و ٨٦ شاری وەکوو خاڵی ئامانج دەستنیشان کرد. پاشان کەسانی خۆبەخش، ماڵ بە ماڵ و فرۆشگە بە فرۆشگە گەڕان بۆ ئەوەی پێناسەکان ناونووسی کردن کە پرسیاری ناو، ئادرەس و وڵام بە پرسیارگەلێک سەبارەت بە مووچە و نەبوونی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و بیمەی بێکاری دەکرد، بڵاو بکەنەوە. ئەو و خۆبەخشانی دیکە ئەم کارەیان کرد بۆ ئەوەی پشتیوانانی ئەم جووڵەیە لەگەڵ خۆیان هاودەنگ بکەن.
چاوێز جەستی لەسەر ناتوندوتیژی تەنانەت لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ توندوتیژیی خاوەن زەوییەکان، دەکردەوە. ئەو دەیگوت: "ئێمە بە قەناعەت گەیشتووین کە رێوشوێنی ناتوندوتیژانە بەهێزترە لە توندوتیژی، ئێمە بە قەناعەت گەیشتووین کە رێوشوێنی ناتوندوتیژانە ئەگەر ئامانجێکی دادپەروەرانە و ئەخلاقیتان هەبێ، دەبێتە پشتیوانتان". زیاد لەمانە، ئەو دەیزانی کە ئەگەر مانگرتووان توندوتیژی بنوێنن، خاوەن زەوییەکان و پۆلیس گومان لە سەرکوتی ئەوان ناکەن.

کەشی مەدەنی
خاوەن زەوییەکانی دێلەینۆ بەهێز بوون و پێوەندییەکی زۆریان لەگەڵ پۆلیس، دادوەرەکان و سیاسییەکانی ناوچەکە هەبوو؛ ئەوان داراییەکی زۆریان لە ماوەی ئەم ساڵانەدا کۆکردبووە و حەزیان لە رادەستکردنی بەشێک لەم داراییە نەبوو. ئەوان کۆمەڵێک هێزی ئەمنی چەکداریان بۆ ترساندنی مانگرتووان دامەزراند. مانگرتووان ژەهریان بەسەردا پژا، سەگیان تێبەر درا و رووبەڕووی هێرشی زمانی و فیزیکی بوونەوە. لەبەرامبەردا چاوێز، داوای لە هاوپەیمانانی خۆی کرد لەناو قەشەکاندا کە لە ریزی پێشەوەی مانگرتوواندا پیاسە بکەن. ئەم کارە بۆ ئەوە بوو کە "پۆلیس، هێزە ئەمنییەکان و خودی خاوەن زەوییەکان بێتەوە یادیان لە جیهان خەریکی سەیرکردنی رەفتارەکانی ئێوەیە."
خاوەن زەوییەکان، هاوپەیمانی چاوێزی وەکوو کۆمەڵێک "بزوێنەری دەرەکی"ـی مەترسیدار، کە لە ناوچەیەکەی ئارامدا، ئاڵۆزیان دروست کردووە، خستە بەر هێرش؛ ئەوان پێداگر بوون کرێکاران "بەتەواوی رازین، ئەگەر وا نەبوایە، نەدەهاتنە ئێرە. ...ئەم کەسانە، خۆیان ئەم جۆرە کارەیان هەڵبژاردووە. ...ئێمە لامان وایە هەوڵی خۆمان بۆ باشکردنی دۆخی ئەوان داوە." 
پۆلیس دەستی کرد بە دۆزینەوەی مانگرتووان، وێنەی لێ گرتن و ناوەکانیانی تۆمار کرد. سەرۆکی پۆلیسی ناوچە رێگری لە مانگرتووان دەکرد لە ئارامیی ناوچەکە تێک نەدەن و بە کۆبوونەوە و هاوارکردن لە تەنیشت جادەکان، زەختی دەخستە سەریان؛ ئەو تەنانەت بەکارهێنانی وشەی «هوئێلگا (وشەیەکی ئیسپانیایی بۆ مانگرتن)»ـی قەدەغە کرد. چاوێز بڕیاریدا لەبەرامبەر ئەم کردەوەیەدا بوەستێتەوە؛ لاینگرانی ئەو ئاگامەندانە لە بەرامبەر هەواڵنێرانی تەلەفیزیۆن و رۆژنامەکاندا ئەم یاسایانەیان جێبەجێ لەبەرچاو نەگرت و دەستبەسەر کران. لەم کاتەدا، چاوێز کە خەریکی چاوپێکەوتن لەگەڵ زانکۆ ویلایەتییەکان بوو، ئەم سەرکوتەی بەکار هێنا بۆ راکێشانی سەرنجی خوێندکاران. خوێندکاران ٦٧٠٠ دۆلاریان بەخشییە ئەم بزووتنەوەیە. پاش ماوەیەک فەرمانەکانی سەرۆکی پۆلیس بە پێچەوانەی یاسای بنەڕەتی ناسرا.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved