7/8/2021 05:37 PM

خەبات بۆ مافی کرێکارانی جوتیار-بەشی دووەم

پەیام و بەردەنگ
چاوێز هەوڵی دەدا بۆ زیادکردنی مووچە و باشکردنی دۆزی کار بەڵام زیاد لەم شتانە هەوڵی دەدا پەیامی کەرامەت، رێز ودادپەروەری بۆ کرێکارانی جورتیار پەرە پێدات. ئەو بۆ گواستنەوەی ئەم پەیامە، هێمای “دووپشکی رەشی ئازتێکی” هەڵبژارد چونکە «مایەی شانازییە...کاتێک خەڵک دەیبینن دەزانن کە بە واتای کەرامەتە». لەگەڵ دەسپێکی مانگرتنی دێلەینۆ، چاوێز وریای ئەوە بوو کە ئەم جووڵەیە نەک تەنها وەکوو دانوستانێکی سەندیکایی بەڵکوو وەکوو دەسپێکی بزووتنەوە لە قەڵەم بدرێت-خەباتێک نەک بۆ ئامانجێکی سنووردار بەڵکوو بۆ ئامانجێکی گەورەتر. دروشمی مانگرتووان ئەوە بوو: «بژی ئامانج».
یەکێتیی نەتەوەیی کرێکارانی جووتیار لە ساڵی ١٩٦٤ـدا، گۆڤارەکەی خۆی بە ناوی «دەنگی کرێکاری زەوی» دامەزراند. ئەم گۆڤارە بە زمانێکی کۆمیدی و بە بێ لەبەرچاوگرتنی رێسا باوەکان، کۆمەڵێک چیرۆکی لەدژی سەرکوتی خاوەن زەوییەکان بڵاو کردەوە و چەندین کارتۆنی لە کەسایەتییەکانی ناو زەوییەکانی ئاراستە کرد، بە جۆرێک کە کرێکاران دەیانتوانی لەگەڵیان پەیوەندی بگرن. ئەم کارە دەبووە هۆی گواستنەوەی پەیامەکە بۆ کەسانی نەخوێندەوار. ئەم گۆڤارە زۆر خۆشەویستە، لە فرۆشگەکانی باریۆ بڵاو بووەوە و لەو رێوڕيسمەی بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی ماڵی بەڕێوە دەچوو دەفرۆشرا.
"دەنگی کرێکاری زەوی" هەواڵەکانی بزووتنەوەی دێلەینۆی لە ساڵی ١٩٦٥ـدا تێدا بڵاو دەبووە بۆ هاودەنگکردنی لاینگرانی بزووتنەوە. بە یارمەتیی ئەندامانی یەکێتیی نەتەوەیی کرێکارانی وەرزێر، ژمارەی مانگرتنەکان لە بیست کەمپی کارەوە بەرزبووەوە بۆ ٤٨ کەمپ. لەهەمانکاتدا، شانۆی "کامپێسینۆ" یان شانۆی کرێکارانی وەرزێر، کۆمەڵێک نمایشی کۆمیدی بۆ سەقاڵکردنی مانگرتووان و راکێشانی سەرنجی کەسانی دیکە بۆ تێکەڵاوبوون بە ئەوان بەڕێوە دەبرد. ئەم گروپە شانۆییە دوو زمانەیە، پێکهاتبوو لە کرێکارانی ئاسایی کە کۆمیدیان بەکار دێنا بۆ فێرکاریی مافی کرێکاران.
چاوێز هەروەها بەتەما بوو هەواڵی دۆخی کرێکاران بە هەموو وڵاتدا بڵاو بکاتەوە. ئەو لە دیسامبەری ١٩٦٥ـدا بایکۆتی دوو کۆمپانیا گەورەی کشتوکاڵی لە دێلەینۆ، واتە پیشەسازیی شێنلی و کۆمپانیای میوەی دی. جۆرجیۆ دەست پێکرد. بەڵام لەدوای دابەزینی ورەی مانگرتووان، چاوێز لە ساڵی ١٩٦٦ـدا رێپێوانێکی گەورەی ٣٠٠ مایلی لە دێلەینۆوە هەتا ساکرامێنتۆ، ناوەندی ویلایەت، رێکخست.
ئەم خۆپیشاندانە، گەورەترین خۆپیشاندان بوو لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. ئەم خۆپیشاندانە رێپێوانێکی ئاسایی نەبوو بەڵکوو جۆرێک زیارەت بوو کە لەسەر ئیمانی کاتۆلیکی بەشێکی زۆر لە مانگرتووان دامەزرابوو. خۆپیشاندەران، سروودی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان واتە «ئێمە سەردەکەوین»ـیان دەخوێندەوە و هاوکات وێنەی کیژۆڵەی گوادێلۆپ، دایکی پیرۆزی مەکسیک، هێمای هیوا لەگەڵ چەندین خاچی گەورە وەکوو هێمای گەشتی کۆتایی مەسیح و چەندین ئاڵا بۆ نموونە هەڵۆی رەشی یەکێتیی نەتەوەیی کرێکارانی وەرزێریان بەدەستەوە بوو.
لەگەڵ بڵابوونەوەی خۆپیشاندان بە سەرتاسەری کالیفۆرنیادا، ئەو هەیەجانەی پێویست بوو هاتە ئاراوە و خۆپیشاندەران بە هەر شارێکدا کە تێپەڕ دەبوون لاینگری نوێ و میدیاکانیان بەرەو خۆیان رادەکێشا. لە ماوەی دوایین قۆناغی ئەم گەشتەدا، یەکێک لە پارێزەرانی کۆمپانیای پیشەسازیی شێنلی داوای واژۆکردنی گرێبەستێکی کرد. شێنلی بەفەرمی‌ناسینی یەکێتیی نەتەوەیی کرێکارانی جووتیاری پەسەند کرد و ٣٥ سێنتی لە مووچەی کرێکاران زیاد کرد و هۆڵێک بۆ دامەزراندنی کرێکاران دروست کرا. ئەوە یەکەم سەرکەوتنی بزووتنەوە بوو.
بەڵام کۆمپانیای زۆر بەهێزی دی. جۆرجیۆ بە هیچ چەشنێک ئامادە نەبوو داخوازی کرێکاران قەبووڵ بکات. لەدوای ٧ مانگ مانگرتن، کرێکاران دووبارە هێزی بزوێنەری خۆیان لەدەست دا. بە گەڕانەوەی هەندێک لە کرێکاران بۆ سەر ئیشەکەیان، چاوێز بەشێوەی نهێنی لە ناو زەوییەکانەوە داوای لێدەکردن مان بگرن و ئەم کارەشی بە پەرەپێدانی تۆڕێکی ناوخۆیی لە هەواڵنێران ئەنجام دا. چاوێز کرێکارەکانی دیکەی بە قەناعەت دەگەیاند کە پشتگیری لە یەکێتی بکەن و لە خۆپیشاندانە تاکتیکییەکان لە کاتی کاردا بەشداری بکەن.
چاوێز لە کۆتایی مانگی مەیدا بەرنامەی دۆعای لە بەر دەم زەویی دی. جۆرجیۆ راگەیاند. سەدان کەس لە کرێکارانی جووتیار بە ماوی چەندین مانگ لەو مێحرابە دارینەی لە پشت ئۆتۆمبێلەکەی چاوێزدا دروست کراوو کۆ دەبوونەوە بۆ ئەوەی دۆعا بۆ هەڵبژاردن و گرێبەستەکان بکەن. لەهەمانکاتدا، بایکۆت پەرەی سەند و بزووتنەوە دەستی کرد بە رێگری کردن لە بڵاوکردنەوەی ترێ لە ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی سەرتاسەری وڵاتدا. دی. جۆرجیۆ لەم پرۆسەیەدا هەرەسی هێنا و پێشنیاری کرد هەڵبژاردن لەناو یەکێتی ئەنجام بدرێت؛ بەڵام دواتر لە هەڵبژاردندا فێڵبازیان کرد بۆ ئەوەی مانگرتووان نەتوانن دەنگ بەدەست بێنن. چاوێز لە وڵامدا، ناوی یەکێتیی نەتەوەیی کرێکارانی جووتیاری لە لاپەڕەکانی دەنگدان هێنایە دەرەوە و کەسەکانی هاندا بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن.
لە کۆتاییدا قایم‌مەقامی کالیفۆرنیا فەرمانی هەڵبژاردنێکی نوێی لە سیپتامبەردا پەسەند کرد. بۆ پتەوکردنی هێزەکان، یەکێتیی نەتەوەیی کرێکارانی جووتیار و کۆمیتەی رێکخستنی کرێکارانی جووتیار تێکەڵ بوون و یەکێتیی کرێکارانی جووتیار لە ئەمریکایان پێک هێنا. رێکخەران، سەردانی شارە جۆراوجۆرەکانیان کرد، هەر لە تێگزاسەوە تا ئۆوێرگۆن، بۆ ئەوەی ئەو مانگرتووانەی کالیفۆرنیایان جێهێشتووە بگەڕێننەوە. ئەوان پێگەیەکی زانیاریان بۆ دۆزینەوەی شوێن‌پێی کرێکاران و راکێشانی دەنگی ئەوان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پشتگیری لە لایەن ئەو کرێکارانەوە دروست کرد. کەسانی خۆبەخش لە رۆژی هەڵبژاردندا دەنگدەرانی لاینگری یەکێتیان لە ماڵەوە سواری ئۆتۆمبێل دەکرد و دەیانبردن بۆ ناوەندەکانی دەنگدان. یەکێتیی کرێکارانی جووتیار دەنگی کرێکارانی زەوییەکانی دەستەبەر کرد. ئەم سەرکەوتنە پێگە و پلەی ئەوانی لە ناو بزووتنەوەی کرێکاریدا بەرز کردەوە.
بەڵام ململانێ لەسەر دەستەبەرکردنی گرێبەستەکان نەگەیشتە ئەنجام. چاوێز تێگەیشت کە ئەو تەنها لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا ناتوانێ سەرکەوتن دەستەبەر بکات چونکە خاوەن زەوییەکان دەیانتوانی کۆمەڵێک مانگرتن‌شکێن لە مەکسیکەوە بهێنن. هەر بۆیە ئەو زیاتر لەسەر فرۆشگەکان چڕ بووەوە. ئەو بەشوێن ئەوەوە بوو کە بازار بە رووی ترێدا دابخات. کەسانی خۆبەخش لە هاوینی ١٩٦٧ لە سەرتاسەری وڵاتدا بە بەکارهێنانی پێوەندییە کرێکاری و کڵێساییەکان لە پەنای یەکترەوە تۆڕێکیان بۆ پشتگیری و پەرەپێدانی پەیامی «ترێ مەخۆن» پێک هێنا. چالاکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ئەم پەیامەیان لە رێگای پێڕستە پۆستییەکان، ناردنی نامە بۆ سەرنووسەران، گفتوگۆی میدیایی وتاربێژیی گشتییەوە گواستەوە. ئەوان داوایان لە خاوەن فرۆشگەکان دەکرد تری مەکڕن؛ ئەگەر پێمل نەبوایەن، چالاکان لە بەرامبەر فرۆشگەکەدا کۆ دەبوونەوە و خوازیاری بایکۆتی فرۆشگەکە دەبوون.
لە فێبریەی ١٩٦٨، بە بانگهێشتی هەندێک لە لاینگرانی بزووتنەوە بۆ بڕیاڕێکی توندتر، چاوێز بڕیاری دا «رۆژووی ناتوندوتیژی و بانگێشتی فیداکاری» رێک بخات. ئەم کارە جۆرە تۆبەیەک بوو کە دەیتوانی دیسیپلینی پێویست بۆ خەباتێکی ناتوندوتیژ و مەدەنی بخاتە روو. ئەم کارە لە ناو ئەو کرێکارە ئایینییانەی کە لە دێلەینۆ بۆ پشتگیری چاوێز کۆ بوونەوە دژکردەوەی باشی لێکەوتەوە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved