8/8/2021 03:56 PM

خەبات بۆ مافی کرێکارانی جوتیار-بەشی کۆتایی

وێنەی چاوێز لە ژوئیەی ١٩٦٩، لەسەر رووبەرگی گۆڤاری تایم چاپ کرا و وەکوو رێبەرێکی نەتەوەیی لە گەشتێکی ٢٨ رۆژە بە ئەمریکادا دەستی کرد بە وتاربێژی سەبارەت بە پشتیوانی لە بایکۆتی ترێ. لە کۆتایی بەهاری ١٩٧٠ـدا، خاوەن زەوییە بچووکەکان کە زیاترین زیانیان لە پرۆسەی بایکۆت بەرکەوتبوو، گرێبەستەکانیان لەگەڵ یەکێتی واژۆ کرد و کۆتاییان بە بایکۆتێکی ئابووری دلتەزێن هێنا. بە پشتڕاست کردنەوەی ئەم خاوەن زەویانە لەلایەن یەکێتییەوە، ئەوان ترێکانی خۆیان بە نرخێکی باشتر لە سەرتاسەری وڵاتدا فرۆشت و زەختیان خستە سەر خاوەن زەوییەکانی دیکە. دواتر، ٢٥ خاوەن زەوی هاتنە ناو دانوستانەکانەوە و چەندین گرێبەستیان واژۆ کرد، مووچەی کرێکاران زیادی کرد و بیمەی تەندروستیان پێدرا. کرێکاران پاش ٥ ساڵ خەباتی بەردەوام، جگە لە مووچە و دۆخی باش بۆ کار، هەستیان بە رێز و خاوەن کەرامەت بوون دەکرد.

چالاکییە بەربڵاوەکان
چاوێز لە سەرەتاوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی بەربڵاو، کە بەریتی بوون لە چالاکانی مافە مەدەنییەکان، خوێندکاران، کرێکاران و کڵێساکان، خۆی لە کۆمەڵگەی کرێکارانی جووتیاردا قەتیس نەکرد. پشتگیری لە بزووتنەوە لەلایەن کڵێساوە، ئەم پەیامەی دەگەیاند کە ئەم بزووتنەوەیە لە دەقی کۆمەڵگادا لەگەڕ دایە و ئامانجەکەی رادیکاڵ نییە و سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگا دەتوانن تێکەڵی بن؛ ئەم بزووتنەوەیە هەروەها جۆرێک دەسەڵاتی ئەخلاقی بە کەسانی خۆبەخش دەبەخشی و تۆڕێکی زۆر گرنگی بۆ چالاکان لە سەرتاسەری وڵاتدا دروست دەکرد.
چاوێز بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و پشتگیری جگە لە کڵێساکان، سەردانی شارۆچکە زانکۆییەکانیشی دەکرد. چالاکە خوێندکارییە لیبڕاڵەکان و خۆبەخشانی مافە مەەنییەکان لە «کۆنگرەی بەرابەری رەگەزی» و «کۆمیتەی هاوئاهەنگی چالاکییە ناتوندوتیژییەکانی خوێندکاران»، تێکەڵ بوون بە بزووتنەوەوە. پشتگیری لە بزووتنەوە سنوورە رەگەزییەکانی تێپەڕاند و کرێکارە مەکسیکی و فیلیپینی و هەروەها چالاکە سپی‌پێست و رەشپێستەکانیش گرتەوە. لە ماوەی مانگرتن لە خواردنەکەی چاوێز لە ١٩٦٨ـدا، مارتین لۆتەر کینگ جۆنیۆر، تێلێگرامێکی بۆ نارد کە دەیگوت: «بەرخۆدانەکانی ئێمە دوو شتی جودان، بەڵام بەڕاستی رۆحێکی یەکەیان هەیە. خەبات بۆ ئازادی، بۆ کەرامەت و بۆ مرۆڤایەتی».
کرێکارە رێکخراوەکان، پشتگیرییەکی جیدیان لە بزووتنەوە کرد. یەکێتیەکانیش لە دەرەوە و ناوخۆی ئەمریکادا دەیانتوانی هێزی خۆیان بۆ بایکوت بەکار بێنن بۆ وەستاندنی هەناردەی ترێ. ئەم بزووتنەوەیە، پشتگیریی سیاسیی سێناتۆر رابێرت کێنێدی لێکەوتەوە. ئەو رێبەرایەتی دانوستانەکانی مەجلیسی پیرانی سەبارەت بە ناڕەزانییەکان خستە ئەستۆ و تەنانەت پشتگیریی خۆی بە تێکەڵبوون بە ریزی مانگرتووان خستە روو. بزووتنەوە، هەروەها پشتگیریی «یەکێتیی سیاسیی مەکسیکی-ئەمریکی» کە یەکێتییەکی یەخە سپی بوو دەستەبەر کرد و ئەمەش کاریگەریی سیاسیی یەکێتیی زیاد کرد.
ئەم سەرچاوەی پشتگیرییە جۆراوجۆرانە، بەشێکی بنەڕەتی لە سەرکەوتنەکانی بزووتنەوە بوون. چاوێز سەرەڕای شکستەکانی دوایی بۆ نموونە ناسەرکەوتووبوونی بایکۆتی کاهوو و بایکوتی هەرەس هێناوی ترێ بە مەبەستی کۆتایی هێنان به کەڵک وەرگرتن لە ژەهر لە زەوییەکاندا، درێژەی بە خەباتی خۆی بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکارانی جوتیار دا، لە رێگەی شێوازە ناتوندوتیژەکانەوە تا کاتی مەرگی لە ١٩٩٣ـدا. رۆژی لەدایکبوونی چاوێز بە هۆی هەوڵە ماندوونەناسانەکەی بۆ مافی کرێکارانی جوتیار بوو بە رۆژی پشوودان لە ویلایەتی کالیفۆرنیا. یەک ساڵ پاش مەرگی واتە ساڵی ١٩٩٤، مەداڵیای سەرۆکی ئازادی لەلایەن سەرۆک بیل کلینتۆنەوە بەخشرا بە چاوێز. کارەکانی ئەو هێشتاش کاریگەریان هەیە؛ هەر ئەو جۆرەی چاوێز گوتی: «کاتێک ئاڵوگۆڕیی کۆمەڵایەتی دەست پێدەکات ناکرێ بیگەڕێنیەوە بۆ دواوە. ناکرێ خوێندەواری لە کەسێک بسێنیەوە. ناکرێ سووکایەتی بە کەسێک بکەیت کە هەست بە متمانەبەخۆیی دەکات و ناکرێ خەڵکێک کە ئیتر هیچ ترسێکیان نییە سەرکوت بکەیت.»

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

خەبات بۆ مافی کرێکارانی جوتیار-بەشی دووەم

خەبات بۆ مافی کرێکارانی جوتیار-بەشی یەکەم




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved