9/8/2021 05:50 PM

بڵاوکردنەوەی چاپەمەنیی نهێنی لە سۆڤیەت-بەشی یەکەم

«سامیزدات»
لە سۆڤیەت و بلۆکی رۆژهەڵاتدا


روانگە و پاڵنەر
یەکێتیی سۆڤیەت و وڵاتانی ژێر چاوەدێری ئەم وڵاتە لە ئەوروپای رۆژهەڵات کە پێیان دەگوترا بلۆکی رۆژهەڵات، کۆمەڵێک سیستمی پاوانخواز بوون کە ئازادی ڕادەربڕینیان سنووردار کردبۆوە و گوتاری گشتیشیان خستبووە پاوانی خۆیانەوە. سەرجەم میدیاکان لە ژێر چاوەدێری حکومەتدا بوون و سانسۆر دەکران. رۆژنامەگەلێکی وەکوو پراودا تریبۆنی فەرمی حزبی کۆمۆنیست بوون. چاپەمەنی، رادیۆ و تەلەفیزیۆن لە پاوانی کۆمەڵێک رێکخراوەی حکومیدا بوون، بۆ نموونە گوسکۆمیزدات (چاپەمەنی) و گوستل رادیۆ (رادیۆ و تەلەفیزیۆن). ئەوانەی کەوا بابەت و بڵاوکراوەکانیان لەدرێژەی ئامانجە سیاسی و ئایدیۆلۆژیکەکانی حزبی کۆمۆنیستدا نەبوایە بە توندی سەرکوت دەکران. بەم حاڵەوە هەندێک لە وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵات هەندێ جار به ماوەیەکی کەم و بە شێوەی کاتی رووبەڕووی کەشێکی تا رادەیەک ئازاد دەبوونەوە. ئەم سەردەمە کورتانە تەنانەت بەر لە سەردەمی گلاسنۆست (کەشی کراوە) و پرۆسترۆیکا (نۆژەنکردنەوە لە سەردەمی سیاسەتە چاکسازانەکەی گۆرباجۆڤ) هاتنە ئاراوە و لە کۆتاییدا سیاسەتەکانی ئەم رێبەرە سیاسییە بووە هۆی رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت. ئەم کەشە کراوەیە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی خۆرێشچۆڤ لە سۆڤیەت و هەروەها «بەهاری پراگ» لە ١٩٦٨ لە چێکسڵۆواکی، بووە سەرچاوەی ئیلهامی نووسەران، هونەرمەندان و ئەو ناڕازیانەی کە ورەیان هاتەوە بەر و نووسراوەکانی خۆیان لە دەرەوەی ئەو سنوورانەی بۆ چاپەمەنیە حکومییەکان دیاری کرابوون بڵاو کردەوە. ئەم چاپەمەنییە نهێنیانە کە ناویان «سامیزدات» بوو، بە هۆی پووچەڵکردنەوەی سانسۆرە دەوڵەتییەکان، بڵاوکردنەوەی هەواڵ، ئەدەبیات و تەنانەت مۆسیقا لەناو وڵاتاندا بەناوبانگ بوون.
ژمارەیەک لە رێبەرە کۆمۆنیستەکان بۆ نموونە خۆرێشچۆڤ لە سۆڤیەت و دوبچک لە چێکسڵۆواکی تا رادەیەک ئیرادەی چاکسازیان خستە روو و هەستان بە چاکسازی بەشێک لە سیستم. ئەم چاکسازیانە رووبەڕووی دژایەتیی لەڕادەبەدەری توندڕەوەکانی هەر دوو حیزبەکە بووەوە. دژایەتی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەم دوو رێبەرە لە ئاستێکدا بوو کە دواجار بووە هۆی دەست لەکارکێشانەوەی هەردوکیان. بۆ نموونە  خۆرێشچۆڤ لەلایەن لیئۆنید برژێنۆڤ کە پێشتر لەژێر دەستی خۆیدا بوو، بە ناچاری خانەنشین کرا و هەر خۆشی فەرمانی دەستێوەردانی سەربازی لە چێکسڵۆواکی و لەسەرکار لابردنی دوبچکی دەرکرد. گەڕانەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتخوازی، بوو بە پاڵنەرێکی نوێ بۆ سامیزدات بۆ ئەوەی درێژە بە چالاکی بدات. ئەوان دووبارە روویان لە چالاکیی نهێنی کردەوە. چەندین رووداوی دیار بۆ نموونە دادگایی‌کردنی نووسەرانی ناڕازی و پەیمانی هێڵسینکی لە ساڵی ١٩٧٥ـدا، گروپێکی بچووک بەڵام خاوەن ورە لە دژبەرانی سیستمی بەو قەناعەتە گەیاند کە گەندەڵییەکانی رژێم بە بەکارهێنانی سامیزدات لەقاو بدات. ئەوان زیندان و دوورخستنەوەیان بە نرخی گیانی خۆیان کڕییەوە بۆ ئەوەی خوازیاری لەبەرچاوگرتنی مافەکانی مرۆڤ بن. سامیزدات وەکوو یەکێک لەو گۆڤارە دەگمەنانەی کە لە بواری ئازادیی ڕادەربڕیاندا چالاکی دەکرد، درێژەی بە کاری خۆی دا تا ئەو کاتەی کەوا سیاسەتی گلاسنۆست (کەشی کراوە)ـی گۆرباجۆڤ ئەو ئیزنەی بە دژبەران دەدا بابەتەکانیان لە کۆتاییەکانی دەیەی هەشتادا بڵاو بکەنەوە.

ئامانج و مەبەستەکان
وشەی سامیزدات یەکەم جار لەلایەن نیکۆلای گلازکۆڤ، شاعیری رووس بەکار هات و بە مانای «من خۆم بڵاوی دەکەمەوە»ـیە. سامیزدات بریتی بوو لە وتاری سیاسی، هەواڵ، رۆمان، شێعر و هەروەها بەرهەمە وەستێندراوەکانی کەسانی بیانی کە لەناو دژبەران و رۆشنبیرانی بلۆکی رۆژهەڵاتدا دەست بە دەست دەکرا. کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر بوونە پاڵنەری ئافرێنەرانی سامیزدات. سامیزدات زیاتر سیستمێک بوو بۆ بڵاوکردنەوە نەک هێنانە ئارای یەکێتیەکی ئایدیۆلۆژیک.
لە سەەرەتادا زۆرینەی نووسەران، شاعیران و مۆزیسیەنەکان بەشوێن ئەوەوە بوون کە بەرهەمەکانی خۆیان لە دەرەوەی چوارچێوە بەرتەسکیەکانی میدیای حکومیدا بڵاو بکەنەوە. ئەوان سامیزداتیان بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەم‌گەلێک بەکارهێنا کە میدیا فەرمییەکان یان پیشەسازیی تۆماری مۆسیقا وەریان نەدەگرت.
لە دەیەکانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ کە کەشی سیاسی بەرتەسکتر بووەوە، دژبەرانی دیکە چاپەمەنییە نهێنییەکانیان بەکار ێنا بۆ لەقاودانی پێشێلکارییەکان لە بواری مافی مرۆڤ و لادان لە یاسا ناودەوڵەتیەکان لەلایەن رژێمەوە.
ئەگەرچی زۆربەی سامیزداتەکان سیاسی نەبوون، بەڵام زۆرینەی ئاسەوارە ئەدەبییە بەبایەخەکانی سۆڤیەت کە رەخنەیان لە رژێم هەبوو، بە شێوەی نهێنی چاپ و بڵاو دەکرانەوە. شالامۆڤ و ئالێکساندەر سۆلژنیتسین کە زیندانی دێرینی «گولاگ ستالین» بوون، هەردوکیان چەندین چیرۆکیان نووسی کە بە هۆی لەقاودانی دۆخی ئۆردووگاکانی کاری زۆرەملیی ستالین، سەرنجی کۆمەڵگای جیهانیان راکێشا. ئۆردووگاگەلێک کە ملیۆنان کەس لە هاوڵاتیانی سۆڤیەت لەواندا زیندان کرابوون و دواجار ژمارەیەکی زۆریان لە برسان مردن. زۆرترین ناوبانگی شالامۆڤ بە هۆی «چیرۆکەکانی کۆلیما»ـیە کە بریتین لە کۆمەڵەیەکی نیوە خەیاڵییە لە چیرۆکە کورتەکان کە ئاوڕ لە ژیانی زیندانیانی ئۆردووگای کاری زۆرەملی کۆیمان دەداتەوە. بڵاوبوونەوەی کتێبی «رۆژێک لە ژیانی ئیڤان دنیسوویچ» لە نووسینی ئالێکساندەر سۆلژنیتسین نموونەی بەرچاوی رادەی ئازادیی ڕادەربڕینە لە سەردەمی خۆرێشچۆڤدا. ئەم کتێبە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ١٩٧٠ـی بۆ ئەم نووسەرە دەستەبەر کرد.
بەرهەمی دووەمی ئەو واتە کۆمەڵەدورگەی گولاگ، راگەیاندنی تاوانێکی بەربڵاو و زۆر وردە لە دژی گولاگ. ئەم کتێبە ئەزموونەکانی ٢٢٧ کەس لە زیندانیان و ئازار و ئێشەکانیان نیشان دەدات. ئەم کتێبە هەروەها ئاوڕ لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان لە ئۆردووگا دەداتەوە. سۆلژنیتسین، گولاگ بە کۆمەڵەدورگەیەک دەشوبهێنێت کە «خێچ و خوار و نەخشاو، وەکوو پینەیەکی دێوەزمەیی، وەکوو وڵاتێک کە لە وڵاتێکی دیکەدا جێگیرە، شارەکان دەپچڕێنی و سێبەری بەسەر شەقامەکاندا کێشاوە. سەرەڕای ئەمانە کەسانێک هەبوون کە تەنانەت هەستیان بە بوونیشیان نەدەکرد و زۆر کەسی دیکە هەبوون کە کۆمەڵێک بابەتی لێڵیان لەبارەوە بیستبوون. تەنها ئەو کەسانەی لەوێ بوون، کۆی هەقیقەتەکەیان دەزانی».
سۆڵژنیتسین بە بڵاوکردنەوەی کتێبی کۆمەڵەدورگەی گولاگ بە شێوەی سامیزدات، لە ساڵی ١٩٧٣ـدا، ئەم جیهانە هاوتەریبەی لەقاو دا. ئەو دەڵێ: «من لەگەڵ ئەو یازدە ساڵەی لەوێ بووم ژیاوم، پێکهاتووم. نە لام مایەی شەرمەزاریە و نە پێم خەونێکی ڕەشە. من عاشقی ئەو جیهانە دێوەزمەییەم و ئێستا کە لەگەڵ ئەو رووداوە باشانەی روویان داوە و هەروەها ئەو راپۆرت و نامە نوێیانەی کە لەم دواییانەدا دراوە بە من، لەوانەیە بتوانم چیرۆکی گۆشت و ئێسکی ئەو سووسمار (مارمێلک)ـەی کە لەوانەیە زیندوو بێ، بگێڕمەوە (ئاماژە بەو ماسییە بەستووە پێش‌مێژووییانەی کەوا زیندانیان دەیاندۆزیەوە و بەخێرایی هەڵیاندەلووشی». سۆلژنیتسین نرخێکی زۆری دا بۆ ئەم لەقاودانانە؛ ئەو دەستبەسەر و دەرکرا و ئیقامەکەشی هەڵوەشایەوە.
لە حاڵێکدا کە سامیزدات تەنها بە کاری نووسین دەناسرا، چەندین جۆری میدیای نهێنی لە سۆڤیەتدا هەبوون کە بەردەنگی زیاتریان هەبوو. ئەم بابەتە بەتایبەت سەبارەت بە مۆزیکێکی قاچاغ بە ناوی «مەگنی تیزدات» راست بوو. ئەم جۆرە مۆزیکانە لەلایەن گۆرانیبێژانێکی پڕلایەنگری وەکوو «بولات ئوکوژاوا» و «ڤیلادیمیر ویوتسکی» و «ئالێکساندەر گالیچ» بەرهەم هاتبوون. شارەزایی ئەم پیاوانە لەسەر جۆرێک مۆسیقادا بوو کە ناویان نابوو «ئاوتورسکایا پسینا». لەم جۆرە مۆزیکەدا تەنها یەک کەس گیتاری دەژەنی و شێعری دەخوێندەوە. ئەم جۆرە مۆزیکە بەتەواوی لەدژی ئۆرکێسترا گەورەکانی مۆزیکی دەوڵەتی بوو و بە بەشێک لە پیشەسازیی مۆزیکی فەرمی نەدەهاتە ئەژمار. زۆرێک لەم ئاوازانەش بە ئاشکرایی سیاسی نەبوون. ئەم هونەرمەندانە نەیاندوتوانی جۆری بڵاوکردنەوەی مۆزیکەکەی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن یان پارەی لێ پەیدا کەن. لەڕاستیدا ئەم کارەی ئەوان جۆرێک داهێنانی هونەرمەندانە بوو. لە حاڵێکدا کە ژمارەی خوێنەرانی سامیزدات تەنها دەگەیشتە چەند هەزار کەس، ملیۆنان کەس لە هاووڵاتیانی یەکێتیی سۆڤیەت گوێیان لە گۆرانییە «مەگنی تیزدات»ـەکان دەگرت و ئەم مۆزیکانەیان بە ئاسانی کۆپی دەکرد، بەڵام بۆ کۆپی کردنی سامیزدات، هەندێک کەرەستە و مەکینەی تایپی تاکەکەسی لەئارادا بوون کە لەلایەن حکومەتەوە کۆنتڕۆڵ نەدەکرا. مەگنی تیزدات، مۆسیقایەکی تاکەکەسی‌ و لۆکاڵی‌تری بەنیسبەت مۆسیقای فەرمی و حکومی ئاراستە دەکرد. گۆرانیبێژان گۆرانییەکانی خۆیان بۆ کۆڕی بچووکتر دەگوت و هەر بۆیە بۆ خۆخافڵاندن و تێپەڕاندنی کاتی بێکاری گونجاوتر بوون. ئەو وێنا نامەترسیدارەی کە بەرپرسانی سۆڤیەت لە مەگنی تیزداتیان هەبوو و هەروەها خۆشەویستیی بەربڵاوی ئەم جۆرە مۆزیکە، ببووە هۆی ئەوەی هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ سەرکوت و قەدەغە کردنی ئەنجام نەدەن. سەرەڕای ئەمانە ئالێکساندەر کالیچ لە یەکێک لە گۆرانییەکانی خۆیدا دەڵێ: «ئێمە لە هوراس خراپتر نین، درۆ، گەڕەک بە گەڕەک دەگەڕێ، ئەزموونەکانی بە دراوسێکان دەبەخشێت، بەڵام ئەو گۆرانیانەی بە ئارامی و لە ژێر لێوەوە دەگوترێن، ورتەیەکن کە دەبن بە هەورە بروسکە».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved