10/8/2021 03:26 PM

بڵاوکردنەوەی چاپەمەنیی نهێنی لە سۆڤیەت-بەشی دووەم

رێبەری
سامیزدات بزووتنەوە نەبوو و رێبەرایەتی و رێکخستنێکی دیاریکراویشی نەبوو. دەرەتانی پێکهێنانی ئۆپۆزیسیۆنێکی فەرمی لە بلۆکی رۆژهەڵات لەئارادا نەبوو، چونکە رژێمە کۆمۆنیستەکان تەحەمولی دژبەرانی سیاسیان نەدەکرد. هێزە ئەمنییەکان بۆ نموونە کۆمیتەی ئەمنیەتی نەتەوەیی (کا. گ . ب) بە بەردەوامی دژبەران و گومانلێکراوانی چاوەدێری و زەختیان دەخستنە سەر. لەگەڵ هەمووی ئەمانە گروپێک لە دژبەران، هێزە ئەمنییەکان و هەڕەشەکانیان دەخستنە ژێر پرسیارەوە و رەخنەیان لە کردەوەکانیان دەگرت. ئەم رەخنانە بەگشتی لە چوارچێوەی سامیزداتدا دەخرانە روو. لە چێکوسڵۆڤاکیا هەندێک لەم دژبەرانە خوازیاری سڕینەوەی سیستمی کۆمۆنیستی و تێپەڕین بەرەو دیموکراسی بوون.
پاش ئەوەی هێزەکانی رژێمی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٦٨ـدا بەهاری پراگیان سەرکوت و چێکوسڵۆڤاکیان داگیر کرد، رژێم هەوڵەکانی خۆی بۆ «ئاسایی‌کردنەوەی» دۆخەکە دەست پێکرد و ماناکەشی ئەوە بوو کە سەرکوت و ئازاردانی دژبەران، بە واتایەک دیکە ئەو کەسانەی لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هاوئاراستە نەبوون، دەستی پێکردەوە.
نموونەی ئەم دژبەرانە گروپی مۆزیکی «گەلانی پلاستیکی جیهان» بوو کە ببوون بە هێمای ناسراوی دژبەرانی رژێمی کۆمۆنیستی و سزاش دران. ئەم گروپە هەرگیز نەیدەویست ببێت بە هێمایەکی سیاسی. کەسی یەکەمی ئەم گروپە، میلان هلاوسا دەڵێ: «ئێمە تەنها عاشقی راک&رۆڵ بووین و دەمانویست بەناوبانگ بین. راک&رۆڵ بۆ ئێمە تەنها مۆزیک نەبوو بەڵکوو خودی ژیان بوو». کاتێک گرووپەکانی راک، گۆرانییە رۆژاواییەکانیان دەگوتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیان بەرەو خۆیان رادەکێشا. بەڵام ئەم کارە بە کردەوەیەکی دژەفەرهەنگی دەهاتە ئەژمار و هەڕەشەیەک بوو لەسەر مانەوەی رژێم. پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٠ـدا، مۆڵەتی ئەندامانی گروپ هەڵوەشایەوە و لە ساڵی ١٩٧٦ـدا دادگایی کران، ناچار بوون روو لە چالاکیی نهێنی بکەن. ئەندامی کەنەدی گروپی بیل لە وڵات دەرکرا و ژەنیاری ساکسیفۆنی گروپ «وراستیلا براینک» بە ناچاری زێدەکەی جێهێشت. دادگایی کردنی ئەم گروپە سەرەڕای ئەوە بوو کە حکومەت پابەند بوو بە گرێبەستی هێڵسینکی. گرێبەستێک کە ساڵێک پێشتر واژۆ کرابوو و لەودا بلۆکی رۆژهەڵات پابەند کرابوو بەوەی کە پارێزگاری لە ئازادی بیر و را و ئازادیە مەدەنییەکانی دیکە بکات. دادگایی کردنی گروپی گەلانی پلاستیکی جیهان، بووە هۆی ئەوەی چالاکان و دژبەران داوا لە حکومەت بکەن کە یاساکانی مافی مرۆڤ بپارێزێت. بە گوتەی بیل ویلسۆن، کە یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە بووە: سەیر ئەوەیە «گروپی گەلانی پلاستیکی جیهان»، هاوشێوەی کاتالیزۆرێک بوو کە ئەم ماکانەی لە یەک کۆ دەکردەوە. من ناڵێم بزووتنەوەی مافی مرۆڤ لە چێکوسڵۆڤاکیا بەبێ پلاستیکەکان بەدی نەدەهات، بەڵام ئەم جۆرە کردەوەیە، یەکەم حاڵەتێک بوو کە رای گشتی بە خەستی بەرەو خۆی راکێشا.
لە ژانویەی ١٩٧٧، دووسەد و چل چالاکی سیاسی بۆ نموونە واسلاو هاول، چان پاتۆکا-مامۆستای زانکۆ، جیری هاجک-دانوستانکار و ئاناسابوتووا-چالاکی سیاسی کە لەو کاتەدا تەمەنی ٢٥ ساڵان بوو، بە شێوەی نهێنی بەیاننامەیەکیان بۆ حکومەت نووسی و واژۆیان کرد و ناویان نا مانیفیستی ٧٧. ئەم مانیفیستە ئاماژەی بە ژمارەیەکی زۆر لە لادانەکانی حکومەت لە مادەکانی گرێبەستەکەی هیڵسینکی کرد و خوازیاری دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی گەورەی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە چێکوسڵۆڤاکیا بوون. رێبەرانی بزووتنەوەی ٧٧ بۆ دروستکردنی یەکێتی لەنێوان ئۆپۆزیسیۆندا جگە لە رۆشنبیران و هونەرمەندان، هەروەها گروپە دژبەرەکان، بۆ نموونە ئەو رێکخراوە ئایینییانەی کەوا قەدەغە کرابوون و گەنجانی ناڕازی و تەنانەت ئەندامە دەرکراوەکانی حزبی کۆمۆنیست لە پاش هێڕشەکەی ساڵی ١٩٦٨ـی لە دەوری یەک کۆ کردەوە.
گوتەکانی ئاناساناتووا لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا سەبارەت بە یەکگرتنی بزووتنەوە بەم جۆرە بوو: «مانیفیستی ٧٧ لەنێوان ئاتێئیست و گروپە جۆراوجۆرە کرستیانەکاندا پێوەندی دروست کرد. نووسەران و هونەرمەندانی لەگەڵ زانایان و سیاسەتمەداران کردە هاوپەیمان و هەروەها کرێکاران و گەنج و بەساڵاچووانی لە یەکتری کۆ کردەوە. دژبەران حەڤدە ساڵ شا بە شانی ئەو پیاوانەی کە لەدژی فاشیزمی هیتلەری خەباتیان کردبوو و لە ئۆردووگاکانی کاری زۆرەملی زیندانی کرابوون، چالاکیان دەکرد». پێکهاتەی رێبەرایەتیی بزووتنەوە بە جۆرێک داڕێژرابوو کە بەردەوامبوونەکەی گەرەنتی دەکرد. لە ئەساسنامەی سەرەکییدا، سێ کەس مافی وتەبێژی و هەروەها دانوستان لەگەڵ حکومەت و رێکخراوەکانیان پێدرابوو. هەر کام لە وتەبێژانە دەستبەسەر دەکرا، کەسێکی دیکە جێگاکەی دەگرتەوە.
ئەگەرچی مانیفیستی ٧٧ سەرکوت کرا و زۆرینەی رێبەرەکانی درانە بە ئەشکەنجە و ئازاری رژێم، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە سەرنجی جیهانی بەرەو خۆی راکێشا و بە جۆرێک بووە پێشەکی رووخانی رژێمە کۆمۆنیستەکان لە دە ساڵی دواییدا.
ئاناساتووا ئاماژە بەم بابەتە دەکات کە «کاتێک رژێمە تۆتالیتەرەکانی ئەوروپای ناوەندی و رۆژهەڵاتی، دوانزە ساڵ دواتر رووخان، هیچ کەس نە لە ناوخۆ و نە لە دەرەوە نەیدەتوانی حاشا لەوە بکات کە مانیفیستی ٧٧ و بزووتنەوە هاوشێوەکان، کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر ئەم ئاڵوگۆڕانە هەبوو. ئەم چەشنە رێکخراوانە رۆڵێکی گرنگیان لە رووخان رژێمە نادیموکراتیکەکانی بلۆکی رۆژهەڵات و خودی سۆڤیەت هەبوو. ئەوان هەروەها هێز و کادری پێویست بۆ سەردەمی پاش حکومەتە تۆتالیتەرەکانیان لە زۆربەی وڵاتان پەروەردە کرد». واسلاو هاول یەکێک لە سیما سەرەکییەکانی پشتی پەردەی مانیفیستی ٧٧ بوو کە دواتر بوو بە رێبەری شۆڕشی مەخمەڵی و وەکوو یەکەم سەرۆکی چێکسڵۆڤاکیای پاش سەردەمی کۆمۆنیزم هەڵبژێردرا.

کەشی مەدەنی

پاش مەرگی لینین لە ١٩٢٤، ژۆژێف ستالین کۆنتڕۆڵی یەکێتیی سۆڤیەت و جڵەوی یەکێک لە تاریکترین قۆناغەکانی تۆتالیتاریزم لە سۆڤیەتی بەدەستەوە گرت. ستالین بە ماوی ٢٨ ساڵ دەسەڵاتی بێ‌کابەری سیاسی بوو و کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگەی دەکرد. ستالین مەرگ، زیندان و دوورخستنەوەی بەسەر ملیۆنان کەسدا سەپاند و رەوانەی گولاگی کردن. گولاگ کۆمەڵێک ئۆردووگای کاری زۆرەملی بوو کە لەلایەن پۆلیسی نهێنیی ستالین واتە «کۆمیساریای گەل بۆ ئەمنیەتی ناوخۆ»ـەوە ئیدارە دەکران. سڕینەوەی گەورەی ١٩٣٧-١٩٣٨، دژبەرە گومانلێکراوەکانی ناو حزبی کۆمۆنیست و ئەو کەسانەی بە هۆی سەرپێچییەوە گومانیان لەسەر بوو، کردە ئامانج. ئەم کەسانە نەک رۆشنبیر و کەسایەتییە ئایینییەکان، بەڵکوو جوتیار و کرێکارانی کارگەکانیشی دەگرتەوە. لە سەردەمی ستالیندا هەر چەشنە نووسراوەیەک مەترسییەکی پەنگراو بوو و سزادانێکی توندی بەدواوە بوو. «ئۆسیپ ماندلشتام»، شاعیری رووس کە لە شێعرێکدا رەخنەی لە ستالین گرتبوو لە ١٩٣٣ـدا، ماوەی سێ ساڵ دوور خرایەوە و دواجار لە رێگەی زیندانی سیبری گیانی خۆی لەدەست دا. نووسەرانێکی دیکەی وەکوو "ئیزاک بابل" و "باریس پیلنیاک"ـیش سزای مەرگیان بەسەردا سەپا و لەلایەن پۆلیسی نهێنییەوە گوللەباران کران.
پاش مەرگی ستالین لە ساڵی ١٩٥٣ـدا، نیکیتا خۆرێشچۆڤ لە ساڵی ١٩٥٨، توندڕەوییەکانی ستالینی لە وتاربێژییەکانی خۆی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئیدانە دەکرد. ئەگەرچی لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی خۆرێشچۆڤدا بە واتای راستەقینە ئازادی لەئارادا نەبوو، بەڵام کۆمەڵێک ئازادی سنووردار هاتنە ئاراوە کە ئامرازەکانی سەرکوتی ستالینی تێکەوە پێچا. سیستمی گولاگ داخرا و پۆلیسی نهێنی لاواز بوو و سۆڤیەت، هاوردە و هەناردەی فەرهەنگی و وەرزشی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەست پێکرد. لە سەردەمی خۆرێشچۆڤدا، سامیزدات و مەگنی تیزدات لە یەکێتیی سۆڤیەتدا گرنگییان پەیدا کرد و لەمەودوا بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەی کەوا لەگەڵ ئایدیالۆژی زاڵ کۆک نەبوون، سزای مەرگی لێنەدەکەوتەوە. کرانەوەی کۆمەڵگا لە سەردەمی خۆرێشچۆڤدا بووە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک ئاسەواری بزوێنەر بۆ نموونە "رۆژێک لە ژیانی ئیڤان دنیسوویچ" و هەروەها ئابڕوو سەندنەوەی زۆرینەی زیندانیانی سیاسیی سەردەمی ستالین.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

ئەم بابەتە لەفارسییەوە وەرگیراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved