11/8/2021 03:12 PM

بڵاوکردنەوەی چاپەمەنیی نهێنی لە سۆڤیەت-بەشی سێهەم

پاش رووخانی خۆرێشچۆڤ، جێگرەکانی بەشوێن سڕینەوەی ئەو چاکسازیانەوە بوون کە ئەو دایمەزراندبوون و سۆڤیەت دووبارە گەڕایەوە بۆ سیاسەتە ستالینییەکان. لێئۆئید بێژێنۆڤ لە سەردەمی سەرۆکایەتیی حکومەتدا، کە بە «سەردەمی وەستان» بەناوبانگە، زۆرینەی ئەو ئازادیانەی کەوا خۆرێشچۆڤ ئاراستەی نووسەران و هونەرمەندان و وڵاتانی سەر بە یەکێتیی سۆڤیەتی کردبوو، وەرگرتەوە. ئەگەرچی ئەم کەشە بە ئەندازەی سەردەمی ستالین نامرۆڤانە نەبوو بەڵام لە سەردەمی بێرژنۆڤ و جێگرەکەی – ئاندرۆپۆڤ-ـیشدا زیندان، دوورخستنەوە و سانسۆر ئامرازێک بوو بۆ بێدەنگکردنی دژبەران. تا ئەو کاتەی گۆرباجۆڤ گەیشتە دەسەڵات، یەکێتیی سۆڤیەت سیستمێکی گەورەی هەبوو بە ناوی «سنوورداربوونی دەسخستنی کۆمەڵەکان» کە بریتی بوو لە ئاسەوارگەلێک بە زمانی رووسی و بیانی کە بەکارهێنانیان لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە قەدەغە بوو. گەورەترین کۆمەڵە کتێبخانەی حکومیی لینین بوو کە تا ساڵی ١٩٨٥ زیاتر لە یەک ملیۆن کتێب و نامیلکەی لەخۆ گرتبوو.
یۆری ئاندرۆپۆڤ، سەرۆکی ئەو کاتی کا.گ.ب لە بابەتێکدا لە ساڵی ١٩٧٠، ناوی لاینگرانی مافی مرۆڤ و دیموکراسیی لە سۆڤیەتی بوو «بزووتنەوە دژبەرەکان» کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەمپریالیزم و گروپەکانی دژە سۆڤیتەوە پشتگیری دەکرێن و هەمووانی دڵنیا کردەوە کە بە توندی بەرەنگاریان دەبێتەوە. «کۆمیتەی ئەمنیەتی نیشتمانی ئەو کارانەی پێویستن ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەی هەوڵی ئەو کەسانەی بە کەڵک وەرگرتن لە سامیزدات دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی درۆ و خستنە رووی تۆمەتی بێ‌بنەما لەدژی سۆڤیەت و کۆمەڵگای سۆشیالیستی، پووچەڵ بکاتەوە».
ئەم سزادانانانە زۆر قورس بوون. نووسینی کۆمەڵەدورگەی گولاگ بووە هۆی ئەوەی ئالێکساندەر سۆلژنیتسین لە ١٩٧٤ـدا لە یەکێتیی سۆڤیەت دەر بکرێت.
ناتالیا گوربانوسکایا کە پێشێل کردنی مافی مرۆڤی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی سامیزداتی «رۆژژمێری رووداوەکانی ئەم دواییانە»ـەوە رووماڵ دەکرد، لە ١٩٦٩ـدا بە ماوەی دوو ساڵ بە ناچاری لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی خەوێندرا و دواجار لە ساڵی ١٩٧٥ ئیزنیان پێدا لە سۆڤیەت بڕواتە دەرەوە.
زۆرێک لە رێبەرانی بزووتنەوەی جاڕنامەی ٧٧ لە چێکوسڵۆڤاکیا رووبەڕووی ئەشکەنجە و ئازاری حکومەت بوونەوە. جان باتوکا پاش لێپيچینەوەیەکی درێژخایەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کۆچی دوایی کرد و واسلاو هاول زۆرینەی ساڵەکانی نێوان ١٩٧٧ بۆ ١٩٨٨ زیندانی بوو.

پەیام و بەردەنگ
بە هۆی ئەو کەشە بەرتەسکەی زاڵ بوو، بابەتەکانی سامیزدات تەنها لەنێوان ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتیاندا بڵاو دەبووەوە. نووسەران کە مەکینەی چاپیان نەبوو، تەنها دەستیان بەو کۆپیانە رادەگەیشت کە خۆیان یان خوێنەران بەرهەمیان دێنا. ئەم کۆپیانە لەنێوان دۆستانی باوەڕپێکراودا دەست بە دەست دەکرا. سامیزدات بەپێی قۆناغەکانی بەرهەمهێنان و ئامادەکردنی، فۆرم و رواڵەتێکی تایبەتی دەبوو. زۆرێک لە نووسەرانی سامیزدات بە هۆی ئەو مەترسیانەی لەگەڵی رووبەڕوو بوون و هەروەها نەبوونی دەرفەتی چاپی یاسایی بابەتەکانیان، ناوی خوازراویان بەکار دێنا.
لەلایەکی دیکەوە ئەو کەسانەی بابەتەکانی سامیزداتیان کۆپی دەکرد، دەستیان لە دەقی سەرەکی وەردەدا، هەندێک شتیان لێ دەسڕیەوە یا لێیان زیاد دەکرد و ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی ئەم بابەتانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاواز بێت. گۆڤارە سامیزداتەکان تەنانەت لە چوارچێوەی بچووکی دژبەران، چالاکان، رۆشنبیران، نووسەران و هونەرمەنداندا، پەیامی جۆراوجۆری دەگواستەوە و بەردەنگی جۆراوجۆری دەکردە ئامانج. ئەم بڵاوکراوانە لەلایەن کەسانێکی تایبەتی ناو کۆمەڵگاوە چاپ و بڵاو دەبوونەوە. ئەم کەسانە بۆ نموونە بریتین بوون لەو هاووڵاتیە ئایینیانەی سەرکوت کرابوون و یان لاینگرانی مۆزیکی راک. سامیزدات دەرەتانێکی زۆری بۆ بڵاوبوونەوەی بەرهەمە دیارەکانی ئەدەبیاتی روسیا دابین کرد. بڵاوبوونەوەی نهێنیی ئەم کتێبانە بووە هۆی ئەوەی پێویستییەک نەبێت بۆ هاوتەریب‌بوون لەگەڵ ئایدیالۆژیی فەرمی و وەرگیران لەلایەن کۆمەڵگای سۆشیالیسیتیەوە. جگە لەو کەسانەی پێوەندیان لەگەڵ سامیزداتەکان هەبوو، زۆرینەی هاووڵاتیانی سۆڤیەت تا بەر لە بەدەسەڵات گەشتنی گۆرباچۆڤ دەستیان بەم جۆرە بەرهەمانە رانەدەگەیشت.
لەم جیهانە نهێنییەدا، یەکێک لەو شتانەی سەرنجی هەم کا.گ.ب و هەم چاوەدێرانی رۆژئاوایی راکێشابوو، پرسی مافی مرۆڤ بوو لە یەکێتیی سۆڤیەت. یەکێک لە ناسراوترین هەواڵنامەکان کە لەم بوارەدا بڵاو دەبووەوە «رۆژژمێری رووداوەکانی ئەم دواییانە» بوو کە راپۆرتی زۆر وردی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە سۆڤیەت دەخستە روو. ئەم راپۆرتانە لەلایەن ناتالیا گوربانوسکایا و کۆمەڵێک لە هاوکارانیەوە ئامادە دەکرا. «رۆژژمێر» لە هەموو ژومارەیەکدا بە مادەی ١٩ـی جاڕنامەی مافی مرۆڤەوە دەستی پێدەکرد: «هەر کەس ماڤی ئازادیی رادەربڕینی هەیە...». ئەم گۆڤارە بە بەردەوامی لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٨ بۆ ١٩٨٣ بڵاو بووەوە. گوربانوسکایا و هاوکارانی هاوشێوەی ئەندامانی جاڕنامەی ٧٧ لاینگری رووخانی رژێم نەبوون، وەها پەیامێک ئەوانی بەرەرڕووی مەترسیی گەورەتر دەکردەوە. بەڵام بەم حاڵەوە تۆمەتی دژبەربوونیان دەخستنە پاڵ. ئەم چالاکانە، رێزگرتن لە مافی مرۆڤیان بە پێویستییەکای ئەخلاقی دەزانی و یەکێتیی سۆڤیەتیان بە بەرپرس دەزانی، بەتایبەت پاش ئەوەی حکومەت گرێبەستی هێڵسینکی واژۆ کرد. هەواڵی دادگاکان و زانیارییەکانی دیکە، ئاراستەی میدیا حکومییەکان نەدەکرا و کەوابوو «رۆژژمێر» وەکوو تاکە سەرچاوە و لەهەمانکاتدا سەرچاوەیەکی بێ‌لایەن و زۆر رێکوپێک، ببووە جێی متمانەی هەمووان. سەرنووسەرانی ناوەندی ئەم بڵاڤۆکە بەتایبەت داوایان لە «بڵاوکەرەوە خۆبەخشەکان» دەکرد ئەم گۆڤارەیان بۆ بڵاو بکەنەوە بەڵام خۆیان لە هەر چەشنە هەڵەیەک بپارێزن. ئەلێکساندەر چرکاسف کە چالاکێکی مافی مرۆڤە و سەرجەم ژمارەکانی «رۆژژمێر»ـی کردووەتە ئانلاین، باس لەوە دەکات بۆچی رەفتاری راشکاوانە و بێ‌لایەن‌بوونی «رۆژژمێر» خاڵی بەرامبەری پروپاگاندای میدیا حکومییەکان بوو: «هیچ بۆچوونێک نەدەهاتە ئاراوە، تەنها باس لە راستییەکان دەکرا. گەیاندنی هەواڵ لەوپەڕی خاکەڕایی و بەبێ ئەوەی تووشی هەڵپە و هەیەجان بێت، ئەنجام دەدرا و گوێڕایەڵی ئەو کەسانە نەبوون کە سەربەخۆیی ئەوانیان کردبووە ئامانج. ئەمە لەوانەیە گرنگترین تایبەتمەندیی بزووتنەوەی دژبەران بە سۆڤیەت بێ، لاسایی نەکردنەوەی دوژمن، چونکە لەم حاڵەتەدا دەبوون بە شتێکی هاوشێوەی ئەوان».
بەردەنگانی سامیزدات تەنها کۆمەڵگای ناخۆی نەدەگرتەوە، واتە ئەوانەی وا مەترسیی گیرانیان قەبووڵ کردبوو، بەڵکوو ژمارەیەکی زۆریشیان لە وڵاتانی رۆژئاوایی بوون. بڵاوکراوەکانی سامیزدات سەرنجی زۆربەی چالاکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە پێوەندیدارەکانی رۆژئاوایی بۆ لای خۆی راکێشا. نووسەرانی سامیزدات ئەم سەرنجدانەیان بەکار هێنا و کارەکانی خۆیان رەوانەی دەرەوەی وڵات کرد بۆ ئەوەی لە هەژماری زۆردا چاپ ببێت و هەمیسان بگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵات. بەم قۆناغەیان دەگوت «تامیزدات» واتە «لەوێ چاپکراو». بۆ نموونە رۆژژمێری رووداوەکانی ئەم دواییانە کە خاوەنەکەی گوربانوسکایا بوو، لەلایەن لێبوردنی ناودەوڵەتی (ئەمنستی)ـەوە وەرگێڕدرایە سەر ئینگلیزی و تا ساڵی ١٩٨٤ بڵاو دەبووەوە. ئاسەوارێکی ئەدەبیی وەکوو کۆمەڵەدورگەی گولاگ کە لە خودی سۆڤیەت بڵاو نەکرایەوە، وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە و لەگەڵ پێشوازی بەرچاوی خوێنەران لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی رووبەڕوو بووەوە.
دەرئەنجامی ئەم چالاکیانە ئەوە بوو کاتێک دژبەران لەلایەن رژێمەکانەوە ئازار دەدران، بەردەنگە ناودەوڵەتییەکان کێشە و گرفتەکانی ئەوانیان رووماڵ دەکرد و وڵاتانی کۆمۆنیستیان دەخستە ژێر گوشارەوە. کاتێک گوربانوسکایا چەندین جار لە نەخۆشخانە دەروونییەکان زیندانی کرا، «جون بائێز»، گۆرانبێژی ئەمریکی لە کۆنسێرتەکانی ناوی دێنا و یادی دەکرد و یان کاتێک واسلاو هاول و هاوڕێیانی جاڕنامەی ٧٧ـیان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی ئاراستەی حکومەتی چێکوسڵۆڤاکیان بکەن، لاینگرەکانیان هەستان بە بڵاکردنەوەی ئەم جاڕنامەیە کە رۆژنامە گرنگەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ نموونە تایمزی لەندەن، لۆمۆندی فەڕەنسی و نیۆرک‌تایمزی ئەمریکا. سەرنجێک کە درایە سەر ئەم نووسەرانە و کارەکانیان و ئەو مژارانەی خرانە بەر باس، بووە هۆی شەرمەزاری وڵاتانی کۆمۆنیستی و دەرەتانی ئازاردانی دژبەرانی بەناوبانگیان کەم کردەوە.

چالاکییە بەربڵاوەکان
ئەو سەرنجە زۆرەی لە رۆژئاوا دەدرایە سەر سامیزدات، ئەوی کرد بە یەکێک لە بەرەکانی شەڕی سارد. کۆچبەرانی روسی و دەگا چاپەکانی رۆژئاوایی، بابەتەکانی سامیزداتیان لە دەرەوەی وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵات چاپ دەکرد و تەنانەت هەوڵیان دەدا بینێرنەوە بۆ ناوخۆی وڵاتانی کۆمۆنیستی. دەگوترێ رێکخراوە ئەمنییەکانی رۆژئاوا لەگەڵ سامیزدات هاوکار بوون و ئەم هاوکارییە بە شێوەی چاپی نووسراوەکانی ئەوان و هاندانی کەسانی دیکە بۆ ئەم کارە بوو. لە چوارچێوەی رکەبەرایەتی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت دەگوترێ ئەو رێکخراوە ئەمنییەکان بۆ نموونەی رێکخراوەی CIAـی ئەمریکا سامیزداتیان بەکار دێنا بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوە لە ناوخۆی سۆڤیەت و هەروەها دەبوونە هۆی شەرمەزاربوونی حکومەت. 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved