12/8/2021 02:37 PM

بڵاوکردنەوەی چاپەمەنیی نهێنی لە سۆڤیەت-بەشی کۆتایی

یەکێک لە بەناوبانگترین نموونەکانی پێوەندیدار بە سامیزدات، رۆمانی دوکتۆر ژیواگۆی بوریس پاسترناکە. تاوتوێی ئەم نموونەیە، کردەوەی ئەکتەرەکانی ئەم رووداوە و کاریگەریی سامیزدات لەسەر دبڵۆماسیی جیهانی دەخاتە روو.
دوکتۆر ژیواگۆ چیرۆکێکی ئەویندارانەیە کە لە دڵی شۆڕشی روسیا و ساڵە سەرەتاییەکانی یەکێتیی سۆڤیەتدا روو دەدات. پاسترناک دیمەنێکی توندوتیژ و ناخۆش لە شۆڕش و ئەکتەرەکانی بۆ نموونە بۆلشویکەکان دەخاتە روو و هەر ئەمەش وادەکات بەرپرسانی سۆڤیەت بە رەخنەگری سیستمی بزانن. وەزیری دەرەوە، دیمیتری شپیلۆڤ ئەم کارەی بە «دوژمنایەتی و بێڕێزی کردن بە سۆڤیەت» دەزانی. سەرەڕای «کرانەوەی کۆمەڵگا» لە سەردەمی خۆرێشچۆڤدا، ئەم کتێبە مۆڵەتی چاپی وەرنەگرت. پاسترناک بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە، رووی لە بڵاوکەرەوەی دەوڵەمەند و کۆمۆنیستی ئیتاڵی، فرترینلی کرد. فرترینلی گواستنەوەی بەقاچاخی دەسنووسی دوکتۆر ژیواگۆ بۆ ئیتاڵیای خستە ئەستۆ و لە دەزگای چاپەمەنییەکەی خۆیدا چاپی کرد. کا.گ.ب و حزبی کۆمۆنیستی ئیتاڵیا هەوڵیان دا زەخت بخەنە سەر پاسترناک و فرترینلی بۆ ئەوەی ئەم کتێبە چاپ نەکەن. پاسترناکیان ناچار کرد لە نامەیەکدا ئاوەها بنووسێت: «من ئێستا بەو قەناعەت و دەرئەنجامە گەیشتووم ئەوەی نووسیومە کارێکی ناتەواوە. تکایە دەسنووسەکانی دوکتۆر ژیواگۆم بۆ بنێرنەوە بۆ مۆسکۆ بۆ ئەوەی بتوانم درێژەی پێبدەم».
هەوڵەکانی حکومەتی سۆڤیەت شکستی هێنا و پاسترناک دواتر لە نامەیەکدا بۆ فرترینلی خۆشحاڵی خۆی بەنیسبەت چاپی کتێبەکەوە دەربڕی. «من بەم زووانە دوکتۆر ژیواگۆی ئیتاڵی، فەڕەنسی، ئیبگلیزی و ئەلمانیم دەبێ و لە داهاتوویەکی دووریشدا دوکتۆر ژیواگۆی روسیشم دەبێ. کارێکی گەورە بوو، زۆر گەورە، لێگەڕێن زیاترین هەوڵی خۆمان بدەن بۆ ئەوەی وەشانی رووسیەکەشیمان هەبێ».
ئەوەی کە نەتوانرا رێگری لە چاپی دوکتۆر ژیواگۆ بکرێت شەرمەزارییەکی زۆر بۆ بەپرسانی سۆڤیەت لێکەوتەوە. پاسترناک بە چڕی درایە بەر هێرشی میدیا حکومییەکان و بە خەستی گوشاری ئابووریان خستە سەر. فرترینلی لە حزبی کۆمۆنیستی ئیتاڵیا دەرکرا. کتێبەکە رووبەڕووی سەرکەوتنێکی ناوازە بووەوە لە رۆژئاوا و پاسترناک بوو بە بەربژێری خەڵاتی نۆبڵ، خەڵاتێک کە چەندین جاری دیکەش خۆی بۆ بەربژێر کردبوو. جگە لە هەڕەشەکانی رژێم بۆ سزادانی پاسترناک، گرنگترین لەمپەر بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ ئەوە بوو کە کتێبەکە بە روسی چاپ نەکرابوو. بۆ دڵنیایی لەوەی کە پاسترناک حەتمەن خەڵاتەکە وەربگرێت و زیاتر ببێتە مایەی شەرمەزاری بۆ رژێم، دەکوترێ رێکخراوەی CIA هاتە ناو یاریەکەوە و لە رێگەی دەستوپێوەندەکانی خۆی لە ئەوروپا، مانگێک بەر لەوەی براوەکان لەلایەن ئەکادمیای سویدەوە رابگەیێنرێت، کتێبەکەی چاپ کرد و رەوانەی بازاڕی کرد. لە کاتێکدا کە CIA هیچ قسەیەکی لەم بارەوە نەدەکرد، کوڕی پاسترناک ئەم دەستێوەردانەی رەد کردەوە. ئەکادمیا دواجار لە ساڵی ١٩٥٨ خەڵاتەکەی پێشکەش کرد و پاسترناک بوو بە رواڵەتێکی دیاری ناودەوڵەتی. حکومەت ئیزنی نەدا پاسترناک بۆ بەشداری کردن لە مەڕاسیمی پێشکەشکردنی خەڵاتەکە بڕوات بۆ ستۆکهۆڵم و هەڕەشەی لێکرد ئەگەر بێتوو لە وڵات بڕواتە دەرەوە، دووری دەخاتەوە. حکومەت هەروەها ئیزنی نەدا ئەو فیلمەی کەوا دەیڤید لینچ لە ساڵی ١٩٥٦ـدا بەپێی رۆمانی دوکتۆر ژیواگۆ دروستی کردبوو نمایش بکرێت، ئەگەرچی ئەم فیلمە ناوبانگێکی ناودەوڵەتی هەبوو. دواجار رۆمانەکەی پاسترناک متمانەیەکی جیهانی بۆخۆی دەستەبەر کرد و هەوڵەکانی سۆڤیەت بۆ بەدناو کردنی پاسترناک و نووسراوەکانی، زیانێکی زۆری بە جێگە و پێگەی رژێم لە ئاستی ناودەڵەتی و لەوپەڕی شەڕی سارددا گەیاند.
چارەنووسی کەسانێکی وەکوو پاسترناک، سۆلژنیتسین و گوربانوسکایا پەرەی بەم بیرۆکەیە دا کە بڵاوکردنەوەی نهێنی لە سۆڤیەت، جۆرێک خەباتە لەدژی رژێمی تۆتالیتەر. بەڵام ئەو کارانەی لە سامیزدات ئەنجام دەدران، زۆر بەربڵاوتر بوون و بریتی بوون لە راپۆرتە جۆراوجۆرەکان، نووسراوەکان، مۆزیک و هونەر. سەرەڕای ئەوەی سامیزدات راستەوخۆ نەبووە هۆی رووخانی رژێمی سۆڤیەت، بەڵام دەرفەتێکی زۆر ئاوارتەی لە کۆمەڵگایەکی داخراودا هێنایە ئاراوە و لەبەرامبەر پروپاگاندی رژێمدا وەستاوە. سامیزدات بە چاپکردنی ئاسەواری نووسەرانێکی وەکوو سۆلژنیتسین، خراپترین جەنایەتەکانی رژێمی یەکێتیی سۆڤیەتی لەقاو دا و سەرنجی بەردەنگانی ناودەوڵەتی بۆ ئەم پرسانە راکێشا. لە چێکوسڵۆڤاکیا لەلایەکی دیکەوە هەوڵەکان بۆ ئامادەکردنی تاپۆی جاڕنامەی ٧٧ لەلایەن گروپە جۆراوجۆرەکانی ناو بزووتنەوە، گۆڕەپانەکەی بۆ روودانی شۆڕشی مەخمەڵی بە رێبەرایەتیی هاوڵ ئامادە کرد.
لەئێستادا تەکنەلۆژیا لە خزمەت چالاکان و نووسەراندایە، گواستنەوە و وەرگرتنی زانیاری زۆر ئاسان بووەتەوە و لەلایەکی دیکەوە جێی بە سانسۆر تەنگ کردووە. ئەو چەلەنج و مەترسییانەی لەسەر ڕێی هاووڵاتیانی سۆڤیەت بوون بۆ گواستنەوەی زانیاری، شایەتییەکە لەسەر ئیرادە و و خۆڕاگری ئەوان بۆ زاڵ بوون بەسەر کێشەکانیاندا. 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved