14/8/2021 04:06 PM

بزووتنەوەی یەکڕیزی و جێگرەوەی پرتەقاڵی-بەشی یەکەم

روانگە و پاڵنەر
لەدوای شەڕی جیهانیی دووەم، یەکێتیی سۆڤیەت، ئەو حکومەتە ژێردەستانەی ئەوروپای ناوەندی و رۆژهەڵاتی کە لە سەردەمی شەڕدا داگیری کردبوو، هێنایە سەر کار. بە دانانی سیاسەتمەدارانی لاینگری مۆسکۆ وەکوو رێبەرانی ئەم رژێمە سەرکوتگەرانە، هەژموونییەکی ناوچەیی دروست کرد کە پێیان دەگوت «پەردەی ئاسنین».
لە پۆڵەندا، رێبەرایەتی حزبی کۆمۆنیست، ناڕازیان و دژبەرانی سۆڤیەتیان بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەیان دەستبەسەر کرد، لەسێدارەیان دەدان و هەندێک کەسیشیان دوور دەخستەوە. پاش داڕشتنی یاسای بنەڕەتیی نوێی پۆڵەندا لە ساڵی ١٩٥٢، کە ئیلهامی لە یاسای بنەڕەتیی یەکێتیی سۆڤیەت بوو، پۆڵەندییەکان شایەتی هەوڵوەشانەوەی مەجلیسی پیران، فیڵبازیی بەربڵاو لە هەڵبژاردنەکان و چاکسازییەکانی بواری زەوی لەسەر شێوازی کۆمۆنیستەکان بووە و پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی وڵاتەکەیان بەگشتی چووە ژێر کاریگەریی سۆڤیەتەوە.
سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت بۆ نۆژەنکردنەوە و چاکسازیی لە بواری ئابووری سۆشیالیستی  لە دەیەی ٨٠ـدا، سەرکوتی هاوڵاتیان و لەبەرچاو نەگرتنی مافە سەرەتاییە مرۆییەکان، رێگەی خۆش کرد بۆ ئەوەی دواجار رژێمێک کە سۆڤیەت پشتگیری دەکرد لە ساڵی ١٩٨٩ـدا روخا.

ئامانج و مەبەستەکان
بزووتنەوەی دژبەران، پێک هاتبوو لە گرووپی جۆراوجۆر بۆ نموونە پاپا ژان پۆلی دووەم و کڵێسای کاتۆلیک، بزووتنەوەی یەکڕیزی لخ والسا و بزووتنەوەی جێگرەوەی پرتەقاڵی. ئەگەرچیی ئەم گروپانە بەشوێن ئامانجی جیاوازەوە بوون بەڵام سەبارەت بە پۆڵەندایکی ئازاد و دیموکراتیک هاودەنگ بوون.
لە ساڵی ١٩٧٨، هەڵبژاردنی کارۆل ژۆزێڤ وجتیلا، وەکوو پاپا کە دواتر ناوی نرا پاپا ژان پۆلی دووەم، رۆحێکی تازە کرا بە بەری بزووتنەوەی پۆڵەندای ئازاددا. پاپا لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە ئایینی کاتۆلیک و کەسانی بەویژدان، دەبێ لەبەرامبەر سەرکوتی ئازادییە ئایینی، ئابووری و سیاسییەکانی حزبی کۆمۆنیستدا، خۆڕاگری بکەن چونکە ئەوان حکومەتیان کردبوو بە جێگرەوەی خوا.
ئەو مەسیحی بە بەشی جیانەکراوەی مێژوو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی پۆڵەندا دەزانی و لە کۆمەڵگایەک دەگەڕا کە پۆڵەندییەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئازادی و شوناسی نەتەوەیی و ئایینی خۆی. چواردە مانگ دواتر، بزووتنەوەی یەکڕیزی سەری هەڵدا و کرێکاران و رۆشنبیرانی بۆ هاتنە دی ئاواتەکەی پاپا، هاودەنگ کرد. بزووتنەوەی یەکڕیزی لەگەڵ مانگرتنی کرێکاران لە ئاگۆستی ١٩٨٠ـدا پێک هات؛ ئەو کرێکارانی کەشتی‌سازی گدانسک، بۆ ناڕەزایی دەربڕین سەبارەت بە پێنەدانی مووچە، دەستیان لەکار کێشایەوە. بەدوای دانوستانی سەرکەتووانە لەگەڵ حکومەت، رێبەرانی مانگرتنەکە، بزووتنەوەی یەکڕیزیان لە ١٧ـی سیپتامبەردا پێک هێنا بۆ ئەوەی یەکەم یەکێتیی سەربەخۆی کرێکارانی لە پشی پەردەی ئاسنینەوە بێتە دی. لەهەمانکاتدا، بزووتنەوەی یەکڕیزی تەنها سەندیکایەتی پیشەیی نەبوو بەڵکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی بوو کە هەوڵەکانی لەسەر دەستەبەرکردنەوەی کەرامەتی مرۆیی و شارۆمەندی، ماف و ئازادییەکانی گەلی پۆڵەندا چڕ کردبووەوە.
خاڵی ناوەندی بزووتنەوەی یەکڕیزی، گەیشتن بە جۆرێک «کۆماری خۆبەڕێوەبەر» بوو کە پشتگیری لە بنکە دیموکراتیکەکان دەکرد. لە کۆنگرەی حزبی یەکڕیزی کە ساڵی ١٩٨١ دامەزرا، ئامانجی ئەم بزووتنەوەیە ئاوەها راگەیەندرا: «ئافراندنی دۆخێکی باشتر بۆ ژیان لە بواری سیاسی و ئابووری لە پۆڵەندایەکی سەربەخۆ و بە واتایەکی دیکە ژیانێکی دوور لە هەژاری، داگیرکراوی، ترس و درۆ لە کۆمەڵگایەکی رێکخراو لەسەر بنەمای یاسا و دیموکراسی» و راگەیاندنی پلانەکانی بزووتنەوە، لەسەر ئەساسی ئەوەی کە «ئەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە، تەنها بۆ نان و کەرە و سۆسیس نییە بەڵکوو دادپەروەری، دیموکراسی، راستی، یاسامەندی، کەرامەتی مرۆیی، ئازادتی بیروڕا و چاککردنەوەی کۆمارە». ئەم بایەخانە تەوەری سەردەمی پاش کۆمۆنیزم و کۆماری سێهەمی پۆڵەندا لە سەردەمی سەرۆکایەتی لخ والسا لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ بوو.
بزووتنەوەی جێگرەوەی پرتەقاڵی، بە هەمان روانگەوە کە بووە هۆی پێکهاتنی بزووتنەوەی یەکڕیزی و لە کۆتاییدا لە ئاواتەکەی پاپاوە بۆ رووخانی کۆمۆنیزم لە پۆڵەندا سەرچاوەی گرت، پێک هات. خوێندکارانی پۆڵەندایی لەم بزووتنەوەیەدا زۆر هونەرمەندانە بەشدار بوون و روانگەی ئەوان زیاتر زەینی و هونەرمەندانە بوو لەسەر ئەساسی دەسەڵاتی خەیاڵ. «خەیاڵ، جیهانێکی بێ سنوور دروست دەکات. هیچ هێزێک لە ژیانی مرۆڤدا نییە کە بتوانێ جیهانی کۆنتڕۆڵنەکراوەی خەیاڵ بوەستێنێت. بە بێ سەرف کردنی هێزێکی راستەقینە دەکرێ بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ ببیت و خەیاڵەکانی ئێمە بەردەوام لەگەڵمان دەژین».
ئامانجی بزووتنەوەی جێگرەوەی پرتەقاڵی ئەوە بوو کە بە چڕبوونەوە لەسەر ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان، لە رێگەی هونەرەوە، رەخنە لە کۆنتڕۆڵی رژێمی کۆمۆنیستی لەسەر زانیارییەکان بە بەکارهێنانی ئامزاری هونەر بەشێوەی ئازاد و خۆڕسک ، بگرێت و لاوازی بکات. لە سەرەتادا چالاکانی ئەم بزووتنەوەیە، کۆمەڵێک جێگای دیوارەکان کە رژێم، دروشمە دژەکۆمۆنیستییەکان بە رەنگ داپۆشیبوو هەڵبژارد و کۆمەڵێک وێنەی هەجویان لە کۆرتەباڵاکان لەسەر دیوارەکە نەخشاند. رژێم نەیدەتوانی ئەوان دەستبەسەر بکات، چون بەم کارە دەبوو بەفەرمی ئەم کارە بە نایاسایی بهێنێتەوە ئەژمار و خۆی دەکرد بە مایەی گاڵتەجاڕی.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved