15/8/2021 06:22 PM

بزووتنەوەی یەکڕیزی و جێگرەوەی پرتەقاڵی-بەشی دووەم

رێبەری
ئەگەرچی خاڵی گرنگ بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەی دژەکۆمۆنیستی لە پۆڵەندا، بەشداری بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵک بوو بەڵام ئەم کارە بەبێ رێبەرایەتیی کەسانێکی وەکوو لەخ والسا، رێبەری بزووتنەوەی یەکڕیزی و ژان پۆلی دووەم، رێبەری کڵێسای کاتۆلیک و کۆلۆنێل والدمار فیدریج، دامەزرێنەری بزووتنەوەی جێگرەوەی پرتەقاڵی کە خەڵک زیاتر بە ناوە خوازراوەکەی واتە «ماژۆر» دەیانناسی، جێبەجێ نەدەبوو. لە حاڵێکدا کە ئەم رێبەرانە هەر کامەیان، ژیان و شێوەی رێبەرایەتی خۆیان هەبوو بەڵام لە یەک خاڵدا هاوبەش بوون؛ کۆمەڵگایەکی کراوە بۆ پۆڵەندا.
ناوی لەخ والسا هاومانا بوو لەگەڵ یەکڕیزی. «ئەو بوو بە هێمایەکی زۆر بەرزتر لەو کارانەی وا ئەنجامی دابوو. ئەو بوو بە سەرچاوەی یەکڕیزی». توانایی والسا بۆ راکێشانی متمانەی خەڵک، بووە هۆی ئەوەی ئەوان هەرگیز ئیمانی خۆیان لەدەست نەدەن، ئەگەڕچی رووبەڕووی دژکردەوەی توندی رژێم دەبوونەوە. یەکێک لە ئەندامانی یەکڕیزی لە نامەیەکدا بۆ لەخ والسا، هۆکاری سەرەکی پەسن‌کردنی ئەو بەم شێوەیە دەردەبڕێت: «تۆ نیشانت داین کە نابێ لە گۆپاڵی پۆلیس، جنێو و بێ‌ئیمانی بترسین. ئەوەی کەوا لە تۆدا کاری کردە سەرم، ئەو ئیمانە قووڵەت بوو». لەکاتێکدا کە والسا رواڵەتی بەرچاوی بزووتنەوە بوو، زۆریشی سوود لە پشتیوانی رێبەرانی دیکەش وەرگرت. بۆ نموونەی ئەو ژنانەی کەوا گرنگیان بە رۆڵی رێبەرایەتیان نەدەدرا. ئەگەرچی هەندێک لەوان بۆ نموونە «ئانا والن تی نۆیتس» رێبەری پلەبەرزی بزووتنەوە بوو بەڵام کەسانی دیکەش رۆڵێکی بەرچاویان لە رێبەرایەتی کۆمەڵگادا هەبوو. هەندێک لە ژنان، ئەرکی زۆر مەترسیداریان بە هۆی ئەوەی کەمتر لە پیاوان گومانیان لێدەکرا دەخستە ئەستۆ. کەوابوو بەهەڵکەوت نییە کە ئەم رێبەرە ژنانە لە پۆڵەندای ئازاددا، بە هۆی ئەوەئ بوێرانە شەڕیان کردبوو، پلەی زۆر باڵایان دەستەبەر کرد.
پاپ ژان پۆلی دووەم ئەگەرچی لە هێڵی پێشەوەی شەڕەکەدا نەبوو بەڵام رۆڵی ئەو بۆ ئازادکردنی پۆڵەندا حاشای لێناکرێت. سەردانکردن و وتاربێژییەکانی ئەو لە پۆڵەندا، ورەی بە ملیۆنان کەس بەخشی. نووسەری بەریتانی «تیمۆتی گارتن ئەش» لای وایە بزووتنەوەگەلێکی هاوشێوەی بزووتنەوەی یەکڕیزی، نەیاندەتوانی بەبێ ورەبەخشین و پشتیوانییەکانی پاپا بە ئاکام بگەن.
ئەش دەڵێ: «بەبێ پاپا، یەکڕیزی نەبوو و بەبێ یەکڕیزی، گۆرباجۆڤ نەبوو و بەبێ گۆرباچۆڤ رووخانی کۆمۆنیزم نەدەهاتە ئاراوە». تەنانەت گۆرباچۆڤ، دوایین رێبەری سۆڤیەت، دان بە رۆڵی بەرچاوی پاپادا دەنێت: «بەبێ بوونی پاپا ئەم رووداوە نەدەهاتە ئاراوە».
دامەزرێنەری بزووتنەوەی جێگرەوەی پرتەقاڵی، والد مار فیدریج «ماژۆر» کەسایەتییەکی سەیر و نائاسایی هەیە کە لە کارە هونەرییەکانی ئەودا، چ لە نووسین و چ لە تابلۆکانیدا رەنگی داوەتەوە. ماژۆر، روانگە ورد و هونەرمەندانەکەی خۆی خستە خزمەتی خەبات لەدژی رژێمەکانی لاینگری یەکێتیی سۆڤیەت. ماژۆر، شێوازە کەم‌تێچووەکەی خۆی ئاراستەی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان کرد. ئەم شێوازە، لەسەر بنەمای  بەکارهێنانی هێمای ناعەقڵانی و نائاسایی دامەزرابوو. گرنگتر لە هەمووان، شێوەکاری سەر دیواری گروپەکەی ئەو ، کە دەستەک لە کۆرتەباڵاکانی نیشان دەدا بووە بە هێمای رووخانی دیموکراتیکی رژێمی پۆڵەندا لە سەردەمی حکومەتی سەربازی کە لە دیسامبەری ١٩٨١دا دەستی پێکردبوو.

کەشی مەدەنی
هەوڵەکانی پاپ ژان پۆلی دووەم و بزووتنەوەی یەکڕیزی و جێگرەوەی پرتەقاڵی، لە سەرکوتێکی سەختدا رووی دا. حکومەتی کۆمۆنیستیی پۆڵەندا کە لەژێر کاریگەریی سۆڤیەتدا بوو هەستا بە دەستبەسەرکردن و زیندانکردنی و لە هەندێک حاڵەتەدا لەسێدارەدانی رێبەرانی دژبەر، بەبێ دادگایی کردن.
لەدوای سەرکەوتنی سەرەتایی بزووتنەوەی یەکڕیزی، ژێنەڕاڵ ڤۆیچک یارۆزلسکی، دۆخی شەڕی لە وڵاتدا راگەیاند و بۆ سەرکوتی دژبەران، یاسای بنەڕەتی سڕ کرد و دەیان هەزار کەس لە چالاکانی لە ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی پۆلیس، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٣ رەوانەی زیندان کرد.لەخ والسا وەکوو رێبەری بزووتنەوەی یەکڕیزی، رووبەڕووی دوژمنایەتی بێ‌بڕانەوەی حکومەت بووەوە. ئەو بە ماوەی ساڵێک گیرا و تا ساڵی ١٩٨٨ لەژێر چاوەدێریی پۆلیسدا بوو. ئەو ساڵی ١٩٨٣ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە دوو هۆ نیشتمانی جێنەهێشت، هۆکاری یەکەم ئەوە بوو کە دەترسا ئیزنی گەڕانەوەی پێنەدەن و هۆکاری دووەم یەکڕیزی لەگەڵ ئەو زیندانیانە بوو کە هێشتا ئازاد نەکرابوون. «ئایا هاوڕێیانی من کە ئێستا لە زیندانن و ئەوانەی کە پیشەکانیان بە هۆی پشتگیری لە بزووتنەوەوە لەدەست داوە، دەتوانن لەم گەشتەدا هاوسەفەرم بن؟ ئەگەر نا، ئەوە بەو واتایەیە کە هێشتا رۆژی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە نەهاتووە».
نەبوونی میدیای سەربەخۆ و نەرمی نەنواندنی رژێم سەبارەت بە جیاوازبیران، کۆمەڵێک چەلەنجی بۆ دژبەران دروست کردبوو. ئەگەرچی بزووتنەوەی رێگەیەکی دۆزیەوە بۆ ئەوەی ئەم بەرتەسکیانە کەم بکاتەوە بەڵام لە دانوستانەکان لەگەڵ حکومەت نەیتوانی مۆڵەتی بێ‌بەری‌بوون لە سانسۆر بۆ چاپەمەنییەکانی ناوخۆی یەکێتییەکە دەستەبەر بکات. لەڕاستیدا بزووتنەوە دەیتوانی ئەم چاپەمەنیانە بەشێوەیەکی بەربڵاو دابەش بکات، بەو مەرجەی لێی بنووسیایە «تەنها بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی یەکێتی». ئەم بێ‌بەری‌بوونە ئەم هەلەی بۆ بزووتنەوەی یەکڕیزی دەڕەخساند کە وەکوو «دورگەی ئازادی» کار بکات و لە دەرئەنجامدا «هاووڵاتیان بە شێوەی جۆراوجۆر بۆچوونی خۆیان دەردەبڕی و جۆرێک کۆمەڵگای مەدەنی لەم چوارچێوەیەدا پێک دەهات». لە ئاڤریلی ١٩٨١ـدا بزووتنەوەی یەکڕیزی هەستا بە بڵاوکردنەوەی هەفتەنامەی یەکڕیزی.

پەیام و بەردەنگ
کەرامەتی مرۆیی، تەوەری سەرەکی چالاکییە دژەکۆمۆنیستییەکان بوو. ئازارە رۆژانەکانی خەڵکی پۆڵەندا و بە تایبەت کەمبوونی خۆراکی گونجاو، بە شێوەیەکی کاریگەر لەلایەن یەکڕیزییەوە بە نەبوونی ئازادییەوە گرێ درابوو. لە ساڵی ١٩٨١ـدا، بایەخە بنەڕەتییەکان بۆ نمونە ئازادییە ئایینی، سیاسی، فەرهەنگی و ئابوورییەکان لە پەیامەکانی پاپا، جێگرەوەی پرتەقاڵی و یەکڕیزیدا رەنگی دایەوە. «مێژوو فێری کردووین کە نان بە بێ ئازادی نایەتە دی».
پەیامی سەرەکیی یەکڕیزی، بانگهێشت کردنی خەڵکی پۆڵەندا بوو بۆ هەوڵی بەربڵاو. بزووتنەوە سەرکەوت؛ پێگەی کرێکاریی خۆی پرە پێدا، بۆ ئەوەی مانایەکی زیاتر بەو ناوە ببەخشێت کە بۆخۆی هەڵبژاردووە و بتوانێ بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە. بە پێکهێنانی «یەکڕیزیی گوندەکان» پانتای چالاکییەکانی خۆی لە کرێکارانی پیشەسازییەوە هەتا جوتیاران پەرە پێدا. بزووتنەوە تەنانەت توانی سەرەڕای ریشە کرێکارییەکی خۆی، ببێت بە پردێک بەرەو کەشی رۆشنبیریی پۆڵەندا. هەر ئەو جۆرەی BBC دەڵێ: «یەکڕیزی، کتێب و کتێبخانەی هێنایە ناو کارگەکانی کەشتی‌سازییەوە». ئەو کاتەی پەیمانی گودانسک واژۆ کرا و یەکڕیزی بە ئامانجە سەرەتاییەکانی خۆی گەیشت، پۆڵەندییەک دەڵێ: «هیوایەکی ناوازە و پێوەندییەکی زۆر بەهێز لەنێوان خەڵکدا دروست ببوو. لەو ساتە کەم‌وێنانە بوو کە لەنەکاو ملیۆنان کەس داخوازییەکی هاوبەشیان هەبوو و ئەم خواستە هاوبەشە، ئەوە بوو کە سەندیکا کرێکارییەکان نوێنەری ئەوان بن لەبەرامبەر حزبی کۆمۆنیستدا».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved