16/8/2021 03:50 PM

بزووتنەوەی یەکڕیزی و جێگرەوەی پرتەقاڵی-بەشی کۆتایی

پاپا، پلە و پایەیەکەی خۆی وەکوو رێبەری کڵێسای کاتۆلیک بەکار دێنا بۆ پشتگیری لە بزووتنەوەی دژبەران. ئەو پۆڵەندییەکانی هان دەدا لەجیاتی وەفاداری بۆ حکومەتی کۆمۆنیستی، وەفادار بن بە کڵێسا. پەیامی ئەو هەم بۆ خەڵکی پۆڵەندا و هەم بۆ کۆمەڵگای ناودەوڵەتی، جەخت کردنەوە بوو لەسەر ئازادی و ئازادیخوازی و ئەم بابەتەش پشتیوانیی ئەخلاقی بۆ دژبەرە پۆڵەندییەکان دەستەبەر دەکرد. گەشتەکەی ساڵی ١٩٧٩ـی پاپا بۆ پۆڵەندا رووداوێکی گەورەی مێژوویی بوو. ئەو هیوادار بوو لەم سەردانەدا رۆحێکی تازە وەبەر هاونیشتمانییەکانی بێنێتەوە. سەرەڕای پێشبینیی رژێم، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ژمارەیەکی کەم پێشوازی لە پاپا دەکەن، ملیۆنان کەس بۆ بەخێرهێنانی پاپا ئامادە بوون و رژێمی کۆمۆنیستیان شەرمەزار کرد. پاپ ژان پۆلی دووەم خەڵکی پۆڵەندای هاودەنگ کرد لەجیاتی ئەوەی لە ژێر رکێفی کۆمۆنیستەکاندا بمێننەوە، بگەڕێنەوە سەر ئیمان و ریشە مێژووییەکانی وڵاتەکەی خۆیان. بزووتنەوەی جێگرەوەی پرتەقاڵی، پشتیوانی خەڵکیان لە رێگەی بەرنامەی کۆمیدی و خستنە رووی دروشمگەلێکی وەکوو «هاووڵاتیان یارمەتی میلیشا بکەن و لە خۆتان بدەن» رادەکێشا. بزووتنەوەی جێگرەوەی پرتەقاڵی «ئاوێنەیەک بوو کە خاڵی لاواز، کەموکووڕی و بێ‌هۆ بوونی حکومەتی هەتا سنوورەکانی گەمژەیی دادەبەزاند». ئەم بزووتنەوەتە بەگشتی بەشوێن بەردەنگی جیهانییەوە بوو. هەندێک کەس دەڵێن هەڵبژاردنی رەنگی پرتەقاڵی، بژاردەیەکی مامناوەند بوو، بەو واتایە کە رەنگی سوور، رەنگی چەپەکان و رەنگی زەرد رەنگی کڵێسا و بە واتایەک رەنگی راستەکان بوو. لە ٢٠٠٤ـدا، ڤیکتۆر یوشچێنکۆ لە ئوکراین، کاریگەری لە بزووتنەوەی پرتەقاڵی وەرگرت و ئەم رەنگەی وەکوو رەنگی فەرمیی حزبەکەی خۆی وەرگرت.

چالاکییە بەربڵاوەکان
سەرەڕای روانگە جۆراجۆرەکان کە بەکارهاتن، رووخاندنی رژێمی کۆمۆنیستی لە پۆڵەندا، پێویستی بە بەشداری بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵک هەبوو. پاپ ژان پۆلی دووەم بە بەڵێنی پۆڵەندایەکی ئازاد و بەهێز، ملیۆنان هاووڵاتیی پۆڵەندی هاودەنگ کرد و وەکوو بەرپرسێکی بزووتنەوەی ئایینیی جیهانی، توانی پشتیوانی وڵاتانی دیکەش بۆ پێکهێنانی پۆڵەندایەکی سەربەخۆ، دەستەبەر بکات. یەکێک لەم وڵاتانە بەریتانیا بوو. دیداری لەخ والسا و پاپا و هەروەها دیداری مارگارێت تاچێر، سەرۆک حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ ٥٠٠٠ کەس لە رێبەرانی بزووتنەوەی یەکڕیزی لە گودانسک کە لەودا تاچێر، رووی لە رێبەرانی بزووتنەوە کرد و گوتی: «هیچ شتێک ناتوانێ ئێوە بوەستێنێت، دوو رووداوی مێژوویی بوون کە رادەی پشتگیری لە بزووتنەوەکەی زۆر بەرز کردەوە.
بزووتنەوەی یەکڕیزی دوکتوریەنی ناتوندوتیژیی کرد بە پلاتفۆرمی خۆی و ئەمەش متمانەی گشتیی بەم بزووتنەوەیەی زیاد کرد و بەشداری بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵکی لێکەوتەوە؛ کەوابوو بزووتنەوە توانی شەپۆلێک لە مانگرتن لە سەرتاسەری وڵاتدا رێک بخات بۆ ئەوەی حکومەت ئیفلیج بێت و ناچاریان بکات بێنە سەر مێزی گفتوگۆ. بۆ نموونە لە ٢٧ـی مارسی ١٩٨١ـدا، بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی لێدان و ئازاردانی ٢٧ کەس لە ئەندامانی بزووتنەوەی یەکڕیزی لە سەرتاسەری وڵات، بزووتنەوە، مانگرتنێکی رێکخست کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس تێیدا بەشدار بوون و سووڕی ئابووری وڵاتی وەستاند. ئەمە گەورەترین مانگرتن بوو لە پۆڵەندای ژێر کۆنتڕۆڵی سۆڤیەت و حکومەتی ناچار کرد بەڵێنی تاوتوێ کردنی دۆسیەی ئەو لێدان و ئازاردانانە بە بزووتنەوە بدات.
جێگرەوەی پرتەقاڵی بە بەکارهێنانی شێوازی نائاسایی،  هەیەجانێکی تایبەتی لە دژبەراندا دروست دەکرد. جگە لە بەکارهێنانی تاکتیکی مەدەنی و لە هەمانکاتدا رووخێنەری دیوارنووسین، ئەم بزووتنەوەیە کۆبوونەوەیەکی دروست کرد کە لەمەودوا پێی دەگوترا «رووداوەکان». لە ساڵی ١٩٨٨ و لەوپەڕی ناڕەزایەتییەکاندا، ئەم بزووتنەوەیە لە شاری «ورکلاو» رێپێوانێیکی رێکخست کە لەودا دە هەزار کەس کڵاوی پرتەقاڵیی کورتەبەڵاکانیان لە سەر کردبوو و پێی دەگوترێ شۆڕشی کورتەباڵاکان. بەم شێوازە، رێبەرانی بزووتنەوە دەیانویست هەندێک لەو کەشە قورسە کەم بکەنەوە و خۆپیشاندانەکانی لەو حاڵەتە یەکدەست و دووپاتەیە هێنایە دەر و هەندێک فشە و گاڵتەیان لە چالاکییەکانیان زیاد کرد. شێوازی چالاکیی تاقانە و نائاسایی بزووتنەوەی پرتەقاڵی، بووە هۆی ئەوەی حکومەت لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵیان تووشی گومان بێت و نەتوانێ دژکردەوەیەکی گونجاوی هەبێت. هەوڵە هاوبەشەکانی یەکڕیزی، پاپا و جێگرەوەی پرتەقاڵی، بووە هۆی ئەوەی ئاڵوگۆڕی زۆر بەرچاو لە کەشی سیاسیی پۆڵەندادا بێتە ئاراوە.
یەکەم سەرکەوتنی گەورە لە ئاگۆستی ١٩٨٨دا هاتە دی، ئەو کاتەی ژێنەڕاڵ چسلاوکیچی ژاک، وەزیری ناوخۆ بە شێوەی تایبەت لەگەڵ لەخ والسا دیداری کرد و داوای لێکرد کۆتایی بەو مانگرتنانە بهێنن کە لەئارادا بوون. لەدوای ئەم مامەڵەیە، والسا زنجیرە دانوستانێکی درێژخایەنی لەگەڵ ژێنەڕاڵ یاروزلسکی، سەرۆکی پۆڵەندا سەبارەت بە دۆخی سیاسیی بزووتنەوەی یەکڕیزی دەست پێکرد. لەدوای چوار مانگ مشت و مڕی درێژخایەن، دواجار لەخ والسا توانی دەنگی یاروزلسکی بۆ چالاکیی دووبارەی بزووتنەوەی یەکڕیزی دەستەبەر بکات و ئەم بابەتە لە ژانویەی ١٩٨٩، پاش کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی کۆمۆنیست بەشێوەی فەرمی راگەیەندرا.
دوابەدوای ئەوەی قەدەغەبوونی بزووتنەوەی یەکڕیزی هەڵگیرا، والسا دوبارە لەگەڵ رێبەرانی حزبی کۆمۆنیست کۆ بووەوە. لە فێبریەی ١٩٨٩، زنجیرە گفتگوگۆیەک لەنێوان دژبەران و حکومەتدا ئەنجام درا. گفتوگۆ راستەوخۆکان ئاسانکاریی حکومەت بوو بۆ لەناوبردنی ئاڵۆزییە سیاسییەکان. لە کۆتاییدا دژبەران سەرکەوتنێکی گەورەیان دەستەبەر کرد و رێککەوتننامەی ١٩٨٩ـیان لەگەڵ حکومەت واژۆ کرد. والسا وەکوو رێبەری گروپی دانوستانکار ئەم رێککەوتنەی پەسەند کرد کە بە هۆیەوە چالاکیی سەندیکا کرێکارییە سەربەخۆکان، بە بابەتێکی یاسایی ناسرا و سەرۆک‌کۆماری بوو بە بنکەیەک و دوو پەرلەمانی یاسادانەر دامەزرا. جگە لە نۆژەنکردنەوەی سێ دەسەڵاتی سیاسی، رێککەوتنەکە، خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دوو پەرلەمانەکە بوو کە سەرکەوتنێکی گەورەی لەم هەڵبژاردنەدا بۆ لەخ والسا و حزبی یەکڕیزی بەدواوە بوو. یەکڕیزی کە ببوو بە حزبێکی یاسایی، توانی ٩٩٪ـی کورسییەکانی مەجلیسی پیران و ٣٥٪ـی کورسییەکانی پەرلەمان دەستەبەر بکات. لە ساڵی ١٩٩٥، والسا بوو بە یەکەم سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراوی پۆڵەندا و کۆتایی بە چوار دەیە حکومەتی کۆمۆنیستی لەم وڵاتە هات.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved