17/8/2021 04:57 PM

بانگەوازێک بۆ دیموکراسی لە چین-بەشی یەکەم

جاڕنامەی 08

روانگە و پاڵنەر
کاتێک کەشی کراوەی سیاسیی لە کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠ـی زاینی لە سۆڤیەت لەلایەن میخاییل گۆرباچۆڤەوە راگەیەندرا، زۆرینەی چینییەکان بیریان لەوە کردەوە کە کۆمەڵێک چاکسازیی لەو چەشنە لە وڵاتەکەی خۆیان ئەنجام بدەن. لەگەڵ رووخانی دیواری بێرلین لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٨٩ـی زاینی، رووداوێک کە بەرامبەر بوو لەگەڵ رووخانی ئیمپراتۆری سۆڤیەت، ئەو هیوایە کەوتە دڵی کۆمەڵانی خەڵکی چینەوە کە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی و قووڵ لە وڵاتەکەی ئەوانیشدا روو دەدات. بەهۆی ئەو چاکسازیانەی کە خەڵکی چین چاوەڕێیان دەکرد لەلایەن رێبەریی کۆمۆنیستی وڵاتەکەیانەوە بێتە ئاراوە، زیاتر لە سەد هەزار کەس کە کۆبوونەوەی گۆڕەپانی تیان‌ئامن‌من لە پایتەختی چین لە ژوەنی ١٩٨٩ـدا، رووداوێکیان هێنایە ئاراوە کە بەناوبانگە بە رووداەی ژوەنی ٨٩. لەم رووداوەدا و پاش ئەوەی سیستمی سیاسیی چین بە پاڵپشتی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان هەستان بە سەرکوتی ئەم کۆبوونەوانە، دژبەرانی چینی بەشێک زۆر لە ساڵەکانی دەیەی ٩٠ بۆ ٢٠٠٠ـی زاینیان تەرخان کرد بۆ دۆزینەوەی رێکارێکی گونجاو بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەنیسبەت سسیتمی سیاسی ئەم وڵاتە و دەستیان کرد بە گەڕان و رێکخستنی رێکاری جۆراوجۆری دیموکراتیک.
رێبەرانی کۆبوونەوەکانی گۆڕەپانی تیان‌ئان‌من، بە تێگەیشتن کە کەموکووڕیەکانی مارکسیزم و بەرتەسکاییەک کە ئەم جۆرە تیۆریانە رووبەڕووی روانگەی فکری و سیاسی ئەوانی دەکردەو، هەستان بە نۆژەنکردنەوەی فۆرمە فکرییەکانی خۆیان سەبارەت بە دیموکراسی لەو بەستێنە نوێیە جیهانییەی پاش شەڕی سارد. لەدرێژەی وەها پرۆسەیەکدا بوو کە لە بەهاری ١٠٠٨ـدا، لیۆ گزایبۆ، رۆشنبیری تەمەن ٥٤ ساڵ، چالاکی مافی مرۆڤ و ئەندامی ئەنجومەنی سەربەخۆی قەڵەمی چین و لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٥، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوبیرانی خۆی، دەستیان کرد بە ئامادەکردنی جاڕنامەیەک کە لە جاڕنامەی ٧٧ـی چێکوسڵۆڤاکیا ئیلهامی وەردەگرت. ئەو جاڕنامەیە کە لە مانگی ژانویەی ١٩٧٧، لە کۆماری سۆشیالیستی گەلی چێکوسڵۆڤاکیا لەلایەن واسلاو هاول. نووسەر، چالاکی سیاسی و رۆشنبیری ئەم وڵاتە و گروپێک لە هاوڕێیانی نووسرابوو، داهێنانێکی مەدەنی بوو، کە چالاکانی مافی مرۆڤ لە چێکوسڵۆڤاکیا، سەبارەت بە بناغەی نەتەوەیی دیموکراسی لە ئەمریکا، بەدوایەوە بوون. ئەم جاڕنامەیە داوای لە رێبەرانی کۆمۆنیستی ئەو کاتی چێوسڵۆڤاکیا دەکرد کە پێمل بن بە سەرجەم یاساکانی باسکراو لە رێککەوتنە ناودەڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پەسەندکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا. هەر ئەو جاڕنامە سەرەتاییە کە بەناوبانگ بوو بە ٧٧، کە لەلایەن زۆرینەی چالاکانی مەدەنی چێکوشڵۆڤاکیاوە واژۆ کرا، هاوشێوە چینییەکەی یان جاڕنامەی ٠٨، خوازیاری ئەوە بوو کە بەرپرسانی فەرمی سیستمی کۆمۆنیستی وڵاتی خۆیان ناچار بکەن بە قەبووڵ کردن و پەسەندکردنی پەیماننامەی ناودەوڵەتی مافی مەدەنی و سیاسی. بەم حاڵەوە، جاڕنامە چینیەکە، بەپێچەوانەی نموونە چێکییەکەی، هەوڵی ئەوەی بوو چالاکییەکان و خواستەکانی خۆی لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەدا کورت بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ رێگە بۆ چاکسازیی مانادار لە چین خۆش بکات.
دواجار، لە ١٠ـی مانگی دیسامبەری ٢٠٠٨ و هاوکات لەگەڵ شەستەمین ساڵیادی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، نزیکەی ٣٠٠ هاووڵاتی چینی بەناوبانگ، بۆ وڵامدانەوە بە پێشێڵ بوونی یاساکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە و بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەنیسبەت دەستدرێژییە بەردەوامەکانی بەرپرسانی حکومی لەم بوارەدا، دەقێک بڵاو دەکەنەوە کە بە جاڕنامەی ٠٨ بەناوبانگ دەبێت و لەودا خوازیاری هاتنە ئارای سیستمی چەند حزبی، میدیای ئازاد و سەربەخۆیی سیستمی داد لە چین دەبن.

ئامانج و مەبەستەکان
جاڕنامەی ٠٨، بەتایبەت بە سەرنجدان بەم راستییە کە زۆرینەی دژبەرانی سیستمی سیاسی چین لە ١٩٨٩ـدا، لە کوشتاری گۆڕەپانی تیان‌ئامن‌من گیانی خۆیان لەدەست دابوو، هەنگاو و ویستێکی بوێرانە بوو لەلایەن درێژەدەرانی رێگەی ئەوان بۆ دەستەبەرکردنی چاکسازی بەردەوامی سیاسی و ئابووری. رێکەوتی بڵاوبوونەوی ئەم جاڕنامەیەش گرنگە. نووسەرانی جاڕنامەکە بە ئاگاداری لە هاوکاتبوونی شەستەمین ساڵیادی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و بیستەمین ساڵیادی کوشتاری گۆڕەپانی تیان‌ئامن‌من لە چوارەمی مانگی ژووەن لە لایەک و پەنجاهەمین ساڵیادی دوورخستنەوەی دالای لاما، رێبەری ئاینیی بووداییەکانی تەببەت لە چوارەمی مانگی مارس و شەستەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری گەلی چین لە یەکی ئۆکتۆبەری ئەو ساڵە لەلایەکی دیکەوە، خەریک بوو دۆخێکی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕی مانادار لەم وڵاتەدا بێنێتە ئاراوە، مانگی دیسامبەری ٢٠٠٨ـیان بۆ بڵاوکردنەوەی جاڕنامەکەی خۆیان هەڵبژارد.
ئامانجی گشتیی بزووتنەوەی جاڕنامەی ٠٨، گەرەنتی کردنی هاوپێچەکانی یاسای بنەڕەتی سەبارەت بە لەبەرچاو گرتنی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان و حکومەتێکی دیموکرات و وڵامدەر لە چینە. هەر ئەو جۆرەی لە جاڕنامەکەدا هاتووە، «گەرەنتی کردنی مافی مرۆڤ، جگە لەوەی گرنگترین ئامانجی حکومەتێک پێک دێنێت، هەروەها بە بنەما و ئەساسی شەرعیەتی گشتی ئەو حکومەتەش دێتە ئەژمار؛ جگە لەوە، گەرەنتی کردنی مافی مرۆڤ یەکێک لە پێویستییەکانی سیاسەتی «سەرەتا خەڵک»ـە، سیاسەتێک کە دەڵێ ئەولەوییەت لە هەر کار و کردەوەیەک لەلایەن حکومەتەوە بەپێی ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵک بونیاد نراوە». هەروەها، جاڕنامەی ٠٨ خوازیاری دابەشکردنی دەەڵات، دیموکراست لەسەر بنەمای یاسا، سەربەخۆیی سیستمی داد، هەڵبژاردن بۆ دەستنیشان کردنی پۆستە حکومییەکان لە وڵاتدا بوو.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved