18/8/2021 06:47 PM

بانگەوازێک بۆ دیموکراسی لە چین-بەشی دووەم

سەرەڕای ئەوەی لە جاڕنامەی ٠٨ـدا هیچ چەشنە ئاماژەیەکی راستەوخۆ بە رووداوەکانی ژوەنی ١٩٨٩ و سەرکوتی خوێنینی ئەم رووداوانە نەکرابوو، دوو مادە لەو مادانەی لەودا نووسرابوون، بە تایبەتی پێوەندی بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و رووداوی «تیان‌ئان‌من»ـەوە هەبوو. قەرەبووکرنەوەی ئەو زیانانەی کەوا کەسە جۆراوجۆرەکان و بنەماڵەکانیان بە هۆی ئازار و سەرکوتی سیاسی لەلایەن حکومەتەوە پێیان گەیشتبوو، گرنگترین داواکارییەک بوو کە لەم پێوەندییەدا لە جاڕنامەی ٠٨ـدا نووسرابوو. هەروەها، ئازادیی زیندانیانی سیاسی و ئەو کەسانەی بەهۆی باوەڕەکانی خۆیانەوە حوکم درابوون؛ پێکهێنانی کۆمیسیۆنی نیازپاکی بۆ دۆزینەوەی راستییەکان لە رووداوە مێژووییەکاندا، دیاری کردنی بەرپرسایەتییەکان و بەڕێوەبردنی دادپەروەری، لەو داواکاریانە بوون کە لە جاڕنامەی ٠٨ـدا باسیان کرابوو. ئەم جاڕنامەیە، هەروەها خوازیاری ئەوە بوو چاوەدێرییەکی حکومی زیاتر بێتە سەر هێزە سەربازییەکان و بێ‌لایەنی سیاسیی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان گەرەنتی بکرێت.
لە بوارەکانی دیکەشدا، کۆمەڵێک داواکاریی دیکە سەبارەت بە چاکسازیی پێویست لە ساحەی ئابووری، سیستمی وەرگرتنی باج و ژینگەدا هاتبووە ئاراوە. بەشێک لەم داواکاریانە زیاتر لایەنی مەدەنیان هەبوو. بەشێک لەم داواکاریانە بریتی بوون لە: رێکسختنی سیستمی دابین‌کردنی کۆمەڵاتیی بەربڵاو لە چین، پاراستنی مافی باجدەران، پارێزگاری لە ژینگە و رێزگرتن لە یاساکانی پەرەسەندنی بەردەوام. هاوکات لەگەڵ ئەم داواکارییە مەدەنی و سیاسیانە، دامەزرێنەرانی جاڕنامەی ٠٨، خوازیاری گۆڕانکارییەکی جددی بوون لە سیستمی ئابووریی زاڵ و گۆڕین و نۆژەنکردنەوەی ئەم ئابوورییە لەسەر بنەمای بازاڕی ئازاد.

رێبەری
ئەگەرچی نووسەرانی جاڕنامەی ٠٨، ناوی خۆیان لەم دەقەدا نەنووسیبوو (چ لە رووی پابەندبوون بە رۆحی دەقەکە، کە بە جاڕنامەیەکی کراوە و گشتی بۆ سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی سیاسی دەزانێ و چ لە گۆشەنیگای رێوشوێنە ئەمنییەکانەوە)، زۆرینە، «لیۆ گزایبۆ» بە نووسەری سەرەکیی ئەم بەیاننامەیە دەزانن.
لیۆ، ئەزموونی دوو دەیە خەباتی ئاشتیخوازانە و چالاکی لەدژی پێشێل کردنی مافی مرۆڤی هاووڵاتیان لەلایەن حکومەتی چینی هەیە. شیائۆبۆ لەدوای وانەوتنەوە لە زانکۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تێکەڵ بە بزووتنەوەی دیموکراسیی ١٩٨٩ ببێت. ئەو لە کاتی مانگرتنەکانی گۆڕەپانی تیان‌ئان‌من لە ساڵی ١٩٨٩ـدا، مانگرتن لە خواردنی بۆ پشتگیریی خوێندکاران خستە گەڕ. لیۆ شیائۆبۆ وەکوو مامۆستایەکی دیاری زانکۆ و سەرۆکی ناوەندی ناودەوڵەتی قەڵەم لە چین، تەنانەت بەر لە دەستبەرکردنی لە رۆژی ٨ـی دیسامبەری ٢٠٠٨ـدا، واتە دوو رۆژ بەر لە بڵاوبوونەوەی جاڕنامەی ٠٨، ناوبانگێکی بەرچاوی لە ناوخۆی چین و لە ئاستی جیهانیدا هەبوو. شیائۆبۆ بەر لە گیرانەکەی یەک «بەیاننامەی کۆتایی» بڵاو کردەوە کە لەودا کارەکانی خۆی بۆ گۆڕینی کۆمەڵگای چینی بە وردەکارییەوە باس کرد و رایگەیاند: «من بەهۆی قسەکردنەوە گیراوم. ئازادیی رادەربڕین بنەمای مافی مرۆڤ، سەرچاوەی مرۆڤایەتی و دایکی راستییە. بەرتەسک‌کردنەوەی ئازادیی رادەربڕین، پێشێل کردنی مافی مرۆڤ، خنکاندنی مرۆڤایەتی و سەرکوتی راستییە». ئەو مێژوویەکی دوورودرێژی لە خەبات هەیە کە لەو ناوەدا دەکرێ ئاماژە بکەین بە خۆڕاگریی چالاکانە لەبەرامبەر کردەوە زۆرەملییەکانی حکومەتی چین و بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایی گۆڕەپانی تیان‌ئان‌من.
لە نێوان ٣٠٠ واژۆکەری ئەم جاڕنامەیەدا، جگە لە لیۆ گزایبۆ، دەکرێ ئاماژە بە ناوی هەندێک لە مامۆستایانی زانکۆ، رۆشنبیران، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، کرێکاران، نووسەران و ژمارەیەک لە ئەندامانی پێشووی حزبی دەسەڵاتدار بکەین. پێڕستی واژۆکەرانی ئەم جاڕنامەیە، بریتیە لە کەسانێکی بەناوبانگ کە دەکرێ لە ناویاندا ئاماژە بەم کەسایەتیانە بکەین: ژانگ زوهویا، یەکێک لە ئەندامانی پێشووی لقی لاوانی حزبی دەسەڵاتدار، کە وەکوو ناڕەزایی دەربڕین لەدژی سەرکوتی خوێنینی گۆڕەپانی تیان‌ئان‌من، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و بەهۆی ئەم کارەوە ماوەیەک گیرا تا ئەوەی کە چەند رۆژ بەر لە بڵاوبوونەوەی جاڕنامەی ٠٨ ئازاد کرا. وێبلاگنووسیی بەناوبانگی تەببەتی؛ بائۆ تونگ، ئەندامی پێشووی حزبی دەسەڵاتدار کە هەر لەو ساڵەدا بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لەدژی دابەشکردنی شیری ژەهراوی، وەکوو داوای لێبوردن و «راستکردنەوەی هەڵەیەک کە ٦٠ سال لەمەوبەر بەهۆی تێکەڵبوون بە حزبی کۆمۆنیستەوە تووشی ببوو»، جاڕنامەی ٠٨ـی واژۆ کرد؛ و دواجار لی داتونگ، رۆژنامەنووس و ئەندامانی پێشووی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی لاوانی چین.

کەشی مەدەنی
لەو کاتەوەی حزبی کۆمۆنیست لە ساڵی ١٩٤٩ـەوە بەسەر چیندا زاڵ بوو هەتا ئەمڕۆ، سەرکوت و پێشلکارییەکی زۆری لە بواری مافی مرۆڤدا ئەنجام داوە. بەپێی راپۆرتی ساڵانەی بنکەی ئەمریکیی «ماڵی ئازادی» لەژێر ناوی «راپۆرتی دۆخی ئازادی لە جیهان لە ٢٠٠٩ـدا»، «حکومەتی چین لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا سنووردارکردنەوەی چالاکیی نووسەران، زانایانی بواری ماف، چالاکانی مەدەنی و سیاسی، کرێکارانی کۆچبەر و ئەو کەسانەی کە بە نامە نووسین هەوڵیان داوە دەنگی ناڕەزانیی خۆیان لەدژی ستەمێک کە لەلایەن بەرپرسانی خۆجێییەوە ئاراستەیان کراوە بە گوێی بەرپرسانی باڵای حکومەت بگەیێنن، پەرە پێداوە».
سیستمی کۆمۆنیستی چین، بەپێی ئەو راپۆرتەی باسی کرا لەنێوان سەرکوتکەرانی ئازادیی ئینتەرنێت، لە پلەی دووەم لە ئاستی جیهاندا جێگیر بووە. بەپێی لەقاودانەکانی یانگ جیان‌لی، چالاکی مەدەنیی چینی، «کۆمپانیای گووگڵ، تێدەگا حکومەتی چین لە رێگای سیستمی گووگڵ‌مەیلەوە، ساڵانێکە هەوڵ دەدا دەستی بە داتای تاکەکەسیی چالاکانی چینی و هەژماری ئەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رابگات». بنکە ئەمنیەکانی چین، لەم ماوەیەدا بە بەکارهێنانی پێچەڵپێچ‌ترین سیستمەکان، هەستاون بە چاوەدێری و سانسۆری تۆڕەکانی ئینتەرنێت و مۆبایل و بە دەستەبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەران لە ئاستی جیهان بە تاوانی چالاکییەکانیان لە ئینتەرنێتدا و تەنها تا نیوەی ساڵی ٢٠٠٨، ٤٩ کەس لە چالاکانی ئینتەرنێتی زیندانی کردووە.

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved