19/8/2021 03:49 PM

بانگەوازێک بۆ دیموکراسی لە چین-بەشی کۆتایی

سەرەڕای زیادبوونی چالاکیی رێکخراوە مەدەنییە ناحکومییەکان و داواکاری بەردەوام بۆ چاکسازیی بەربڵاو لە چین، حکومەتی ئەم وڵاتە ئامادە نییە بەرتەسکییەکانی بواری سووڕی زانیاریەکانی ناوخۆ و دەرەوە، تەنانەت لە ئاستی خۆجێییدا، کەم بکاتەوە. سیستمی کۆمۆنیستی چین بە ئاماژەدان بە یاسایەکی لێڵ لەژێر ناوی یاسای نهێنییەکانی حکومەت، شەرعیەت دەبەخشێت بە دەستبەسەرکردن و زیندانی کردنی هەر کەسێک کە بەبێ مۆڵەتی بەرپرسانی حزبی کۆمۆنیست، رووی لە چالاکی سیاسی و مەدەنی کردووە. گروپ و رێکخراوە دژبەرەکانیش، بۆ نموونە حزبی خەڵک‌سەروەریی چین و ئەندامەکانی و هەروەها رۆژنامەنووسانی ئەم وڵاتە، لەژێر ناوی «رووخێنەر» و «چالاکیی لەدژی سیستم»، بەردەوام دەستبەسەر و زیندانی دەکرێن. بەپێێ راپۆرتەکانی بنکەی دوئی‌هونا، لە ٢٠٠٧ تا ٢٠٠٨، بە ١٦٢٣ زیندانی سیاسیی نوێ، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی سیاسی بەنیسبەت ساڵی پێشوو دوو بەرابەر بووە. بەهۆی نەبوونی ئامارێکی ورد لە بواری ئێعدامەکان لەم وڵاتەدا و بەپێی راپۆرتی لێبوردنی ناودەوڵەتی (ئەمنستی)، حکومەتی چین، بە کەڵک وەرگرتن لە دەرزی ژەهر لە ساڵی ٢٠٠٩دا، لە ٧٠٠٠ بەندکراو کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، حوکمی ١٧٠٠ کەسیان جێبەجێ کراوە.
لە ٨ـی دیسامبەری ٢٠٠٨ـدا، لیۆ گزایبۆ، تەنها دوو رۆژ بەر لە بڵاوبوونەوەی جاڕنامەی ٠٨ و بەهۆی بەشداری لە نووسینی جاڕنامەکەدا، گیرا و تا کۆتایی ئەو ساڵە لە زیندادا بوو. دواتر، لە دیسامبەری ٢٠٠٩ـدا بە تۆمەتی «رووخاندنی سیستم» جارێکی دیکە بەفەرمی گیرا و ٢٥ـی دیسامبەری ئەو ساڵە سزای یازدە ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو. سەرەڕای هەوڵی زۆرێک لە رۆشنبیران، نووسەران و چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهاندا بۆ ئازاد کردنی لیۆ گزایبۆ، بەرپرسانی دەزگای دادی چین، ئەم چالاکە سیاسیەیان ئازاد نەکرد. جگە لە گزایبۆ، زیاد لە ١٠٠ کەس لە واژۆکەرانی سەرەتایی جاڕنامەی ٠٨، لە رۆژی بڵاوبوونەوەیەوە تا ئێستا، لە بڕگەیەکی زەمەنیی جیاوازدا، گیراون و لێپێچینەوەیان لێکراوە.

پەیام و بەردەنگ
ئامانجی گشتی‌تری بزووتنەوەی هەڵقوڵاو لە جاڕنامەی ٠٨، روو وەرسووڕاندنی خەڵک لە چەمک‌گەلێکی وەکوو «بەرپرسانی خزمەتکار و پاکداوێن» و هاندانی ئەوان بەرەو چەمک‌گەلێکی وەکوو «ئازادی، دیموکراسی، حکومەتی یاسا و هەروەها هاندانی هاووڵاتیانی پێشڕەو کە مافی مرۆڤ بۆ ئەوان بابەتێکی بنەڕەتییە و بەشداری بۆ ئەوان بە ئەرک دێتە ئەژمار». جاڕنامەی ٠٨، بەر لە هەر شتێک رووی لە هاووڵاتیانی چینییە، «چ بەرپرسانی فەرمی وڵات و چ خەڵکی ئاسایی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێشینەی ئەوان». ئامانجی ئەم دەقە، هاودەنگ کردنی هاووڵاتیانی چینییە بۆ «بەشداریی چالاکانە لەم بزووتنەوە مەدەنی و شارۆمەندییەدا، بۆ بەرزکردنەوەی ئەندێشەی بەشداری گشتی بۆ گۆڕینی کۆمەڵگای چینی» بە مەبەستی پێکهێنانی «کۆمەڵگایەکی ئازاد، دیموکرات و دامەرزراو لەسەر بنەمای یاسای بنەڕەتی». ئەم پەیامە بە بەهێزیەوە لە رێگەی دەقی جاڕنامەکەوە گوازراوە بۆ بەردەنگان، دقێک کە بە ئاماژەدانی بەردەوام بە مێژوو و شارستانیەتی دەوڵەمەندی چین، ئەوە دێنێتەوە یادی بەردەنگان کە نۆژەنکردنەوەی پێشنەی ئەم وڵاتە گرێدراوی جێبەجێ کردنی خێرای کۆمەڵێک چاکسازی و هێنانە ئارای ئازادییەکانە لە کۆمەڵگادا.

چالاکییە بەربڵاوەکان
سەرەڕای ئەوەی جاڕنامەی ٠٨ نەیتوانی گۆڕانێکی ئەوتۆ لە رەفتاری حکومەتی چیندا بێنێتە ئاراوە، حکومەتێک کە بەخێرایی حاشای لە جاڕنامەکە کرد و بە بابەتێکی لە قەڵەم دا کە دژایەتی لەگەڵ فۆرمە فەهەنگی و خۆجێیەکان هەیە و هەڵقوڵاوی بایەخە رۆژاواییەکانە، بەڵام ئەم دەقە وای کرد زەختەکان و رەخنە ناودەڵەتییەکان بەنیسبەت بەرپرسانی حکومەتی چین زیاد بکات. بەم جۆرە، ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرانی بەناوبانگ لە ئاستی جیهاندا، حکومەتەکان و هەروەها دالایی‌لاما، رێبەریی ئاییینی تەمەن ٧٥ ساڵی بووداییەکانی تەببەت، لە چەندین نامەی جیادا، پشتیوانی خۆیان لەم دەقە راگەیاند و ناڕەزایی خۆیان بەنیسبەت گیرانی زۆرێک لە واژۆکەرانی جاڕنامەکە بە گوێی رێبەرانی چین گەیاند.
لەم نێوەندەدا دەبێ بڵێین رۆڵی لیۆ گزایبۆ، وەکوو سەرۆکی ناوەندی قەڵەمی چین، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پشتگیریی جیهانی لەم دەقە و لە بزووتنەوەیەک کە لەسەر ئەم بنەمایە هاتە ئاراوە، بێگومان زۆر کاریگەر بووە. دەقی سەرەتایی جاڕنامەی ٠٨ بە زمانی ماندارین بڵاو بووەوە و لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی قەڵەمی چین داندرا و لەم رێگەوە توانی پشتگیریی هەندێک لە هاووڵاتیانی چینی لەم بزووتنەوەیە دەستەبەر بکات.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی دەزگای داد و هێزە ئەمنییەکانی چین، بەردەوام درێژە بە سەرکوتی چالاکانێکی وەکوو لیۆ گزایبۆ دەدەن، کەسانی دیکە، بۆ نموونە جیان‌لی، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئینتەرنێت و بە پشتبەستن بە پشتیوانیی بنکە و کەسایەتییە بیانییەکان لە ئاستی ناودەوڵەتیدا، بەردەوام چالاکی و نووسینەکانی خۆیان لەم بوارەدا زیاد کردووە و سەرقاڵی دروستکردنی پردی پێوەندین لەگەڵ ئەو چالاکانەی کە لە دەرەوەی سنوورەکاندا دەژین. ئەو جۆرەی جیان‌لی دەڵێ، «هەر ساڵێک کە تێدەپەڕێ، ئێمە درێژە بە پەرەپێدانی چالاکیەکانی خۆمان دەدەین...ئاڵوگۆڕی راستەقینەی هزرەکان... و بەشوێن تۆڕەکانی پێوەندی و بازنەکانی دۆستایەتیەوەین بە مەبەستی پتەوکردنی بەرەیەکی هاودەنگ و یەکگرتوو بۆ بەرەپێش بردنی دیموکراسی و گۆڕان لە چیندا».
کۆمەڵگای ناودەوڵەتی زەختەکانی خۆی لەسەر چین بە مەبەستی ئازاد کردنی شیائۆبۆ زیاد کردووە و بە پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ٢٠١٠ بەم چالاکە سیاسییە، داوا لەم حکومەتە دەکات دەرفەتی ئازادی رادەربڕینێکی زیاتر بۆ ئەو فەراهەم بکات. خواستی ناودەڵەتی بۆ ئازاد کردنی ئەم براوەیەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، بە نامەیەک کە لەم دواییانەدا لەلایەن ئەندامانی خانەنشین کراوی حزبی کۆمۆنیستەوە واژۆ کراوە، تەواو بووە. ئەوان داوا لە حکومەتی چین دەکەن واز لە سانسۆر بهێنێت. حکومەتی چین بڕیاری کۆمیتەی نۆبڵ بۆ پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە شیائۆنۆ، هاندانی کۆمەڵگای ناودەوڵەتی و نامەی کەسایەتییە سیاسییەکانی پێشوو بۆ پشتگیریی بەردەوام لەو بایەخانەی لە جاڕنامەی ٠٨ـدا باسیان لێکراوە، بە توندی داوەتە بەر رەخنە.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved