21/8/2021 05:33 PM

کۆتایی ئاشتیانەی کۆمۆنیزم لە چیک و سلۆڤاکیا-بەشی یەکەم

روانگە و پاڵنەر

کەشی سیاسیی یەکێتیی سۆڤیەت و ئەو حکومەتانەی سەر بە سۆڤیەت بوون لە نیوەی دووەمی دەیەی ١٩٨٠، ئارامتر بوو لە دەیەکانی پێشوو. هۆکارەکەشی هاتنە ئارای دوو سیاسەتی نوێێ حکومی بوو، بە ناوی گلاسنۆست یان هەوڵدان بۆ شەفافیەت و باسی ئازاد و پرێستۆریکا یان نۆژەنکردنەوەی سیستمی سیاسی و ئابووری لە یەکێتیی سۆڤیەتدا. زۆرینەی مێژووزانان، ئەم دوو سیاسەتە بە کاتالیزۆری روودانی زۆرێک لە شۆڕشە دیموکراتیکە ناتوندوتیژەکان لە وڵاتانی بلۆکی رۆۆژهەڵات دەزانن.
حزبی کۆمۆنیستی چیک و سلۆڤاکیا، هەندێک هەوڵی بۆ بەرگیری لەم چاکسازیانەی گۆرباچۆڤ لەم وڵاتەدا ئەنجام دا. لەم وڵاتەدا سیستمێکی سیاسی سەرەڕۆ زاڵ بوو کە تەحەمولی رەخنە و دژایەتی نەدەکرد. لەم سیستمەدا، چالاکانی سیاسی تا نیوەی دووەمی دەیەی هەشتا بە توندی درانە بەر سزادان.
حکومەتی کۆمۆنیستی لە رێگای سڕینەوەی کەسە گومانلێکراوەکان و بنەماڵەکانیان، کۆنتڕۆڵێکی توندتری خستبووە سەر هاووڵاتیان. حزبی کۆمۆنیستی چیک و سلۆڤاکیا، ئەم سیاسەتەی لەدوای رووخانی دیواری بێرلین و تێپەڕین بەرەو دیموکراسی لە وڵاتانی دیکەی بلۆکی سۆڤیەت بۆ نموونە هەنگاریاش ئەنجام دا. ئەم دۆخە سیاسییە سەرکوتەکارانەیە لەگەڵ رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، چێکوسڵۆڤاکەکانی هاندا بۆ گۆڕینی حکومەت. چالاکە دژبەرەکان لە شەش هەفتەی کۆتایی ساڵی ١٩٨٩ هەندێک کاریان ئەنجام دا کە بەناوبانگ بوو بە «شۆڕشی مەخمەڵی» بە مەبەستی رووخاندنی حکومەتی کۆمۆنیستی لە چیک و سلۆڤاکیا.
خاڵی پێوەندی ناونیشانی مەخمەڵی لەگەڵ شۆڕشی دیموکراتیک لە چێکوسڵۆڤیاکیا، ئەوەیە کە ئەم جووڵەیە بزووتنەوەیەکی ئاشتیانە بوو و دواجار سازان و نەک توندوتیژی لێکەوتەوە. هاوڵ و بزووتنەوە سیاسیەکەی لە باری ستراتیژییەوە، کردەوەی ناتوندوتیژانەیان بە ئەولەویەت دەزانی. ئەم شتە سەرکەوتنی بزووتنەوەی ئاسان کردەوە. ئەندامانی سڵۆڤاکی بزووتنەوە سیاسییەکە، ئەم شۆڕشە دیموکراتیکەیان بە شۆڕشێکی ئارام لە قەڵەم دەدا، بەڵام هاوڵ و هاوڕێ چێکییەکانی، ناوی ئەم شۆڕشەیان دەنا شۆڕشی مەخمەڵی. هەندێک کەس لایان وایە بزووتنەوەی ژێرزەوینیی مەخمەڵی «لۆ رید»، هەڵبژاردنی ناونیشانی مەخمەڵی لەلایەن چالاکانی مەدەنیی چێێکی لەدوای ئاراستەکردنی یەکەم گۆرانی ناوازەی ئەم گروپە لە پراگ لە ساڵی ١٩٦٨ـی ئاسان کردەوە. گروپی ژێرزەوەینیی مەخمەڵی دواتر کاریگەری خستە سەر گروپێکی نزیک لە واسلاو هاوڵ بە ناوی «گەلی پلاستیکی جیهان» - گروپێکی راکی ژێرزەوینی کە نوێنەرایەتیی مۆسیقایی بزووتنەوەی دژبەرانی چێکی دەکرد لە ١٩٦٨ـەوە بۆ ١٩٨٩.

ئامانج و مەبەستەکان
شۆرشی مەخمەڵی بە بێ پلاندانان لە ١٧ـی نۆڤەمبەری ١٩٨٩ـدا بە خۆپیاشاندانێکی خوێندکاری بۆ رێزگرتن لە پەنجامەهەمین ساڵیادی مەرگی خۆپیشاندەرێک لە خۆپیشاندانەکان لەدژی داگیرکاریی نازییەکانن دەستی پێکرد. ئەم خۆپیشاندانە بەخێرایی بوو بە خۆپیشاندانێکی دژە حکومەتی و خوێندکاران هەستان بە هەڵگرتنی پلاکارد و گوتنی دروشمی دژەکۆمۆنیستی. ناڕەزاییە خوێنکارییەکان ئاشتیانە بوو بەڵام ١٦٧ خوێندکار بەهۆی توندوتیژی پۆلیسەوە رەوانەی نەخۆشخانە کران. ئەم خۆپیشاندان و ئەو توندوتیژییەی لێی کەوتەوە، بوو بە بزوێنەری سەندیکا کرێکاری و گروپە مەدەنییەکانی دیکە بۆ رێکخستنی ناراڕەزاییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە چیک و سلۆڤاکیایەکی ئازاد و دیموکراتیک.
پاش خۆپیشاندانە خوێندکارییەکان، خۆپیشاندانی گەورە لە چەندین شاری چیک و سلۆڤاکیا بەڕێوە چوو. ئەکتەران و شانۆنامەنووسان لەم بزووتنەوەیەدا رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو و هەر بۆیە هۆڵەکانی شانۆ بوون بە شوێنی کۆبوونەوە. لەم هۆڵانەدا چالاکانی سیاسی سەرقاڵی باسی ئازاد و داڕشتنی ستراتیژیی سیاسی دەبوون. لە یەکێک لەم کۆبوونەوانەدا لە یەکێک لە هۆڵەکانی شانۆ لە پراگ لە ١٩ی نۆڤەمبەری ١٩٨٩، گروپێک بە ناوی «تریبۆنی مەدەنی» پێک هات. ئەم گروپە، کۆمەڵێک لە وتەبێژانی بزووتنەوەی دیموکراتیکی لە خۆ دەگرت. داواکارییەکانی ئەم گروپە بریتی بوون لە: «دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتی کۆمۆنیستی، ئازادیی زیندانیانی سیاسی و لێکۆڵینەوە لە رەفتاری پۆلیس لە ١٧ی نۆڤەمبەردا».

رێبەری

واسلاو هاوڵ «تریبۆنی مەدەنی»ـی وەکوو دڵی بزووتنەوەی دیموکراتیکی چیک و سلۆڤاکیا رێبەری دەکرد. ئەو نووسەر، شانۆنامەنووس و شاعیر بوو کە تواناییەکانی خۆی بەکار دێنا بۆ فۆرم پێدان بە پەیامی بزووتنەوە و چەلەنجی حکومەت بەشێوەیەک کە متمانە و مێشکی خەڵک داگیر بکات. هاوڵ گوتوویەتی: «من بەڕاستی لە سیستمێکدا دەژیم کە وشەکان توانایی لەرزاندنی حکومەتیان هەیە، شوێنێک لە هێزی وشەکان دە بەرابەری بڕیارە سەربازییەکانە».
هاوڵ لە شانۆنامەگەلێکی وەکوو: «میوانی لە باخ»، «یادداشت» و «گفتگۆ»ـدا، کاریگەرییەکانی بوروکراسیی حکومەتی سەرکوتکەری لەسەر خەڵکی ئاسایی و ژیان و پێوەندییە تاکەکەسییەکانی ئەوانی دەخستە روو. ئەو لە سەردەمی «بەهاری پراگ» واتە سەردەمی ئازادکرانی چیک و سلۆڤاکیا لە ساڵی ١٩٦٨، چالاکی هەبووە. لەو سەردەمەدا، ئالێکساندەر دوبچک، رێبەری وڵات، بەرتەسکییەکانی ئازادی رادەربڕین و کۆنتڕۆڵی حکومی لەسەر پیشەسازی لەناو برد. چێکوسڵۆڤاکەکان لە ماوەیەکی چەند مانگەدا دەیانتوانی رەخنە لە حکومەتی کۆمۆنیستی بگرن، ئازادانەتر بە وڵاتدا گەشت بکەن و رێکخراوەی سیاسی لە دەرەوەی حزبی کۆمۆنیست پێک بێنن. بەڵام لەو هاوینەدا، تانکەکانی سۆڤیەت بۆ راگرتنی چاکسازییەکان هاتنە ناو وڵاتەوە و هاوڵیان گەیاندە ئەو قەناعەتە لەدژی دەستدرێژی بۆ سەر رادیۆ ئازادی چێکسڵۆڤاکیا قسە بکات. شانۆنامەکانی ئەو بەهۆی چالاکی لە بواری مافی مرۆڤدا قەدەغە کران و بۆخۆشی لە ١٩٧٧ـدا، سزای چوار ساڵ و نیو کاری زۆرەملی بەسەردا سەپا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved