22/8/2021 04:37 PM

کۆتایی ئاشتیانەی کۆمۆنیزم لە چیک و سلۆڤاکیا-بەشی کۆتایی

واسلاو هاوڵ بڕوایەکی قووڵی بە دیموکراسی لیبراڵ و ناڕەزایی دەربڕینی ناتوندوتیژانە هەبوو. ئەو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی جاڕنامەی ٧٧ ناسراوە. ئەم جاڕنامەیە پلانێکی مەدەنیە کە لە ساڵی ١٩٧٧ـدا دارێژرا. گروپی جاڕنامەی ٧٧ بەیاننامەیەکی نووسی و لەودا داوای لە رژێم کرد باپەند بێت بە یاساکانی مافی مرۆڤ. ئەم کردەوەیە بووە هۆی ئەوەی حکومەت، ئەندامانی گروپەکە دەستبەسەر و بڵاوکردنەوەی تاپۆی ٧٧ قەدەغە بکات. هاوڵ لە نۆڤەمبەری ١٩٨٩، تریبۆنی مەدەنی دامەزراند. ئەندامە دیارەکانی جاڕنامەی ٧٧، بە رێبەرایەتی هاوڵ چوونە ریزی گروپە دژبەرەکانی دیکەوە و تریبۆنی مەدەنی پێک هات. ئامانجی ئەم تریبۆنە یەکگرتوو کردنی چالاکانی چیک و سلۆڤاکیا، بۆ رووخاندنی رژێمی کۆمۆنیستی بوو. هاوڵ بە هەماهەنگ کردنی سەرکەوتووانەی زنجیرە خۆپیشاندانێکی گشتی و چەندین مانگرتن لە ماوەیەکی سێ مانگەدا، بوو بە کەسایەتیی سەرەکیی دژبەرانی چیکی و ئەم گروپەی لە دانوستانەکان لە حکومەت لە سەرەتاکانی دیسامبەری ١٩٨٩ـدا رێبەرایەتی دەکرد.
واسلاو هاوڵ پاش چەندین دانوستانی سەرکەوتوانە لەگەڵ حکومەتی کۆمۆنیست لە ساڵی ١٩٨٩ـدا، وەکوو سەرۆک‌کۆمار دیاری کرا و تا ساڵی ٢٠٠٣ ئەم پۆستەی هەبوو. ئەو بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکان و رێبەرایەتییە سیاسییەکەی، کۆمەڵێک خەڵاتی وەرگرت بۆ نموونە خەڵاتی بنکەی ناودەوڵەتی لیبرالیزم بۆ ئازادی، میداڵیای ئازادیی سەرۆک‌کۆماری، میداڵیای فیلادێلفیا، خەڵاتی سامانی کەنەدا و خەڵاتی ناودەوڵەتی گاندی. هاوڵ جگە لە وەرگرنی خەڵات و میداڵیای لەژماردن‌نەهاتوو، بوو بە سەرچاوی ئیلهامی بزووتنەوە دیموکراتیکەکان لە سەرتاسەری جیهان.

کەشی مەدەنی
گەلی چیک و سلۆڤاکیای ژێر دەستی رژێمی کۆمۆنیست، دەرتانێکی کەمیان بۆ دەربڕینی دژایەتی سیاسیی خۆیان هەبوو. حزبی کۆمۆنیست، دژبەرانی خۆی بەر لە شۆڕشی مەخمەڵی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە دەخستە ژێر چاوەدێرییەوە. ئەم سیاسەتە بەشێوەیەکی زۆر سامناک پاش بەهاری پراگ لە ١٩٦٨ و لەدوای دەستدرێژی سەدان هەزار هێزی سەربازیی سۆڤیەت بۆ کۆتایی هێنان بە چاکسازیی سیاسی و بەهێزکردن دەسەڵاتی حزبی کۆمۆنیست، درێژەی پێدرا. تەنانەت نیشانە بچووکەکانی پێشڕەوی نەکردنیش بە هەند وەردەگیرا؛ بە جۆرێک کە پیاوێک لە یادیەتی باوەگەورەی کە مامۆستای زانکۆ بووە، بە هۆی ناوبردەکردنی خوێندکارەکانی بە «پیاوان و ژنان» لەجیاتی «هاوڕێیان» رادەستی بەرپرسان کراوە.
هەوڵەکانی رژێمی بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادیی رادەربڕین، کە لە رابردوودا بەسەر دژبەرانی چیکیدا سەپابوو نەیتوانی خۆڕاگری هاوڵ و تریبۆنی مەدەنی تێک بشکێنێت. لە ماوەی خۆپیشاندانی سەرەتایی ١٧ـی نۆڤەمبەر، چالاکانی خوێندکاری گوڵیان پێشکەشی پۆلیس دەکرد و لەبەرامبەردا بە شێوەیەکی بێ‌بەزەییانە سەرکوت دەکران؛ بەڵام رێپێوانەکان، ناڕەزایی و مانگرتنەکانی دوایی لە هەفتەکانی داهاتوودا لەلایەن پۆلیسەوە کۆنتڕۆڵ نەدەکرا. زنجیرەیەک چالاکیی ناتوندوتیژانە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر خەڵکی چیک و سلۆڤاکیا دانا تا ئەو رادەیەی کە ناڕەزایی و مانگرتنەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد. کەسانی ناڕازی بەبێ توندوتیژی، بە رێبەرایەتی هاوڵ و تریبۆنی مەدەنی، گۆڕانێکی بەرچاویان لە کەشی مەدەنیی چیک و سلۆڤاکیادا هێنایە ئاراوە.

پەیام و بەردەنگ
رێکخەرانی خوێندکار لە ماوەی یەکەمین ناڕەزایی شۆڕشی مەخمەڵی لە مانگی نۆڤەمبەردا، پەیامی خۆیان بۆ خەڵکی چیک  سلۆڤاکیا و حکومەت لە پلاکارد و پۆستێرەکاندا، لەسەر دەست لەکارکشانەوەی حکومەت چڕ کردەوە. بە پێکهاتنی تریبۆنی مەدەنی لە کەمتر لە ٤٨ کاتژمێری دوای یەکەمین ناڕەزاییەکان، زۆرینەی خوێندکاران، کارمەندان و ئەکتەرانی شانۆ بەخێرایی دەستیان کرد بە مانگرتن بەڵام هاوڵ دەیانزانی کە کەسانێکی زیاتر دەبێ تێکەڵ بن بۆ ئەوەی بزووتنەوە پەرە بستێنێت و سەربکەوێت. واسلاو هاوڵ و هاوڕێیانی لەسەر بەردەوامبوونی گوشار خستنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی دەست لەکار بکێشێتەوە هاوڕا بوون؛ بەڵام بۆ زیادکردنی پشتیوانیی نەتەوەیی بۆ بزووتنەوە، دەبێ پەیامێکی نوێ ئاراستەی خەڵکی چیک بکرێت. هاوڵ کە لای وابوو سەرپێچیی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەشێوەی مانگرتن دەتوانێ کارامەترین کردەوە لەدژی حکومەت بێت، بەشوێن رێکخستنی مانگرتنێکی گشتییەوە بوو لە سەرتاسەری چیک و سلۆڤاکیا لە ٢٧ـی نۆڤەمبەری ١٩٨٩ـدا.
چەند رۆژ دواتر، هاوڵ و تریبۆنی مەدەنی، خۆپیشاندانێکی گەورەیان لە سەرتاسەری وڵاتدا خستە گەڕ. ئەم کارە بە کەڵک وەرگرتن لە بەرنامەی تریبۆن بە مەبەستی ئازادیی رادەربڕین، ناڕازی بوون لە حکومەت و قسەکردن سەبارەت بە مانگرتنە گشتییەکانی ٢٧ـی نۆڤەمبەر  ئەنجام درا. دەیان هەزار کەس لە مانگرتنەکاندا بەشداریان کرد و بە دەنگی بەرز دەیانگوت: «دواجار روو دەدات».
بزووتنەوەی دیموکراتیکی چیک و سلۆڤاکیا، بنکەیەکی بەربڵاوی لە ئاگایی دیموکراتیک هێنایە ئاراوە؛ خۆپیشاندانەکانی ٢٥ و ٢٦ـی  نۆڤەمبەر، حەشیمەتێکی ٧٥٠هەزار کەسی هێنایە سەر شەقامەکان.
خۆپیشاندانە رۆژانەکان بووە هۆی کۆمەڵێک چاوپێککەوتنی نێوان تریبۆنی مەدەنی و سەرۆکی حکومەت، لادیسلاو ئادامێچ. لەم چاوپێککەوتنانەدا سەرۆکی حکومەت وەکوو تاکەکەس گەرەنتی ئەوەی کرد هیچ توندوتیژییەک لەدژی هاووڵاتیانی چیکیەوە نایەتە ئاراوە.
پاشان لە ٢٧ـی نۆڤەمبەردا بەپێی راپۆرتەکان، ٧٥٪ـی خەڵکی چیک لە دوو مانگرتنی گشتیی دوو کاتژمێریدا بەشداریان کرد و پشتیوانیی گشتیی خۆیان لە تریبۆنی مەدەنی خستە روو. مانگترن، کە داخوازییەکانی ئاراستەکراو لەلایەن بزووتنەوەی دژبەری بەهێز دەکرد، کۆتایی بە بەشداریی خەڵکیی شۆڕشی مەخمەڵی هێنا و هاوڵ و تریبۆنی مەدەنی بە سەرکەوتوویی بە رژێمی کۆمۆنیستیان سەلماند خەڵکی چیک ئیتر فەرمان لەوان وەرناگرن.

چالاکییە بەربڵاوەکان
حزبی کۆمۆنیست کە لەبەرامبەر داخوازیی ناڕازیاندا متمانەی لێ سەندرابووە و لاواز ببو، ناچار بوو دانوستان لەگەڵ هاوڵ و تریبۆنی مەدەنی بکات و ئەمەش کەشێکی سیاسی نوێی هێنایە ئاراوە. لە ٢٨ـی نۆڤەمبەری ١٩٨٩ـدا، رۆژێک لەدوای مانگرتنی گشتیی هاووڵاتیان، حزبی کۆمۆنیست بەفەرمی دەستی لە پاوانکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە چیک و سلۆڤاکیا کێشایەوە بۆ ئەوەی رێگە بۆ حکومەتی چەند حزبی خۆش بکات. لە ١٠ی دیسامبەردا، سەرۆک‌کۆماری کۆمۆنیست، گوستاو هوزاک، دەستی لەکار کشایەوە و لە ٢٩ـی دیسامبەردا، پەرلەمانی چیک، واسلاو هاوڵی وەکوو سەرۆکی چیک و سلۆڤاکیای ئازاد هەڵبژارد. هاوڵ وەکوو دوایین سەرۆکی وڵاتی چیک و سلۆڤاکیا و یەکەم سەرۆکی وڵاتی چیک لەدوای جیابوونەوەی سلۆڤاکیا و چیک، ئاسانکاری کرد بۆ تێپەڕینی حکومەت بەرەو دیموکراسی و یەکەم هەڵبژاردنی ئازادی لە ژوەنی ١٩٩٠ـدا بەڕێوە برد. حکومەتی نوێ، کۆمەڵێک یاسای سەبارەت بە ئازادیی سیاسی و ئابووری پەسەند کرد و کۆمەڵگایەکی کراوە و ئازادی پێک هێنا.  

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved