23/8/2021 05:45 PM

ئانگ‌سان سوچی، رێبەری بزووتنەوەی دیموکراسی لە میانمار-بەشی یەکەم

روانگە و پاڵنەر
میانمار لە ١٨٢٤ـەوە بۆ ١٩٤٨ لە ژێر کۆنتڕۆڵی بەریتانیادا بوو. لەم ماوەیەدا ژێنەڕاڵ ئانگ‌سان، دامەزرێنەری سوپای مۆدێرنی میانمار، بە سەرکەوتوویی دانوستانەکانی پێوەندیدار بە سەربەخۆیی میانماری لەگەڵ بەریتانیا بە ئاکام گەیاند. کەمتر لە ساڵێک پاش سەرکەوتنی سیاسیی ئانگ‌سان، رکابەرەکانی لە سوپادا ئەویان کوشت. سوپا دەسەڵاتی خۆی لە ١٩٦٢ـدا بەهێز کرد. لەم ساڵەدا ژێنەڕاڵ نێوین و حزبە سوشیالیستەکەی ئەو، حکومەتی رووخاند و حکومەتێکی سەربازیان دامەزراند. ئەو سەردەمە ٥٠ ساڵەیەی پاش بە دەسەڵات گەیشتنی حکومەتی سەربازی لەلایەن رژێمێکەوە کە ترس و هەژاری بەسەر میانماردا سەپاند، بوو بە سەردەمێکی رەش لە مێژووی ئەم وڵاتەدا.
ئانگ‌سان سوچی، کچی ژێنەڕاڵ ئانگ‌سان، ساڵی ١٩٤٥ لەدایک بوو، واتە سێ سال بەر لە سەربەخۆیی میانمار و کوژرانی باوکی. سوچی پاش جێهێشتنی وڵات لە سەرەتاکانی دەیەی ٦٠ بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن و دامەزران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دواجار لە ساڵی ١٩٨٨ـدا گەڕایەوە بۆ میانمار بۆ ئەوەی ئاگاداری لە دایکە نەخۆشەکەی بکات. ئەو گەڕایەوە ناو دۆزەخی وڵاتەکەی. ژێنەڕاڵ نێوین دەستی لەکار کێشابووەوە و بەڕێوەبەرایەتیی سیاسیی وڵات کەوتبووە بۆشاییەوە؛ ناڕەزاییەکی زۆر بەنیسبەت دۆخی ئابووری لەئارادا بوو و خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە ٨ـی ئاگۆستی ١٩٨٨ـدا بەڕێوە چوبوو. سوپا، ئەم خۆپیشاندانەی سەرکوت و هەزاران کەسی لە خوێندا شەڵاڵ کردبوو.
رێک سێ هەفتە پاش ٢٦ـی ئاگۆست، سوچی کە پێشتر وەکوو کچی ژێنەڕاڵ ئانگ‌سان کارتێکەرییەکی سیاسی زۆری هەبوو، لە خۆپیشاندانێکی نیو ملیۆن کەسی لە رانگۆن داوای حکومەتێکی دیموکراتیکی کرد. بەڵام گروپێکی نوێ لە بەرپرسانی سەربازی کە رێبەرەکەیان ژێنەڕاڵ ساومانونگ بوو، لە هەژدەی سیپتەمبەردا، دۆخەکەیان بە زۆری خستە ژێر رکێفی خۆیانەوە. سوچی لە وڵامدا، هەستا بە دامەزراندنی «لیگای نەتەوەیی بۆ دیموکراسی»  و پۆستی سکرتێری ئەم حزبەی لە کاتی دامەزرانی، واتە لە ١٩٨٨ـەوە لە ئەستۆیە. پاش ئەوەی حکومەت تێگەیشت بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەرچاو لە پشت بیرۆکە دیموکراتیکەکانی ئانگ‌سان سوچییەوە خەریکە پێک دێت، ئەوی لە ٢١ـی ژوئیەی ١٩٨٩ لەناو ماڵەکەی خۆی زیندانی کرد.

ئامانج و مەبەستەکان
ئانگ‌سان سوچی، ژیانی خۆی لە پێناو دەستەبەرکردنی میانمارێکی ئازاد داناوە کە لەودا حکومەتی سەربازیی دەسەڵاتدار، جێگەی خۆی بدات بە حکومەتێکی هەڵبژاردەی خەڵک لە پرۆسەیەکی دیموکراتیکدا. بەپێی بۆچوونی سوچی، باشترین شێوە بۆ دەستەبەرکردنی ئەم ئامانجە لە ١٩٨٨ـدا، بۆ «لیگای نەتەوەیی بۆ دیموکراسی»، شکستی دەسەڵاتدارانی سەربازی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی نەتەوەیی بوو. لە یەکەم هەڵبژاردن بە بەشداری ئەم حزبە لە ساڵی ١٩٩٠، لیگای نەتەوەیی بۆ دیموکراسی ٨٣٪ـی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەست هێنا. سوچی کە لە زیندانی ماڵەوەدا خەریکی خەباتی سیاسی بوو، بڕیار بوو پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی پێبدرێت. بەڵام دەسەڵاتدارە سەربازییەکان ئاکامی هەڵبژاردنەکەیان رەد کردەوە و خۆیان لە رادەست کردنی دەسەڵات بوارد. بەم جۆرە بە جوانی دەرکەوت کە پێشێل کردنی ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان لەئارادایە.
تاکتیکەکانی سوچی بۆ رووبەڕوونەوە لەگەڵ ئەم لەمەپەرە گۆرانی بەسەردا هات. ئەو زیندانی کرانی خۆی لە ماڵەوە وەکوو مژارێک بۆ باسکردن سەبارەت بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لەبەرامبەر کۆمەڵگای ناودەوڵەتیدا بەکار هێنا. سوچی سەرەڕای دەست رانەگەیشین بە کەشی سیاسی و میدیا ناودەوڵەتییەکان لە زیندانی ماڵەوەدا، درێژەی دا بە پێوەندی خۆی لەگەڵ هاوڕێیانی لە لیگای نەتەوەیی بۆ دیموکراسیی و  کۆمەڵگای ناودەوڵەتی لە رێگای مێرد و دوو مناڵەکەی کە لە بەریتانیا دەژیان.
سوچی پاش تێپەڕکردنی ماوەی زیندانەکەی، لە ژووئیەی ١٩٩٥ـدا ئازاد کرا. ئەو ئەگەرچی دەیتوانی لە دەروپشتی ماڵەکەی خۆی بۆ هەموو شوێنێک بڕوات بەڵام نەیدەتوانی وڵات جێبهێڵێت. سوچی پێنج ساڵ لە بواری پێشخستنی دیموکراسیدا چالاکی کرد تا ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا دووبارە گیراوە. حکومەتی میانمار، جارێکی دیکە سوچی بەهۆی هەوڵدان بۆ شکاندنی ئەو بەرتەسکیانەی لە بواری چوونە دەر لە میانمار بەسەریدا سەپابوو، خستەوە ناو زیندانی ماڵەوە. ئەویش دوبارە زیندانی ماڵەکەی خۆی کرد بە دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوە و بەرهەمهێنانی هزری نوێ. سوچی دەڵێ: «من کاتێکی زۆرم هەبوو بۆ ئەوەی سەبارەت بە مانای وشەکان و ئەو چەمکانەی کە هەمووی تەمەنم فێری ببووم و قەبووڵم کردبوو، بیر بکەمەوە. وەکوو بووداییەک هەندێک بابەتم سەبارە بە داک (رەنج)ـەکان بیستبوو...بەڵام تەنها لە ماوەی ساڵەکانی زیندانی ماڵەوەدا بوو کە توێژینەوەم سەبارەت بە جەوهەری شەش دانە داکی گەورە ئەنجام دا». بیرکردنەوەکانی ئەو لەدوای رزگاربوون لە زیندانی ماڵەوە بەم دەرئەنجامە گەیشت: «ئەگەر رەنج، بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی ئێمە بێت، دەبێ تا ئەو جێگایەی دەکرێ بە شێوازە کردەوەیی و دنیاییەکان لەناو بچن». ئەو لە تەنهایی خۆیدا بیری لەو شێوازە کردەوەییانە کردەوە کە دەیتوانی رەنج لە میانمار لەناو ببات. بۆ نموونە خزمەتگوزاریی بواری تەندروستی، پلانەکانی پەروەردەی مناڵان و بەرگیری لە قاچاخی بە مرۆڤەوە.
لەدوای رزگاربوون لە زیندانی ماڵەوە لە ٦ـی مانگی مەی ٢٠٠٢ـدا، سوچی بەخێرایی خەباتێکی هێرشبەرانە و شێلگیری بە مەبەستی بەهێزکردنی لیگای نەتەوەیی بۆ دیموکراسی دەست پێکرد. بەڵام ئەم خەباتە بە گیرانی دوبارەی ئەو لە ٣٠ـی مەی ٢٠٠٣، تەمەنێکی کورت کرایەوە. لە سێهەمین جاری دەستبەسەرکراندا، سوچی هەوڵەکانی بۆ راکێشانی سەرنجی کۆمەڵگای ناوخۆ و دەرەوە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپاوە درێژە پێدا. سەرجەم ئەم وڵاتانە بە شێوەیەکی چالاکانە، زەختیان خستە سەر حکومەتی میانمار بۆ رزگارکردنی سوچی لە زیندان. زەختە ناودەوڵەتییەکان لە مانگەکانی نزیک لە هەڵبژاردنی گشتیی ٢٠١٠ـدا زیادی کرد. ئەم زەختانە بۆ ئەوە بوو کە حکومەتی میانمار ئیزن بە سوچی بدات خۆی وەکوو بەربژێر ناونووس بکات. حکومەتی میانمار بۆ وڵامدانەوە بە بایکۆتە ناودەوڵەتییەکان و پشتگیریی زمانی لە سوچی و دیموکراسی، هەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردن ئەوی لە زیندان ئازاد کرد. سوچی لە حەوت ساڵ و نیو زیندانی ماڵەوە زرگار بوو و دواتر لەگەڵ ئاپۆرەی لاینگرە شادەکانی بەرەوڕوو بووەوە. سوچی لەدوای ئازادکران، داوای لە بزووتنەوە دیموکراسی‌خوازەکان کرد بەرەیەک پێک بێنن: «من لام وانییە کە ئەم شتانە بەشێوەی ئۆتۆمات روو بدەن. ئێمە دەبێ ببینە هۆکاری روودانەکەیان. ئێمە دەمانهەوێ لەم هەلە کەڵک وەربگرین. ئێمە دەمانهەوێ ئەم دەرفەتە بەکار بێنین بۆ یەکگرتنێکی گەورەتر و تێگەیشتنێکی گەورەتر لەنێوان ئەو گروپە جۆراوجۆرانەی خوازیاری دیموکراسین».

رێبەری

ناکرێ رێبەرایەتیی ناوازەی ئانگ‌سان سوچی تەنها گرێ بدەینەوە بە پێگەی ئەو وەکوو کچی قارەمانێکی سیاسی. ئەو بە چڕی لەژێر کاریگاریی رێبەرانی مەدەنیی بزووتنەوە ناتوندوتیژەکان بۆ نموونە دکتۆر مارتین لۆتەر کینگ جونیۆر و مەهاتما گاندیدا بوو. ئەو وەکوو رێبەرێکی سیاسی، هاوسەنگییەکی گونجاو و بەردەامی لەنێوان دژایەتی لەگەڵ حکومەت و ناتوندوتیژیدا دۆزیبۆوە. سوچی سەرەڕای قەدەغەبوونی کۆبوونەوەی زیاتر لە چوار کەس، زنجیرە وتاربێژییەکی گشتی لە سەرتاسەری وڵات بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ "لیگای نەتەوەیی بۆ دیموکراسی" دەست پێکرد؛ ئەوە نە یەکەمین و نە دوایین چالاکیی ئەو بۆ سەرپێچی لە فەرمانەکانی حکومەت بوو.
یەک جار لەکاتی گەڕانەوە لە وتاربێژیی لە کۆبوونەوە لە شارێکی بچووکدا، سوچی و لاینگرانی لەلایەن سەربازەکانەوە گەمارۆ دران و فەرمانیان پێکرا لە جادەکە لادەن. سوچی بە ئارامی وڵامی داوە کە ئەوان «لە تەنیشت جادەکە پیاسە دەکەن». سوچی لەم بارەوە دەڵێ: «من وام بیر کردەوە کە مرۆڤ لەم دۆخەدا ئاراستەکەی ناگۆڕێت.» ئەو بە رۆیشتنی راستەوخۆ بەرەو سەربازەکان چاوەڕێی کرد ئیزنی پێبدەن تێپەڕ بێت تا ئەوەی کە نەقبێک دەرکەوت و فەرمانی بە سەربازەکان دا چەکەکانیان داخەن. سوچی لەسەر باوەڕەیە کە «جیاوازییەکی گەورە لەنێوان روانگەی پیاوی چەک لەدەست و پیاوی بێ‌ چەکدا هەیە. کاتێک کەسێک چەکی پێ نییە، هەوڵێکی زیاتر دەدا بۆ ئەوەی زەین، حەز، تامەزرۆیی و تێگەیشتنی بەکار بێنێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved