23/8/2021 08:22 PM

تیۆر ویاساكانی سپیرمان ودەقەكانی ئیسماعیل محەمەد

 

 

 

 

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

گەرچی هەتا ئێستا تیۆرەكەی زانای سایكۆڵۆژیای ئینگلیزی چارڵز سپیرمان (1863- 1945) وەك پێویست كاری لەسەر نەكراوە وبەڵكو نەهاتۆتە نێو جیهانی ڕەخنە وئەدەبەوە,بەڵام,لەگەڵ ئەمەشدا,خۆی وهەر سێ یاساكەی دەتوانن ڕێژە وئاستی هۆشیاری وفیكری وڕۆشنبیری دەق بەگشتی ودەقی شیعری بەتایبەتی دەستنیشان بكەن.ئەمڕۆش بەهۆی لێكچوونە ناوەڕۆكی وبابەتییەكانەوە, بەتایبەتی لەبواری سۆسیۆڵۆژی وسۆزداریدا,زۆرجار دەكەوینە ئەو پرسیارەی كەوێنە ودەستەواژە وگوتاری شاعیرەكان دووبارەبوونەوەیان تێدایە.گەر پاساوێكی زانستی وڕەخنەیی وهەستی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا بێگومان ئەو شێوازی دووبارەییە بێزارییەك لای خوێنەر دروست دەكات.یان تێكەڵییەك لەئاستی بیركردنەوە وداهێناندا دەخوڵقێنێت.بەمەش دەقەكان,گەر دوور بكەوێتەوە لەبنەماكانی كارلێكە دەقییەكان,ئەوا بەهاكانی خۆیان لەدەست دەدەن.ئەم تیۆرە تاڕادەیەكی گونجاو ومەعقول توانای پاساو هێنانەوەی هەیە بەوەی دەق وناوەڕۆكەكانی شاعیر ئیسماعیل محەمەد,بەشێوەیەكی گشتی ولەدیوانە شیعرییەكەیدا بەنێوی"بیری سلێمانی ناكەی  "بەتایبەتی, دووبارەبونەوەی شاعیرانی تر نیە وبەڵكو هەڵقوڵاوی بیر وهزر وهۆشی تایبەتی خۆیەتی.
تیۆرەكەی سپیرمان بەنێوی "تیۆری دوو فاكتەر"ییە.ئەم تیۆرە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی سپیرمان هاتووە بەنێوی"زیرەكییە گشتییەكان:بێلایەنبوونی بڕیاردان وئەندازە" كەلەگۆڤاری سایكۆڵۆژیای ئەمریكی,بەرگی 15,ژمارە 2,ساڵی 1904,بڵاوبۆتەوە.ئەم لێكۆڵینەوەیە جەخت لەسەر پێكهاتە هزری وعەقڵییەكانی تاك دەكات كەلەبنچینەدا پشت بەدوو فاكتەری سەرەكی دەبەستێت,یەكەمیان,فاكتەری گشتی كەبزوێنەری چالاكییە تایبەتییەكانی تاكە.دوهەمیان,فاكتەری تایبەتیكەڕاڤەكەری چالاكییە گشتییەكانە(بۆ زیاتر زانیاری,بڕوانە,صلاح الدین محمودعلام,القیاس والتقویم التربوی والنفسی,القاهرە,دار الفكر العربی,2006).بەئاڕاستەیەكی تر,گرنگی وچالاكییە هزرییەكان لەڕێگەی ئەو دوو فاكتەرە ئاماژەپێكراوەی سەرەوەدا بەدەردەكەون.جۆری یەكەم,فاكتەری گشتی,خۆی لەسەرجەم پڕۆسە هزری وعەقڵییەكاندا دەبینێتەوە كەتێكڕای خەڵكی تیایدا بەشدار دەبن بەڵام بەڕێژەی جیاواز.بەمەش تێڕوانینی تێكڕای تاكەكان بۆ شتەكان بەیەك ئاڕاستە خۆی دەبینێتەوە.لێرەشەوە فاكتەرە گشتییەكە پێدەنێتە ئاستی خۆڕسكی وبۆماوەیی كەكاریگەر نابێت بەژینگەی سۆسیۆڵۆژیاوە بەڵكو لەجیاتی ئەمە چەمكە سروشتییەكان ڕۆڵی سەرەكی دەبینن لەپێناسەی شتەكانی دەوروبەر وگەشەكردنی.بۆنموونە,هەموو لەسەر ئەوە كۆكین كەخۆشەویستی بابەتێكی مرۆڤایەتییە وتاكەكان ,كەم وزۆر,خۆیانیان تێیدا تاقیكردۆتەوە بەپۆزەتیڤی یان بەنێگەتیڤی.لێرەدا, هەروەك پێشتر ئاماژەمان پێدا,شیعرەكانی ئسماعیل محەمەد,لەبواری ناوەڕۆكە سۆزداری وخۆشەویستیەكەیدا,دووبارەی شاعیرانی تر نیە وپێشتر وبەڵكو دواتریش كەسانی تریش بەیەك بۆچوون ودیدەوە سەیریان كردووە وئەزموونی خۆشیان تێیدا تاقیكردۆتەوە ودەشیكەنەوە.بەمەش خۆشەویستی وسۆزداری تەنها موڵكی شاعیرێك نیە,بەڵكوهەمووان لەیەك كاتدا بەشدارن لەمانا گشتییەكانی ئەم خۆشەویستییە وەك ئەوەی ناوەڕۆكی گشتی چیرۆكێك یان ڕۆمانێك بۆ هەمووان یەك شتە نەك شتی تر.ئیسماعیل محەمەد,لەشیعری"سۆزێك بۆ نالی"دا دەڵێت:
عەشقی حەبیبە عەزیزم...
نالی وێڵ وسەرگەردان كرد
(خاك وخۆڵ )ی نیشتمانی 
بۆ غەریبی لەگەڵ خۆی برد
لەو ڕۆژەوەی نالی ڕۆیی
شارەزوور تەنیا مایەوە
كەس دڵ خۆشی خەمەكانی
ئەم هەوارەی نەدایەوە
_ _ _ _   _ _ _ _
لەپای عەشق وخۆشەویستی
سەد كەڕەت دڵیان شكاندی
حەبیبە چەند بێمروەت بوو
گوڵی خۆزگەی هەڵوەراندی (دیوان,161- 162)
 سیاقە مێژووییەكان باس لەكۆچێكی كاتی نالی دەكەن بۆ حیجاز ودواتر بەهۆی داگیركردنی نیشتمان لەلایەن داگیركەری توركی عوسمانییەوە كۆچەكە پێی نایە قۆناغی دوا-كۆچ,بەڵام ئیسماعیل لەم دەقەدا ئاماژەیەكی پێش گریمانە دەخاتە ڕوو ئەویش گوشاری دابڕانی نێوان حەبیبە ونالی یە كەبەهۆیەوە نالی تاراوگەی كردە نیشتمانی خۆی.ئەوەی لێرەدا مەبەستی ئێمە بێت ئەوەیە كەشاعیر لەلایەكەوە خۆی لەنالی دا دەبینێتەوە وجۆری پەیوەندیش بریتیە لەهاوشێوە دۆخەكانی خۆشەویستی.لەلایەكی تریشەوە لەڕێگەی نالی یەوە پشتگیری لەچەمك وپڕۆسەی خۆشەویستی دەكات بەوپێیەی خودی خۆی ئەندامێكی كارای ئەو پڕۆسەیەیە.لەم ڕوانگەیەوە جیاوازییەك بەدی دەكرێت لەنێوان نالی وئیسماعیل دا.نالی,بەهۆی بێمرەوتی حەبیبەوە,كۆتا بڕیاری خۆی دا وتاراوگەی هەڵبژارد.بەڵام ئیسماعیل هەتا ئێستا ئەو بڕیارەی نەداوە وبەڵكو لەگەڵ دۆخەكە بەردەوامە.ئەمە لەكاتێكدا,وەك بەئاشكرا لەدەقەكانیدا دیارە,بێمرەوتی ئەوی بەرامبەری خۆشەویست هەمان بێمروەتییەكەی حەبیبەی نالی یە. لەگەڵ ئەمەشدا ڕێژە وقەوارەی خەم وئازارەكانیان هاوشێوەن وئێش وئازارەكانی نالی, وەك لەچامەكەی كەبۆ سالمی هاوڕێی ناردووە  بەدەی دەكرێت, لەتاراوگە گەلێك زیاترە لەنیشتمان.دۆخە بەردەوامی ولەولاشەوە بێمروەتی ئەوی بەرامبەری خۆشەویستیش ئیسماعیل یان بەرەو چوارگۆشەیەكی نادیار وئازاراوی سەخت بردووە.لەهەموو حاڵەتەكانیشدا چەمكی خۆشەویستی بۆ هەردووكیان وهاوشێوەكانی مۆتیڤێكی هەرە گرنگی شیعرییەتن.گەر ئەم دەسەڵاتە لەئیسماعیل وەرگیرێتەوە ئەوا بەتەواوی تای تەرازووی شیعرییەتی لاسەنگ دەبێت.ئەوەتا خۆشی دەڵێت:
هەموو شت شایانی تۆیە
چونكە گەر تۆ نەبوویتایە
ڕەنگە شاعیر نەبوومایە(دیوان,35)
بێجگە لەتۆ كەس جوان نییە
ئیلهامی شیعری جوان نییە
سەرچاوەی شیعرم تەنیا تۆی
جوانترین جوانیی دنیا تۆی (دیوان,26)
من خاوەنی یەك دیوانم
لەبەرگەوە هەتا بەرگ
هەمووی بۆ تۆن چاوەكانم (دیوان,69)
ئەم جۆرە بانگەوازە پەیوەست نیە تەنها بەئیسماعیل ەوە بەڵكو لەزەمەن وئەدەبە نەتەوایەتییە جیاوازەكاندا لەم جۆرە بانگەوازە بەئاشكرا بەدی دەكرێت.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەچەمكی خۆشەویستی فاكتەرێكی گشتگیرییە وهاوشێوە نموونەییەكان بەدرێژایی زەمەن دەبینرێن وبەڵكو دوبارەش دەبنەوە كەخوێنەری زیتەڵ وخاوەن ئەزموون دەتوانن ئەو جۆرە نموونانە بدۆزنەوە.
بەڵام لەجۆری دوهەمدا,فاكتەری تایبەتی,تێڕوانینە گشتییەكان تەسك دەبنەوە بۆ شتە تایبەتەكان ودواتر ئەم فاكتەرە تایبەتە دەبێتە چەقێك یان چەند چەقێك بۆ فاكتەرە گشتییەكە ولێرەشەوە تایبەتمەندییەكان بەدەردەكەون.لەهەردوو فاكتەرەكەشدا ئامانجی سەرەكی بریتیە لەدەرخستنی فاكتەرە هاوبەشەكانی نێوان ئەو دوو فاكتەرە سەرەكییە.بەمەش چەند خەسڵەتێكی وەك داهێنانی وهەستكردن بەئەزموونی خودی بەرهەمهێنەر وئاشكراكردنی كەسێتییەكەی بەدەردەكەون.بەواتایەكی تر,فاكتەری تایبەتی لەلایەكەوە توانای خودی بەرهەمهێنەر نیشان دەدات.لەلایەكی تریشەوە دەتوانێت پارێزگاری لەفاكتەرە گشتییەكەش بكات ولەسنوورە لۆژییەكانی نەچێتە دەرەوە.گەرچی ئیسماعیل محەمەد لەدەقە سۆزدارییەكانیدا ئاماژەی ڕاستەوخۆی بەئەوی بەرامبەر نەهێناوە وشێوازی هێمایی و ئامڕازی بەكارهێناوە بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەو تاكی بەرامبەرەی مەبەستە كەفاكتەر ومۆتیڤێكی كاریگەرە بۆ لەدایكبوونی ئەو جۆرە دەقانە.لێرەدا فاكتەری تایبەتی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی كلتووری خۆشەویستی وسۆزداری.ئەمەش وەك كارێكی بزوێنەر ئەژمار دەكرێت وەك ئەوەی گەر كەسانێكی وەك ئیسماعیل محەمەد وهاوشێوەكانی نەبێت ئەوا فاكتەری گشتی ئەم جۆرە بابەت وناوەڕۆكانە بەرەو پووكانەوە دەڕۆن.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەئەم جۆرە شاعیرانە درێژەپێدەری شاعیرانی پێش خۆیانن بۆ هەمان ناوەڕوك وبابەت.بەمەش دەوترێت"گروپە فاكتەرییەكان"(بڕوانە,عماد الزغول,مبادی‌و علم النفس التربوی,گ 3,العین,دار الكتاب الجامعی,2004 ) ئیسماعیل محمەد,لەم فاكتەرەدا, خاوەن نموونەیەكی یەكجار زۆرە .بۆ نموونە, لەشیعری" كچی جوانی خەونەكانم  "دا دەڵێت:
چەند پێم خۆشە كەشەو دادێ
ئەڵێم بەڵكوو بێیتە خەوم
كچی جوانی خەونەكانم
ئەی ئەندێشەی ڕۆژ وشەوم
ئەو شەوانەی دێیتە خەوم
قەد حەزناكەم بەخەبەر بێم
شەرمەندەی هەردوو دنیا بێ...
ئەو كەسەی وا تۆی ونكرد لێم (دیوان,74)
لەم دەقەدا, فاكتەرە تایبەتییەكە خۆی لەپەیوەستێتیدا دەبینێتەوە.پەیوەستێتی بەرامبەر بەچەمكی خۆشەویستی تەنانەت دوای هەرەسیش.شاعیر باش دەزانێت كەگەڕانەوەی ئەوی بەرامبەری خۆشەویست كارێكی مەحاڵە ودرزەكان لەنێوانیاندا گەلێك گەورە وقەبەیە كەبەهیچ جۆرێك پڕكردنەوەیان نیە.بەئاشكرا باس لەدابڕانێكی هەمیشەیی دەكات.بەڵام بەهۆی پەیوەستێتی بەخۆشەویستییەوە جیهانە ئەندێشە وخەیاڵییەكانیشی بۆ ئەم مەبەستە بەكارهێناوە وبەڵكو بەردەوامییەكیشی پێ بەخشیوە.بەمەش سەرجەم زەمەنەكان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كراوە وهەمووشیان بەپیرۆزی سەیر دەكرێت.هەر لەم دەقەدا ,وەك دەردەكەوێت, كەهۆكار وبەرپرسیارێتی دابڕان دەكەوێتە سەر كەسی سێهەم كەشاعیرخۆی باش دەیناسێت وبەدانانی چەند خاڵێكی خاڵبەندییەوە ئاماژەی پێكردووە.ئەمەش بەترس ئەژمار ناكرێت بەڵكو خەسڵەتێكە لەخەسڵەتەكانی ڕۆمانسیزم كەخاوەنەكانیان بەهۆی بێ فیزی وشەرم وجیهانە یۆتۆبیا داخراوەكانەوە وێنەكان لەدۆخە هەستیارەكاندا ڕاستەوخۆ بەدەرناكەون هەر وەك چۆن هەردی تا دوا ساتەكانی ژیانی نەیتوانی "ست فاتیمە"مان پێ بناسێنێت.ئەم جۆرە لەخۆشەویستی ودابڕانە گەرچی خۆیان لەفاكتەری تایبەتیدا دەبینێتەوە بەڵام لەهەمان كاتیشدا جارێكی تر پێدەنێتە قۆناغی فاكتەری گشتییەوە بەوپێیەی ئەمە تەنها بابەت وكێشەی ئیسماعیل نیە وبەدرێژایی زەمەنە ئەدەبییەكان چەندینی وەك ئیسماعیل بەهەمان ئەزمووندا تێپەڕیونبەنموونەی گۆتە وگۆران والسیاب .هەر لەبەر ئەمەشە تیۆرەكەی سپیرمان كەوتۆتە نێو سێ یاسای سەرەكییەوە:
یەكەم/یاسای تێگەیشتن.ئەمەش بەو مانایەدێت كەكەسێك, بەنموونەی ئیسماعیل محەمەد,خاوەن هەست وهێزێكی  چالاكی بیركردنەوە فیكرییەكانە كەدەتوانێت بەچاكی لەواقیعی خۆی ودرەوەی خۆی بگات ودواتر كاریشی لەسەر بكات.لێرەدا ئەزموونەكان,بەدرێژایی زەمەن,دووبارە دەبنەوە بەبێ ئەوەی بڵێین خاوەنەكانیان كۆیلە وكۆپی كەسانی ترن.لەلایەكی تریشەوە ڕێژەی لێكچوونەكان لەئاستێكی هەرە بەرزدایە.واتە ئەوەی كەلای گۆتە وگۆران والسیاب دەگوزەرێت هەمان شتیشە بۆ ئیسماعیل محەمەد.ئەمە بەبیركردنەوەیەكی تر ئاماژەشە بەداهێنانی ئەم شاعیرانە بەبێ ئەوەی بچینە نێو مەسەلەی كارتێكردن وكارتێكراوەوە.
دوهەم/یاسای پەیوەندییەكان.ئەمەش بەو مانایە دێت كەكەسێك,بەنموونەی ئیسماعیل محەمەد,خاوەنی دوو بیرۆكە وزیاترە,یان لەیەك كاتدا خاوەنی چەند بابەتێكی جیاوازە.لێرەدا ئەم جۆرە كەسانە لەهەوڵی پیرۆز ڕاگرتنی ئەو بابەتانەدا دەبن گەرچی لەنزیكیشەوە دەزانن كەجیاوازییەكی دژایەتی هەیە لەنێوانیاندا.لەو دیوانە شیعرییەی كەلەم لێكۆڵینەوەیەدا كاری لەسەر كراوە بەنێوی "بیری سلێمانی ناكەی!"چەند بابەتێكی جیاواز بەدی دەكرێت بەڵام سەرجەمیان خۆیان لەخۆشەیستیدا دەبینێتەوە وەك خۆشەویستی ئافرەت وخاك ونیشتمان وفیكر وشار(سلێمانی وكەركووك وهەولێر وهەڵەبجە) وكەسەكان(نالی وحەمە جەزا وقالە مەڕە ومیسری و...).ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەسنووری جیاوازییە دژایەتییەكان نامێنێت وهەر هەموویان دەچنە نێو بازنەیەكی لێكچوونییەوە. هۆكاری سەرەكی ئەم دراوسێیەتی ولێكچوونییە بەشێوەیەكی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ هەماهەنگی نێوان ئەو دوو فاكتەرەی كەسپیرمان ئاماژەی پێداوە(گشتی وتایبەت).بۆ نموونە,لەشیعری"بیری سلێمانی ناكەی؟!"كەبۆتە ناونیشانی دیوانەكە,بەهۆی گرێدانی خۆشەویستی ئافرەت ونیشتمانەوە, كەسلێمانی نوێنەرایەتی دەكات,ئێمەی خوێنەر نازانین قورسایی بابەتەكە لەسەر كامیانە,چونكە شاعیر,لەیەك كاتدا هەردووكیانی مەبەستە وبەڵكو هەردووكیان كاریگەرترین سەرچاوەی شیعریەتین:
وەرەوە بۆ سلێمانی
بۆ شاری ئەوین وجوانی
حەیف چۆڵ بوو لەیارانی
نەما خۆشییەكەی جارانی
_ _ _ _   _ _ _ _
ئەزانم بێ سلێمانی
لەشوێنێكی تر هەڵناكەم
باخچەیەكم لێرە نەبێ...
لەخاكێكی تر گوڵ ناكەم (دیوان,95-97 )
سێهەم/یاسای دەرئەنجامە پەیوەندیدارییەكان.ئەمەش بەو مانایەدێت كەكەسێك, بەنموونەی ئیسماعیل محەمەد,لەبنەڕەتدا خاوەنی یەك بیرۆكەی مەبەستێتییە وهەندێك جار لەڕێگەیەوە دەیەوێت پەیوەندییەكان بدۆزێتەوە تا لەئەنجامدا بتوانێت جیاوازییەكان دەستنیشان بكات.واتە گەرچی ئیسماعیل محەمەد لەو دیوانە ئاماژەپێكراوەی سەرەوەدا خاوەن چەند بابەتێكی جیاوازە بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەهزری خۆیدا تەنها بۆ یەك بابەت خوڵقاوە.ئەو بابەتەش لەیەك كاتدا خۆی لەفاكتەرە كشتی وتایبەتەكەی خۆشەویستیدا دەبینێتەوە.گەر ووردتر بڵێین, ئافرەت  بەشێوە گشتییەكەی وئەوی بەرامبەری خۆشەویست بەشێوە تایبەتییەكەی خاوەنی یەك پڕۆژەی بابەتین وجودا نابنەوە.واتە لەڕێگەی پلەكانی فاكتەری گشتییەوە ,فاكتەرە تایبەتەكە پێدەنێتە ئاستی بیركردنەوە قوڵەكانی ژیان بەنموونەی سۆفیزم.وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا,ڕێژەی خۆشەویستی  ئیسماعیل بۆ ئەو تاكە ئافرەتە گەیشتۆتە ئاستی شاعیرە سۆفیزمەكان,یان شاعیرە میتافیزیكەكان ودەیەوێت بەتەواوی تێیدا بتوێتەوە:
گیان چییە پێشكەشت بێ
فیدای چاوی ڕەشت بێ (دیوان,30)
گشت دنیام خستۆتە لاوە
بەتەنیا هەر تۆم بیرماوە (دیوان,39)
من بمێنم یان نەمێنم...
مان ونەمان بە تۆوەیە (دیوان,86)
لەهەموو ئەمانەی كەئاماژەمان پێدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كەشیعرییەتی ئیسماعیل محەمەد دەرئەنجامی ئەو دوو فاكتەرە سەرەكییەی سەرەوە لەدایك بووە.فاكتەری گشتی كەبۆتە بەردی بناغە بۆ تێگەیشتنی فاكتەری تایبەتی.فاكتەری تایبەتیش كەبۆتە یارمەتدەر وپاڵپشت بۆ فاكتەرە گشتییەكە.بەمەش شاعیر ئەزموونی خۆی لەم دوو سەرچاوە فاكتەرییەدا تاقیكردۆتەوە.دابڕان, یان دووركەوتنەوە لەو دوو فاكتەرە دەبێتە وەستانی پڕۆسەی شیعری, هاوشێوەی دابڕان ووەستانەكەی هەردی.لەپشت بەردەوامی ئیسماعیل محەمەد یشەوە چەندین هۆكاری سایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆی بوونیان هەیە كەلێرەدا جێگای نابێتەوە وپێویستی بەلێكۆڵینەوەیەكی تایبەتە. 






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved