24/8/2021 07:24 PM

ئانگ‌سان سوچی، رێبەری بزووتنەوەی دیموکراسی لە میانمار-بەشی کۆتایی

سوچی بەهۆی هەوڵەکانی بۆ هێنانە ئارای دیموکراسی لە میانمار، کۆمەڵێک خەڵاتی جیهانی پێشکەش کرا بۆ نموونە خەڵاتی ساخارۆڤ، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و میداڵیای ئاڵتوونی کۆنگرێسی ئەمریکا. سوچی بەو ١.٣ ملیۆن دۆلارەی کەوا ساڵی ١٩٩١ لە بنکەی نۆبڵی وەرگرت، سەندووقی "داو ئانگ‌سان سوچی"ـی بۆ تەندروستی و راهێنان دامەزراند. سوچی، سەرجەم ئەو خەڵاتانەی کەوا پێشکەشی کرابوو، خەڵات کرد بەم سەندووقە.
لەو کاتەدا کە هەوڵەکانی سوچی پشتگیریی ناودەڵەتی لێدەکرا، لە ناوخۆی میانمار حکومەت جگە لەوەی ئەوی بە بەردەوامی لە ماڵەوە زیندانی دەکرد، هەروەها ناوبردە کردن و نمایش کردنی وێنەکەی لە میدیاکاندا قەدەغە کرا.

کەشی گشتی
بڕوای گشتی لەسەر ئەوە بوو کە حکومەتی میانمار یەکێک لە سەرکوتکەرترین حکومەتەکانی جیهانە. میانمار لەگەڵ دیموکراسی لەسەر بنەمای هەڵبژاردن، مەودایەکی زۆری هەیە؛ ئەو تاقمە بەرپرسە سەربازییە بە ماوەی نیو سەدە سەرجەم دەسەڵاتی پلاندانان، یاسادانان و سیستمی داد کۆنتڕۆڵ دەکات و بەناوبانگە بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ. بەهۆی نەبوونی میکانیزمێکی شەفاف و وڵامدانەوە، رادەی گەندەڵی حکومەت لەسەر ئاستی نیشتمانی و خۆجێیی لە لوتکەدایە. حکومەتی سەربازی بەشێوەیەکی بێڕەحمانە بەرگیری لە رەوتی ئازادی زانیاری لە جیهانی دەرەوە کردووە. لەم شێوازانەی حکومەت بۆ ئەم مەبەستە دەکرێ ئاماژە بکەین بە: سنووردارکردنەوەی میدیاکان، کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری کردنی بنەکە ئینتەرنێتییەکان و بەرزکردنەوەی تێچووەکانی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەتەلایت. ئازادییەکانی پێوەندیدار بە کۆبوونەوە و رێکخستن بە توندی بەرتەسک کرایەوە؛ کۆبوونەوە بێ مۆڵەتەکان لە کەشی گشتی و بە بەشداری زیاتر لە پێنج کەس قەدەغەیە و بەرپرسان بەگشتی توندوتیژی بەکار دێنن بۆ پەرەوازەکردنی خۆپیشاندەران و رێگری لە بەڕێوەچوونی میتینگەکان.
بەپێچوانەی مێژووی دوور و درێژی سەرکوتکاری، حکومەتی میانمار لەم دواییانەدا کۆمەڵێک هەنگاوی ناوەتەوە بۆ هاتنە ئارای ئازادییەکان و ژینگەیەکی سیاسیی دیموکراتیک. یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە، لە ٢١٠ـدا بەڕێوە چوو. ئەگەڕچی چاوەدێرانی ناودەوڵەتیی هەڵبژاردن، ناتەندروست بوونی ئەم هەڵبژاردنەیان پشتڕاست کردەوە. تەنها چەند مانگ دواتر ئەندامانی پەرلەمان "یوتین سین"، ژێنەڕاڵێکی دێرینیان وەکوو سەرۆک‌کۆمار هەڵبژارد. لەو کاتەوەی یوتین سین هەڵبژێردراوە، حکومەت زیاتر لە ١٠٠ زیندانی ئازاد کردووە. بەڵام بەپێی بەراوردەکان هێشتاش نزیکەی ٢٠٠٠ زیندانی سیاسیی لە زیندانەکانی میانماردان. بەپێی راپۆرتی ئازادی لە جیهان لە ساڵی ٢٠١٢ (بڵاوکراوە لەلایەن ماڵی ئازادییەوە)، لە وڵاتی میانمار شەفافیەتی حکومەتی، پرۆسەی هەڵبژردانی دیموکراتیک و مافە بنەڕەتییەکان بۆ  نموونە ئازادیی رێکخستن و کۆبوونەوە و مافی ژنان بوونی نییە.
بەڵام یوتین سین، بەپێچەوانەی ساڵەکانی پێشوو، نەریتی کۆنەی شکاند و بانگهێشتی ئانگ‌سان سوچی کرد بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١١. حکومەت لەم ساڵەدا بە لەناوبردنی هەندێک لە بەرتەسکیەکان لەسەر میدیاکان، بۆ نموونە ئازادکردنی بڵاوکردنەوەی بابەت لەسەر سوچی، سەلماندی کە رێز لە مافی ژنان دەگرێت. بەڵام هێشتاش کۆمەڵێک رۆژنامەنووس لە زینداندا دەژین و ئەنجومەنی سانسۆر درێژەی دەدا بە قەدەغەکردنی هەندێک لە راپۆرتەکان کە لە باری سیاسییەوە هەستیارن.کۆمەڵگای ناودەوڵەتی هێشتاش رەخنەگری حکومەتی میانمارە، بەتایبەت لە بواری سەرکوتی مافی ژنان و پێکهاتەکان.

پەیام و بەردەنگ
لەبەرامبەر تاکتیکە توندئاژۆکانی حکومەتی سەربازی، پەیامی سەرەکیی سوچی بانگهێشتنێکی گشتی بوو بۆ ئاکسیۆنێکی ناتوندوتیژانە بە مەبەستی بەدواداچوونی ماندوونەنەناسانە بۆ دیموکراسی. کاریگەری ئایینی بودیزم لەسەر سیاسەتی ئانگ‌سان سوچی، لەمێژ ساڵە مژاری باس و گفتوگۆ ئەکادیمییەکان بووە. ئەو ئاماژە بەم خاڵە دەکا کە ئیدەی لێبوردنی هاوتەریب لە بودیزم‌دا، بۆ تێپەڕین بەرەو دیموکراسی رۆڵێکی بنەڕەتی هەیە. سوچی لە گفتوگۆیەکدا باس لەوە دەکات کە ئەو و گاندی «هاوشێوەییەکی زۆریان بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکومەتە سەرەڕۆکان» هەیە. ئەم روانگەیە دواجار هەمان تاکتیک‌گەلی ناتوندوتیژانەی لێدەکەوێتەوە کە لەلایەن گروپە سیاسیەکانەوە بەکار دێت. سوچی لەنێوان باوەڕە بودیستییەکان و پێوەندییە بنەماڵەییەکان لەگەڵ مێژووی میانمار، رێبەرێک بووە کە خەڵک بە ئاسانی توانیوانە بیبینن.
ئەگەرچی زیندان کردن لە ماڵەوە نەیدەهێشت سوچی بڕواتە ناو هاوخەباتانی و لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا بەشداری بکات، بەڵام خۆڕاگرییە شایانی رێزەکەی ئەو بە سنووردانانی فیزیکی، نەتوانراوە بشکێت. سوچی لە وتاربێژییەکی بەناوبانگ لەژێر ناونیشانی «رزگاربوون لە ترس» لە ماوەی هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٠ـدا دەڵێ: «ئەوە دەسەڵات نییە کە گەندەڵی دروست دەکات، بەڵکوو ترسە». ئەو بە هەوڵ و تێکۆشان، خۆڕاگری کردووە: «دەگوترێ کەسانی پیرۆز تاوانبارانێکن کە بەردەوام خەریکی تێکۆشانن». ئەو و رێبەرانی لیگای نەتەوەیی بۆ دیموکراسی، لە رێگای کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گەورە و کراوە و نووسینی نامە بۆ دەسەڵاتدارانی حکومەتی سەربازی لە ماوەی دوو دەیە زیندانکردندا، خەڵکی بەرەو بەدواداچوون بۆ دیموکراسی بەشێوەیەکی هێمنانە و کارا هان داوە. بەرپرسانی حکومەتی سەربازی بە رادەی پێویست سەرچاوەی پێویستیان بۆ تکشکاندنی هەر چەشنە خۆڕاگرییەک هەیە و سوچیش لەم بابەتە ئاگادارە. ئەو پەیامەکەی خۆی بەشێوەیەک داڕشتووە کە خەڵکی میانمار بتوانن لەدژی حکومەت ناڕەزایی درببڕن بەبێ ئەوەی خۆیان لە داوی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژانە لەگەڵ حکومەتی سەربازی بخەن. ئەو سوێندی وەفاداری بۆ خەڵکی میانمار و میانماری دیموکراتیکی خواردووە: «من حزبەکەم، لیگای نەتەوەیی بۆ دیموکراسی، ئامادەین و دەمانهەوێ رۆڵێکمان لە پرۆسەی ئاشتیی نەتەوەییدا هەبێت...دەفرایەتیی وڵاتەکەی ئێمە لە ئاستێکی بەرزدایە. ئەم دەفرایەتییە دەبێ بەهێز بکرێت و پەرەی پێ بدرێت بۆ ئەوەی نەک کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران بەڵکوو کۆمەڵگایەکی هاودەنگ دروست بکەین، کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک کە خەڵک بتوانن لەودا بە ئاشتی، ئەمنیەت و ئازادییەوە بژین».

چالاکییە بەربڵاوەکان
نزیکەی دوو دەیە زیندانی ماڵەوە، سوچی لە ئاراستەکەی خۆی بۆ گەیشتنن بە میانمارێکی دیموکراتیک پاشگەز نەکرووەتەوە. ئەو لەدوای ئازادکران لە ٢٠١٠ـدا، درێژەی دا بە چالاکیی مەدەنیی خۆی بۆ نموونە خەبات بۆ بەشداری کردنی لیگای نەتەوەیی بۆ دیموکراسی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٢ـدا. لیگای نەتەوەیی لە چالاکییەکدا کە لەگەڵ پێشوازی ناودەوڵەتی بەرەوڕوو بووەوە و وەکوو هەنگاوێکی رزگاریخوازانە هاتە ئەژمار، مۆڵەتی پێدرا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٢ـدا بەشداری بکات. ئەم حزبە ٤٣ کورسی لە ٤٤ کورسییەکەی پەرلەمان بۆ نموونە کورسییەک بۆ سوچی دەستەبەر کرد. سوچی بەپێچەوانەی ئەم سەرکەوتنە سیاسییە، جۆرێک گەشبینی پارێزگارانەی لەخۆی نیشان داوە: «لوتگە زۆرن بۆ سەرکەوتن لێی، کۆمەڵێک کەلێن بۆ دروست کردنی پرد و لەمپەرگەلێکی زۆر بۆ ئەوەی بیسڕیەوە».
سوچی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە گروپە شوێندانەرەکان بۆ تێپەڕین بەرەو دیموکراسی، گەنجن، بەتایبەت ئەندامانی گەنجی سوپای میانمار. ئارگیومێنتی ئەو ئەوەیە کە دەرکەوتنی تەکنەلۆژیا و گڵۆبالیزەیشن دەبێتە هۆی گۆڕانی وەفاداری ئەوان: «سەردەم لە بەری ئێمەدایە چونکە ئەم سەردەمە، سەردەمی تەلنەلۆژیایە. [حکومەت] ناتوانێ ئەم گەنجانە...بەتەواوەتی لە جیهان جیا بکاتەوە و لام وایە ئەوان ئێستا دەرفەتگەلێکی زۆریان تەنها بەهۆی شۆڕشی تەکنەلۆژیاوە هەیە کە ئێمە هەرگیز نەمانبووە».
لە کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠، چالاکانی میانماری و هاوپەیمانەکانیان بۆ دروستکردنی تۆڕێکی بەربڵاو لە لاینگرانی خۆیاندا سەرکەوتوو بوون؛ بەبێ هیچ پشتیوانییەکی ئەوتۆ بۆ نموونە پشتیوانیی ناوخۆ و دەرەوە، بزووتنەوەی دینوکراتیکی میانمار نەیدەتوانی لەبەرامبەر سەرکوتدا خۆڕاگری بکات. لە مانگی مەی ٢٠١٢ـدا، سوچی بۆ یەکەم جار لە پاش بیست ساڵ بە مەبەستی دیدار لەگەڵ لاینگرە ناودەوڵەتییەکانی گەشتی دەرەوەی میانماری کرد. حکومەتی تایلەندا، پەرلەمانی بەریتانیا و بنکەی نۆبڵ لە ستۆکهۆڵم پێشوازیان لێکرد. ئەو دواجار لە گەشتەکەی بۆ سوید توانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە ساڵی ١٩٩١ پێی بەخشرابوو وەربگرێت. ئەو بە ئاگاداری لە رۆڵی گرنگی کۆمەڵگای ناودەوڵەتی بۆ تێپەڕین بەرەو دیموکراسی، خوازیاری ئەوە بوو درێژە بە سزادانەکانی حکومەتی میانمار بدەن.
پابەندبوونی بەردەوامی سوچی بە بزووتنەوەی ناتوندوتیژانە لەگەڵ رێز و متمانە بەنیسبەت خەڵکی میانمار، بووە هۆی پشتگرییەکی یەکجار زۆر لەلایەن کۆمەڵگای ناودەوڵەتییەوە. بەم حاڵەوە سوچی بە پارێزەوە لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە دەکات؛ «ئەگەر من داکۆکی لە گەشبینی پارێزگارانە دەکەم بەو هۆیە نییە کە ئیمانم بە داهاتوو نییە بەڵکوو بەو هۆیەیە کە نامهەوێ هاندەری ئیمانێکی کوێر بم. بەبێ ئیمان بە داهاتوو، بەبێ باوەڕ بەوەی کە بایەخە دیموکراتیک و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، نەک زەروور بەڵکوو دەکرێ لە کۆمەڵگای ئێمەشدا بێنە ئاراوە، بزووتنەوەکەی ئێمە نەیدەتوانی لەم ساڵە ناخۆشانەدا بەردەوام بێت. هەندێک لە جەنگاوەرەکانی ئێمە لە پۆستەکانی خۆیان کشانەوە، هەندێک کەس جێیان هێشتین، بەڵام کۆمەڵێک کەس بە ورەوە گۆڕەپانەکەیان چۆڵ نەکرد. هەندێک جار کاتێک سەیری ساڵانی رابردوو دەکەم لەوەی کە زۆرینەی کەسەکان لە خراپترین دۆخەکاندا خۆڕاگریان کرد تووشی سەرسوڕمان دەبم. ئیمانی ئەوان بە ئامانجەی ئێمە کوێر نییە؛ ئەم ئیمانە لەسەر بەراوردێکی روون لە هێزی خۆڕاگری خودی ئەوان و رێزگرتنی قووڵ لە خولیا و ئاواتەکانی مرۆڤ دامەزراوە»

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved