26/8/2021 11:16 AM

خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین-بەشی یەکەم

روانگە و پاڵنەر
مین یەکێک لە مەرگهێنەرترین میراتەکانت جەنگەکانە. لەدوای کۆتایی جەنگ، مینە زەوینییەکان تا نزیکەی ٥٠ ساڵ هەروا چالاکن و هەڕەشەیەکن لەسەر کەسانی سیڤیل. ئەگەری کوژران یان برینداربوونی کەسانی سیڤیل بەهۆی مینەکانەوە، لانیکەم ١٠ بەرابەری کوژرانی هێزە سەربازییەکانە. لە هەر بیست خولەکێکدا یەک کەس بەهۆی مینەوە دەکوژرێ یان بەشێک لە جەستەی لەدەست دەدات. مناڵان کە بە ئەگەری زۆر دەست لە کەرەستە و شتی نامۆ دەدەن و کەمتر سەرنج دەدەنە هۆشدارییەکان، زیاتر لە هەمووان تووشی زیان دەبن. رێکخراوەیەکی نێودەوڵەتی خەبات دەکات بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین و کۆتایی هێنان بە بەکارهێنانی ئەم چەکە.

ئامانج و مەبەستەکان
رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی مینی زەوینی لە ساڵی ١٩٩٢، بە مەبەستی بەرهەمهێنان، فرۆشتن و کەڵەکەکردنی مینی زەوینی و پووچەڵکردنەوەی نامەترسیداری ئەو مینانەی لە شەڕەکانی پێشوودا چاندراون، دامەزرا. ئەندامانی ئەم رێکخراوەیە لەسەر ئەم باوەڕە بوون ئەم ئامانجە بە هاودەنگییەکی نێودەوڵەتی دێتە دی. رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، پشتیوانی رێکخراوە مەدەنییەکانی دەستەبەر کرد و زەختیان خستە سەر حکومەتەکان کە پشتگیریان بکەن. یەکێک لە سەرەتایی‌ترین هەوڵەکانی ئەوان، رێکخستنی کۆمەڵێک دیدار لەگەڵ رێکخراوە مەدەنییەکانی ئەوروپا بوو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و هەماهەنگ کردنی خەبات لەدژی بەکارهێنانی مینی زەوینی. بەر لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٢، پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارنامەیەکی بۆ راگرتنی پێنج ساڵەی بازەرگانی بە مینەوە پەسەند کرد. بەهۆی چالاکیی رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پشتیوانیی رێکخراوە مەدەنی و دەوڵەتەکان، پەیماننامەی قەدەغەکردنی مین لە ساڵی ١٩٩٧، لەلایەن ١٢٢ وڵاتەوە واژۆ کرا، واتە رێک شەش ساڵ پاش دەسپێکی ئەم خەباتە.
چالاکیی رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین، بە واژۆکردنی پەیمانی دژە مین کۆتایی نەهات. ئەم رێکخراوەیە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە مەترسییەکانی مین درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا و بە شێوەیەکی ماندوویی‌نەناسانانە بۆ بەقەناعەت‌ گەیاندنی وڵاتانی دیکە بۆ ئەوەی تێکەڵ بەم رەوتە بن، خەریکی تێکۆشانە. ژمارەی واژۆکەران لەئێستادا بوونەتە ١٥٦ وڵات. واتە ٣٩ وڵات هێشتا تێکەڵ بەم پەیمانە نەبوون. بۆ نموونە وڵاتانێکی وکوو ئەمریکا، چین، روسیا، هیند و پاکستان کە گرنگترین بەرهەمهێنەرانی مینن لە جیهاندا. رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین، چاوەدێری چالاکییە دژە مینەکان لەو وڵاتانە دەکات کە پەیماننامەکەیان واژۆ کردووە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت پابەندن بە بەڵێنەکەیان؛ چالاکییەکانی رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین، بریتییە لە سڕینەوەی ئەو مینانەی پێشتر چاندراون و یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بۆ قوربانیانی مین. رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین، ئێستا بەشێکە لە «هاوپەیمانی چەکەمەنی هێشوویی». ئەم گروپە بەشوێن قەدەغەکردنی نێودەوڵەتی چەکەمەنی هێشووییە. چەکەمەنی هێشوویی، هەم بۆ کەسانی سڤیل و هەم بۆ سەربازان لە ناوچە جەنگییەکان مەترسیدارە.

رێبەری

سەرەڕای ئامانجی بەرزەفڕانەی رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین و سەرکەوتنی جێی سەرنجی، جودی ویلیامز کە دامەزرێنەری ئەم رێکخراوەیەیە، دەسپێکی ئەم رێکخراوەیە بە بابەتێکی بەرزەفڕانە نازانێت. ئەو بە بۆستۆن گلۆبی گوت: «کاتێک دەستمان پێکرد سێ کەس بووین کە لە ژوورێکدا دانیشتبووین. ئێمە بە شوێن ناشوێنەوە بووین. هیچ کامەمان بیرمان نەدەکردەوە بتوانین رێگری لە چاندن و بەرهەمهێنانی مینە زەوینییەکان بکەین. من هەرگیز بیرم نەدەکردەوە ئەم ئامانجە لە شەش ساڵدا بێتە دی». رێبەرایەتی، تامەزرۆیی و بەرپرسایەتی ویلیامز، بۆ سەرکەوتنی ئەم رێکخراوەیە یەکجار کاریگەر بوو.
ویلیامز سەرتا وەکوو مامۆستایەکی زمانی ئینگلیزی بۆ کەسانێک کە زمانەکەیان ئینگلیزی نەبوو راهاتبوو. لەکاتی چالاکی لە دامەزراوەیەک لە واشینتۆن دی.سی لە ساڵی ١٩٨١، راگەیەندراوێک سەبارەت بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێلسالوادۆر درا بە ویلیامز. ئەم راگەیەندراوە حەزی ئەوی بۆ چالاکی لە ئاستی جیهانیدا ورووژاند. ویلیامز کاری خۆی لەم بوارەدا بە چالاکیی لە کەمپینی مافی مرۆڤ لە ئەمریکای ناوەندی دەست پێکرد بۆ ئەوەی کواڵیتی ژیانی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە باشتر بکات. ئەو لەدوای پتەوکردنی جێگەی خۆی لە کۆمەڵگای چالاکانی مافی مرۆڤ، لەلایەن بابی موولێر، سەرۆکی بنکەی زیانبەرکەوتووانی شەڕی ڤیتنام لە ئەمریکا بانگهێشت کرا بۆ ئەوەی رێبەرایەتیی خەباتێکی نێودەوڵەتی لەدژی مین بگرێتە ئەستۆ. ئەو دواتر لە ١٩٩٢ـدا،  رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی لەدژی چاندنی مینی دامەزراند. ئەو ١٨ ساڵ لەم رێکخراوەیەدا چالاکی کرد و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی ١٩٩٧ـدا پێ بەخشرا.
ویلیامز سەرکەوتوویی خۆی وکوو رێبەرێک دەگەڕێنێتەوە سەر تواناییەکانی بۆ رادەست کردنی بەرپرسایەتی لە رێگای پێکهاتەیەکی بەڕێوەبەڕایەتی ناکۆجێ‌دا. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە پێکهاتەی لاوازی رێکخراوە مەدەنییە سەربەخۆکان کە لە چوارچێوەی رێکخراوەی خەباتی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مین بە بێ نووسینگەیەکی ناوەندی سەرقاڵی چالاکی بوون، ئەم دەرەتانەی بەم رێکخراوانە دا کە بەرپرسایەتی خەباتەکەی خۆیان بگرنە ئەستۆ. لە هەمانکاتدا، ئەو تواناییەی بە رێکخراوەی گەورەتر – خەباتی ناودەڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چاندنی مینی زەوینی – بەخشی بۆ ئەوەی بزووتنەوەیەکی جیهانی بە کارتێکەرییەکی زیاتر لەسەر دامەزراوە حکومییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا بەرەو پێش ببات. 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved