29/8/2021 06:17 PM

رزگارکردنەوەی سیسیل لە دەستی مافیا-بەشی یەکەم

روانگە و پاڵنەر
مافیا هەر لە کۆنەوە هێزێکی سەردەست بووە لە ئیتاڵیا. بەپێی گوتەی دایرەی دژە مافیای یەکێتیی وردەفرۆشانی ئیتاڵیا، مافیا هەموو رۆژێک بڕی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ دزی لە چالاکییە ئابوورییەکان دەکەن لە ئیتاڵیا. چەلەنجی تاوانە رێکخراوەییەکان بەتایبەت لە دورگەی سیسیل، بابەتێکی جدییە. لەم دورگەیە بنکە یاساییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەییەکان بوونیان هەیە بەڵام بەپێی بۆچوونی تانۆ گراسۆ، سەرۆکی کۆمسیۆنی دژە دزی لە ئیتاڵیا، بۆ زۆرینەی خەڵکی سیسیل «پێدانی باج بە مافیا ئاسانتر بووە لە راپۆرتی حاڵەتە پێوەندیدارەکان».
ناچار کردنی مافیا بۆ پێدانی پیزۆ یان پارەی پشتگیری، بارێکی زیادییە لەسەر شانی خەڵکی سیسیل چون سەرکەوتنی ئابووری تەنها دەبێتە هۆی بەدیهاتنی داخوازیی ماڵی زیاتر لەلایەن ئاڵقەکانی تاوانە رێکخراوەییەکان. بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی سەدەی بیستەم، سیسیلییەکان ئەو دۆخەیان خستە ژێر پرسیارەوە و خوازیاری رزگاربوونی خۆیان بوون. بەپێی بۆچوونی پاسکوالە ماسوچی، تەکەنەسیەنێکی کۆمپیتەر، «بۆ ماوەیەکی زۆر هاووڵاتیانی ئاسایی پالێرمۆ و کاسبکاران بە پارەی زۆرەملی، بە بارمتە گیرابوون بەڵام ئێستا لەدژی ئەم دۆخە هەستاوین».
لە روانگەی ریتا بۆرسێلینۆ، یەکێک لە رێبەرانی چالاکیی لەدژی مافیا، رەوتی رێبەریی مەدەنی لە ساڵی ١٩٩٢، پاش کوژرانی براکەی، حاکم پائۆلۆ بۆرسێلینۆ، لە تەقینەوەیەکدا کە مافیا بکەرەکەی بوو دەستی پێکرد. کوژراوی حاکم بۆرسێلینۆ، ریتای وا لێکرد کارێک بکات. ریتا لەو کاتەدا تەمەنی ٥٠ ساڵ بوو و لە سەرجەم ژیانیدا لە پالێرمۆی ژێر دەسەڵاتی مافیادا ژیابوو بەڵام ئەم تراژیدییە تاکەکەسییەی ئەو، بووە هۆی قینێک کە بزووتنەوەی دژە مافیای لێبریا (واتە ئازادی) لێکەوتەوە. حاڵەتەکەی ئەو دەریدەخات هەرگیز بۆ بەدواداچوون بۆ ئامانجێک کە بەسوودە بۆ کۆمەڵگا، درەنگ نییە.
بەم جۆرە، رێکخراوی ئادیۆپیزۆ بە واتای «ماڵاوایی کردن لە پێدانی پارەی پشتگیری»، بزووتنەوەیەکی مەدەنییە کە بۆ شکاندنی زنجیرەکانی پێوەندیی ماڵی کە لەلایان مافیاوە بەدی هاتووە، هەوڵ دەدات. ئادیۆپیزۆ لەلایەن ژمارەیەک خاوەن رێستۆرانتی گەنج لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا دامەزرا. ئەم رێکخراوەیە دەرهاویشتەی جیلێکە کە بینەری کوژرانی چالاکانی دژە مافیا، دادوەرەکان، رۆژنامەنووسان و کاسبکاران بوون. ئادۆی ئادیۆپیزۆ سادە بوو: سیسیلێک کە لەودا مافیا سەرجەم بەشەکانی ئابووری کۆنتڕۆڵ ناکات و کار و پیشەکان لە هەموو قەوارەیەکدا، ١٠٠٪ـی بەهرەکەیان بۆخۆیان دەپارێزن.

ئامانج و مەبەستەکان
بۆرسێلینۆ بە شوێن ئەوەوە بوو کە کۆتایی بە تۆقین لە مافیا و ئەو پیزۆ ئیفلیج‌کەرەی ئەوان دایاننابوو، بهێنێت. لیبێریا یەکێتییەکە پێکهاتوو لە رێکخراوەگەلی بچووکتر لە ساڵی ١٩٩٥ـەوە لەدژی مافیا چالاکی کردووە. بۆرسێلینۆ لە رێگای لێبیریاوە توانی خەڵکی ئیتاڵیا لە سیستمە ئابوورییە ئارام و ناتوندوتیژەکان ئاگادار بکاتەوە، سیستمێک وێڕای رێز گرتن لە مافی مرۆڤ و حکومەتی یاسا و سیستمێک کە لە جیهانی تاوانە رێکخراوەییەکاندا فەرامۆش کراوە. لیبێریا زیاتر لەوەی سەرقاڵی پەرەپێدانی ئەو کار و پیشانە بێت کە پیزۆیان نەدەدا، دەستی کرد بە دروست کردنی زەوی کشت و کاڵ لە دەرەوەی ئەو زەویانەی دەڵەوت دەستی بەسەردا گرتبوون بۆ ئەوەی دوور لە دەسەڵاتی مافیا کشتوکاڵیان تێدا بکرێت. لەم زەوییە ئاوەدانەدا، بەرهەمهگەلێک دەچێندران کە دەبوو لە ناوەندەکانی بەری لە پارەی پشتگیری بفرۆشرانایە.
ئادیۆپیزۆ بەم جۆرە بە بەخشینی دەسەڵات بەو خاوەن کەسب و کارانەی نەیاندەویست وڵامی داواکاریی مافیا بدەنەوە و خۆیان تۆڕێکی پشتگیری بەهێز دروست بکەن، مافیای رووبەڕووی چەلەنجێکی گەورە کردەوە. ئادیۆپیزۆ لەگەڵ خاوەن پیشە و کارەکان، کاری دەکرد بۆ ئەوەی چالاکییەکانی بەری لە پێدانی پارەی پشتگیری دەست پێبکات و کۆنتڕۆڵی بکات بۆ ئەوەی بە خەڵکی سیسیلی بسەلمێنێت کە رێگەیەکی جێگرەوە و بەردەست لەبەرامبەر فەرهەنگی کەسابەتی ژێر کۆنتڕۆڵی مافیا بوونی هەیە. ئادیۆپیزۆ لە نموونەی چالاکیی لیبێریۆ گراسی کەڵکی وەردەگرت. ئەو کاسبکارێک بوو کە لەبەرامبەر مافیا لە ساڵی ١٩٩١ـدا، بە پێنەدانی پارەی پشتگیری خۆڕاگری کرد. گراسی هەوڵی دا گروپێک لە لاینگران ئەم بابەتە رێک بخەن بەڵام هیچ کەس نەیویست وەکوو ئەو لەبەرامبەر مافیادا بوەستێت؛ گراسی هەر لەو ساڵەدا کوژرا. لە خۆپیشاندانی ئادیۆپیزۆدا وتاربێژان رایانگەیاند کە «کاتێکی باشتر بۆ نا گوتن بوونی نییە. ئێوە بە تەنیا نامێننەوە. ئیتر سەردەمی ١٩٩٠ نییە کە لیبێریۆ گراسی کوژرا. ئەو کوژرا چونکە تەنیا ماوە».

رێبەری
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نادادپەروەری دەبێتە هەوێنی بزووتنەوەکان و وەکوو زۆرێک لە حاڵەتەکان، کاتالیزۆری بۆرسێلینۆ بۆ ئەوەی ببێت بە رێبەرێکی مەدەنی تراژیدیا تاکەکەسییەکەی ئەو بوو. ئەو لە لیبێریادا بەشوێن ئەوەوە بوو گروپە کۆمەڵایەتیە جۆراجۆرەکان بانگهێشت بکات بۆ ئابوورییەکی دوور لە مافیا. بۆرسێلینۆ رێکخراوەکەی خۆی بۆ ١٥٠٠ سەندیکا پەرە دا و بە سەرکوتووییەوە هەستا بە خەبات لەدژی کارتێکەریی مافیا لەسەر بازاڕی سیسیل. دەسکەوتەکانی ئەو بووە هۆی بەشداری ئەو لە ساحەی سیاسەتدا؛ بۆرسێلینۆ ساڵی ٢٠٠٩ وەکوو ئەندامێکی ئیتاڵی پەرلەمانی ئەوروپا هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ئاسەوارە نەرێنییەکانی مافیا لە ئاستی سەروو نیشتمانیدا بدۆزێتەوە.
ئادیۆپیزۆ لەلایەن کارئافرێنەرێکی گەنجەوە دامەزرا کە لە کاتی بەراوردەکانی بۆ کردنەوەی رێستۆرانتێک بڕیاری دا کە نایهەوێ پارەی پشتگیری بدات. بەیانییەکیان کە پالێرمۆ لە خەو هەستا، پەیامی ئادیۆپیزۆی بینی کە لە دیوارەکان درابوو: «ئەو کەسانی پارەی پشتگیری دەدەن خاوەن کەرامەت نین». دامەزرێنەرانی ئادیۆپیزۆ دەگێڕنەوە کە «لە سەرەتادا بیرمان نەدەکردەوە تا ئەو رادەیە سەرکەتوو دەبین. ئێمە تەنها دەمانویست سەری باسەکە بکەینەوە». ئادیۆپیزۆ لەو رووەوە تاقانەیە کە هیچ پێکهاتەیەکی رێبەرایەتیی رواڵەتی نەبوو و زیاتر بەشوێن دەستەبەرکردنی ئامانجەکانیەوە بوو نەک بەناووبانگ‌بوون. لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا، باوەڕی گشتی ئەوە بوو کە ٥٠ کەس ئەم رێکخراوەیە بەڕێوە دەبەن و لەگەڵ سەدان چالاکیی هەرەوەزی لە پێوەندیدان.
بەبێ وتەبێژێکی فەرمی یان رێبەرێکی دیاریکراو، ئەندامانی زیاتر بە شوێن بەرەوپێش بردنی ئەم بزووتنەوەیە بوون لە رێگای ئەو کارە تایبەتانەی ئەنجامیان دەدا. بۆ نموونە فابیۆ مێسینۆ، هەستی بە پێویستیی هەبوونی فرۆشگەیەک کرد کە پارەی پشتگیری نەدات و هەموو پاشەکەوتی ژیانی لەم رێگەیەدا دانا. چالاکییەکانی ئەو بە پانتۆپیزۆ- بەری لە پارەی پشتگیری ناسراوە. سەدان پیشەی وەکوو پیشەکەی مێسینۆ لە سەرتاسەری پالێرمۆ سەریان هەڵدا؛ ئەوان بوون بە جێگرەوەیەکی خۆشەویست لەبەرامبەر ئەو پیشانەی هێشتاش پارەی پشتگیریان دەدا و زیاترین مشتەری رووی تێدەکردن.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved