30/8/2021 03:04 PM

رزگارکردنەوەی سیسیل لە دەستی مافیا-بەشی کۆتایی

کەشی مەدەنی
مافیا بۆ پاراستنی کارتێکەری و دەسەڵاتی خۆی، فەرهەنگێک لە ترسی لە سیسیل لە رێگەی ترساندن و توندوتیژییەوە دروست کرد. حکومەت لە ئاستی خۆجێیی، ناوچەیی و نەتەوەییدا هیچ کارێکی بۆ ئەو کەسانە ئەنجام نەدەدا کە لەبەرامبەر مافیادا دەوەستانەوە. تەنانەت سەرەڕای زیادبوونی دەسەڵاتی ئادیۆپیزۆ، پێوەندییە سیاسییەکانی لاواز بوو. مێسینۆ لەم بارەوە دەڵێ: «ئێمە هیچ پشتگیرییەکی سیاسیمان لێنەکراوە و بەهەرحاڵ هەرگیز چاوەڕوانی وەها یارمەتییەک نەبووین». بەگشتی، رێبەرانی سیاسیی ئیتاڵیا خۆیان لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مافیا پاراستووە. مارکۆ فراواگیلۆ، یەکێک لە رەخنەگرانی حکومەتەکەی بێرلۆسکۆنی، دەڵێ: «من لام وابوو هەر کەس سەبارەت بە مافیا قسە بکات، بەشێکی تایبەت لە دەنگدەران دەترسێنێت. ...لەڕاستیدا، ئەگەر ئێوە سەبارەت بە مافیا قسە ناکەن بەو هۆیەیە کە ئێوە دەنگی مافیاکانتان دەوێت».
بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، گۆڕانێک لە رەفتاری حکومەت و کەشی مەدەنی بەگشتی، پاش دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە سەرۆک مافیاکان بۆ نموونە گیرانی بێرناردۆ پرۆوێنزازۆ، سەرۆکی مافیای سیسیل لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا، رووی داوە. پرۆوێنزازۆ لە زۆربەی ئاڵقەکانی مافیادا بە «سەرۆکی سەرۆکەکان» دەناسرا. لە یەکەم رۆژی دادگایی کردنی پرۆوێنزازۆ، زیاتر لە ١٠٠ دووکاندار، ناوی خۆیان و دووکانەکەیان لە داخوازییەکی ئینتەرنێتی بۆ بەشداری نەکردن لە پرۆسەی دزییەکانی مافیادا تۆمار کرد. ئێستا سیاسەتمەدارانێکی زیاتر حەز دەکەن لەدژی مافیا قسە بکەن و کەسانێک کە لە گەندەڵێ، مرۆڤ‌دزین و کوشتنەکانی مافیادا بەشدار بوون دادگایی کراون. ئانجێلینۆ ئالفانۆ یەکێک لە ئەندامانی حزبی یەکێتیی ئازادیی سەرۆک‌کۆمار بێرلۆسکۆنی، باس لەو دەکات کە گۆڕانکارییەکان لە پێوەندییەکانی حکومەت و مافیا، لەگەڵ کردەوە مەدەنییەکانی بزووتنەوەگەلێکی دژەمافیای وەکوو لیبێریا و ئادیۆپیزۆ، کۆتایی بە سەردەمی ترس و تۆقین هێناوە: «زۆرینەی کۆمپانیاکان بڕیاریان داوە متمانە بە حکومەت بکەن و بڕوایان هەبێ کە حکومەت پشتگیریان لێدەکات».

پەیام و بەردەنگ
بزووتنەوەی خەڵکیی ئادیۆپیزۆ، بۆ ئەوە دامەزرا کە کاسبکار و خاوەن پیشەکان لەدژی پارەی پشتگیری یەک بگرن و کۆمەڵگایەکی بۆ پشتیوانی لەدژی زاڵبوونی مافیا بەسەر ئابووری لە سیسیلی بونیاد نا. لە ناوەڕۆکی پەیامی ئادیۆپیزۆدا حەزێکی سادە بەڵام بەهێز بۆ باشکردنی ستانداردی ژیانی خەڵکی سیسیل بوونی هەبوو. پەیامەکەی لەسەر ئەو بنەمایە بوو: «سەرجەم ئەو کەسانەی پارەی پشتگیری دەدەن خاوەنی کەرامەت نین».
لەلایەن دامەزرێنەرانی ئادیۆپیزۆوە ئاوەها وەسف کراوە کە ئەم کارە «بانهگێشتێکە بۆ بەرەنگاربوونەوە و شێوازێکە بۆ راکێشانی سەرنجی کۆمەڵگا». ئەم پەیامە زۆر جار لە دیوارەکانی شار دەدرا، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی پارەی پشتگیری (پیزۆ) دەدەن بە مافیا شەرمەزار بن. ئەندامانی گرووپ کەڵکیان لە ئاڵقەیەکی شکاو کە پیتی X لە ناوەڕاستەکەیدا بوو و دستەواژەی «بەکارهێنانی رەخنەگرانە»ـی لەسەر بوو، وەردەگرت بۆ ئەوەی بەرهەم و ئەو پیشانەی کە خۆیان لە پیزۆ پاراستبوو دیار بن و هەمووان بیانناسن.
چیرۆکە سەرکەوتووەکان بۆ نموونە فرۆشگەی مێسینۆ بە ناوی پانتۆ پیزۆ، هێمایەکی مایەی شانازیە لە ناو بزووتنەوەی دژە مافیا کە دەرەتانی ئەوە بە خەڵکی ئاسایی دەدا لەدژی ئەو بنەماڵانەی تێکەڵ بە تاوان و جینایەتن بوەستنەوە، لە رێگەی کردەوگەلێکی وەکوو کڕینی شمەکی رۆژانە. مێسینۆ دەڵێ: «کڕیاران ئەم راستیەیان پێخۆشە کە لەم دووکانەدا دەتوانن بەڕاستی هەڵوێستی خۆیان بە کڕینی بەرهەمێک دەرببڕن». سادەیی و بوێری ئەم شێوازە پێوەندی لەگەڵ دانیشتووانی پالێرمۆ دەگرت. بەپێی بۆچوونی مشتەرییەک: «ئەگەر هەر کەس کارێکی هاوشێوە ئەنجام بدات، هەموومان لەدژی مافیا هەڵوێستمان گرتووە». هەروەها کۆمیدی، بوو بە ئامزازێک بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی دژەمافیایی؛ مێسینۆ هەندێک کڵاو لە دووکانەکەی دەفرۆشێت لە هێمای سەردەمێکی نوێن. «ئەمە هەمان کڵاوە کە ئەندامانی مافیا لەسەریان دەکرد؛ ئەوان ئەم کڵاوە راست لەسەر دەکەن. بەڵام کۆمپانیاکەی ئێمە بەم کڵاوە  دەڵێ کڵاوی کۆپۆلا، چونکە ئێمە هەندێک لار لەسەری دەکەین». بۆرسێلینۆ پەروەردە وەکوو ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی دژەمافیایی بەکار دێنێ، بەو هیوایەی هەموو ئیتاڵییەکان دستیان پێی رابگات چونکە بەپێی بۆچۆنی ئەو «خەبات لەدژی مافیا دەبێ بگاتە گوێی هەموو ئیتاڵییەکان». لیبێریا لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە، زیاتر لە ٨٠٠٠ مامۆستا و ٨٠٠٠٠٠ قوتابی بۆ نموونە زۆرێک لە مناڵان و مێرمناڵانی ئیتاڵی کە هێشتا لە پۆلی سەرەتایین، داوەتە بەر فێرکاری و پەروەردە. سیلویا پێلێگرینۆ یەکێک لە خۆبەخشانی رێکخراوەکە دەڵێ: «ئەگەر ئێمە زانیاری بدەینە خەڵک سەبارەت بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ مافیا بەڵام نەتوانین کەسانی گەنجتر رابهێنین، هەرگیز توانای ئەوەمان نابێت ئامانجەکەی خۆمان واتە سڕینەوەی مافیا دەستەبەر بکەین».
بۆ گەیشین بەم ئامانجە، لیبێریا سەرقاڵی رێکخستنی وتاربێژی بۆ پۆلەکان و گەشتە فێرکارییەکان بۆ راهێنانی مناڵان و مێرمناڵانی سیسیلی دەبێت، مناڵانێک لە هەندێکیان دایک و باوکیان سەر بە ئاڵقەکانی مافیان. بەپێی بۆچوونی بۆرسێلینۆ «منالان دەتوانن ببنە پەیامهێنەرانی بایەخە ئەرێنییەکان لەناو بنەماڵەکانی خۆیاندا».

چالاکییە بەربڵاوەکان
هەم ئادیۆپیزۆ و هەم لیبێریا، هاوپەیمانییەکیان لەگەڵ رێکخراوە هاوبیرەکانی خۆیان بۆ پێشخستنی ئامانجەکەیان هێنایە ئاراوە. مێسینۆ دەڵێ: «ئەوەی وا پێویستە ئەنجامی بدەن، ناساندنی مشتەرییەکان بە بەرهەمهێنەرانە، کەسانێک کە نایانهەوێ پیزۆ بدەن و پێکەوە پێوەندییەکی هاوبەش پێک بێنن؛ بەکارهێنانی ئەخلاقیتر و وەفاداریی مشتەری کە بێگومان گەرەنتی کراوە». تۆڕی ئادیۆپیزۆ تا ساڵی ٢٠٠٨، ٢٠٤ کار و پیشە و ٩٠٠٠ ئیتاڵیی خۆجێی کە بەفەرمی خۆیان لە رێکخراوەکەدا ناونووس کردبوو، لەخۆ گرتبوو.
لیبێریا بەشوێن لێک گرێدانی گروپ و رێکخراوە جۆراوجۆرەکان لە ئیتاڵیا بۆ مەبەستێکی هاوبەش واتە خەبات لەدژی دەسەڵات و کارتێکەریی مافیاوە بوو. بەڵام هەرێمی کارتێکەرییەکەی جگە لە دژایەتی لەگەڵ مافیا تەنانەت ئەنجومەنە فەرهەنگی، وەرزشی و کەسانی خۆبەخشیشی گرتبووەوە. ئەم ئەنجومەنانە حەزیان لە بەرنامە فێرکاری و سمینارە پەروەردەییەکانی بۆرسێلینۆیە. لەگەڵ ئیتاڵیایەک کە بە ئاراستەیەکی دروستدا هەنگاو دەنێتەوە، بۆرسێلینۆ ئێستا لەسەر پەرەپێدانی ناودەوڵەتیی هاوپەیمانییەکەی خۆی چڕ بووەتەوە. ئادیۆپیزۆش درێژە بە تۆمارکردنی ئەو کار و پیشانە دەدات کە خۆیان لە پێدانی پیزۆ پاراستووە و ئەم هیوایە بە ئیتاڵییەکان و هاووڵاتیانی جیهان دەبەخشێت کە رۆژێک ئیتاڵیا دەتوانێت خۆی لە دەست مافیا رزگار بکات.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved