31/8/2021 03:47 PM

بزووتنەوەی ئاتپۆر لەدژی میلۆسۆڤیچ-بەشی یەکەم

روانگە و پاڵنەر
لە دەیەی ٩٠ـدا خەڵکی وڵاتانی باڵکان، بەهۆی سەرکوتی سیاسی، دۆخی نالەباری ئابووری و سزا ئابوورییەکانەوە ئازاریان دەبینی. لە ١٩٩٠، سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ، سەرۆکی کۆماری سۆشیالیستی سربیا، بە کەڵک وەرگرتن لە شەپۆلی ناسیۆنالیستی سربەکان، بە دەسەڵات گەیشت و ململانێی ئەتنیکیی نێوان سربەکان، کرۆواتەکان و ئاڵبانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەند. ئەو هاوکات لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژییەکانی نێوان ئەتنیکە جۆراوجۆرەکان لە یوگوسلاڤیای پێشوو، بە بەکارهێنانی پۆلیسی نهێنی و هێزی سەربازی بۆ سەرکوتی دژبەران، رژێمەکەی خۆی بەهێز کرد.
لە حەڤدەی نۆڤەمبەری ١٩٦٦، لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکان و شارەوانییەکاندا، میلۆسۆڤیچ بەشێوەیەکی قورس شکستی هێنا و هاوپەیمانیی دژبەران (ژاژدنۆ) لە شارەوانی سی و دوو شار، بۆ نموونە بێلگراد سەرکەوتنی دەستەبەر کرد. میلۆسۆڤیچ کە چەندین ساڵ بوو دەسەڵاتەکەی خۆی بەهێز دەکرد، ئامادە نەبوو دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان قەبووڵ بکات و بە بیانووی ئاڵۆزی و بشێوی، ئاکامی هەڵبژاردنەکانی هەڵوەشاندەوە.
هەزاران سربیایی کە لە فێڵبازییەکانی هەڵبژاردن تووڕە بوون، لە بێلگراد و شارەکانی دیکە بۆ نیشاندانی ناڕەزایی لەدژی نادادپەروەریی سیاسی، هاتنە سەر شەقام. خوێندکارانی زانکۆی بێلگراد، لە پایتەخت رێپێوانیان کرد و ناڕەزاییەکان بەخێرایی گوازراونەوە بۆ شارەکانی دیکە و خۆپیشاندانێکی گەرورەی خەڵکی، لە سێ مانگی داهاتوو و بە رێبەرایەتی خوێندکاران و رێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن (ژاژدنۆ) بەڕێوە چوو. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زەختیان خستە سەر میلۆسۆڤیچ بۆ ئەوەی ئاکامی هەڵبژاردنەکان قەبووڵ بکات و دواجار میلۆسۆڤیچ لە فێبریەی ١٩٩٧ـدا رایگەیاند کە براوەکانی هەڵبژاردن دەتوانن کۆنتڕۆڵی شارەوانییەکان بەدەستەوە بگرن.
سەرەڕای شکست هێنان لە بەرەی ناوخۆیی و سنووردارێتی دوو خولی سەرۆکایەتی بەپێی یاسای بنەڕەتی، میلۆسۆڤیچ لە ٢٣ـی ژولای ١٩٩٧، وەکوو سەرۆک‌کۆماری فیدڕاڵی یوگوسلاڤیا (کە سربیا و مۆنتێنێگرۆی لەخۆ دەگرت) هەڵبژێردرا. پاش ساڵی ١٩٩٨، پەرلەمانی سربیا دوو یاسای پەسەند کرد کە بەپێی ئەم یاسایانە، میدیا سەربەخۆکان و ئازادییەکانی ناو زانکۆ سنووردار کرانەوە.
لە ئۆکتۆبەری ١٩٩٨، گروپێک لە خوێندکاران، رێکخستنێکیان بە ناوی ئاتپۆر (بە مانای خۆڕاگری) پێک هێنا. بزووتنەوەیەکی دیموکراتیک کە ئەمانجەکەی، سربیایەکی ئازاد و هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتدارێتیی میلۆسۆڤیچ بوو بۆ ئەوەی بتوانێ هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپی بێت. ئەو جۆرەی «داورین پۆپۆڤیچ»، چالاکیی سیاسیی ئاتپۆر و موسیقاری پاپ باس دەکات: «ئێمە دەمانهەوێ وەکوو کەسانی دیکە بین. کار بکەین و پیشەیەکی شەرافەتمەندانەمان هەبێ. لەجیاتی کەسانی لۆمپەن و نەخوێندەوار، کەسانێکی زیرەک سەرۆکایەتیمان بکەن و لەژێر حوکمڕانیی حکومەتی یاسادا بین».

ئامانج و مەبەستەکان
ئەندامانی ئاتپۆر خاوەن رەنگاڵەیی فکری بوون بەڵام ئامانجێکی هاوبەشیان هەبوو و ئەویش رووخاندنی حکومەتەکەی میلۆسۆڤیچ بوو. هەروها ئامانجی کۆتایی بزووتنەوە، ئازادی و هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە بوو لە وڵاتەکەیان. ئیڤان مارۆڤیچ، یەکێک لە دامەزرێنەتانی بزووتنەوە، دەڵێ: «ئامانجی سەرەتایی، گۆڕینی رژێم بووە و چاکسازییەکان لە سیسیتم، لە قۆناغی دواییدا جێگیر دەبوو». بەڵام گۆڕینی رژێم بۆ گروپێک لە خوێندکاران کە بە بەراورد لەگەڵ هێزەکانی رژێم لە سەرەتادا، کەم و لاواز بوون، ئامانجێکی بەرزەفڕانە بوو. مارۆڤیچ دەڵێ: «ئێمە نەماندەتوانی زەبر و زۆر بەرامبەر بە کەسێک بەکار بێنین کە سێ ئەوەندەی ئێمەی هێز و چەک هەبوو. ئێمە دەمانزانی لە «تیان ئان‌مین» چی روویدا؟ ئەو شوێنەی تانکەکان خوێندکارانیان کرد بە ژێرەوە». زیاد لەوە، «ئاتپۆر» دەیویست رێگەیەکی جیاواز لە رێگە توندوتیژەکەی میلۆسۆڤیچ بگرێتە بەر: کردەوەی ئاشتی‌خوازانە. بزووتنەوە دەیویست بیسەلمێنێت کە «سربییەکان خاوەن شارستانیەتن». کەوابوو ئاتپۆر بڕیاری دا بەشێوەی ناتوندوتیژانە و لە رێگای هەڵبژاردنەوە لەدژی رژێم خەبات بکات و بۆ ئەم مەبەستە، سربیەکانی لە پشت سەری بەربژێرێکی یەکەدا یەکگرتوو کرد بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ میلۆسۆڤیچ. ئاتپۆر کە لەگەڵ شێوازەکانی رژێم ئاشنا بوو، لە دوو ساڵ پێشترەوە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٠ ئامادە کرد. سەرەتا پێویست بوو دژبەرە پرژوبڵاوەکان، لە چوارچێوەی بەربژێرێکی یەکەدا رێک بخات و پاش ئەوەی بەربژێرەکەیان سەرکەوت، خەڵک بۆ پاراستنی ئەم سەرکەوتنە هاودەنگ بکەن. ئەوان گەیشتنە ئەو ئاکامە کە باشترین رێگا بۆ دەستەبەرکردنی ئەم مەبەستە، مانگرتنی گشتییە بۆ ئەوەی رەوڕەوەی وڵات بەتەواوەتی بوەستێت.
ئاتپۆر لە ناو زۆرێک لە بزووتنەوە دیموکراسی‌خوازە ناتوندوتیژەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات کە لە سەردەمی پاش یەکێتیی سۆڤیەتدا سەریان هەڵدا، کواڵیتییەکی تاقانەی هەبوو، بەو واتایەی کە رێبەرێکی فەرمی نەبوو. هەڵبەت گروپێک لە چالاکان هەبوون کە لە دامەزراندن و چالاکییەکانی ئاتپۆردا رۆڵی سەرەکیان هەبوو. بۆ نموونە ئیڤان ئاندریچ، هەڵبژاردنی دروشم و بانگەشەکردنی لە ئەستۆ بوو. پاژاک لیچ، بەرپرسی چاپ و بڵاوکردنەوەی جاڕنامە و گۆڤارەکان بوو و سلۆبۆدان هۆمان، پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجام دەدا. هیچ کەس وەکوو رێبەر دەستنیشان نەکرابوو. بە سەرنجدان بەوەی کە رژێم، هیچ دوودڵییەکی بەنیسبەت تۆقاندن و زیندانی کردنی رێبەرانەوە نەبوو، نەبوونی رێبەرییەکی دیاریکراو لە ئاتپۆردا، ئەم رێکخستنەی لە بەرامبەر گوشارەکاندا خۆڕاگرتر کردبوو. بە گوتەی چالاکێکی ئاتپۆر «بیرۆکەکە ئەوە بوو کە ئەگەر سەری ئەندامێکی ئاتپۆر لێبکەنەوە، پانزە سەری دیکە سەرهەڵدەدەن». زیاد لەوە، ئەم کارە دەبووە هۆی ئەوەی قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئەندامانی ئاتپۆر دروست ببێت. یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئاتپۆر دەڵێ: «ئەوەی وا من دەخرۆشێنێت ئەوەیە کە رێبەرێک بوونی نییە و کەوابوو مەترسی خەیانەتیش لەئارادا نییە».
هەر لە سەرەتاوە، ئاتپۆر پشتگیرییەکی بەرچاوی خەڵکی لەگەڵ بوو و هۆکارەکەشی، بە گوتەی مارۆڤیچ ئەو بوو کە: «خەڵک لە ئێمەدا سربیایان دەبینی و هەر بۆیە خۆشیان دەویستین. ئەگەرچی ئەم لاینگرانە بە هۆی دڵساردی لە شکستەکانی پێشوو بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ میلۆسۆڤیچ، خۆیان لە تێکەڵ بوون بە بزووتنەوەوە دەپاراست. ئاتپۆر پێویستی بەوە بوو کە ئەم کەسانە بۆ بەشداری چالاکانە لە مانگرتنە سەرتاسەرییەکاندا بە قەناعەت بگەیێنێت».
مارۆڤیچ پلانەکانی ئاتپۆر بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی کۆمەڵایەتی بەم جۆرە شرۆڤە دەکات: «ئێمە دەبوو لە رێگای نموونەی تاکەکەسی و سەرکەوتنە بچووکەکانەوە بە خەڵکمان بسەلماندایە کە پێشکەوتن دێتە ئاراوە». ئاتپۆر بە هاوکاری لە ئاستی خۆجێیی و ناوچەییدا بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی ژیانی ئاسایی، بۆ نموونە کەمبوونی کارەبا یان بەرەڕووبوونەوە  لەگەڵ سەرۆک شارەوانەییە گەندەڵەکان، سربیەکان بەقەناعەت گەیاند کە بزووتنەوە دەتوانێ کاریگەر بێت. لە هەموو شتێک گرنگتر ئەو جۆرەی مارۆڤیچ دەڵێ: «خەڵک ئەم کێشە خۆجێییانەیان لە کێشە گشتییەکان کە لەڕاستیدا هۆکارەکەی رژێمەکەی میلۆسۆڤیچ  بوو گرێ دەداوە. کەوابوو کاتێک ئێمە ئەم کێشانەمان دەخستە بەر دەمی خەڵک، چەلنجە گەورەکانی وڵاتیش بەشێوەی ئۆتۆمات دەهاتە بەر چاویان».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 

 





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved