1/9/2021 02:15 PM

بزووتنەوەی ئاتپۆر لەدژی میلۆسۆڤیچ-بەشی دووەم

کەشی مەدەنی
سربیا هاوکات تووشی چوار شەڕ ببوو. مانگی مارسی ١٩٩١، ناتۆ بۆمبارانی سربیای بەهۆی خۆبواردنی میلۆسۆڤیچ لە کشاندنەوەی هێزەکانی لە کۆزۆڤۆ دەست پێکرد و ژمارەیەکی زۆر پەنابەر روویان لە سربیا کرد. ئابووریی سربیا تووشی ئاوسانێکی مێژوویی ببوو و جگە لە دۆخی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی، رژێمەکەی میلۆسۆڤیچ دەستی لە سەرکوت و گەندەڵی نەدەپاراست. بە گوتەی مارۆڤیچ: «حکومەت بەهۆی پێکهێنانی لێزگەکانی مەرگ لەلایەن پۆلیسەوە بۆ تیرۆری دژبەران، تووشی جینایەت ببوو». سەرەڕای ئەم باسانە، رژێمەکەی میلۆسۆڤیچ رژێمێکی تۆتالیتەر نەبوو و تا رادەیەک ئیزنی چالاکی بە هەڵسووڕاوانی سیاسی دەدا و هەر ئەم ئازادییە سنووردارە، دەرەتانی سەرکەوتنی بە ئاتپۆر دەدا.
هەروا کە بزووتنەوەی ئاتپۆر لە ناو خەڵکی سربیادا خۆشەویست دەبوو، میلۆسۆڤیچ چالاکانی بە خیانەت و هەڕەشە دروست کردن لەسەر ئەمنیەتی نەتەوەیی تۆماتبار دەکرد. بەرپرسێکی حکومی، ئەندامە گەنجەکانی ئاتپۆری بە «فاشیست» و دەستوپێوەندەکانی ناتۆ ناوزەد دەکرد. لە ژانویەی ٢٠٠٠، رژێم هێرشی کردە سەر رۆژنامەکان و رادیۆ و تەلەفیزیۆنی داخست و میدیاکانی بە تاوانی رووماڵ کردنی چالاکییەکانی ئاتپۆر لەگەڵ غەرامەیەکی قورس رووبەڕوو کردەوە. لە مانگی مەیی هەمان ساڵدا، کوژرانی یەکێک لە هاوکارانی میلۆسۆڤیچ، بوو بە بیانوویەک بۆ حکومەت بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەرکوتی ئاتپۆر دەست پێبکات. حکومەت ئەم گروپەی بە رێکخراوەیەکی تیرۆریستی لە قەڵەم دا و پۆلیس دەستی کرد بە دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە. پۆلیس هەزاران کەسی بە هۆی پۆشینی کراسی ئاتپۆرەوە دەزگیر کرد و هێرشی کردە سەر نووسینگەکانی ئاتپۆر و دەستی بەسەر پۆستێر و پلاکارد و کەرەستەکانی دیکەی ئەم بزووتنەوەیەدا گرت.
سەرەڕای هەوڵی رژێم بۆ خنکاندنی دەنگی دژبەران، ئاتپۆر بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەرکوت، «پلانی ب»ێی جێبەجێ کرد. یەکەم هەنگاو، کۆنتڕۆڵی ترس بوو. بەو واتایەی کە چالاکانی ئامادە دەکرد کە لە ئەگەری دەزگیر بووندا، دەبێ چاوەڕێی چ شتێک بکەن. هەنگاوی دواتر پلان‌داڕشتنی درێژخایەن بۆ جێبەجێ کردنی شێوازە ناتوندوتیژەکان بوو. لە هەر کام لە خۆپیشاندانەکاندا، کەسانێک بەرپرسایەتی ئەوەیان هەبوو کە چاوەدێری دۆخەکە بکەن و لە ئەگەری دەزگیربوونی ئەنداماندا، هۆشداری بداتە چالاکان و ئاگاداریان بکاتەوە. کاردانەوەی ئاتپۆر بۆ هەر چەشنە دەزگیر کرانێک ئەوە بوو کە بەخێرایی تیمەکانی خۆی رێکدەخست. تیمی رۆژنامەوانی، میدیا خۆجێیی، رێکخراوە ناحکومییەکان، حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بە تایبەت پارێزەرەکانی ئاگادار دەکردەوە بۆ ئەوەی یەکەم کەسانێک بن بۆ ئەوەی سەردانی بنکەکانی پۆلیس کە خۆپیشاندەران لەوێ دەستبەسەر کرابوون، بکەن.
دواجار ئاتپۆر داوای لە لاینگرانی خۆی دەکرد لە بەر دەم ئەو زیندانانەی کە ئەندامانی ئاتپۆر لەوێ زیندانی کرابوون، کۆ ببنەوە. ئەم کۆبوونەوانە ئامرازێکی باش بوو بۆ ئەوەی زەخت بخەنە سەر حکومەت. کۆبوونەوەی چالاکان لە بەردەم زیندانەکاندا، ئاشتی‌خوازانە و شاد بوو بۆ ئەوەی گوڕوتینی کۆبوونەوەکە رابگرن گوێیان لە مۆزیک دەگرت یان یاریی باسکەیان دەکرد.
ئەو جۆرەی یەکێک لە چالاکانی ئاتپۆر دەڵێ: «رێبواران بەم دۆخە پێدەکەنین و پۆلیس تووڕە دەبوو. بەڵام چیان پێدەکردا؟ دەستبەسەرکردنی کەسانێک کە لە سەر شوستەکان وەستاون و گوێ لە مۆزیک دەگرن، کارێکی ئاسان نەبوو. پۆلیس کە لەلایەکەوە لەگەڵ بەدواداچوونی پێداگرانەی پارێزەرانی مافی مرۆڤ بەرەوڕوو بوو و لەلایەکی دیکەوە لە ژێر گوشاری کۆبوونەوە گشتیەکان و میدیاکاندا بوو، ناچار دەبوو ئەو چالاکانەی کە بێ تاوان زیندانی کرابوون ئازاد بکات. پاش ئازادی، چالاکان بەیاننامەیان بڵاو دەکردەوە و لەودا، گوتەی بەناوبانگی «جۆرج لوئیس برجس»ـیان دەخستە بەرباس: «توندوتیژی دوایین سەنگەری لاوازەکاانە». ئەم بەیاننامەیە ئەم پەیامەی لەخۆ دەگرت: «رژێم لەسەر دوایین کۆڵەکەکانی خۆی وەستاوە و هۆکارەکەشی زۆر سادەیە: رووی لە سەرکوت کردووە».
کۆمیدی یەکێک لە کاردانەوە کلیلییەکانی ئاتپۆر بوو لەبەرامبەر رژێمدا. بۆ نموونە بۆ هەجو و پووچەڵکردنەوەی پرۆپاگانداکانی رژێم، چالاکان، تی‌شێرت‌گەلێکیان لەبەر دەکرد کە دەستەواژەی «ئاتپۆری تیرۆریست»ـی لەسەر نووسرابوو. بەپێی راپۆرتی «سردیا پۆپۆڤیچ»، یەکێک لە چالاکانی ئەم گروپە، ئاتپۆر لەناو خەڵکدا زۆر خۆشەویست بوو چونکە: «من گاڵتە دەکەم ئێوە تووڕە دەبن. من قەشمەری دەکەم ئێوە لێم دەدەن و دەستبەسەرم دەکەن. لەم یارییەدا ئێوە هەمیشە دۆڕاون. چونکە ئێوە تەنها یەک کار دەزانن بەڵام من هەموو رۆژێک فشە و گاڵتەیەکی نوێم بۆ بەردەنگانم هەیە«.
هەر بۆیە سەرکوتەکان دەرئەنجامی پێچەوانەی هەبوو و بزووتنەوەی ئاتپۆری وەکوو «ستەملێکراوی نەتەوەیی ژمارە یەک» ناساند و هاوخەمیی گشتی بەنیسبەت بزووتنەوەکە بەربڵاوتر بووەوە. چونکە ئەوان لەسەر ئەو باوەڕە بوون سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی گەنجان بەهۆی گاڵتە و چالاکیی ئاشتی‌خوازانەوە بێ‌مانایە. هاوخەمیە گشتییەکە وەها بەربڵاو بووەوە کە تەنانەت بووە هۆی جیابوونەوی هەندێک لە لاینگرانی میلۆسۆڤیچ و تێکەڵ بوونیان بە ئاتپۆر و بەم جۆرە، کۆمەڵێک دژبەر تەنانەت لە ئاڵقەی لاینگرانی میلۆسۆڤیچدا دەرکەوتن.

پەیام و بەردەنگ

ئاتپۆر، پەیامە سادەکەی خۆی بۆ خۆڕاگری لە رێگای لۆگۆکەی خۆیەوە کە مشتێکی سپی و رەش بووە خستە ناو خەڵکەوە. ئەم هێمایە لە دار و دیواری زۆرینەی شارەکانی وڵات درابوو.
بزووتنەوە دەیویست خەڵک بەقەناعەت بگەیێنێت کە ئەوانیش لە رووخانی رژێمدا رۆڵیان هەیە و دروشمەکان بە جۆرێک داڕێژرابوون کە بۆ سربەکان پاڵنەر بێ، دروشم‌گەلێکی وەکوو «خۆڕاگری، چونکە سربیام خۆش دەوێت» و «خۆڕاگری تا سەرکەوتن» و بۆ ئەوەی گەشەی دەسەڵاتی بزووتنەوە بخاتە روو «هەموو وڵات دەتەنێتەوە» و یان «خەڵک ئاتپۆرن». ئاتپۆر کەڵکی لە دیوارنووسین، پۆستێر، جاڕنامە و شتی لەم چەشنە وەردەگرت بۆ دروشمەکان هەمیشە لۆگۆی مشتی رەش و سپیان لەگەڵدا بوو بۆ ئەوەی شەرعیەت بە هێماکەی خۆی بدات و لەناو خەڵکدا جێی بۆ بکاتەوە. پەرەسەندنی دروشمەکان و لۆگۆی ئاتپۆر، رژێمی تووڕە دەکرد. چالاکێکی سیاسی کە هێمای مشتی رەش و سپی لەسەر دیواری بنکەیەکی پۆلیس کێشابووەوە، تێدەگا کە رۆژی دوایی پۆلیسەکان وێنەیان لەم هێمایە گرتووە و ماوەیەکی زۆر تاقی دەکەنەوە. «من ئاگام لە ترسەکەی ئەوان بوو و هەستم کرد ئەم کارە بچووکە، ترسێکی خستووەتە ناو دڵیان کە بە توندوتیژی نەدەکرا».
هاوکات کە چالاکییەکانی ئاتپۆر بەربڵاوتر دەبووەوە، نیگەرانی لە داهاتووی سربیا بوو بە نیگەرانی خودی رژێم. لە زەینی پۆلیس و سوپادا، ئەم گومانە هاتە ئاراوە کە میلۆسۆڤیچ تا کەی دەتوانێ درێژە بەم دۆخە بدات. یەکێک لە رێبەرانی بزووتنەوە دەڵێ: «ئێمە دەمانزانی میلۆسۆڤیچ بەبێ  پشتگیریی پۆلیس ناتوانێ خۆی رابگرێت. ئێمە دەمانزانی ئەگەر بتوانین لەسەر پۆلیس و سوپا کاریگەر بین و ئەوان ناچار بکەین بەخۆیاندا بچنەوە، میلۆسۆڤیچ لەم دۆخە دەرباز نابێت». هەر چەندە تۆمەتەکانی رژێم بەنیسبەت ئاتپۆر گەورەتر دەبووەوە و کەسانێکی زیاتر دەستبەسەر دەکران، ئاتپۆر دەرفەتێکی زیاتری دەستەبەر دەکرد بۆ ئەوەی پارادۆکسەکان و ئیدعا بێ‌بنەماکانی رژێم لەقاو بدات و هەقیقەت بۆ پۆلیس روون بکاتەوە. بە بۆچوونی چالاکان، بەم شێوەیە «پۆلیس دوژمنی دەناسی و تێدەگەیشت دوژمنان، کۆمەڵێک گەنجن کە دەیانهەوێ بە شێوازێکی ئاشتی‌خوازانە، رژێم بگۆڕن و وڵاتەکەیان لە دەست ئەم رژێمە نادیموکراتیکە رزگار بکەن».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved