2/9/2021 03:43 PM

بزووتنەوەی ئاتپۆر لەدژی میلۆسۆڤیچ-بەشی کۆتایی

لە قۆنا‌غە کۆتاییەکانی خەباتدا، تەنانەت هەندێک لە ئەفسەرانی پۆلیس، هێمای ئاتپۆریان لە ئۆتۆمبێلەکانیان دابوو و بەرپرسێکی باڵای پۆلیس بە یەکێک لە رێبەرانی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی گوتبوو: «تکایە بەخێرایی میلۆسۆڤیچ لەناو ببەن. هێڵنجم پێی دێ». هاوکات لەگەڵ ئەوە. شاراەوانییە خۆجێییەکان لەگەڵ پۆلیس و سوپا بڕیاریان دابوو نە سەرپێچی لە فەرمانەکان بکەین و نە جێبەجێشیان بکەن. بەو واتایەی کاتێک میلۆسۆڤیچ فەرمانی جێبەجێ کردنی ئۆپەراسیۆنەکان دەدات وڵامی ئەرێنی پێ بدەنەوە بەڵام لە کردەوەدا هیچ کارێک ئەنجام نەدەن.
ئاتپۆر، خۆپیشاندانێکی گشتیی گەورەی رێک خست. لەگەڵ ئەوەشدا داخستنی پۆلەکان، بەڕێوەبردنی مۆسیقای راک و رێپێوانی دوور و درێژ هەر لە بێلگرادەوە تا نۆی ساد بە درێژایی ٨٠ کیلۆمەتر، هاتە ئاراوە. لە ١٣ـی ژانویەی ٢٠٠٠، شەوی ساڵی نوێی کڵێسای ئۆرتۆدۆکس، ئاتپۆر کۆبوونەوەیەکی گەورەی لە بێلگراد رێکخست کە لەودا مۆسیقای راک پێشکەش کرا و لە نیوەشەودا لەجیاتی جەژن و هەڵپەڕکێ، ئەوان دەستیان کرد بە نیشاندانی ئەو سربیانەی لە سەردەمی میلۆسۆڤیچدا کوژرابوون و دواجار خەڵکەکەیان بەم پەیامە رەوانەی ماڵەوە کرد: «ئەمساڵ ساڵێکە کە ژیان لە سربیا سەردەکەوێت».
لە سیپتامبەری هەمان ساڵدا، میلۆسۆڤیچ خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو بۆ ئەوەی بتوانێ شەرعیەتە لەدەستچووەکەی دەستەبەر بکاتەوە. ئاتپۆر خەباتە ستراتژییەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان دەست پێکرد. ئاتپۆر بۆ ئەم رووبەڕووبوونەوەیە ئامادە بوو و ساڵێکی تەواو بۆ یەکگرتوویی ئۆپۆزیسیۆن هەوڵی دابوو و توانی بە ئاسانی ئەندامانی خۆی و حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە پشت سەری بەربژێرێک (ڤوچیسلاو کۆستۆنیکا) کۆ بکاتەوە و پاشان دو ملیۆن راگەیەنراوی بە دروشمی سەرەکیی «کاری تەواوە» لە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاو کردەوە و ئەم پەیامەی بۆ خەڵک نارد: «ئێمە دەمانهەوێ بەر لەوەی دەنگ بدەن لە مناڵەکانتان بپرسن دەنگ بە کێ بدەین؟ ئەوەی مناڵەکانتان گوتیان هەر ئەوە ئەنجام بدەن».
لە سەردەمی هەڵبژاردەنەکاندا، ئاتپۆر، کەمپینی «چوونە دەر بۆ دەنگدان»ـی رێکخست و ناوی ناو «کاتی ئەوەیە». بزووتنەوە، هەزاران گەنجی لەڕێگای بەڕێوەبردنی کۆنسێرت لە سەرتاسەری وڵات و پشتگیریی هونەرمەندانی ناسراو لە بەربژێرەکانی خۆی، راکێشی ناوەندەکانی دەنگدان کرد. دواجار بە گوتەی یەکێک لە چالاکانی بزووتنەوە «هەمووان هەستیان دەکرد پەیامی «کاری تەواوە» پەیامێکی راستەقینەیە و بەڕاستی روو دەدات».
ئاتپۆر بە پشتیوانیی ماڵیی ئەمریکا، ٣٠هەزار چاوەدێری هەڵبژاردنی راهێنا و لە ٢٤ـی سیپتامبەری ٢٠٠٠، رەوانەی ناوەندەکانی دەنگدانی کردن بۆ ئەوەی رێگری لە دزینی دەنگەکان لەلایەن رژێمەوە بکەن و بەدواداچوون بۆ ئاکامی هەڵبژاردنەکان بکەن. ئاکامی سەرەتایی دەنگدانەکە سەرکەوتنی کۆستۆنیکای دەردەخست و دوو رۆژ دواتر میلۆسۆڤیچ قەبووڵی کرد پلەی دووەمی هەڵبژاردنەکەی بەدەست هێناوە و خوازیاری بەڕێوەچوونی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکان بوو. ناڕازیان لە بێلگراد بە وەدەنگ هێنانی شەقشەی مناڵان، گاڵتەیان بە قەبووڵ نەکردنی شکست لەلایەن میلۆسۆڤیچەوە کرد و دواجار ئاتپۆر ئەوە پلانەی راگەیاند کەوا چەندین مانگ بوو دایڕشتبوو: مانگرتنی گشتی لە ٢ـی ئۆکتۆبەردا. خەڵک پرد و رێگەوبانەکانیان داخست، خوێندکاران پۆلەکانیان بایکۆت کرد و دەیان هەزار کرێکاری کانگا و کرێکارانی کارگەی قوماش تێکەڵ بە مانگرتنەکە بوون. پۆلیس لە پەڕاوێزدا وەستابوو و هیچ کارێکی ئەنجام نەدەدا. مارۆڤیچ دەڵێ: «لە ماوەی ١٠ رۆژدا، مانگرتنی گشتی سەرتاسەری وڵاتی تەنیەوە و ئیفلیجی کرد. کەس کاری نەدەکرد. رێگەوبانەکان داخرابوون و کۆمپانیا گەورەکان وەستابوون و رژێم نەیدەتوانی هیچ کارێک بکات». لە پێنجی ئۆکتۆبەردا، دووسەد هەزار کەس، بە ئۆتۆمبێل، پاس و شۆڤڵ هاتنە ناو بێلگرادەوە و هاواریان دەکرد «سلۆبۆدان خۆت بکوژە و سربیا رزگار بکە» بەڵام هیچ کس رووی لە توندوتیژی نەکرد. پۆپۆڤیچ دەڵێ «ئێمە خەڵکمان فێر کردبوو هێرش نەکەنە سەر پۆلیس و توندوتیژی نەنوێنن و رێک و پێک بن» هەر ئەو جۆرەی گاندی دەڵێ: «ئێوە دەبێ ئەوەندە راهێنان بە لەشگرێکی ناتوندوتیژ بکەن کە پێویستی بە شەڕ نەبێت».

چالاکییە بەربڵاوەکان
حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە سربیا، بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی درێژخایەن لەگەڵ یەکتری لاواز ببوون. مارۆڤیچ دەڵێ «تەنها خاڵی هاوبەشی ئەوان ئەوە بوو کە هەموویان دەیانویست دەسەڵات بەدەستەوە بگرن.». چەلەنجی گەورەی ئاتپۆر ئەوە بوو لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٠، یەکگرتوو بکات. ئەوان لەجیاتی بەکارهێنانی شێوازە کۆنەکان کە رێبەرەکانیان لە دەوری یەک کۆ دەکردەوە بۆ ئەوەی ئامانجێکی هاوبەش بدۆزنەوە، سەرەتا ئەندامانی ئاتپۆر، بڕیاریان دا لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش یەک بگرن و ئەویش دەست لەکارکێشانەوەی میلۆسۆڤیچ بوو. پاشان شێوازەکانی گەیشین بەم ئامانجەیان هەڵبژارد، «مانگرتنی گشتی و سەرپێچیی مەدەنی لەدژی فێڵبازییەکانی هەڵبژاردن». دواتر لەگەڵ گروپەکانی دیکە پێوەندیان گرت و بەقەناعەتیان گەیاندن پشتگیری لەم شێوازانە بکەن. «وردە وردە توانیمان پشتگیریی گروپە پێوەندیدارەکان بۆ ئەم پلانە رابکێشین».
لە ئاڤریلی ٢٠٠دا، رێبەرانی دوو گروپی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٧ـەوە، لەگەڵ یەک دەرکەوتن و مانگی دوایی، هەژدە حزبی ئۆپۆزیسیۆن یەکیان گرت و هاوپەیمانی «ئۆپۆزیسیۆنی دیموکراتیکی سربیا»ـیان پێک هێنا. لەم کاتەدا ئاتپۆر لەگەڵ سەندیکا کرێکاریی و رێکخراوە خۆجێی و شارەوانییەکانیش پێوەندی گرت بۆ ئەوەی خۆیان بۆ مانگرتنی گشتی ئامادە بکەن.
لە رۆژی هەڵبژاردنەکاندا، ئۆپۆزیسیۆنی سربیا یەکگرتوو و ئامادەی مانگرتن بوو. مارۆڤیچ دەڵێ «گرنگ ئەوە بوو زۆرینەی خەڵک، چالاکانە لەم ئاکسیۆنەدا بەشداریان بکردایە و هەر بۆیە زۆر کاریگەر بوو».
لە یەکەمی ئاڤریلی ٢٠٠١، میلۆسۆڤیچ دەستبەسەر کرا و ساڵی دوایی دادگایی کردنی ئەو بە تاوانی جینایەت جەنگی لە لاهە دەستی پێکرد. میلۆسۆڤیچ ١١ـی مارسی ٢٠٠٦ لە زیندان مرد و دادگایی کردنەکەی کۆتایی نەهات و کەوابوو دوایین حوکم لەبارەی ئەوەوە دەرنەچوو. ئەگەرچی سربیا ئێشتاش بەدەست گەندەڵیەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئێسا وڵاتێکی دیموکراتە و هەڵبژاردنی ئازادی تێدا بەڕێوە دەچێت و ئەوە هەمان شتە کە دامەزرێنەرانی ئاتپۆر دەیانویست.
پۆپۆڤیچ دەڵێ: «میلۆسۆڤیچ و رژێمەکەی بە بڵاکردنەوەی تۆوی قین و پرۆپاگاندای خۆیان، ببوون بە وتاربێژی مەرگ. ئێمە سەرکەوتین چونکە ژیانمان زیاتر خۆش دەویست. ئێمە بڕیارمان دا ژیانمان خۆش بوێت. ئەوەی ئاتپۆر ئەنجامی دا ئەوە بوو و بەم هۆیەشەوە سەرکەوت».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved