4/9/2021 02:27 PM

بزووتنەوەی ژنانی سپی‌پۆش

روانگە و پاڵنەر
حکومەتی کووبا لە مارسی ٢٠٠٣ و لە ماوەی سێ رۆژدا ، حەفتا و پێنج دژبەری سیاسی دەستبەسەر کرد. زۆرینەی ئەم کەسانە، رۆژنامەنووس، چالاکی مافی مرۆڤ و کتێبەوان بوون. زۆرینەی دەستبەسەرکراوان سەبارەت بە ژیان لە کووبا هەندێک راپۆرتیان ئامادە کردبوو و ناردبوویان بۆ میدیا نێودەڵەتیەکان. رژێمی کووبا لە سەرنجدانی بەردەوامی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەم راپۆرتانە ترسابوو. حکومەت بە هۆی ترسی لەدەستچوونی توانایی کۆنتڕۆڵی خەڵک، بڕیاری دا ئەم کەسانە سەرکوت بکات. ئەم سەرکوتە دواتر ناوی نرا «بەهاری رەش». کاسترۆ بۆ شەرعیەتدان بەم سەرکوتە، دژبەرانی تۆماتبار کرد بە وەرگرتنی یارمەتیی ماڵی لە ئەمریکا بۆ شێواندنی دۆخی سیاسیی وڵات.
دژبەران لە دادگایی کردنێکی یەک رۆژەدا حوکم دران و سزای زیندانی ٦ بۆ ٢٨ ساڵیان بۆ دەرچوو. ئەم کەسانە لە ماوەی زینداندا، لەگەڵ کۆمەڵێک ئازاری جەستەیی بەرەوڕوو بوونەنەوە، بۆ نموونە: پێدانی ئاو و خۆراکی تێکەڵ بە پیسایی و کرد و بێ‌بەشبوون لە خزمەتگوزاریی تەندروستی.
گروپێک لە ژنان کە بە «ژنانی سپی‌پۆش» بەناوبانگ بوون، بڕیاریان دا دژایەتی خۆیان لەگەڵ ئەم سەرکوتە کە لە مێژووی ئەم دواییانەی کووبادا کەم وێنە بوو، ئاشکرا بکەن. ژنانی سپی‌پۆش وەکوو گرووپێک لە دایکان، خوشکان و خزمانی زیندانیان، کارەکەی خۆیان دەست پێکرد و هیوادار بوون بتوانن خۆشەویستانی خۆیان لە زیندان ئازاد بکەن.

ئامانج و مەبەستەکان
میریام لیوا، یەکێک لە ئەندامانی ژنانی سپی‌پۆش دەڵێ: «ئێمە تەنیا یەک ئامانجی مرۆڤدۆستانەمان هەبوو؛ ئازادبوونی زیندانیانی مارسی ٢٠٠٣».
ژنانی سپی‌پۆش لە یەکەم کاردانەوەی خۆیان بەنیسبەت سەرکوتەکانی بەهاری رەش، خوازیاری ئازادبوونی ئەندامانی بنەماڵە و خۆشەویستانی خۆیان بوون. ئەوان هیوادار بوون ئەم خواستەی خۆیان بە رێکخستنی خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە کە دوو هەفتە پاش ئەم سەرکوتانە دەستی پێکرد، بهێننە دی. ئامانجی سەرەتایی گروپەکە، ئازادکرانی ٧٥ زیندانی سیاسی بوو، بەڵام بەرپرسایەتیی گشتیی ژنانی سپی‌پۆش پەرەی سەند. کۆمەڵێک ژنی دیکەش کە راستەوخۆ لەژێر کاریگەریی سەرکوتەکانی بەهاری رەشدا نەبوون بەڵام دژی تاکتیک‌گەلی سەرکوتکارانەی حکومەتی کووبا بوون، تێکەڵ بەم گروپە بوون.
لارا پۆلان، یەکێک لە ئەندامانی ژنانی سپی‌پۆش دەڵێ: «من خەباتەکەم لە سەرەتادا بۆ هاوسەرەکەم دەست پێکرد و لەدواییدا بۆ گروپ و ئێستا بۆ هاتنە ئارای کۆمەڵگایەکی باشتر». «ئێمە کۆمەڵێک تواناییمان لە خۆماندا دۆزیەوە کە پێشتر لێی بێ‌ئاگا بوویین».

رێبەری
چلاکای ژنانی سپی‌پۆش بە بانگهێشت کردنی ئەو ژنانەی خزمی دەستبەسەرکراوان بوون لەلایەن بلانکا رێیس و لارا پۆلانەوە دەستی پێکرد. ئەوان لە ماوەی سێ هەفتەدا توانیان ٣٠ ژن کۆدەنگ بکەن؛ ژنانێک کە لەو کاتەوە تا ئێستا بێدەنگ نەبوون. ئاڵقەی رێبەریی ژنانی سپی‌پۆش جگە لە رێیس و پۆلان بریتی بوون لە: میریام لیوا، هاوسەری سپینۆزا چێپێ؛ بێرتا سۆلەر، هاوسەری ئانجێل مویا ئاکۆستا؛ لۆیدا والدێس، هاوسەری ئالفرێدۆ فلیپە فۆئێنتێس و خۆلیا نوێنس، هاوسەری ئادۆلفۆ فێرناندز سینز.

کەشی مەدەنی
حکومەتەکەی کاسترۆ لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی حکومەتی کۆمۆنیستی لە ١٩٥٩ـدا، بەناوبانگە بە دەستبەسەرکردن، زیندانی و لەسێدارەدان. ئەم حکومەتە لە ١٩٩٩دا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵۆزی، کۆمەڵێک یاسای قورسی پەسەند کرد؛ چالاکییەکی وەکوو هاوردە کردنی دەق‌گەلێکی پێوەندیدار بە دیموکراسی لە سەرچاوە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکانەوە دەیتوانی سزای تا بیست ساڵ زیندانی لێ بکەوێتەوە. جگە لە سنووردارێتیی یاسایی بۆ خەڵکی کووبا بۆ ئازادیی رادەربڕین و بڵاوکردنەوەی زانیاری، رژێم هەوڵ دەدا کەسایەتییە دژبەرەکان بە ناوزڕاندنیان وەکوو کەسانێک کە دەستوپێوەندی ئەمریکان، لاواز بکات و متمانەیان لێ بسێنێت. کاسترۆ دوای سەرکوتەکانی بەهاری رەش، بەهیوا بوو چاپەمەنیی ئازاد لەناو ببات؛ بەڵام سەرکوت بووە هۆی بەرزبوونەوەی پلە و پایەی رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ. سەرکوتەکانی کاسترۆ، بووە کاتالیزۆرێک بۆ نووسەرانی دژبەر. زۆرینەی خەڵکی کووبا بەبێ دەست راگەیشتن بە ئینتەرنێت، چیرۆک و بەسەرهاتەکانی خۆیان بە شێوەی دەستنووس لەسەر کۆمپیتەری کۆنسوولخانە جۆراوجۆرەکان تایپ دەکرد.
ئەگەرچی چالاکییەکانی ژنانی سپی‌پۆش لە کەشی داخراوی سیاسی کووبادا خۆپارێزانە بوو، بەڵام لەگەڵ رێگرییەکی زۆری حکومەت رووبەڕوو بووەوە. حکومەت ئەوانی بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا بە مەبەستی رووخاندنی رژێمی سوشیالیستی کووبا تۆمەتبار دەکرد و هەوڵی دەدا دەستبەسەریان بکات. بە گوتەی یەکێک لە بەرپرسانی حکومەتی کووبا: « ژنانی سپی‌پۆش لەلایەن ئەربابە یانکییەکانی خۆیانەوە ورووژێندراون».
حکومەتی کووبا بە چڕی میدیاکان کۆنتڕۆڵ دەکات و لەم رێگەیەوە وێنەی ئاراستەکراوی ژنانی سپی‌پۆش بەلارێدا دەبات. لە ئاڤریلی ٢٠٠٨ چەند کەس لە ئەندامانی ژنانی سپی‌پۆش، مانگرتنێکیان بەڕێوە برد و بەم هۆیەوە کەوتنە بەر شەپۆلی سووکایەتی ١٠٠ کەس لە لاینگرانی حکومەت. پۆلیس، بە زۆری ژنەکانی سواری پاس کرد و لەو گەڕەکە دووری خستنەوە. تەلەفیزیۆنی حکومەت لەجیاتی پیشاندانی دەرکردنی زۆرەملی ژنان، بەشێکی هەڵبژێردراوی گفتوگۆی ژنانی سپی‌پۆش لەگەڵ ئێلنا راس لێتینن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکای بڵاو کردەوە. گفتوگۆی ئەم ژنەی ئەندامی گۆنگرێسی ئەمریکا هیچ پێوەندییەکی بەم مانگرتنەوە نەبوو و تەنها بۆ دەربڕینی هاودەنگی ئەو لەگەڵ ژنانی سپی‌پۆش بوو. بەم حاڵەوە حکومەتی کووبا گفتوگۆ تەلەفوونییەکانی تۆمار کرد و لە بەشی هەواڵی تەلەفیزیۆندا بڵاوی کردبووەوە بۆ ئەوەی ئیدعاکانی خۆی سەبارەت بە ژنانی سپی‌پۆش، کە ئەوان گروپێکی سیاسی «دژە شۆڕش»ـن لە جلوبەرگێکی دیکەدا و لەلایەن ئەمریکاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن، بسەلمێنێت. یەکێک لە خۆپیشاندەران دەیگوت: «ئەم چیرۆکە نمایشێکی گاڵتەجاڕانەیە و حکومەت خەریکە دەست لە زانیارییەکان وەردەدا. حکومەت وێنەی پێوەندیدار بە راکێشانی ئێمە بۆ ئەم بەر و ئەو بەر و بەرشەقدانی ئێمەی نیشان نەدا».

پەیام و بەردەنگ

ئەو ژنانەی سەراپا سپی‌پۆشن هەموو یەکشەممەیەک کۆ دەبوونەوە و پاشان لە بێدەنگیدا، شەقامی پێنجەمی هاوانایان دەپێوا. هەر کامەشیان گۆڵێکیان بەدەستەوە بوو و کراسێکیان لەبەر دەکرد کە وێنەی زیندانیەکانی لەسەر بوو. ئەوان بەم خۆپیشاندانە، هیوادارن ئاگایی بەنیسبەت سەرکوتەکانی بەهاری رەش زیاد بکەن و بە حکومەت رابگەیێن کە خۆشەویستانی خۆیان لە یادە.
شێوازی ئاشتیانەی ژنانی سپی‌پۆش، لەوانەیە کلیلی سەرکەوتنی ئەوان بێت. هەندێک لەسەر ئەو باوەڕەن ئەگەر ئەوان خۆپیشاندانەکانی خۆیان بە شێوەی ئاشتیانە بەڕێوە نەبردایە، بزووتنەوەکەیان بەخێرایی لەناو دەچوو. میریام لیوا یەکێک لە خۆپیشاندەران دەڵێ: «من لام وایە بەم هۆیەیە کە ئێمە لە کۆمەڵگای کووبادا جێگەمان هەیە و حکومەت دەبێ پیاسەکردنەکانی ئێمە لە شەقامەکان بۆ راگەیاندنی داواکارییەکانمان قەبووڵ بکات. ئەوە یەکەم جارە حکومەتی کووبا ئەم راستیەی قەبووڵ کردووە کە کەسێک مافی ئەوەی هەیە بێتە دەرەوە و لە کەشی گشتیدا قسەی خۆی بکات». ئەوان هەروەها چەندین نامەیان بۆ حکومەتی کووبا نووسی و خوازیاری ئازادکرانی زیندانیان بوون و داوای پشتگیریان لە دەوڵەتە بیانیەکان کردووە. تا ئێستا، ٢٢ کەس لە دەستبەسەرکراونی بەهاری رەش، ئازاد کراون و ژنانی سپی‌پۆش خەباتی خۆیان بۆ ئازادکرنی ئەو ٥٣ زیندانیەی دیکە درێژە دەدەن.

چالاکییە بەربڵاوەکان
ژنانی سپی‌پۆش بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی یان راکێشانی ناڕازیانی دیکە بۆ گروپەکەی خۆیان، هیچ کارێکیان ئەنجام نەداوە بەڵام کردەکانی ئەوان بووەتە ئیلهام‌بەخشی کەسانی دیکە بۆ بەشدارری ئەم بزووتنەوەیەدا. ژنان لە پارێزگانی دیکەوە، سپی‌پۆشینیان دەست پێکردووە و خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەدژی سزادانی نادادپەرەوەرانەی ئەندامانی خێزانەکەیان بەڕێوە دەبەن. بەپێی راپۆرتەکان، هەندێک جار نزیکەی ١٠٠ ژن تێکەڵ بە خۆپیشاندەران بوون.
ژنانی سپی‌پۆش جگە لە گفتوگۆ لەگەڵ ژنانی سیاسەتمەداری ئەمریکی بۆ نموونە ئیلێنا لێتینن لە پشتگیریان دەکات، لەگەڵ مایک پارملی، سەرۆکی نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندەییەکانی ئەمریکا لە هاوانا دیداریان کردووە. پۆلان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بەشێک لە زیندانیان بەهۆی زەختە نێودەوڵەتییەکانەوە ئازاد کراون. ئەوان دەڵێن رزگاربوونی ئەوان «نەک نمایشی مرۆڤدۆسیئ حکومەت بەڵکوو جۆرێک دانوستانە بۆ راکێشانی یارمەتییەکانی ئەوروپا و بەتایبەت ئیسپانیا»/ ژنانی سپی‌پۆش بەهۆی هەوڵەکانیان لە ٢٠٠٥دا خەڵاتی ساخارۆفیان پێبەخشرا.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved