12/9/2021 02:40 PM

وێرانە سروشت

    پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

پێكهاتەی سروشت هەرچی بێت ولەهەر كوێیەك بێت پێكهاتەیەكی هەرە پیرۆزی تاكەكانێتی.بەنیشتمانبوونی تاكەكان بەندە بەچەمكی پەیوەستبوونەوە. تا هێزی پەیوەستبوون گەورە ولەگەشەدا بێت ئەوا هێندەی ئەوە وزیاتریش تاكەكان بەرگری لێدەكەن وبەڵكو فیداكارییەكی بێ سنووریشی بۆ دەدەن. هەڵكەوتە سروشتییەكان خوڵقێنەری ڕێژەی بەرگری وفیداكارییەكانە.واتە تا هەڵكەوتەكە چاكتر لەبار بێت ئەوا دوژمنان وداگیركەران زیاتر چاوی تێدەبڕن وبەشێوازی جۆراوجۆر جێگە وتاكەكانی دەچەوسێننەوە ولەكەمترین مافەكان بێبەشیان دەكەن.تاكە پێشەنگەكان,هەندێك جار,لەسەرو دەسەڵاتی سروشتەوە لەهەوڵی گەورەكردن وجوانكردنی سروشتدا دەبن.ئەویش بەدروستكردنی سروشتی دەستكرد وەك چۆن بەشێك لەووڵاتانی كەنداو,بەنموونەی دوبەی وئیمارات,ئەنجامیان داوە وزیاتریش دەینێن.ئەویش بەدروستكردنی ژینگە وسروشتێكی جیاواز بەناوچەكەیان.لەڕێگەی ئەم فۆڕم ودیزاینە سروشتییە نوێیەوە جیهانیان سەرسام كردووە وڕۆژانە چەندین گەشتیاری بێگانە ڕوو دەكەنە ئەو سروشتە نوێیە.ئەمە لەلایەكەوە نیشانەی عەقڵێكی پێشكەوتوخوازانەیە,لەلایەكی تریشەوە سوودێكی ئابووری گەورەشی لێدەبینن.لێرەشەوە پردی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا پتەوتر دەبێت.لەساڵی 1995,كاتێك نووسەر ودەرهێنەری ئینگلیزی وجیهانی كریستۆڤر مۆنگەر فیلمە بەناوبانگەكەی نمایشكرد بەنێوی " ئەو پیاوە ئینگلیزەی كەبەسەر گردەكەدا سەركەوت وبەشاخەكەدا هاتە خوارەوە" گەیشتمە ئەو باوەڕەی كەتاكەكان بەگشتی وپێشەنگەكان بەتایبەتی دەتوانن سروشتی سروشت بگۆڕن لەجوانەوە بەرەو جوانتر وجوانترین.بیرۆكەی فیلمەكە بریتیە لەدروستكردنی گردێك لەدێی پێنتریجی نزیك بەشاری كاردیفی ناوچەی ویڵزی بەریتانیا.دروستكردنی ئەم گردە پێویستیەكی ئیستاتیكی سروشتی بوو كەناوچەكە پێویستی پێی بوو.تێكڕای خەڵكی بەقەشەی دێیەكەشەوە كەوتنە كۆكردنەوەی خاك وخۆڵ وبەرد بەمەبەستی دروستكردنی گردەكە.دوای ماندووبونێكی زەمەنی وجەستەیی گردەكە تەواو بوو كەدواتر بەپێی زانیارییە جوگرافییەكان نازناوی گردەكە گۆڕا بۆ شاخ  بەنێوی" گارس ",كەبەرزییەكەی دەگاتە نزیكەی 307 مەتر. ئێستا ئەم گردە بۆتە شوناس وهێمای ناوچەكە.لەڕێگەی زانیارییەكان وفیلمە ئاماژەپێكراوەكەی سەرەوە ئەم گردە یان ئەم شاخەخۆی بەجیهان ناساند. لەبەرامبەر ئەم هەوڵە نموونەییەدا,لەكوردستان بەگشتی ولەشاری سلێمانی بەتایبەتی پێچەوانەكان,بەشێوەیەكی گشتی, بەدی دەكرێت.سروشت لەجیاتی ئەوەی جوانتر بكرێت بەڵام ئازاری  زیاتری دەدرێت.ئازارەكەش ڕۆدەچێتە نێو ملوێنەها ساڵی دامەزراندنی سروشت لەناوچەكە.بەشێوەیەكی گشتی,جوانییەكانی سلێمانی بەندە بەسروشتەكەیەوە.ڕەنگە ئەم هەڵكەوتەیە هۆكارێكی گرنگ بووبێت كەپاڵی نابێت بە"ئیبراهیم پاشای بابان"ەوە كەناوچەی سلێمانی ئێستا بكات بەپایتەختی دەسەڵاتەكەی.وە  ڕەنگە هەر ئەم هەڵكەوتە سروشتییەش بووبێت كەسلێمانی دوورخستبێتەوە لەچوارچێوەی پایتەختێتی بەتایبەتی لەزەمەنی ڕژێمی بەعسدا  بەوپێیەی هەڵكەوتە سروشتی و خەڵكەكەی جێگەی  مەترسی بوون بۆ ڕژێم. زنجیرە چیای بەرانان وگڵەزەردە وگۆیژە وئەزمڕ وپیرەمەگرون وچەندین گرد وسەرچاوەی ئاو وكانیاو خاوەن مێژوو وشوناس وكەسێتی وهێمای خۆیانن.گەر لەڕێگەی بنەماكانی زەمەنجێگەیی كار لەسەر ئەم جێگەیانە بكەین ئەوا هەر جێگەیەك وچەندین چیرۆك وداستان وئایكۆن وكارنامە كەئەمە پێویستی بەلێكۆینەوەیەكی سەربەخۆی ئەدەبی وفیكرییە ولێرەدا جێگەی نابێتەوە.بەمەش گەر ئەمانە لەشارەكە بسەنینەوە یان بسڕینەوە ئەوا سلێمانی گەورەترین بەها جوانییەكانیخۆی لەدەست دەدات.یان بەلاسەنگی دەمێنێتەوە.هەر لەبەر ئەمەشە سروشتی جوانی سلێمانی مۆتیڤێكی ووزەبەخشە بۆ نووسەران وشاعیران.بۆ نموونە, نالی لەچامەكەی بۆ سالم بەنێو سروشتی شاری سلێمانی دا دەگەڕێت وبەشوێنێكی زۆر پیرۆز سەیریان دەكات.
بێكەس یش لەشیعری "گۆرانی گۆیژە" دا دەڵێت:
  شاخی ڕەنگاو ڕەنگی گۆیژە باعیسی كەیف وسروور
 هەر دەمە بەرگێ دەپۆشێ,گا سپی,گا سەوز وسوور

هەر بێكەس لەزەمەنی خۆیدا ترسی ئەوەی هەبووە كەدوژمنان وداگیركەران هەمیشە تێكدەر وڕووخێنەری نیشتمانی كوردستانن:
 ئەم خاكە پاكە عەینی بەهەشتە حەیفە وابێ
 وێران وسووك وبێ كەس,ئەسیر وبێ نەوا بێ

بەڵام لەهەمان كاتیشدا ئەو هەستەشی لا دروست ببوو كەڕووخان وێرانكردنەكە تەنها خۆیان لەهێزی داگیركەری بێگانەدا نابینێتەوە بەڵكو كورد خۆشی بەشدارە:
 وەتەن چاوی لێمانە
 دەری كەین لەتەنگانە
 حەیفە بێتە وێرانە
  ئاوی كەوسەرە,خاكی گەوهەرە
  پڕ لەگوڵ ونەسرینە

یان دەڵێت:
 گەرچی هەندێ كەس خەریكن ورگ وگیرفان پڕ ئەكەن
  شەو بەبێ خەم سەر ئەنێنە سەر سەرین,هەر سەر سەرین

ئەمڕۆش بەچاوی زەقی خۆمانەوە  ولەپێناو بەرژەوەندییە میتریاڵیزمەكاندا دەبینین دەست ڕۆشتووان,بەیارمەتی هێزی دەسەڵات,كەوتونەتە وێزەی سروشت وكلتووری شارەكە.گەورەترین زەرەریش تا ئێستاكە بەر شاخی گۆیژە وئەزمڕ وگەڕەكە كۆنەكانی شار كەوتووە. بەمەش , تۆبۆگرافیای شار بەرەو گۆڕانكارییە نیگەتیڤەكان دەچێت,لەهەمان كاتیشدا,سروشتی شارەكە دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی سڕینەوەی مێژوویی وبەڵكو وێرانكردنی.سروشتی سلێمانی وەك تابلۆیەكی شێوەكارییە كەخاوەنەكەی, بەتێگەیشتنی ئاینی, یەزدانە وبەتێگەیشتنی میتریاڵیزمیش سروشت خۆیەتی.لەهەموو حاڵەتەكانیشدا ئەم كردارە بەكردارێكی لادانی ئەژمار دەكرێت وەك ئەوەی گەرنەفامێك دەستكاری تابلۆیەكی هونەرمەندی جیهانی پیكاسۆ بكاتئەوا تابلۆكە تەواو دەشێوێت وهیچ نرخێكی هونەری نامێنێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەبیركردنەوەكانمان لەسەرجەم زەمەنەكاندا لەسەر بنەمای ئەندازەیەكی ڵۆژیكی وعەقڵی ومەعریفی دانەمەزراوە,بەڵكو لەجیاتی ئەمانە چەمكی هەوەسبازی وهەڕەمەكی وعەفەوییەتمان هەڵبژاردووە وڕاهێنان وتاقیكردنەوەشیان لەسەر كراوە وهەتا ئێستا سەركەوتنی گەورەشیان بەدەست هێناوە. ئەمەش لەبەرژەوەندی گوتارێكی مەعریفی كوردیدا نیە وبەرپرسیارێتی مێژوویش دەكەوێتە سەر وێرانكاران.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved