17/9/2021 11:44 PM

ئایفۆن 13 ده‌گاته‌ ده‌ستی به‌كارهێنه‌ران

دوای چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر كۆمپانیای ئه‌پڵ مۆبایلی ئایفۆن 13ی به‌ چه‌ندین تایمه‌تمه‌ندی نوێوه‌ ئاشكراكرد.

به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌كه‌ی كۆمپانیای ئه‌پڵ، بیرگه‌ی یه‌ك تێرابایتی بۆ زیادكراوه‌، له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی پاتریه‌كه‌ی كه‌ توانای كاركردنی سه‌عات و نیوێك زیاتری هه‌یه‌، هه‌روه‌ها كوالێتی شاشه‌و كامێراكه‌شی به‌راورد به‌ ئایفۆن 12 به‌رزكردۆته‌وه‌، هاوكات ئایفۆن 13 ئه‌ستوورتره‌و له‌رووی كێشه‌وه‌ قورستره‌.

ئایفۆن 13ی نوێ‌ پڕۆسێسه‌ری ئه‌ی 15ی له‌سه‌ر جێگیركراوه‌، له‌گه‌ڵ هه‌سته‌وه‌ره‌ی گۆشه‌ فراوان و هه‌روه‌ها به‌رگری به‌رانبه‌ر ئاو هه‌یه‌.

ئایفۆن 13 كه‌ به‌ پێنج ره‌نگ و چوار جۆری جیاواز به‌رده‌ست ده‌بێت، به‌ وته‌ی لێپرسراوانی ئه‌پڵ زۆربه‌ی كێشه‌كانی مۆبایله‌كانی پێشووی تێدا چاره‌سه‌ر كراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ نرخه‌كه‌شی ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو، به‌پێی جۆره‌كانی ئایفۆن 13 ده‌گۆڕێت و له‌ 729 دۆلاره‌وه‌ بۆ هه‌زار و 100 دۆلار ده‌ستپێده‌كات.

كۆمپانیای ئه‌پڵ دوای خستنه‌ڕووی چه‌ندین به‌رهه‌می نوێی كۆمپانیاكه‌یان رایگه‌یاند: 24ی ئه‌م مانگه‌ به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌كانیان ده‌گاته‌ ده‌ستی به‌كارهێنه‌ران. 

خاك - ئاژانسه‌كان 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved