19/9/2021 04:43 PM

هۆکارەکانی لاوازبوونی بیرگە

فەرامۆشی یەکێک لەو ئەزموونانەیە کە کەم و زۆر لە ماوەی ژیاندا هەموومان لەگەڵی رووبەڕوو بووینەتەوە و شتێکی ئاساییە. بەڵام ئەگەر فەرامۆشی ببێتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەمان کێشەیەکی جدییە و دەبێ چارەسەری بکەین. دیارە ئەم کێشەیە لە سەردەمی پیریدا بۆ هەندێک کەس روو دەدات بەڵام چەند هۆکاری دیکەش هەیە بۆ ئەم گرفتە کە لە هەر تەمەنێکدا ئەگەر هەیە رێگە بۆ لاوازبوونی بیرگە و فەرامۆشی خۆش بکات.

کەمخەوی: ئەو کەسانەی تووشی ئاڵۆزییەکانی خەو دەبن لە ماوەی رۆژدا تووشی ماندوویەتی و هەندێک جار فەرامۆشی دەبن. پزیشکان دەڵێن ستانداردی خەو بۆ هەر مرۆڤێک لە شەو و رۆژێکدا 8 کاتژمێرە. کەوابوو بۆ ئەوەی بیرگەی مێشک بەهێز بێت دەبێ بە باشی بخەون.

سترێس: توێژینەوەکان دەریانخستووە سترێس، خەمۆکی و نەخۆشییە دوو جەمسەرییەکان، سیستمی مێشک دەشێوێنن. لە درێژخایەندا سترێس دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی کۆرتیزۆڵ و ئەوەش لەناوچوونی خانەکانی مێشکی لێدەکەوێتەوە.

کەم ئاوی جەستە
: کەم ئاوی گرنگترین هۆکارە بۆ لاوازبوونی بیرگەی مێشک. کەوابوو بۆ بەرگیریی لەم کێشەیە هەوڵ بدەن ئاو و شلەمەنییە جۆراوجۆرەکان بە بەردەوامی بخۆنەوە.

جگەرەکێشان: جگەرە پرۆسەی بیرگە رووبەڕووی ئاڵۆزی دەکاتەوە. ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن بەنیسبەت ئەو کەسانی دیکە لەگەڵ زیادبوونی تەمەن تووشی لاوازبوونی چالاکیی مێشک دەبن. زیاد لەوە، جگەرە هۆکارە بۆ کۆبوونەوەی پرۆتینی ناسروشتی  کە تواناییەکانی مێشک بۆ پرۆسیس و گواستنەوەی زانیارییەکان تێک دەدەات.

کەمبوونی ڤیتامین B12: رووەکخۆرەکان زیاتر تووشی ئەم کەمبوونە دەبن. ڤیتامین B12 لە گۆشتی سوور، مریشک، هێلکە و شیرەمەنییەکاندا دەست دەکەوێت.

 

سەرچاوە: medicaldaily

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved