20/9/2021 03:49 PM

تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەردەمی ئێستادا (3)

خوان لینز و ئالفرێد داستاپن، نووسەرانی کتێبی «کێشەکانی گوازرانەوە بۆ دیموکراسی و سەقامگیریەکەی»، کۆمەڵگای مەدەنی بە پانتایەک لە جەستەی سیاسی دەزانن کە گروپ، بزووتنەوە و کەسەکان بەشێوەی رێژەیی خودموختار و سەربەخۆ لە دوڵەت، دەست دەکەن بە رێکخستنی خۆیان و ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی بەرەو پێشەوە ببەن. بە بۆچوونی ئەوان کۆمەڵگای مەدەنی بریتیە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە چەند رەهەندەکان (بۆ نموونە گروپەکانی ژنان، ئەنجومەنە خۆجێییەکان، گروپە ئایینیەکان و رێکخراوە رۆشنبیرییەکان)، و ئەنجومەنە شارییەکان لە هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکان (بۆ نموونە سەندیکا کرێکارییەکان، رۆژنامەنووسان و پارێزەران). ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کۆمەڵگای مەدەنی بە توانستی رێکخستنی بەرزەوە توانی لە وڵاتی ئەفریقای باشوور، بەڕازیل و ئەوروپای رۆژهەڵات، بەتایبەت لە پۆڵەندا خەڵک لەدژی رێژیم هاودەنگ و رێبەریی بکات. زیاد لەو گروپانەی سەرەوە، رێکخراوەکانی خوێندکاران، ئاکادمیسیەنەکان، ئەنجومەنە ئایینیەکان، بنکەی پارێزەران، تۆڕێکی پێچەڵپێچ لە کۆمەڵگای مەدەنی پێک دێنن، نابێ رۆڵی کۆمەڵانی بەربڵاوی خەڵکی ئاسایی کە ئەندامی هیچ رێکخراوەیەک نین لەیاد بکەین. گایمە بودای، خەڵکی غینا، لە زانکۆی واشینتۆنی ئەمریکا دەنووسێ: «لە نێوان ئەو هێزانەی لە سەرەتای ١٩٩٠دا، سەرەڕۆیی چەسپاو لە ئەفریقایان تێک شکاند و دیموکراسیی فەرمی دەستی پێکرد، کۆمەڵگا مەدەنییە ساواکانی ئەم کیشوەرە لە بەرەی پێشەوە بوون. ئەگەرچی دۆخی دەرەکی بۆ نموونە رووخانی کۆمۆنیزم و گوشاری ئەو وڵاتانەی یارمەتی ماڵیان ئاراستە دەکرد گرنگ بوو، بەڵام بابەتی سەرەکی لەخۆبوردن و خۆڕاگری کۆمەڵگای مەدەنیی ناوخۆ بوو». ئەگەرچی دواهاتی ئەم ئاڵوگۆڕانە، بە هۆی لاوازیی کۆمەڵگات مەدەنیەوە لاواز بوو و لە سەرجەم وڵاتانی ئەفریقایی توانستی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ قووڵکردنەوەی دیموکراسی و تێپەڕین لە حکومەتە سەرەڕۆکان لەگەڵ دوودڵی رووبەڕوو بووەوە.

تایبەتمەندییە دیارەکانی کۆمەڵگای مەدەنی
ئەو تایبەتمەندییانی کۆمەڵگای مەدەنی زەقیان دەکاتەوە لە خوارەوە ئاماژەیان پێکراوە:

کۆمەڵگای مەدەنی بەرهەمی هاوسەنگیی نێوان خەڵک لەگەڵ خۆیان، و لەنێوان خەڵک و حکومەتە.
کۆمەڵگای مەدەنی پێوەندییەکی کۆمەڵایەتییە.
کۆمەڵگای مەدەنی تۆڕی پێوەندەییەکانە.
کۆمەڵگای مەدەنی ئەنجومەن و رێکخراوەکانە.
کۆمەڵگای مەدەنی سادەترین و کەم تێچووترین جۆری رێکخستنە بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی خەڵک بۆ گۆڕانکاری.
کۆمەڵگای مەدەنی تۆلێرانس گەرەنتی دەکات.
کۆمەڵگای مەدەنی واتە پاراستنی یەکتری.
کۆمەڵگای مەدەنی نیشانەی بوونی پێوەندییە مۆدێرنەکانە لە کۆمەڵگادا.
کۆمەڵگای مەدەنی واتە بەفەرمی ناسینی مافی شارۆمەندی.
کۆمەڵگای مەدەنی واتە پاراستنی مافی مرۆڤ.
کۆمەڵگای مەدەنی خوازیاری شەفافیەتە لە کاروباری دەوڵەتیدا.
کۆمەڵگای مەدەنی رێکسختنی پێشەییە بۆ بەرگری لە مافی پیشە جۆراوجۆروکان.
کۆمەڵگای مەدەنی نوێڵی گوتارسازییە لە کۆمەڵگادا.
کۆمەڵگای مەدەنی پاراستنی پێوەندییە بەرامبەرەکانی نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەتە.
کۆمەڵگای مەدەنی رەخنە لە سیاسەت و کردەوەکانی دەوڵەتە.
رۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی پشتیوانی لە دەوڵەتی دیموکراتیکە.
کۆمەڵگای مەدەنی پارێزەری دیموکراسییە.
کۆمەڵگای مەدەنی دروستکردنی متمانەیە لەنێوان هاووڵاتیاندا.
کۆمەڵگای مەدەنی هەوڵێکە بۆ دروستکردنی گەشەی بەردەوام و مرۆیی.
کۆمەڵگای مەدەنی پێکهاتنی ئەنجومەنە خۆجێیی، ناوچەیی و نەتەوەییە.
کۆمەڵگای مەدەنی بریتییە لە رێکخراوە پیشەییی و سەندیکاییەکان.
کۆمەڵگای مەدەنی پەرەپێدانە بە رێکخراوە ئاسۆییەکان لە کۆمەڵگادا.
کۆمەڵگای مەدەنی رێگری لە گەڕانەوەی دیکتاتۆری دەکات.
کۆمەڵگای مەدەنی پێویستە بۆ پاراستنی ژینگە.
کۆمەڵگای مەدەنی دەبێ خوازیاری ئاشتیی سەقامگیر بێت.
کۆمەڵگای مەدەنی هەوڵێکە بۆ بەهرەمەندبوونی کەسەکان لە مافی شارۆمەندی.
کۆمەڵگای مەدەنی نوێڵێکە بۆ وڵامدەربوونی دەوڵەت.
کۆمەڵگای مەدەنی خوازیاری شەفافییەتە لەلایەن حکومەتەوە
کۆمەڵگای مەدەنی دیکتاتۆری دەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
کۆمەڵگای مەدەنی پشتیوانی شارۆمەندی و بەشداربوونە، واتە دوو تایبەتمەندیی ناوەندی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکاندا.

 

خاک _سیاماند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved