22/9/2021 06:29 PM

تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەردەمی ئێستادا (5)

لە جۆری یەکەمدا، پەروەردەکردنی فەرهەنگی تۆلێرانس لەنێوان شارۆمەنداندا تەوەری سەرەکییە و لە جۆری دووەمدا، پێکهاتنی کۆمەڵێک رێکخراوە بۆ دەستێوەردان  لە سێ بەشی کەرتی تایبەت، گشتی و دەوڵەتی. مەبەست لە کەرتی گشتی ئەو بنەکە نیوەدەوڵەتیانەن بۆ نموونە شارەوانییەکان؛ و مەبەست لە کەرتی تایبەت، ئەو بنکانەن کە نە دەوڵەتین و نە بەشێک لە کەرتی تایبەت؛ بۆ نموونە کۆمپانیا تاکەکەسییە بەرهەمهێنەر، دابەشکار و خزمەتگوزارییەکان. کۆمەڵگای مەدەنیی جۆری دووەم، نوێڵێکی مەدەنییە بۆ رێگری لەبەرامبەر دەستدرێژی ئەو بنکانەی باسیان کرا لەدژی خەڵک. بۆ نموونە، پارێزراو بوونی ژینگە مافی هەر شارۆمەندێکە. گرووپە خۆبەخش و سەربەخۆکان و بنکە تایبەتەکان بۆ چاوەدێری چالاکیی ئەو بنکانەی کە لەوانەیە تێکدەر بن، پێک دێن. ئەم رێکخراوانە هەم بەرپرسی ئاگادارکردنەوە و هەرم بەرپرسی گوشار خستنە سەر سەپێچیکارانە. ئەگەر پێکهاتنی کۆمڵەگای مەدەنیی جۆری یەکەم کەمتر لەگەڵ لەمپەری حکومەتی رووبەڕوو بێتەوە، جۆری دووەم چەلەنجی دەسەڵات لەلایەکەوە و دروستکردنی رێکخراوە و هاوکاری و هاوبیری بەکۆمەڵە. کەوابوو، سروشتییە ئەگەر حکومەتە سەرەڕۆکان ئەم بابەتە تەحەمول نەکەن و تەنانەت دژایەتیشی بکەن. بنەمای پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی، بەتایبەت جۆری دووەمەکەی، بۆ گەرەنتی کردنی ئازادیی کەسەکان و لەبەرچاوگرتنی مافی شارۆمەندی لەلایەن دەوڵەتەوەیە. هەر ئەم تایبەتمەندییانە دەبنە هۆی ئەوەی کۆمەڵگای مەدەنیی جۆری دووەم، تێکەڵ بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بێت و هەندێک جار خۆی ببێتە بزووتنەوەی ناڕەزایی. بۆ نموونە کۆمەڵگای مەدەنیی خوێندکاری کە بۆ پاراستنی مافی خوێندکاران پێک دێت دەبێت بە بزووتنەوەی خوێندکاری. یان ئەو رێکخراوانەی بۆ بەدواداچوون بۆ مافی ژنان پێک دێن دەبن بە بزووتنەوەی ژنان.

کۆمەڵگای مەدەنی و هەرێمی سیاسەت
خاڵی کلیلی و گرنگ ئەوەیە کە چۆناوچۆن دەکرێ کۆمەڵگای مەدەنی لە بەشداری کردن لە هەرێمی سیاسەت دوور رابگریت. پێویستیی ئەم بابەتە بە دوو هۆی دیاریکراوە: یەکەم، کۆمەڵگای مەدەنی دەبێ جۆرێک هەنگاو بنێت کە کەمتر لەگەڵ لەمپەری سیاسی رووبەڕوو بێتەوە و دەرەتانی پێکهاتن و بەربڵاوبوونەوە و کردەوەی مەدەنی تێدا بمێنێتەوە و کەمتر بیانووی تێکدان بداتە دەست هێزەکانی دەوڵەتەوە. دووەم، لە ئەگەری سیاسی بوونەوەی رێکخراوە مەدەنییەکان، سەرەتا ئاستی بەشداری کەم دەبێتەوە و دووەم بەهۆی ناپڕۆفیشناڵ بوونی کەسانی بەشداربوو لە رێکخراوە مەدەنییەکاندا، بە ئاسانی دەبنە قوربانی ئامانجە سیاسییەکان. ئەم ئەزموونە بەتایبەت سەبارەت بە سەندیکا کرێکارییەکان و رێکخراوەکانی ژنان زۆر دووپات بووەتەوە.
کۆمەڵگای مەدەنی جۆری دووەم کارکردەکەی هێنانە ئارای هاوئاهەنگی و یەکدەنگیی مەدەنییە لەنێوان شارۆمەنداندا و پێوەندی گرتن لەگەڵ دەوڵەت و کەرتی تایبەت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنە مەدەنییەکان (سەرمایەی کۆمەڵایەت)، دەخاتە ناو پلان و بەرنامەکانیەوە. ئەم جۆرە لایەنی ناڕەزایی دەربڕینی هەیە. ئەوەی وا رابێرت پەتنام سەبارەت بە رۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئەمریکا یان سەبارەت بە رۆڵی تۆڕەکانی  بەشداریی کۆمەڵایەتی لە دەوڵەتە ناوچەییەکان لە باکووری بەریتانیا لە کتێبەکەی خۆی بە ناوی «وەگەڕخستنی دیموکراسی»ـدا باسی دەکات لە جۆری یەکەمە. بە باوەڕی پەتنام هەرچەندە ئەم تۆڕانە تێکچندراوتر بن، شارۆمەندان زیاتر دەتوانن لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ یەک بسازێن.
بەڵام بێگومان بەبێ گوشاری کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر دەوڵەت، لە کۆمەڵگا دیموکراتیکەکانیشدا دیموکراسی دەکەوێتەوە مەترسییەوە و کەسانی سەرەڕۆ لە ناوەوەی دەسەڵاتدا گەشە دەکەن. چونکە حزبە سیاسییەکان، بەتایبەت لە وڵاتانی نیوەپێشکەوتوو، کاتێک لە دەرەوەی بنکەی دەسەڵاتن، تایبەتمەندیی رەخنەگرانە و ناڕازیان هەیە، بەڵام کاتێک دەگەن بە دەسەڵات روو لە شێوازە نادیموکراتیکەکان دەکەن. ئەم تایبەتمەندییە، واتە رۆڵی ئیلیت و حزبە سیاسییەکان لە بەردەوامی حوکمڕانی بەسەر زۆرینەی خەڵک لە رێگەی دەسەڵاتی قۆرغکراوی ئەوان لە حزب و حزبەکانی ناو کۆمەڵگادا، لەلایەن کۆمەڵناسانی سەدەی نۆزدەهەم بۆ نموونە گتانۆ موسکا، ماکس ڤێبێر و رابێرت میخێلز-ەوە شرۆڤە کراوە.

 

خاک _سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved