23/9/2021 05:47 PM

تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەردەمی ئێستادا (6)

نموونەی بەرچاوی دەسەڵاتی قۆرغکراوی حزبی لەسەر دەوڵەت، دەکرێ لە وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵات ببینین. وێنای مارکس ئەوە بوو کە دەسەڵاتی سیاسی وەکوو سەرخانی پێکهاتەی ئابووری-کۆمەڵایەتی لەلایەن خاوەنەکانی ئامرازی بەرهەمهێنان یان نوێنەرانی ئەوانەوە پاوان یان دیاری دەکرێت. بە گوتەیەکی دیکە دەسەڵاتی سیاسی گرێدراوی دەسەڵاتی ئابووریە و ئەوە سەرمایەدارەکانن کە دەوڵەت بەدەستەوە دەگرن. بەڵام ئەزموونی وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵات دەریخست حزبە سیاسییەکان بە کۆنتڕۆڵ کردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، واتە ئابووری، بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بوون ئەم دەسەڵاتەیان بۆ دەستبەرکردنی ئامانجە تاکەکەسییەکانی خۆیان بەکار هێنا. واتە کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری لە رێگای سیاسەتەوە، نەک پێچەوانەکەی. بێگومان لە جیهانی سەرمایەداریدا ئەم دوو حاڵەتە هەردەکیان لەئارادا بوون. لە وڵاتانی دیکتاتۆری و پاشکەوتوو، بەتایبەت وڵاتانی خاوەن نەوت، کۆنتڕۆڵکەرانی دەسەڵاتی سیاسی توانیویانە بە زاڵبوون بەسەر نوێڵی دەوڵەتدا، بەهرەمەند بن لە رانتە دەوڵەتییەکان. باتامۆر دەنوسێ: «هەڵەیە ئەگەر لامان وابێ حزب بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی ئامرازی بەرهەمهێنان حکومەت دەکات ». کەوابوو، حزبە سیاسییەکان کە لە دۆخێکی تایبەتدا رۆڵی رێکخراوەیەکی مەدەنی دەگێڕن، دەتوانن لە جۆری یەکەمەوە تێپەڕ بن بەرەو جۆری دووەم. ئەوە لە حاڵێکدایە کە رێخراوە مەدەنییەکان لە سەرەتاوە هیچ پلانێکیان بۆ بەشداری لە سیاسەت یان دەستەبەرکردنی دەسەڵات نییە.
بەڵام ئەگەر رێکخراوەکانی کۆمەڵگا لەشێوەی بزووتنەوەی مەدەنی، نەک پشتیوانی بزووتنەوەی مەدەنی، دەرکەون، وەکوو حزبە سیاسیەکان دەجووڵێنەوە. نموونەی بەرچاوی ئەم بابەتە بزووتنەوەی هاودەنگی پۆڵەندا لە بەرامبەر رژێمی سەرەڕۆی چینی ئیلیتی رێکخراو لە حزبی کۆمۆنیستی پۆڵەندا بوو کە لە کردەوەدا بەهۆی خۆڕاگریی ١٠ ساڵەوە، بزووتنەوەی کرد بە جێگرەوەی حکومەت. کەوابوو، دەکرێ ئەو ئیدعایە بکەین کۆمەڵگای مەدەنی بۆ مانەوە لە چوارچێوەی رێکخراوەیەکی مەدەنیدا، نەک دەبێ سەربەخۆیی خۆی لەبەرامبەر دەوڵەتدا بپارێزێت، بەڵکوو دەبێ لەبەرامبەر حزبە سیاسیەکانیشدا رێگایەکی سەربەخۆیانە بگرێتە بەر. لەم حاڵەتەدا دەتوانێ رۆڵی پشتیوانی مافی مدەنیی خەڵک لەبەرامبەر دەوڵەتدا بگێڕێت.
رێکخراوە مەدەنییەکان لە کۆمەڵگا دیموکراتیکەکاندا زۆر جار لە چوارچێوەی گرووپ و دەستە خۆبەخشەکاندا پشتگیری لەو حزب و کەسانەی سیاسەتەکانیان لەسەر تەوەری خواستەکانی ئەم گروپانە چڕ کردووەتەوە، دەکەن بۆ ئەوەی رۆڵیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبێ. بۆ نموونە، سەندیکا پیشەییەکان بە خەمڵاندنی پلانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی حزبە سیاسیەکان، لە ئەگەری هاوئاراستەبوونیان لەگەڵ ئامانج و مەبەستەکانی ئەوان، پشتیوانیان لێدەکەن. رێکخراوە ئایینیەکانیش هەر بەم شێوەیە دەجووڵێنەوە و ئەندامانی خۆیان هان دەدەن دەنگ بدەن بۆ نموونە بە حزبە محافزەکارەکان. رێکخراوەکانی ژنان، پاراستنی ژینگە و هاوڕەگەزخوازانیش بەم شێوەیە دێنە گۆڕەپانی چالاکییەوە. ئەم جۆرە خواستە مەدەنییە جۆراوجۆرانە لە پلان داڕشتن و سیاسەتەکانی دوڵەتدا رەنگ دەداتەوە.

پێناسەیەکی کردەکی لە کۆمەڵگای مەدەنی

لێرەدا بۆ ئەوەی کە پێناسەی کۆمەڵگای مەدەنی لەگەڵ بارودۆخی وڵاتانێکی وەکوو ئێران هاوتا بێت، سەرنج دەدەینە پێناسەی کردەکی ئەم چەمکە.
کۆمەڵگای مەدەنی لە رابردوودا زیاتر بریتی بوو لە پێوەندییەکانی بنەماڵە و بازاڕ. رابێرت پەتنام لەگەڵ ئاماژەدان بەم تیۆرییە فەرهەنگییە هێگێلییە کە کۆمەڵگای مەدەنی، کۆمەلگای بازاڕ یان شوێنێکە کە کەسەکان دەڕۆنە نا پێوەندەگەلی بەرهەمەهێنەرانە و دانوستانکارانەوە، پێناسەیەکی دیاریکراوتر لە چەمکی کۆمەڵگای مەدەنی بەکار دێنێ، کە بریتییە لە «ئەنجومەنە خۆبەخشەکان و تۆڕە فەرمی و نافەرمییەکانی دەرەوەی دەوڵەت، پێوەندەییەکانی بنەماڵە و ئابووریی بازاڕ».
لە کۆمەڵگا نادیموکراتیکەکاندا دەوڵەت دەڵێ مافی شارۆمەندان و رێکارانەکانی بۆخۆی دیاری دەکات.لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا دەوڵەت مافی ئەوە بە شارۆمەندان دەدا کە بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خۆی رێکخراوەی مەدەنی، پیشەیی، ئایینی و سیاسی پێک بێنێت و هاوکات لەگەڵ چاوەدێری کردنی رەوتی جێبەجێ کردنەکەی، لە ئاست پارێزگارییە یاساییەکەشی بەرپرسە. لە کۆمەڵگای ئەمریکا و ئەوروپادا زۆر جار بیندراوە کە کۆچبەرامی موسوڵمان، یان دژبەرانی سیاسیی دەوڵەت، لە شوێنە گشتییەکان بۆ نموونە پارک یان تەنانەت شەقامەکان مەڕاسیمی نوێژی جەماعەت بەڕێوە دەبەن و هەندێک دروشمیش ئاراستەی دەوڵەتە خانەخوێکەی خۆیان دەکەن. نەک پۆلیس رێگریان ناکات بەڵکوو ئەرکی پاراستنیشیان دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام کردەویەکی هاوشێوە لە وڵاتە نادیموکراتیکەکاندا بوونی نییە. ئەم جیاوازییە کردەکییە دەگەڕێتەوە سەر بوون و نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی. رێسا ناوخۆییەکانی ئەم رێکخراوانە لەلایەن خۆیانەوە دیاری دەکرێت و رێسا دەرەکییەکانیان لە چوارچێوەی یاساکانی کۆمەڵگادا دیاری دەکرێت. 

 

خاک _سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved