24/9/2021 11:58 PM

ئه‌مساڵیش دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی نۆبڵ ئاهه‌نگی بۆ سازناكرێت

دامه‌زراوه‌ی نۆبڵ رایگه‌یاندووه، ئه‌مساڵیش به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ ئاهه‌نگ بۆ دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌ شاری ستۆكهۆڵم سازناكرێت و براوه‌كانیش خه‌ڵاته‌كانیان له‌ وڵاتی خۆیان وه‌رده‌گرن.

دامه‌زراوه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویشیكرده‌وه‌، ده‌زانین هه‌مووان خوازیار بوون په‌تاكه‌ به‌زوویی كۆتایی بێت، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتین به‌م ئاسته‌، راشیگه‌یاند: هیوادارن ئاهه‌نگێكی لۆكاڵی پچووك بۆ دابه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كان سازبكه‌ن و ئه‌گه‌رچی براوه‌كانیش ئاماده‌نه‌بن.

جێی ئاماژه‌یه‌ ساڵی پاریش به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا هیچ ئاهه‌نگێك سازنه‌كرا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كان تێیدا دابه‌شبكرێت و دامه‌زراوه‌ی نۆبڵ ته‌نها له‌ڕێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه‌ ئاهه‌نگی به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ گێڕا.

دامه‌زراوه‌كه‌ روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی به‌نیازن سازیبكه‌ن له‌ڕێگه‌ی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ په‌خشی ده‌كه‌ن و راسته‌خۆش له‌ڕێگه‌ی سه‌كۆ دیجیتاڵه‌كانیانه‌وه‌ بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌.

خاك - پوكمیدیا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved