25/9/2021 04:19 PM

تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەردەمی ئێستادا (7)

جولی فیشێر، نووسەری کتێبی رێکخراوە نادەوڵەتییەکان، دەنووسێ سێ هۆکاری باش بۆ پەرەپێدانی پێناسەی کۆمەڵگای مەدەنی سەرتر لە کەرتی تایبەت بوونی هەیە:
سەرەتا، بنکە بازەرگانی و رێکخراوە نادەوڵەتییەکان بۆ نێوەندگیریی لەنێوان شارۆمەندان و دوڵەتدا. بۆ نموونە خاچی سووری جیهانی یان ئاکسفام، کە رێکخراوەیەکی گەورەیە و بریتیە کە ١٧ رێکخراوەی بچووکتر و چالاک لە ٩٤ وڵاتی جیهان لە ئامانجەکەی لەناوبردنی هەژاری و دابینکردنی بەستێنی پەرەسەندن لە وڵاتانی پاشکەوتووە. ئەم رێکخراوانە کە سەربەخۆن لە دوڵەت، بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتەکان هاوکاری دوولایەنەی هەیە.
دووەم، بازاڕ و ئەو ئەنجومەنانەی کە زۆربەیان لە ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی پێک دێن. ئەو لەم بارەیەوە، ئاماژە بە گرامین بانک لە بەنگڵادیش دەکات کە بە تۆڕە بەربڵاوەکەی خۆی وام دەدات بەو ژنە هەژارانەی حەزیان لە کار و کەسابەتە، بەبێ ئەوەی پاشەکەوتێکیان هەبێت یان کەسێک گەرەنتیان بکات. یان «بنکەی پێشڕەوی ئابووری و کۆمەڵایەتی» لە پۆڵەندا کە یارمەتی ماڵی ئاراستەی هەژاران و ئەو کەسانەی حەزیان لە چالاکیی ئابوورییە دەکات، بەتایبەت ژنان.
سێهەم، ئەو رێکخراوانەی کە بە پشتیوانیی ماڵی خۆیان، کەسانی لێهاتوو و رێکخراوە نادەوڵەتییەکان بەرز دەکەنەوە. لەم بارەوە، ئەو ئاماژە بە چالاکییەکانی بنکەی فۆرد لە هیند و یارمەتیدان بە بەشی بازەرگانی لە ئەفریقای باشوور واتە لاینگرانی ماڵی و تەکنیکی NGOـکان دەکات. بنکەی فۆرد لە ساڵی ١٩٩٤، بڕی ٧.١ ملیۆن دۆلار یارمەتیی ماڵی خستە بەر دەست پلانەکانی پەرەپێدان و بەڕێوەبەرانی ئەم بەرنامانە.

کورتەی باسەکانی پێوەندیدار بە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی
کۆمەڵگای مەدەنی دیاردەی سەردەمی مۆدێرنیزم، گەشەی ئابووری و یەکێک لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگای دیموکراتیکە. کۆمەڵگای مەدەنی بریتییە لە تۆڕەکانی بازاڕ، ئەنجومەنەکان و هەوڵسوکەوتی رۆژانەی خەڵک کە پێوەندیان بە بەرژەوەندی پیشەیی و شارۆمەندی خۆیانەوە هەیە و تۆلێرانس لە هەرێمی تاکەکەسی و گشتی (دەوڵەت)دا. کۆمەڵگای مەدەنی پارێزەری بنیاتی دیموکراسی و مافی مەدەنی کەسەکانە. کۆمەڵگای مەدەنی کۆمەڵە رێکخراوەیەکی خۆبەڕێوەبەرە و نادەوڵەتییە کە بە شێوەی خۆبەخش لەلایەن کەسەکان یان ئەندامانی پیشە جۆراوجۆرەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی لەبەرامبەر دەستدرێژیی کەسانی دیکە، بۆ نموونە دەستدرێژیی دەوڵەت بۆ سەر مافەکانیان، پێک دێت. ئەگەر مافی تاکەکان دابەش بکەینە سەر دوو هەرێمی تاکەکەسی و گشتی، کۆمەڵگای مەدەنی پارێزەری مافی تاکەکەسی تاکەکانە و دەوڵەتیش دەبێ پارێزەری مافە گشتییەکانی کۆمەڵگا بێت. واتە تاکێک مافی ئەوەی هەیە کە بەبێ دەستێوەردانی دوڵەت بڕوای بە ئایینێک هەبێت یان نەیبێت. رێوڕەسمە ئایینیەکان بەڕێوە ببات یان نەتبات. ئەم شتە لە هەرێمی تاکەکەسیی مافی تاکەکاندا جێگیرە و ئەوان دەتوانن بۆ ئەم مەبەستە هەندێک رێکخراوەش پێک بێنن.
شارۆمەندێک، ئەندامی کۆمەڵگای سیاسییە و مافی پارێزاوبوونی یاسایی و دوڵەتی هەیە. لە بەرامبەردا، ئەو دەبێ پابەندی ئەو یاسا گشتیانە بێت کە دەوڵەت جێبەجێیان دەکات. لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا ئەم یاسایانە لەلایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکەوە پەسەند دەبن و دەوڵەت جێبەجێکاری ئەم یاسایانەیە. دابەشکردنی مافی تاکەکان بەسەر دوو هەرێمی تایبەت و گشتیدا ئاکامی جیابوونەوەی بنیاتی ئابووری لە بنیاتی سیاسەتە. کەوابوو لەو کۆمەڵگایانەی کە ئابووری و سیاسەت ئاوێتەی یەک بوون و ئابوورییەکی دەوڵەتی پێک دێنن، کەمتر چاومان بەکۆمەڵگای مەدەنی دەکەوێت.

هۆکارەکانی گەندەڵیی دەوڵەتی
یەکێک لەو هۆکارانەی گەندەڵیی دەوڵەتی چڕ دەکاتەوە، نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنیە. سەبارەت بە گەندەڵیی دەوڵەتی دەکرێ ئاماژە بە سێ هۆکاری: دەوڵەتی کۆجێ و ئابووری دوڵەتی، نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی و لاوازیی ئابووریی کەرتی تایبەت و پێوەندییەکانیان بکەین.
دەوڵەتەکان بەتایبەت ئەگەر دەستیان بە داهاتی نەوت یان داهاتێکی هاوشێوە و سەربەخۆ لە باجدانی خەڵک رابگات، بە ئاسانی تووشی رانتخۆری و گەندەڵی دەبن. ئەم جۆرە دەوڵەتانە لەلایەکەوە بۆ ئەوەی خەڵک نەتوانن دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، رێگری لە پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەن و لەلایەکی دیکەوە چونکە کۆمەڵگایەکی مەدەنی ئەوتۆیان نییە، ئاسانتر دەتوانن درێژە بە گەندەڵکارییەکانی خۆیان بدەن. لە وەها دۆخێکدا نەک تەنها گەندەڵیی ماڵی، بەڵکوو  بەکارهێنانی رانت و پوانە دەوڵەتییەکان بۆ کەڵکی نابەجێ لە هەرێمە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان لە بەرژەوەندی ئەو گروپانەی پێوەندیان بە دوڵەتەوە هەیە، دێتە ئاراوە. هەر ئەم دۆخە دەبێتە هۆی لەناوچوونی زیاتری متمانەی نەتەوەیی یان سەرمایەی کۆمەڵایەتی و دابەزینی ئەخلاقیی دەسەڵات، دزە دەکاتە ناو جەستەی کۆمەڵگاوە. لە پەنای نەبوونی کۆمەڵگای مەدەنی و زاڵێتیی دەوڵەتی کۆجێ، رێگری کردن لە گەشەی ئابووریی کەرتی تایبەتیش، رێگە بۆ گەندەڵیی ماڵی و رانتخۆری خۆش دەکات. لە دۆخێکی لەم چەشنەدا دیموکراسیش بوونی نییە. پێوەندیی دیموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی پێوەندییەکی راستەوخۆیە. بەو واتایەی کە دیموکراسیەکان کۆمەڵگای مەدەنی بەرفراوان دەکەن، مەیلەودیموکراسییەکان تا رادەیەک بوونی کۆمەڵگای مەدەنی بە رەوا دەزانن، بەڵام لە کۆمەڵگا نادیموکراتیکەکاندا بەگشتی ئەگەر کۆمەڵگای مەدەنی بوونیشی هەبێت، گرێدراوی دەوڵەتە و لە خزمەت سیاسەتەکانی دەوڵەت دایە، نەک بەرژەوەندی و مافەکانی خەڵک.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved