26/9/2021 09:27 PM

تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەردەمی ئێستادا ( 8 )

گەندەڵێ چەسپێکە کە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان لەناو خۆیدا رادەگرێت. ئەندامانی وەها دەوڵەتێک بەهۆی ئەوەی تووشی گەندەڵی هاتوون ناچارن بۆ چڕبوونەوەی ئەم دۆخە رۆڵ بگێڕن بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەیان نەڕۆخێت. زیاد لەوە، لە دۆخێکی تایبەتدا بەرپرسانی دیکە بە ئاسانی دەتوانن تۆمەتی گەندەڵی بخەنە پاڵ ئەم کەسانە و رێگری لە چوونەدەری ئەوان لە جەغزی دەسەڵات بکەن. ئەزموونەکان نیشانی داون لە ئەگەری رووخانی دەزگای دەسەڵاتدا، خۆشیان دەبنە قوربانی. ئەم هەڕەشانە زیاتر لەلایەن بەپرسانی پلەبەرزی ناو دەسەڵاتەوە ئاراستەی بەرپرسانی مامناوەند دەکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتووی خۆیان بترسن و پشتگیری لە دەزگای دەسەڵات بکەن.
گەندەڵیی دەوڵەتی دۆخی شارۆمەندان ناجێگیر دەکات. چونکە ئەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر مافەکانی خەڵک بێ ئەوەی لەمپەرێکی جیدی لەسەر رێگەکەیان بێت، دەتوانن مافەکانیان پێشێل بکەن.

کۆمەڵگای مەدەنی لە ئەمریکا
لە وڵاتی ئەمریکا زیاتر لە یەک و نیو ملیۆن NGO بوونی هەیە. جێرێمی رافکین نوسەری کتێبی «کۆتایی کار: دابەزینی هێزی کاری جیهانی و هەڵاتنی سەردەمی پاش‌بازاڕ»، باس لەوە دەکات کە بودجەی NGOـکان لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٦، نزیکەی ٥٠٠ ملیار دۆلار بووە. ئەم بڕە پارەیە ئاکامی چالاکیی خۆبەخشانەی ئەندامانی ئەم رێکخراوانەیە لەگەڵ ئەو یارمەتییە ماڵیانەی ئاراستەیان دەکرێت. رادەی مژوولی لەم رێکخراوانەدا، ١٠.٥٪ـی کۆی گشتی مژووڵییە لە کۆمەڵگای ئەمریکادا. راپۆرتەکەی رافکین دەریدەخات کە ٨٩ ملیۆن کەس لە حەشیمەتی ٢٦٨ ملیۆن کەسی ئەمریکا لەو کاتەدا ئەندامی رێکخراوە نادەوڵەتییەکان بوون. واتە لە هەر دوو هاووڵاتیی گەورەساڵی ئەمریکی یەک کەسیان ئەندامی ئەم جۆرە رێکخراوانە بووە و هەفتەی ٤ کاتژمێر لە کاتی خۆی بەشێوەی خۆبەخشانە و بە بەلاش تەرخان کردووە بۆ ئەم رێکخراوانە. رافکین بەم حەشیمەتە دەڵێ «سەرمایەی کۆمەڵایەتی».
رێکخراوە مەدەنییەکان لە دەستە و تاقمی رەنگاڵە پێکهاتوون، هەر لە توندڕەوترین رەوتە سیاسییە چەپ و راستەکان، هەتا خۆرافەباوەڕترین و توندئاژۆترین رەوتە ئایینی و ئاتێئیستییەکان؛ هەر لە داکۆکیکەرانی کڕین و فرۆشتنی چەکەوە هەتا دژبەران و رەخنەگرانی ئەم رەوتە. ئەم رێکخراوانە بە ملیۆنان ئەندام و هەزاران بۆچوونی جیاوازەوە لە کۆتاییدا شوێن یەک ئامانج کەوتوون؛ واتە: بەرگری لە مافی یاسایی ئەندامانی خۆیان، کۆنتڕۆڵ کردنی رەفتاری دەوڵەت و بەرگیری لە دزەکردنی دەوڵەت لە بنیاتەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی. لەبەراورد لەگەڵ ئەم کردەوەیە، لە وڵاتانی نیوەپێشکەوتوو و پاشکەوتوو، ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی بەگشتی مووچەخۆر و کارمەندانی دەوڵەتن کە لەجیاتی یارمەتیدان بە ئابووری و سیاسەتی دیموکراتیک و پاراستنی مافی مدەنی تاکەکان، سەرباری ئابووریی کۆمەڵگا و پارێزەری دوڵەتی سەرەڕۆن. ئەوان لەجیاتی کۆنتڕۆڵ کردنی رەفتاری دەوڵەت، رەفتاری خەڵک کۆنتڕۆڵ دەکەن بۆ ئەوەی هیچ سەرپێچییەک بەنیسبەت دەوڵەتەوە نەیەتە ئاراوە.
دەوڵەتی ئەمریکا بە پشت‌ئەستوور بوون بە ئەزموونەکانی خۆی کە لە سەرەتای دامەزرانەوە کۆمەڵگای مەدەنی لەگەڵ بووە، تاپۆیەکی بڵاو کردووەتەوە کە دەربڕی باوەڕمەندیی کۆمەڵگا و دەوڵەتە بە گرنگیی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ پاراستنی دیموکراسی. لەم تاپۆیەدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاو بووەتەوە، تیشک خراوەتە سەر ئەم بابەتانە:
«ویلایەتە یەکگرتووەکان راشکاوانە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە کۆمەڵگایەکی مەدەنیی سەربەخۆ و لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت یان تێکهەڵچوونی دەوڵەتی، بۆ گەشەی دیموکراسی پێویستە. لە یەکەم رۆژەکانی مێژووی ئەمریکاوە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی رۆڵێکی کلیلیان لە پشتیوانی لە مافی مرۆڤ، کەرامەتی مرۆیی و پێشکەوتنی مرۆڤدا بینیوە. هەر ئەو جۆرەی کلینتۆن، وەزیری دەرەوە، گوتوویەتی: کۆمەڵگای مەدەنی نەک بۆ پێکهێنانی ئەم وڵاتە، بەڵکوو بۆ پاراستن و بەهێزکردنی لەداهاتووشدا یاریدەدەرمانە».


خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved