27/9/2021 04:16 PM

تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەردەمی ئێستادا ( 9 )

وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی ئەمریکا کۆمەڵگای مەدەنی بەم چەشنە پێناسە کردووە:
«کۆمەڵگای مەدەنی بریتییە لە رێکخراوە جۆراوجۆرە مەدەنییەکان کە بەشێوەی خۆبەخشانە لەلایەن شارۆمەندانەوە بۆ پێشخستنی ئامانج یان بەرژەوەندییە هاوبەشەکان پێک هاتووە. ئەم کۆمەڵگایە بریتییە لە رێکخراوە سەربەخۆکان بۆ توێژینەوە سەبارەت بە سیاسەت‌دانانی گشتی، مافی مرۆڤ و بانگەشەکارانی دیموکراسی، رێکخراوە مرۆڤدۆستانەکان، بنکەکانی کەرتی تایبەت و سەندووقە خێرخوازییەکان، کۆمەڵەکان، ئەنجومەن و کۆمپانیا نادەوڵەتییەکان. ئەم کۆمەڵگایە حزبە سیاسیەکان لەخۆ ناگرێت».

لەدرێژەی ئەم تاپۆیەدا ئەم بابەتانە باس کراوە:
«کۆمەڵگای مەدەنی لە ئەمریکا پێکهاتووە لە کۆمەڵێک رێکخراوە کە ئیزنی ئەوە بە تاکەکان دەدات بەبێ رێگری لە رێگای رێکخستنی سەربەخۆوە، ئارمانە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتییەکان، بەرژەوەندییەکان، پێداویستییەکان و ئەولەویەتەکانی خۆی دەستەبەر بکەن. ئێمە پابەندنین بەم بیرۆکەیە کە بەرژەوەندییە گشتییەکان کاتێک بە باشترین شێوە دابین دەبن کە شارۆمەندان و ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی توانای هەڵبژاردنی ئامانج، رێکخراوە و ئارمانەکانی خۆیان هەبێت».

لە بەشێکی دیکەدا دەڵێ:

«ئەم رێکخراوە نادەوڵەتیانە سەرقاڵی کۆمەڵێک چالاکین بۆ نموونە: بابەتەکانی پێوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوە، هەڵبژاردن، ژینگە، تەندروستی، مافی ژنان، پەرەسەندنی ئابووری و زۆر بابەتی دیکە. بواری چالاکیی زۆرینەی رێکخراوە نادەوڵەتییەکان لە ئەمریکا پێوەندیی بە سیاسەتەوە هەیە. ئەمە بریتییە لە رێکخراوە خۆبەخشە ئایینیەکان، سەندیکا کرێکارییەکان و ئەو گروپانەی کە یارمەتی هەژاران، نەخۆشەکان یان چینە لاوازەکانی کۆمەڵگا دەدەن یان ئەو گروپانەی یاریدەدرن بۆ بەهێز کردنی گەنجان و حەشیمەتی لەپەڕاوێزخراو. لەڕاستیدا، رێکخراوە نادەوڵەتییەکان بۆ نیشاندانی هەر چەشنە ئامانج و ئاواتێک بوون و هەن. سەرچاوەی ماڵیی ئەم گروپانە دەتوانێ بریتی بێت لە یارمەتیی ماڵیی تاکەکان (ئەمریکی یان بیانی)، بنکە نادەوڵەتییەکان، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، بنکە مرۆڤدۆستانەکان و یان دەوڵەتە فیدڕاڵ، ویلایەتی و خۆجێییەکان. سەرچاوەی ماڵییەکان لەوانەیە لەلایەن دەوڵەتە بیانییەکانیشەوە دابین بکرێت. لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هیچ رێگرییەکی یاسایی بۆ رێکخراوە نادەوڵەتییەکان بۆ وەرگرتنی یارمەتیی ماڵیی دەرەکی، چ دەوڵەتی و چ نادەوڵەتی، بوونی نییە».

کۆمەڵگای مدەنی لە کردەوەدا

ئەمریکا وڵاتێکی چەند ئەتنیکی، چەند فەرهەنگی و چەند نەتەوەییە کە بە شێوەی یاسایی هیچ نەتەوە، فەرهەنگ یان ئایینێک سەرتر نییە. نەک شارۆمەندانی بەفەرمی‌ناسراو بۆ نموونە کۆچبەران، بەڵکوو ئەو کەسانەی بە شێوەی کاتی لەم کۆمەڵگایەدا دەژین لەم مافە مرۆیی و مەدەنیانە بەهرەمەندن. ئەرکی هێزەکانی پۆلیس لەم کۆمەڵگایەدا، پارێزگاری لە مافی مەدەنی و سیاسی شارۆمەندان و پاراستنی ئارامی و یاسایە. زۆر جار رووی داوە کە ژمارەیەکی کەم لە پارێزەرانی ئاشکرای سیستمی فاشیستی و هەڵاواردنی رەگەزی، بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەت لە پێوەندی لەگەڵ کەمینە ئەتنیکیەکاندا دەستیان کردووە بە ناڕەزایی دەربڕین لە شەقامەکان. کاردانەوەی سروشتی بەم کردەوانە ئەوە بووە کە هەزاران شارۆمەندی لاینگری دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دژبەرانی سەرترێتیی ئەتنیکی و رەگەزی و بەتایبەت زیانبەرکەوتووانی دەوڵەتە فاشیستی و سەرەڕۆکان دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان. لە وەها دۆخێکدا کە هەر دوو لایەن لە مافی مەدەنی و سیاسی خۆیان کەڵک وەردەگرن، سەدان کەس لە هێزەکانی پۆلیس (واتە دەوڵەت) بۆ پارێزگاری لە مافی شارۆمەندان، تەنانەت فاشیستەکان، لە بەرامبەر خۆپیشاندەراندا ریز دەبن، بۆ ئەوەی بەرگیری لە هەر چەشنە تێکهەڵچوونێک بکەن. ئەمە نموونەیەکە لە جێبەجێکردنی یاساکانی شارۆمەندی لەلایەن دەوڵەت و کردەوەی رێکخراوە سەربەخۆ مەدەنییەکان، تەنانەت رێکخراوە لێکدژەکان، لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا.

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved