28/9/2021 04:49 PM

تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەردەمی ئێستادا ( 10)

چەشنە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای مەدەنی

 لە کۆمەڵگا رۆژئاواییەکاندا ئەنجومەنەکان لە چوار شێوەدا دەردەکەون:
١-کۆمەڵ‌تەوەر، بۆ نموونە ئەنجومەنی ماڵەوە و قوتابخانە
٢-ئایین‌تەوەر، بۆ نموونە رێکخراوە ئایینیەکان
٣-سیاسەت‌تەوەر، بۆ نموونە حزب و لایەنە سیاسییەکان
٤-پیشە‌تەوەر یان ئابووری، بۆ نموونە سەندیکاکان
بۆ ئاسانکردنەوە دەبێ کۆمەڵگای مەدەنی، کە لە چوارچێوەی یاسادا دەجووڵێتەوە و بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنیزمە، لەو رێکخراوە خۆبەخشە خێرخوازییە کە مێژوویەکی کۆنی هەیە جیا بکەینەوە. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەم جۆە رێکخراوە خۆبەخشانەیە تۆمار نەکراون یان لە یاسای مەدەنیی وڵاتدا پێناسە نەکراون، بەڵکوو پێناسەی یاسایی بۆ چالاکیی ئەوان لەگەڵ ناپێویست بوونی تۆماری یاسایی ئەوان، دوو بابەتی جیاوازە. ئەم یاسایە، واتە ئازادیی پێکهێنانی رێکخراوەگەلی خۆبەخشانە و خێرخوازانە بەپێی مادەی ٢٠ـی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و مادەی ١١ـی مەرامنامەی یەکێتی ئەوروپا پاساوهەڵگرە. مادەی ٢٠ و ١١، ئازادیی پێکهێنانی ئەنجومەن بە بەشێک لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەزانن.
١-کۆمەڵگای مەدەنی یان رێکخراوە سیاسی و ئابوورییەکان: ئەم بەشە لە کۆمەڵگای مەدەنی بریتییە لە لایەنە سیاسییەکان، ئەنجومەنە فەرهەنگییەکان، حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات و سەندیکا پیشەییەکان. ئەم رێکخراوانە لە کۆمەڵگا دیموکراتیکەکاندا دەکرێ تۆمار بکرێن و یان بەبێ تۆماری یاسایی درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن. بەڵام لە سیستمە نادیموکراتیکەکاندا بە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی تاک و گرووپەکان لەلایەن دەوڵەتەوە، ئەگەری چالاکیی بۆ گروپە تۆمارنەکراوەکان بوونی نییە و گرووپە تۆمارکراوەکانیش ناچارن سیستم لە چالاکییەکانی خۆیان، بەر لەوەی بەڕێوە بچن، ئاگادار بکەنەوە و لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا بەبێ مۆڵەت ئیزنی چالاکیان پێنادرێت. بەڵام لە کۆمەڵگا ئازادەکاندا، گرووپەکان تا ئەو کاتەی تێکەڵ بە چالاکییە ئابوورییەکان نەبن و یاسای وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی، تۆمارکردن و دانی باج نەیانگرێتەوە، پێویستیان بە تۆماری یاسایی نییە. مەگەر ئەوەی بۆ پارێزگاری لە مافەکانی خۆیان لەبەرامبەر کەسانی دیکەدا بیانەوێ لە یارمەتییە دەوڵەتییەکان بەهرەمەند بن.

٢-کۆمەڵگای مەدەنی خۆبەخشانە: ئەم جۆرە رێکخراوانە تا ئەو کاتەی تێکەڵ بە چالاکییە ماڵییەکانی وەکوو کۆکردنەوەی یارمەتییە ماڵییەکان نەبن، پێویست نییە تۆمار بکرێن. بۆ نموونە چالاکییەکانی رێکلامی ئایینی یان یارمەتییە خێرخوازانەکان بۆ کەسانی هەژار. بێگومان ئەم جۆرە چالاکیانە پێوەندیی بە رادەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی لەسەر شارۆمەندان هەیە.
کۆمەڵگای مەدەنی بە مانای ئەنجومەنە خۆبەشەکان و تۆڕە فەرمی و نیوەفەرمییەکانی دەرەوەی دەوڵەتیشە. ئەوەی لێرەدا جێ سەرنجە، ئەنجومەنە خۆبەخشەکانی دەرەوەی بازاڕ، پێوەندییە خێزانییەکان و دەوڵەتە. لە وەها مانایەکدا، کۆمەڵگای مەدەنی لە چوارچێوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و متمانەی دوولایەنەدا دەردەکەوێت. وردەکارییەکانی ئەم بابەتە لە بەشەکانی دیکە دێتە بەر باس.
رێکخراوە خۆبەخشەکان لە چالاکان و ئەندامە ئاساییەکانی پێک دێت. چالاکان بەگشتی خاوەن بەرپرسایەتی و مووچەن، لە دانیشتنەکانی پلانداناندا بەشداری دەکەن و دەبێ کار و ئامانجێک بە ئاکام بگەیێنن. بۆ نموونە یانە وەرزشی، هونەری و سەرگەرمگەرەکان، رێکخراوەکانی ژنان، پاراستنی ژینگە، دامەزراوە ئایینیەکان و بنکە فەرهەنگییەکان. رۆڵی کۆمەڵایەتیی ئەم رێکخراوانە لە کردەوەی چالاکان و بەتایبەت جۆری رێکخستن و بەڕێوەبردنیاندایە. مزگەوت و رێکخراوە ئایینیەکان خاوەنی رێکخستنی کراوەن، بەڵام بەهۆی ئیدئۆلۆژیک بوون دەتوانن ژمارەیەکی زۆر راکێشی بەرنامەکانی خۆیان بکەن و لە بەشدارییەکەیان کەڵک وەرگرن. ئەم تایبەتمەندییە لەبارەی رێکخراوەکانی دیکەوە راست نییە.
بەڵام سەبارەت بەوەی کە بازاڕ و دەرکەوتەکانی، وەکوو سەندیکا کرێکارییەکان، رێکخراوە پیشەییەکان و نموونەی لە چەشنە بە بەشێک لەم کۆمەڵەیە دێنە ئەژمار یان نا، رێککەوتنێکی ئەوتۆ لەئارادا نییە. پەتنام لە تاوتوێی کۆمەڵگای مەدەنی لە سویدی سەدەی ١٩ وەکوو سەردەمی ئەنجومەنەکان باسی چوار بزووتنەوەی کرێکاری، جوووتیاری، بەربەرەکانی لەگەڵ خواردنەوەی کحول و کڵێسا دەکات کە لە پێوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی لە ساڵی ١٨٦٠ـەوە دەورێکی گرنگیان گێڕاوە. بزووتنەوەی گشتی لەم سەردەمەدا، بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی بوو لەدژی بوروکراتیزم، بنیاتە ئایینیەکان، ئاریستۆکراسی، ئیلیتی سەرمایەدار و ئەو کەسانەی لەو کاتەدا سوید لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بوو. لە سەردەمی ئێستاشدا سوید پلەی یەکەمی هەیە بۆ پرسی رێکخراوە سەندیکاییەکان لە ئابووریی جیهانیی سەرمایەداریدا. پەتنام دەنووسێ: «٨٥٪ هێزی کار لە سوید ئەندامی سەندیکان، کە بەرابەرە لەگەڵ ٦٢٪ـی حەشیمەتی گەورەساڵی ئەم وڵاتە».

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved