29/9/2021 10:43 PM

نامه‌ی به‌همه‌ن قوبادی بۆ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئاكادیمیای ئۆسكار

به‌همه‌ن قوبادی سینه‌ماكاری ناودارو به‌ئه‌زموونی سینه‌ماو ده‌رهێنه‌ری فیلمی بڵندیی "ئاڵای بێ وڵات" A Flag Without a Country كه‌ سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان، شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان دژی گروپی تیرۆریستی داعش و هه‌روه‌ها ئاڵای پیرۆزی كوردستانه‌، ماوه‌ 13 ساڵه‌ به‌شێوه‌ی نه‌خوازراو له‌ وڵاتی ئێران دوورخراوه‌ته‌و له‌ ساڵی 2017 بۆته‌ ئه‌ندامی ڕه‌سمی ئاكادیمیای زانست و هونه‌ره‌ سینه‌ماییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ـ ئۆسكار.

به‌همه‌ن قوبادی نامه‌یه‌كی بۆ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئاكادیمیای ئۆسكار نووسیوه‌و تیایدا پێشنیاری كردووه‌ كه‌ هه‌موو ساڵێك له‌لایه‌ن فیلمسازانی تاراوگه‌ (بێ نیشتمان) و په‌نابه‌ره‌وه‌ له‌ژێر ناوی وڵاتێك یا ئاڵای په‌نابه‌ره‌كاندا ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان بۆ بڕه‌خسێت كه‌ فیلمێك به‌ ئاكادیمیای ئۆسكار بناسێنرێت، ڕاست وه‌كو تیمێكی پێكهاتوو له‌ وه‌رزشوانانی په‌نابه‌ر كه‌ له‌ یارییه‌كانی ئۆڵه‌مپیكدا به‌شداری ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ وه‌رزشوانانی دیكه‌ی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهاندا ڕكابه‌ری ده‌كه‌ن.

ده‌قی ته‌واوی نامه‌كه‌ی "به‌همه‌ن قوبادی" بۆ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئاكادیمیای "ئۆسكار":

خۆزگه‌، مرۆڤ نیشتمانه‌كه‌ی
وه‌كو وه‌نه‌وشه‌كان
ـ له‌ ناو سندووقه‌كانی خاكدا ـ
ڕۆژێك بیتوانیبایه‌
هاوڕێ له‌گه‌ڵ خۆی بیبات، بۆ هه‌ر شوێنێك كه‌ بیویستایه‌

سه‌رۆك و ئه‌ندامانی به‌ڕێزی ئاكادیمیای زانست و هونه‌ره‌ سینه‌ماییه‌كانی
ئه‌مه‌ریكا ـ ئۆسكار
سڵاو و ڕێز
من به‌همه‌ن قوبادی، وه‌كو ئه‌ندامێك له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئاكادیمیا، ده‌مه‌وێت سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخێك بدوێم كه‌ گرفتی زۆربه‌ی فیلمسازانی سه‌ربه‌خۆی جیهانه‌. ئێمه‌ سینه‌ماكارانی بێ نیشتمانین! له‌ڕاستیدا له‌ شوێنه‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م جیهانه‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ین كه‌ نیشتمانی سه‌ره‌كی ئێمه‌ و ئه‌و وڵاته‌ نییه‌ كه‌ تیایدا هاتبێتینه‌ دونیا و ئه‌م جیهانه‌ پێناسه‌ و شوناسی ئێمه‌ به‌ ناوی نیشتمانیی ئه‌و ناوچه‌ جوگرافییه‌وه‌ ده‌ناسێت.
ئه‌وه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ من به‌ له‌به‌ر‌چاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێرانیم، به‌ڵام به‌ بێ هێماكانی شووناسی جوگرافییه‌كه‌م، له‌ تاراوگه‌ كار ده‌كه‌م و ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌م، چونكه‌ حكوومه‌تی سه‌ر‌ه‌ڕۆی وڵاته‌كه‌م، به‌ بیانووی هیچ و پووچه‌وه‌ – و به‌ لانی زۆره‌وه‌ به‌ هۆی ویسته‌ یه‌كسانی خوازییه‌كانم - ‌منی له نیشتمانه‌كه‌م دوور خستۆته‌وه‌. ئه‌مه‌، بێگومان چیرۆكی زۆربه‌ی فیلمسازانی سه‌ربه‌خۆی ‌جیهانه‌ كه‌ ناتوانن به‌ هۆكاری‌ جۆراوجۆره‌وه‌ له‌ نیشتمانی دایكایه‌تی خۆیاندا بژین. له‌ ئاكامدا بۆ كۆچێكی نه‌خوازراو و ژیان له‌ تاراوگه‌ په‌نایان هێناوه‌.
مانای قسه‌كه‌ی من ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ ئه‌ندامێكی ئاكادیمیام، به‌ڵام له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا، وه‌كوو فیلمسازێكی بیانی و به‌ هۆی یاسا و رێساكانی ئاكادیمیای ئۆسكار، وڵاتێك وه‌كوو ئێران، توركیا یا هه‌ر وڵاتێكی دیكه، فیلمه‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ی من وه‌كوو نوێنه‌ری ئه‌و وڵاته‌ به‌ ئاكادیمیا‌ ناناسێنێت. له لایه‌كی دیكه‌وه نابێت له‌ بیربكه‌ین كه زۆربه‌ی ‌سینه‌ماكارانی سه‌ربه‌خۆ و سه‌ربه‌ست كه ته‌نانه‌ت له
وڵاته‌كانی خۆشیاندا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن به‌ڵام بارودۆخێكی وه‌كوو ئێمه‌ی بێ ماڵ‌وحاڵ و دوورخراو و په‌نابه‌ریان هه‌یه. به‌رهه‌می سینه‌ماكارانێكی بوێر كه به سانسۆڕی ده‌وڵه‌تی و گوشار‌ه‌كانی حكوومه‌تی سه‌ره‌ڕۆی خۆیان "نه" ده‌ڵێین، نه ته‌نیا له وڵاتی دایكیی خۆیان سانسۆڕ كراون و پێش نمایشیان گیراوه، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت له لایه‌ن ناوه‌نده‌كانی حكومی و په‌یوه‌ستیشه‌وه هیچ كاتێك ئه‌و ئیزنه‌یان پێنادرێت كه به‌
ئاكادیمیا بناسێندرێن. له ئێران سینه‌ماكارانێكی به‌رچاو له‌وانه:
"جه‌عفه‌ر په‌ناهی" و "محه‌مه‌د ڕه‌سووڵ ئۆف" نابێت له یاد بكه‌ین و هه‌روه‌ها ده‌یان سینه‌ماكاری دیكه له چین و ڕووسیا تا هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌م جیهانه كه له پشت حه‌ساره نادیارییه‌كانی زیندانی گه‌وره‌ له
وڵاته‌كانیان كار و چالاكی ده‌كه‌ن.  له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، ئه‌م بارودۆخه له كه‌شێكدا ڕووده‌دات كه من به شێوه‌ی كارا له‌م ساته‌دا، بێجگه‌ له‌ نه‌ته‌وایه‌تی ئێرانییه‌كم وادیاره‌ كه‌ماڵێكم نییه‌؛ هه‌ر وه‌كوو كیسه‌ڵێك كه له‌ناو قاپه‌كه‌یدا بژیی و ئه‌و به كۆڵییه‌وه له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵبگرێت. و ته‌نانه‌ت زمانێكی سه‌ربه‌خۆشم نییه!
چونكه نا‌زانم ده‌بێت به چ زمانێك فیلم سازبكه‌م تا له وڵاتێكی بێجگه‌ له‌ نیشتمانه‌كه‌ی خۆم به شێوه‌ی گشتی نمایش بكرێت و پاشان حكوومه‌تێك زگی بسووتێت و ڕێز له هونه‌ره‌كه‌م بگرێت و به ناونیشانی یه‌كێك له‌و ڕێگایانه‌ی زیاتر بینینی فیلمه‌كه‌م، ئه‌و به ئاكادیمیا بناسێنێت! بێگومان ئه‌مه چیرۆكی زۆربه‌ی فیلمسازانی دیكه‌ش له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانه كه له‌ بارودۆخێكی هاوشێوه‌دا به‌سه‌ر ده‌به‌ن. هه‌ر به‌م پێیه‌، ده‌مه‌وێت له‌ ڕێگای ئه‌م نامه‌یه‌وه‌، پێشنیار بكه‌م له‌ ته‌نیشت وڵاتانی جۆراوجۆردا كه‌ هه‌موو ساڵێك ئه‌گه‌ر و ئیمكانی ناساندنی یه‌ك فیلمیان به‌ ئاكادیمیا وه‌كوو نوێنه‌ری وڵاته‌كه‌یان هه‌یه‌، یه‌ك فیلمیش له‌ لایه‌ن ئێمه‌ی فیلمسازانی نیشته‌جێ له‌ تاراوگه‌ (بێنیشتمان) ده‌رفه‌تی ناساندن به‌ ئاكادیمیای هه‌بێت. ڕاست وه‌كوو یارییه‌كانی ئۆڵه‌مپیكی 2020 تۆكیۆ، كه‌ ئه‌مساڵ له‌ ژاپۆن به‌ڕێوه‌چوو و تیمێكی پێكهاتوو له‌ وه‌رزشوانانی په‌نابه‌ر له‌ یارییه‌كاندا ئاماده‌ بوو.
ئه‌گه‌ر فیلمسازانی تاراوگه‌ / بێنیشتمان / په‌نابه‌ر – یا هه‌ر ناوێك كه پێناسه‌ی ئه‌و زوڵم و گوشاره بێت كه به‌سه‌ریان هاتووه - بتوانن له‌ژێر ناوی وڵاتێك یا ئاڵای "په‌نابه‌ره‌كان"دا بناسرێن، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان بۆ
ده‌ڕه‌خسێت كه‌ فیلمه‌كانیان له‌ لایه‌ن لێژنه‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئاكادیمیا سه‌ر له‌ نوێ ببیندرێت و یه‌كێك له‌مانه‌ وه‌كوو نوێنه‌ری ئاڵا یا وڵاتی په‌نابه‌ره‌كان هه‌ڵبژێرێت. ڕووداوێكی له‌م چه‌شنه‌، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ به‌ فیلمسازانی سه‌ربه‌خۆی بێنیشتمان ده‌به‌خشێت تاكوو جیهان، به‌ وردیی سه‌یری ئه‌وان بكات و زیاتر له‌ جاران، بپرسێت كه‌ بۆچی ئه‌وانه‌ له‌ تاراوگه‌ن و له‌ نێو نیشتمانی خۆیاندا نین؟ ئه‌م وه‌بیرهێنانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ سه‌باره‌ت به‌م گرووپه‌ له‌ فیلمسازان و به‌رهه‌مه‌كانیان، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت تاكوو جیهان، سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ و لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌كانی وردبینتر و هه‌ستیارتر بێت و بارودۆخه‌كه‌شیان باشتر له‌ یاده‌وه‌رییه‌كاندا بمێنێته‌وه‌.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، فیلمه‌كانی فیلمسازانی نیشته‌جێی تاراوگه‌، دوای ناساندن به‌ ئاكادیمیا ده‌توانێت باشتر ببیندرێن و له‌ كاتی په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ و نمایش كردنی جیهانیدا، ده‌رفه‌ت و پشتگیرییه‌كی باشتر
بۆخۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن.
ئه‌م پێشنیاره ته‌نیا داواكاریی من نییه‌، به‌ڵكوو به نوێنه‌رایه‌تی مه‌عنه‌وی له‌ هه‌ڤاڵانی فیلمسازی سه‌ربه‌خۆم چ له ئێران و چ له هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌م جیهانه ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، بۆ ئێوه‌ ئاراسته‌ ده‌كه‌م. هیوادارم وردبینی و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری به‌رزی سینه‌مایی ئه‌ندامانی ئاكادیمیا، ئه‌مساڵ ده‌رفه‌تێكی له‌م چه‌شنه‌ بۆ فیلمسازانی نیشته‌جێی تاراوگه‌ بڕه‌خسێنێت.

له‌گه‌ڵ سوپاس و رێزم
به‌همه‌ن قوبادی

خاك - پوكمیدیا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved