30/9/2021 04:02 PM

تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە سەردەمی ئێستادا ( 12 )

جیاوازیی NGOـکان و کۆمەڵگای مەدەنی
NGOـکان لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی بەرابەر نین، بەڵام ئەوانیش هاوشێوەی کۆمەڵگای مەدەنی رێکخراوەگەلێکی نادەوڵەتی، سەربەخۆ و بەشێکن لە کۆمەڵگای مەدەنی. بە واتایەکی دیکە کۆمەڵگای مەدەنی بۆخۆشی رێکخراوەیەکی نادەوڵەتییە. کەوابوو، جیاکردنەوەی NGOـکان لە کۆمەڵگای مەدەنی، تا ئێرە تەنها بابەتێکی شێوازناسانەیە. هەندێک کەس هیچ جیاوازییەک لەنێوان کۆمەڵگای مەدەنی و NGOـکاندا دانانێن. بەڵام بەهەرحاڵ ناولێنانە جیاوازەکەیان دەبێ  مانایەکیشی لە بواری ناوەرۆک و چالاکیی ئەواندا هەبێ. رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانن نوێنەری گروپە پرۆفیشناڵ و پیسەییەکان بن و بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەندامانی ئەم گروپە چالاکی بنوێنن. بەڵام NGOـکان بۆ خزمەتکردنی گروپە هەژارەکانی کۆمەڵگا و تەیارکردنی یارمەتییە کارناسانەکان پێک دێن و بۆ چالاکییەکانی خۆیان یارمەتیی نێودەوڵەتی وەردەگرن.
کۆمەڵگای مەدەنی یەکێک لە سێ کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگایە، لە تەنیشت ئابووری و دەوڵەت. لەڕاستیدا کۆمەڵگای مەدەنی بە کۆمەڵێک رێکخراوەی نادەوڵەتی دەگوترێت. هەزاران NGO لە ناو کۆڵەکەی سێهەمی کۆمەڵگا، واتە کۆمەڵگای مەدەنیدا، چالاکی دەکەن. بە واتایەکی دیکە لە نەبوون یان لاوازیی کۆمەڵگای مەدەنی بواری چالاکی بۆ NGOـکان بەرتەسک دەبێتەوە و ئەگەر داشبمەزرێن بەردەوام نابن. NGOـکان لەهەمانکاتدا دەتوانن ناوکە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و یان بەهێزکەری کۆمەڵگای مەدەنی بن و یان لە خزمەت ئامانجەکانیدا بن. کەوابوو، چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەبێ پێشوازی لە پێکهاتنی NGOـکان بکەن چونکە کۆمەڵگای مەدەنی بە بوونی NGOـکانەوە بەهێز دەبێت. NGOـکان ناتوانن ئەو رۆڵەیان هەبێت کە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە بەشی بازاڕ و دەوڵەتدا دەیگێڕن. ئەوان دەسەڵاتێکی رێکخراوەیی ئەوتۆیان نییە بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی دەوڵەت ببنەوە. دروسکردنی تۆڕێک لە نێوان NGOـکاندا دەبێتە کۆدەنگییەکی سەروو گرووپی لە کۆمەڵگادا.
NGOـکان بەگشتی بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییە مەدەنییەکانی خۆیان، لەو کۆمپانیانەی کەرتی تایبەت کە حەزیان لەم چەشنە چالاکییەیە، یارمەتی وەردەگرن. بۆ نموونە رێکخراوە نادەوڵەتییەکانی فێرکاریی گشتی لە بواری رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەخۆشییە گشتگیر و کوشەندەکان.

NGO جۆراوجۆرەکان بۆ خزمەتکردن بە کۆمەڵگای مەدەنی
لەو کۆمەڵگایانەی کە دەوڵەتێکی سەرەڕۆ زاڵە بەسەریاندا و ئەگەری دروستکردنی تۆڕێکی بەربآڵو لە رێکخراوە مەدەنییەکان بوونی نییە، رۆڵی NGOـکان بەرچاوتر دەبێت. NGOـکان بۆ ئامانجی جۆراوجۆر پێک دێن و نموونە دیاری ئەم رێکخراوانە بریتین لە: جیهانی یەکەم، جیهانی سێهەم، نێودەوڵەتی و مافی مرۆیی (بۆ نموونە رێکخراوەی لێبوردنی نێودەوڵەت، چاوەدێری مافی مرۆڤ)، هەرەوەزی، تۆڕی، خەڵکی، سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، ئایینی، میدیایی، خێرخوازی، دەوڵەتی، ئاسۆیی (تۆڕە خەڵکییەکان)، ئەستوونی (تۆڕی دەوڵەتی)، پاراستنی ژینگە، تەندروستی، مناڵان و ... .

 

خاک _ سیامەند موهتەدی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved