6/10/2021 01:24 PM

کۆمەڵگای مەدەنیی حکومی چییە؟

لەو کۆمەڵگایانەی کەوا دەوڵەت کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگای لە ئەستۆیە یان ئەگەری پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنی لەئارادا نییە، یان لە ئەگەری پێکهاتنیدا گرێدراوی دەوڵەت دەبێت، رێگە بۆ گەشەی کۆمەڵگای مەدەنیی گرێدراوی دەوڵەت خۆش دەبێت. ئەم جۆرە رێکخراوانە لەجیاتی کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری کردەوەکانی دەوڵەت، هەڵسوکەوت و رەفتاری دەوڵەت پاساو دەدەنەوە. چونکە ئەندامەکانی بەپێچەوانەی کۆمەڵگای مەدەنیی سەربەخۆ لە دیموکراسییەکدا، کۆمەڵێک بەرژەوەندیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ دەوڵەت هەیە. لە سیستمی ئابووریی دوڵەتیدا کە دەوڵەت خاوەنی کار و سەرمایەیە و کارمەندانی دەوڵەت مووچەخۆری دوڵەتن، ئەگەری پێکهاتنی کۆمەڵگای مەدەنیی سەربەخۆ زۆر لاوازە. کۆمەڵگای مەدەنی کە وەها دۆخێکدا، دەبێتە نوێڵی سیاسەت و کردەوەکانی دەوڵەت. پێکهێنەرانی ئەم رێکخراوانە، بە وەرگرتنی پۆینی ماڵی، سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەبن بە بریکاری نافەرمیی دەوڵەت.
ئەم جۆرە پێوەندییە لەنێوان دەوڵەت و رێکخراوە مەدەنییەکان لە چوارچێوەی پێوەندییەکانی دارەدەست‌پەروەری، یان سیستمی پشتیوان‌پەروەردا مانا پەیدا دەکات. لە سیستمی پشتیوان‌پەروەردا دەوڵەت لە بری ئەو پشتیوانییەی لە کەس و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی وەردەگرێت، پارە و دەسەڵاتیان پێدەبەخشێت. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ نموونە سەندیکا کرێکارییەکان، سەندیکا پیشەییەکان، بنکە ئایینیەکان و میدیاکان و تەنانەت حزبە سیاسییەکانیش بە لقێک لە پێکهاتەی دەوڵەت دێنە ئەژمار. کەوابوو، لە ئەگەری رووخانی دەوڵەتەکاندا ئەوانیش لەناو دەچن. بۆ نموونە کۆمارە سۆشیالیستیەکانی دەوروپشتی سۆڤیەت. دوای رووخانی ئەم دەوڵەتانە، دەوڵەتە نوێیەکان ئەگەر دیموکراتیک نەبن دەست دەکەن بە دروستکردنی «کۆمەڵگای مەدەنیی خۆمانە» و ئەوانیش هاوشێوەی دەوڵەتەکانی پێشوو کۆمەڵێک پێوەندیی پشتیوان‌پەروەر بەرهەم دێننەوە. لەم سیستمەدا پێوەندییەکان ئەستوونین، بەڵام لە سیستمە دیمەکراتیکەکاندا پێوەندییەکان ئاسۆیین.
لە کۆمەڵگای دیموکراتیکدا بەپێچەوانە سیستمە دیکتاتۆرەکان، رۆحی پێکەوە ژیان، لێبوردەیی و تۆلێرانس گەشە دەکات و کاریگەرییەکانی لە سەرتاسەری کۆمەڵگا و تەناتەت کە پێکهاتەی دەوڵەتدا دەردەکەوێت.

 

خاک _ پشکۆ کامەران

ئەم بابەتە لەفارسییەوە وەرگیراوە





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved