13/10/2021 08:19 PM

چاره‌سه‌ری هێڵی پێكه‌نین

د.گه‌شین كه‌مال پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی پێست و جوانكاری بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی هێڵی پێكه‌نین و هۆكاره‌كانی. روونیشيكردوه‌ته‌وه‌ كه هێڵی پێكه‌نین ئه‌و هێڵه‌یه‌ له‌ لای راست و چه‌پی لوت شۆڕده‌بێته‌وه‌ بۆ لای ده‌م و خوار ده‌م، یه‌كێكه‌ له‌ نیشانه‌كانی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن، یان له‌ ئاكامی زۆر ماندووبونی پێست و كه‌مبونه‌وه‌ی كۆلاجین له‌ژێر پێستدا رووده‌دات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌م هێڵانه‌ هه‌ندێكجار ته‌نك و باریكن، هه‌ندێكجاریش ئه‌ستورو پانن، ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی چاڵ به‌ درێژایی ئاڕاسته‌ی هێڵه‌كان له‌نێوان لوت و ده‌مدا.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ده‌رخستووه‌ كه‌ ده‌ركه‌وتنی ئه‌م هێڵانه‌ له‌ ئه‌نجامی شلبوونه‌وه‌ی چه‌وری ژێر پێستی روومه‌ت ده‌رده‌كه‌وێت و له‌كاتی به‌كارهێنانی كرێم و كه‌لوپه‌لی جوانكاری ده‌رده‌كه‌وێت، به‌وپێیه‌ی شوێنی هێڵه‌كان پڕده‌بێته‌وه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ جوانكارییه‌كان.

هۆكاره‌كانی تری دروستبوونی ئه‌م هێڵانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌ركه‌وتن به‌ تیشكی خۆرو لاوازبوونی ده‌موچاو و ئه‌نجامدانی كێش دابه‌زاندن.

له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری پزیشكیه‌وه‌، ئه‌و پزیشكه‌ ده‌ڵێت: چاره‌سه‌ری سروشتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆپارێزی بكرێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ری گونجاو و پزیشكی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ فیله‌ر چاره‌سه‌ر بكرێت.

ئه‌وه‌شی وتووه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌رزی فیله‌ره‌وه‌ ده‌توانرێت ئه‌و هێڵانه‌ پڕبكرێته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بمێنێته‌وه‌ كه‌ كه‌متر نییه‌ له‌ ماوه‌ی 6 مانگ به‌پێی خۆپارێزییه‌كان و جۆری پێستی كه‌سه‌كان، ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ش واده‌كات پێویستتان به‌ چاره‌سه‌ری راكێشانی پێست نه‌بێت به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.

د.گه‌شین ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، فیله‌ر یه‌كێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ره‌ پزیشكی و زانستییه‌كان كه‌ له‌ بواری پزیشكی پێشكه‌وتوودا پشتی پێده‌به‌سترێت و ئه‌نجامی سه‌رسوڕهێنه‌ری ده‌بێت و هیچ زیانێكیش به‌ پێست ناگه‌یه‌نێت و ژێر پێست چالاك ده‌كاته‌وه‌.

خاك - ئا/ لانه‌ كاشان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved