24/10/2021 10:14 AM

چەند رێگایەكی خێرا بۆ دابەزاندنی كێشی خانمان

خانمان زۆرتر لە پیاوان دووچاری زۆربوونی كێشیان دەبنەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە قۆناغەكانی ژیانیاندا گۆڕانكاری گرنگیان بەسەردا دێت وەكو هاتنی سوڕی مانگانەو دووگیانی و نەشتەرگەری منداڵبوون و تێكچوونی هۆڕمۆنات، بۆیە پێویستە زیاتر لە پیاوان ئاگاداری تەندروستی و جەستەیان بن تاوەكو كێشی جەستەیان كۆنترۆڵ بكەن و جەستەیان بەجوانی بمێنێتەوە.

بەپێی توێژینەوەكان، پزیشكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەو خانمانەی منداڵیان بووە گەر دەیانەوێت بە شێوەیەكی خێرا كێشی جەستەیان دابەزێنن، ئەوا سەرەتا ئەبێ وەرزشێكی باش بكەن، چونكە لەم قۆناغەدا كەمكردنەوەی خواردن رەنگە زیان بە تەندروستی خۆیان و كۆرپەكەشیان بگەیەنێت، بەوپێیەی دەبێت خواردنی باش بخوات بۆ قەرەبووكردنەوەی جەستەی خۆی و بۆ بەسوودبوونی ئەو شیرەی دەیدات بە كۆرپەكەی.

ئەو خانمانەشی بەهۆی خواردنەوە قەڵەو دەبن، دەبێت دووربكەونەوە لە خواردنی خواردنە خێراكان، ئەمە جگەلەوەی دەبێت كەم كەم و زوو زوو خواردن بخۆن تاوەكو پێی قەڵەو نەبن. هەروەك لەجیاتی رۆژانە سێ ژەمی زۆر بخۆن، پێنج ژەمی كەم بخۆن.

هەروەها بۆ خانمان بەگشتی گرنگە جۆری خواردنیان تایبەت بێت، واتە ئەو خواردنانە بخۆن كە ڤیتامین و پرۆتینات و كاربۆهیدراتی زیاترە، دووربكەونەوە لە خواردنی لەقوتونراو و بێسوودەكان.

لەگەڵ ئەمانەشدا خواردنەوەی ئاو بە بڕێكی زۆر رۆژانە گرنگە، هەروەها خواردن و خواردنەوە گەرمەكان بەسوودترە وەك لە ساردەكان.

ئەو خانمانەشی كاتی ئەوەیان نیە رووبكەنە هۆڵەكانی وەرزش، ئەوا لە ماڵەوە وەرزش بكەن، یان بەردەوام پیاسە بكەن، هەموو ئەمانە گرنگن بۆ تەندروستی خانمان.

خەوی رێكوپێك و لەكاتی خۆیدا بۆ چەند كاتژمێرێك بەسەریەكەوە زۆر سوودی بۆ خانمان هەیە لەكاتی كێش دابەزاندندا، بەڵام خەوی پچڕپچڕ هیچ سوودێكی نیە.

چەند خواردنێكی گرنگ بۆ خانمان:
-نانی بۆر
ماسی
گۆشتی سوور
پاقلەمەنیەكان
پرتەقاڵ
هێلكە
سەوزە

خاك – ئا/ مەلیك حسن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved