27/10/2021 09:33 AM

فیلمی ئێرانی دارگوێز بۆ یه‌كه‌مجار له‌ هه‌رێم نمایشده‌كرێت

فیلمی ئێرانی دارگوێز له‌ ده‌رهێنانی محه‌مه‌د حسێن مه‌هده‌ویان بۆ یه‌كه‌مینجار له‌لایه‌ن كۆمپانیای مه‌ستی فیلم له‌ هه‌رێمی كوردستان نمایشده‌كرێت.

به‌پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی مێهر له‌ نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی كۆمپانیای مه‌ستی فیلم، نمایشی گشتی فیلمی دارگوێز ڕۆژی 4ی مانگی 11ی 2021 به‌شێوه‌ی هاوكات له‌ پارێزگاكانی سلێمانی، هه‌ولێرو دهۆك ده‌ستپێده‌كات.

دارگوێز چیرۆكی ڕاسته‌قینه‌ی ژیانی تاڵ و پڕ له‌ نه‌هامه‌تی كه‌سێكی خه‌ڵكی سه‌رده‌شت به‌ ناوی قادر مه‌ولان پوور ده‌گێرێته‌وه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ كاره‌ساتی كیمیابارانی سه‌رده‌شتدا به‌ر چه‌كی كیمیایی ده‌كه‌ون.

ئه‌م فیلمه‌ ئێرانییه‌ له‌ فستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی فه‌جر له‌ تاران توانی خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌رو باشترین ئه‌كته‌ر به‌ده‌ستبێنێت و یه‌كێك له‌ به‌ربژێره‌كانی ئێران بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك نوێنه‌ری ئێران بچێته‌ ڕكابه‌ریی ئۆسكاری 2021.

كۆمپانیای مه‌ستی فیلم ده‌یه‌وێت به‌ گرنگیدان به‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌ فه‌رهه‌نگییه‌كانی نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان و به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌دان به‌ په‌یوه‌ندی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری دوولایه‌ن، فیلمه‌ ئێرانییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بڵاوبكاته‌وه‌.

خاك - پوكمیدیا





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved