8/11/2021 09:28 AM

دكتۆرای فه‌خری ده‌به‌خشرێته‌ ئیسماعیل بێشكچی

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕێزو پێزانین ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵناس و نوسه‌ری ناسراوی تورك ئیسماعیل بێشكچی ده‌كات، كه‌ مـاوه‌ی زیـاتـر لـه‌ نیو سـه‌ده‌یـه‌ له‌ڕێگـای نوسیـن و به‌رهـه‌مه‌ زانستیه‌كانی ژیـانی خۆی ته‌رخانكردوه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ ڕاستی و پشتیوانیكردنی دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كورد، هه‌روه‌ها زانكۆی دهۆكیشی ڕاده‌سپێرێت ئاماده‌كاری بكات بۆ پێدانی دكتۆرای فه‌خری به‌ (ئیسماعیل بێشكچی).

د.ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ ئاماده‌بونی بریكاری وه‌زاره‌ت و سه‌رۆكی زانكۆی دهۆك و ڕاوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی، پێشوازی له‌ كۆمه‌ڵناس و نوسه‌ری ناسراوی تورك ئیسماعیل بێشكچی و وه‌فدی یاوه‌ری كرد. 

له‌ دیدارێكدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، خه‌بات و تێكۆشانی ئیسماعیل بێشكچی له‌ داكۆكیكردن له‌ گه‌لی كوردستان و دۆزی ڕه‌وای كورد به‌رز نرخاند، بۆ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵوێست و نوسین و به‌رهه‌مه‌كانی بێشكچی كرد، كه‌ له‌ ڕێگه‌ی توێژینه‌وه‌كانی به‌ شێوازێكی زانستی و ئه‌كادیمی، به‌رگری له‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان كردوه‌. بۆ ئه‌مه‌ش وتی: هه‌مو وشه‌یه‌كی نێو كارو به‌رهه‌مه‌ زانستییه‌كـان و قوربانییه‌ مه‌زنه‌كانی بێشكچی  به‌رز ده‌نرخێنین، به‌ چـاوی ئه‌مه‌ك و پێزانینه‌وه‌ لێیان ده‌ڕوانین، هیوای ته‌مه‌نی درێژو ته‌ندروستی باشی بۆ ده‌خوازین.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌داو له‌ پێناو به‌رزنرخاندنی هه‌وڵ و ماندوبون و شه‌ونخونیه‌كانی بۆ داكۆكیكردن له‌ دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان، د.ئارام محمد قادر، سه‌رۆكی زانكۆی دهۆكی ڕاسپارد ئاماده‌كاری پێویست ئه‌نجامبده‌ن، بۆ پێدانی دكتۆرای فه‌خری به‌ كۆمه‌ڵناس و نوسه‌ری ناودار ئیسماعیل بێشكچی.

وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕاشیگه‌یاند: سێنته‌ری بێشكچی له‌ زانكۆی دهۆك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ڕێگه‌ی توێژینه‌وه‌و بابه‌ته‌ زانستی و ئه‌كادیمییه‌كانی كاری بۆ پێشخستنی ئاستی زانكۆو بیروبۆچون و گه‌یاندنی په‌یامه‌ ڕاسته‌قینه‌كان كردووه‌. بۆیه‌ په‌ره‌پێدانی سێنته‌ری بێشكچی و كاركردن له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ نیشتیمانیه‌كانی له‌پێناو دۆزی كورد ئه‌ركی سه‌ره‌كیمانه‌. 

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ ئیسماعیل بێشكچی، سوپاسی وه‌زیری خوێندنی باڵاو پشتیوانیه‌كان كردو جه‌ختی له‌ گرنگی كاركردن له‌سه‌ر سێكته‌ری خوێندنی باڵاو بایه‌خدان به‌ پرسه‌ زانستییه‌كان و  چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد به‌شێوازێكی ئاشتییانه‌ و دادپه‌روه‌رانه‌ كرده‌وه‌.

خاك - وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved