23/11/2021 04:25 PM

خوویەکی شەوانە کە دەتوانێ نیشانەی شێرپەنجەی پرۆستات بێ

پسپۆڕان دەڵێن لەخەو هەستانی بەردەوام بۆ میز کردن دەتوانێ نیشانەی شێرپەنجەی پرۆستات بێ. بەپێی راپۆرتی Mirror، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە حاڵەتی قورسی ئەم کێشەیە کە ناوی «نۆکتۆریا»ـیە وەکوو کاریگەریی لاوەکیی رادیۆتراپی لە ٢٥٪ـی ئەو کەسانەی کە ئەم شێرپەنجەیەیان هەیە، دەردەکەوێت. ئەم کێشەیە دەتوانێ هۆکارەکەی بوونی غودەیەکی گەشەسەندوو و ئەو زەختە بێت کە دەیخاتە سەر بۆرییەکانی میز.
کێشەی نۆکتۆریا زۆر جار لە قۆناغە کۆتاییەکانی ئەم نەخۆشییەدا دێتە دی و ئەمە بەم واتایەیە کە دەبێ بەخێرایی پرۆسەی چارەسەری دەست پێبکرێت. ئاژانسی تەندروستیی گشتیی بەریتانیا دەڵێ: «شێرپەنجەی پرۆستات بەگشتی تا  بەر لەوەی کە پرۆستات ئەوەندە گەورە بێت کە زەخت بخاتە سەر بۆرییەکانی میز، هیچ نیشانەیەکی نییە.»
دۆزینەوەی شێرپەنجەی پرۆستات لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بەهۆی ئەوەی نیشانەیەکی روون و ئاشکرای نییە زۆر ئەستەمە. کەمبوونەوەی رێژەی تاقیکارییە پزیشکییەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا دەتوانێ لە ساڵەکانی دواییدا ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە. شێرپەنجەی پرۆستات لەدوای شێرپەنجەی پێست دووهەمین شێرپەنجەی باوە لەناو پیاواندا.
کۆمەڵێک بەڵگە لەبەر دەستن کە دەریدەخەن ئەگەری کەمکردنەوەی مەترسیی ئەم نەخۆشییە بە رووەکخۆری بوونی هەیە. ئەو کەسانەی میوە، سەوزە، دانەوێڵە و ماسی بەکار دێنن، کەمتر تووشی قۆناغە پێشکەوتووەکانی شێرپەنجەی پرۆستات دەبن.

 

سەرچاوە: mirror

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved