25/11/2021 08:32 AM

یەكێتی ژنان: رێژەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان زۆر زیادیكردووە

بەیاننامەی یەكێتی ژنانی كوردستان بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.

ئەمڕۆ لە جیهاندا دوای ئەم هەموو پێشكەوتنە زانستی و تەكنەلۆجیە‌و بونی ئەو هەموو بڕیارە نێودەوڵەتی‌ و ئەو هەوڵانە بۆ بەرەنگاری توندوتیژی، هێشتا توندوتیژی بەرامبەر ژنان و هەڵاواردنی ڕەگەزیی گەورەترین بەربەستە لەبەردەم یەكسانی و ئاشتی ‌و دادپەروەری كۆمەڵایەتی ‌و مافی مرۆڤ لە جیهاندا‌و هێشتا رێژەیەكی زۆر لە ژنان لە جیهاندا روبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لەكۆی  3 ژن لە جیهاندا یەكێكیان روبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، نەخشەی بونی توندوتیژی لە جیهاندا پانتاییەكی زۆر لە نەخشەی گۆی زەوی دادەپۆشێت، بە شێوەیەك كۆمەڵگەیەكی مرۆڤایەتی نادۆزرێتەوە كە خاڵی بێ‌ لەم دیاردەیە، تادێت لەهەڵكشاندایە، هۆكاری ئەم توندوتیژیەش بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی سەرمایەداری و چینایەتی و جەنگ ‌و سەرهەڵدانی هزری سیاسی توندڕەو‌و قەیرانە ئابوری و سیاسی ‌و كۆمەڵایەتییەكان‌ و باری ئابوری خراپ‌ و بەكاڵاكردنی ژنان و مناڵان‌و بازرگانیكردن پێیانەوە‌و بەكۆیلەكردنیان لەلایەن مافیا جیهانییەكانەوە، ئەمە سەڕەرای ئەوەی لەم سەردەمی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنایەشدا، رێژەكە زۆر زیادیكردووە.

دەستنیشانكردنی رۆژێكی دیاریكراو بۆ بەرەنگاری توندوتیژی لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوەیە كۆدەنگییەكی جیهانی دروستببێ‌ بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی ‌و هانی وڵاتان بدات بۆ كاركردنی زیاتر‌و پابەندبونیان بەبڕیارە نێودەوڵەتییەكانەوە.

لە هەرێمی كوردستاندا كە بەشێكە لە كۆمەڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو جۆرەكانی توندوتیژی بونی هەیە، ئەگەرچی كۆمەڵە یاسایەك بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە هەموار كراوەتەوە، وەك یاسای نەهێشتنی توندوتیژی و قەدەغەكردنی كوشتنی ژنان بەبیانوی شەرەفپارێزی، بەڵام رۆژانە كوشتن و خۆكوشتنی ژنان بووەتە سەردێڕی هەواڵەكان، جگە لەو حاڵەتانەی كە لە شوێنە چەپەك ‌و نادیارەكاندا روودەدات ‌و كەس پێی نازانێت ‌و زۆر كەم بكوژانی ژنان روبەڕووی یاسا دەبنەوە.

نەبونی سەروەری یاساو كارپێنەكردنی یاسا هەمواركراوەكان ‌و قەیرانە ناوخۆییەكان، هۆكاری سەرەكی توندوتیژین، لەم رۆژەدا داواكارین پەرلەمانی كوردستان بەئەركی سەرەكی خۆی وەك چاودێریكردن‌و جێبەجێكردنی یاساكان هەڵسێت.

هەروەك داواكارین حكومەت‌و رێكخراوەكان هەمئاهەنگی تەواو بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی بكەن.

یەكێتی ژنانی كوردستان

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved