هەڵبەت (چه‌نگی سۆمه‌ری) یەكێكە لەو كتێبە دەگمەن و بەهێزانەی کە بەڕاستی ماندووبوونی نووسەری بەتەواوی پێوە دیارە و ماوەیەكی ئێجگار زۆریش سەرقاڵی نووسینی ئەم بەرهە ئەدەبیە ڕۆشنبیرییە هونەرییە بووە. بۆ خستنەڕووی هەندێ وردەكاری زیاتر و لایەنی شاراوەی تایبەت بە (ژیانی نووسەر و بەرهەمەکەی)، سایتی خاك ئەم دیدارە تایبەتییەی لەگەڵ نووسەری كتێبەکە (ئاكام بایز حه‌مزه) بەم شێوەی خوارەوە ئەنجامدا. دیداری سایتی خاك
٭ سه‌ره‌تا ئەمانه‌وێت نووسه‌ری كتێبی (چه‌نگی سۆمه‌ری) بناسین؟ -ناوم (ئاكام بایز حه‌مزه)یه و ناسراوم به (ئاكام ساهیر)، لە ڕێكه‌وتی (١٩٧٩/٨/٢٦) له شارۆچكه‌ی (قه‌ڵادزێ)دا له‌دایكبووم. ده‌رچووی كۆلێژی ئه‌ده‌بیاتم به‌شی (زمانی عه‌ره‌بی)، كه هه‌ر له‌به‌ر خۆشه‌ویستی بێپایه‌نیشم بوو بۆ هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگ (كازم ساهیر) چوومه ئه‌م كۆلێژه؛ تاكو زیاتر شاره‌زایی له زمانی عه‌ره‌بی په‌یدا بكه‌م و بتوانم گۆرانییه قه‌سیده‌كانی شیبكه‌مه‌وه. ٭ له ژیانی ڕۆژانه‌تدا به چ شتێكه‌وه سه‌رقاڵیت؟ - ماوه‌ی (١٦) ساڵه وه‌ك (كارمه‌ند) له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا كارده‌كه‌م. دوای ده‌وامیش، وه‌ك خه‌ڵكی ئاسایی، به‌كاروباری تری ڕۆژانه‌مه‌وه سه‌رقاڵم. ٭ له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌دا چۆنی؟ - زۆر باشم و به‌رده‌وام ده‌خوێنمه‌وه. ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌كانیش، بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگن، وه‌ك: (هونه‌ر، ژیاننامه، مێژوو، جوگرافیا... هتد). به‌ڵام له‌هه‌موویان زیاتر، به‌ڕاشكاوی (ڕۆمان)ه؛ چونكه زۆر شه‌یدای خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانم.
٭ زۆرترین ڕۆمان كه خوێندووته‌وه هی كام ڕۆمانووسه؟ - (نه‌جیب مه‌حفوز)؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر چێژ له ڕۆمانه‌كانی وه‌رده‌گرم. ٭ ئه‌ی له دونیای هۆنراوه‌دا، حه‌ز به‌شیعره‌كانی كام شاعیر ئەكه‌ی؟ - له كورددا، زۆر به‌هۆزانڤانانی پێشووی وه‌كو: (نالی، ئه‌حمه‌د موختار جاف، هێمن) سه‌رسامم. له هی ئه‌م سه‌رده‌مه‌شدا، حه‌ز به‌هۆنراوه‌كانی هۆزانڤانان (عه‌بدوڵڵا په‌شێو، ئه‌حمه‌د موحه‌مه‌د، فه‌ریدون عه‌بدول به‌رزنجی)ی و (موحه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان)ی ناسراو به‌ژه‌نه‌ڕاڵی پایز ده‌كه‌م، به‌تایبه‌ت هۆنراوه‌ی (پایز بوو باران نم نم ئه‌باری) كه وێنه‌ی شیعری زۆر جوان له‌م هۆنراوه‌دا هه‌یه. له هۆزانڤانانی عه‌ره‌بیشدا زۆرن، دیارترینیان: (نزار قه‌بانی، به‌در شاكر سیاب، موته‌نه‌بی، مه‌حمود ده‌روێش، کەریم عێراقی)ن. ٭ نێوانت له‌گه‌ڵ سه‌یركردنی فیلم‌دا چۆنه؟ به‌كام ئه‌كته‌ریش سه‌رسامیت؟ - یه‌كێكم له‌و كه‌سانه‌ی به‌رده‌وام سه‌یری فیلم و دراما ده‌كه‌م، زۆر حه‌ز به‌دیتنی فیلم و دراما ئێرانییه‌كان ده‌كه‌م به‌ڕاستی داهێنه‌رن، هاوكات هه‌ر له منداڵییه‌وه حه‌زێكی تایبه‌تم بۆ فیلمه میسڕییه كۆنه‌كان هه‌بووه، به‌تایبه‌ت هی هونه‌رمه‌ندانی كۆچكردوو: (عه‌بدولحه‌لیم حافز، فه‌رید ئه‌تڕه‌ش، موحه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب، ئوم كه‌لسوم). هه‌روه‌ها حه‌ز به‌فیلم و دراما عێراقییه‌كانیش ده‌كه‌م. له دیارترین ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ش من پێیان سه‌رسامم، زۆر سه‌رسامم به‌ئه‌كته‌ری به‌توانای كورد (ماهیر حه‌سه‌ن). له ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه، تاكه ئه‌كته‌ری كورده كه بتوانێت هه‌ردوو ڕۆڵی كۆمیدیا و تراژیدیا به‌یه‌ك ئاست به‌رجه‌سته بكات، هاوكات چێژ له كاره‌كانی (كه‌مال چالاك، ئه‌یام ئه‌كڕه‌م، شوان عه‌توف) وه‌رده‌گرم. له بیانییه‌كانیش، له ئاشقانی ئه‌كته‌رانی ناسراو (عادل ئیمام، موسته‌فا زه‌مانی، جه‌سیكا بێل)م. ٭ له‌گه‌ڵ جیهانی وه‌رزش چۆنی، سه‌یری تۆپی پێ ئەكه‌ی؟ - باوه‌ڕ ناكه‌م مرۆڤ بتوانێت بێ وه‌رزش بژی. بێگومان منیش به‌پێی كاته‌كانم وه‌رزش ئه‌نجام ده‌ده‌م. سه‌باره‌ت به‌تۆپی پێ، به‌دڵنیایی سه‌یری ئه‌م یارییه به‌ربڵاوه ده‌كه‌م و هانده‌رێكی سه‌رسه‌ختی هه‌ڵبژارده‌ی (ئه‌ڵمانیا) و یانه‌ی (بایه‌رن میونخ)م و به‌رده‌وام سه‌یری هه‌موو یارییه‌كانیان ده‌كه‌م. ٭ جگه له كازم، گوێ له گۆرانیبێژانی دیكه ئەگری؟ - به‌دڵنیایی ده‌یڵێم: (كازم هه‌رگیزا و هه‌رگیز له هونه‌ردا دووباره نابێته‌وه)، به‌ڵام جارجاره‌ش گوێبیستی ده‌نگی گۆرانیبێژانی دیكه‌ش ده‌بم. بۆ نموونه له كورددا، حه‌ز به‌گۆرانییه‌كانی (مه‌زهه‌ری خالقی، به‌هجه‌ت یه‌حیا، ئه‌یوب عه‌لی، کەمال موحەمەد، زیاد ئەسعەد، زەکەریا، میکائیل، شێركۆ تاڵیب) ده‌كه‌م، بەڵام (عه‌دنان كەریم) لەسەرووی هەموویانەوەیە و زۆر تایبەتە لام، زۆر چێژیش له گۆرانییه كوردییه كۆنه‌كانی پێشوو وه‌رده‌گرم؛ چونكه شه‌یدای هه‌موو شتێكی كۆنم. له گۆرانیبێژانی عه‌ره‌بیش، سه‌رسامی كاره‌كانی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو (عه‌بدولحه‌لیم حافز)م، كه هونه‌رێكی ناوازه‌ی پێشكه‌شكرد، هاوكات سه‌رسامی زۆرێك له گۆرانیبێژانی عێراقی كۆنم. ته‌نانه‌ت گوێبیستی گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی ناودار (موعین ئه‌سفه‌هانی، مه‌هه‌ستی، ئیبڕاهیم تاتڵیساس) ده‌بم، كه له‌گه‌ڵ چه‌ند گۆرانیبێژێكی دیكه‌دا، شۆڕشێكی هونه‌ری گه‌وره‌یان له گۆرانیی و موزیكی فارس و تورک‌دا به‌رپا كرد و چێژێكی تایبه‌تیش له موزیكی گه‌لانی تر وه‌رده‌گرم. ئێستا با بێینه سه‌ر باسی كاره‌كه‌ت، به‌ڵام به‌ر له‌مه؛ پێمان باشه سه‌ره‌تا بۆ خوێنه‌ران ڕوونی بكەیەوه، چیرۆكی دیدارت له‌گه‌ڵ كازمدا چۆن بوو؟ - ساڵی (٢٠١٨) بۆ لوبنان چووم و به‌خزمه‌تی كازم گه‌یشتم و ئه‌م ئاواته له‌مێژینه‌م هاته‌دی. دوای دیدارێكی كورت له‌گه‌ڵیدا، بۆم ده‌ركه‌وت كه چه‌ند ساده‌یه و چه‌ندیش هه‌واداره‌كانی خۆشده‌وێت، به‌ڕاشكاوی له‌و ساته‌دا گه‌یشتمه لوتكه‌ی شادمانی؛ چونكه په‌شیمان نه‌بووم له‌وه‌ی كه چه‌ندین ساڵه شه‌یدای بووم و خۆشه‌ویستی بێ ئه‌ندازه‌م بۆ خودی خۆیی و هونه‌ره‌كه‌ی هه‌بووه. به‌ڕاستی هونه‌رمه‌نده به‌مانای وشه. ئینجا دواتر له كۆنسێرته‌كه‌یدا ئاماده بووم و چێژێكی زۆرم لێی وه‌رگرت. هیوادارم سه‌رجه‌م شه‌یدایانی، به‌دیداری شاد بن و ده‌رفه‌تی ئاماده‌بوون له ئاهه‌نگه‌كانیدا له‌ده‌ست نه‌ده‌ن.
٭ وه‌ك نووسه‌رێك چیرۆكی نووسینی ئەم كتێبه‌ت چۆن سه‌ریهه‌ڵدا، گرنگترین ئاستەنگەكان چی بوون؟ - هه‌ر به‌رهه‌مێك كه بته‌وێت به‌جوانی كاری تێدا بكه‌یی و به‌دڵی هه‌مووان بێت، ئه‌وا پێویسته به‌جیددی هه‌وڵی بۆ بده‌یی و ماندووبوون و شه‌ونخوونی له‌پێناویدا بكێشی. به‌دڵنیایی ئه‌م كاره‌ی منیش وه‌ها به‌ئاسانی نه‌هاتۆته‌دی؛ چیرۆكی نووسینه‌وه‌ی ئه‌م په‌رتوو‌كه‌م له‌مه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت، كه من پێشتر ئه‌ڕشیفێكی ئێجگار زۆرم له‌سه‌ر كازم كۆكردبۆوه، كه زیاتر له (٢٥) ساڵ ده‌بوو، ده‌مێكیش بوو بیرم له‌وه كردبۆوه كه ژیاننامه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده مه‌زنه بنووسمه‌وه و له په‌رتووكێكدا بڵاوی بكه‌مه‌وه؛ ته‌نانه‌ت خه‌ون و ئاواتم بۆ ئه‌م كاره ده‌خواست. ئه‌وه بوو له ساڵی (٢٠١١)دا ده‌ستم به‌نووسینه‌وه‌ی ژیاننامه‌كه‌ی كرد و له ساڵی (٢٠٢٠)شدا، كۆتاییم به‌سه‌رجه‌م كاره‌كانی هێنا. بێگومان به‌درێژایی ئه‌م (٩) ساڵه‌ش، كۆمه‌ڵێك گرفت و كێشه و ئاسته‌نگی زۆرم هاتنه‌پێش! به‌ڵام له‌به‌ر خۆشه‌ویستی ئێجگار زۆرم بۆ خودی كازم و په‌رۆشیم بۆ ئه‌م كاره، سوپاس بۆ خوای گه‌وره، توانیم به‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌نگه‌كاندا زاڵبم و له‌كۆتاییدا كاره‌كه هاته به‌رهه‌م. هیوادارم به‌دڵی هه‌موو لایه‌ك بووبێت. ٭ بۆچی هونه‌رمه‌ند كازم ساهیرت هه‌ڵبژارد؟ - هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆشه‌ویستی بێ سنوورم بۆ ئه‌م هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه، كه هه‌ر له قۆناغه‌كانی زووی ته‌مه‌نمه‌وه، شه‌یدای بووم و ئه‌شقی له‌ناخمدا چه‌سپاوه. هه‌ربۆیه‌ش ویستم سه‌رچاوه‌ی ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌م، له‌میانه‌ی په‌رتووكێكدا ڕه‌نگ بداته‌وه، هاوكات نه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش، به‌شاكاره‌كانی ئاشنا بكه‌م. ٭ هۆكاری هه‌ڵبژاردنی ئه‌م نازنا‌وه مێژووییه چی بوو بۆ كتێبه‌كه‌ت؟ - سه‌ره‌تا بیرم له‌زۆر نازناو كرده‌وه، به‌ڵام هیچیانم له (چه‌نگی سۆمه‌ری) پێ جوانتر و شایسته‌تر نه‌بوو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م نازنا‌وه تایبه‌ته و زۆر مانای جیاواز له‌خۆده‌گرێت، هه‌م بۆ خودی كازم و هه‌میش له‌جیهانی هونه‌ردا. وه‌ك ئاشكرایه (چه‌نگ)، بۆ سه‌رده‌می (سۆمەرییه‌كان) ده‌گه‌ڕێته‌وه و یەك لە سەرسوڕهێنەرترین شارستانییەتەكانی دونیایه و كۆنترین ئامێری موزیكی ژێدارییه لە مێژووی مرۆڤایه‌تیدا. ئه‌م ئامێره له (١١) ژێ پێكهاتووه، كازمیش لە ڕۆژی (١٢)مدا لەدایكبووە و بەژێی (١٢)مین لە مێژووی عێراق و مرۆڤایه‌تی داده‌نرێت. هه‌ر بۆیه به‌م شێوه‌یه لێكمدایه‌وه و له‌كۆتاییدا ئه‌م نازنا‌وه جیاوازه‌م هه‌ڵبژارد. ٭ له كتێبه‌كه‌تدا دیدارت لەگەڵ بەشێكی زۆر لە توێژەرانی مۆسیقادا كردووه، چ شتێكی نوێیان وت دە ربارەی هونەری كازم؟ - كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كوردم هه‌ڵبژاردن و به‌خۆشحاڵییه‌وه دیمانه‌ی تایبه‌تم له‌گه‌ڵیاندا سازدا و له‌ناو په‌رتووكه‌كه‌مدا خستمنه‌ڕوو، كه زۆربه‌یان ئاشنایه‌تیان له‌گه‌ڵ كازمدا هه‌بووه و سه‌رسامی كار و به‌رهه‌مه‌كانی بوون و زۆر به‌ئه‌كادیمیانه باسیان له هونه‌ره‌كه‌ی كردووه. ئه‌مه جگه له بۆچوونی هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی عه‌ره‌بیی و بیانی له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا؛ كه ئه‌مه‌یان بۆ خوێنه‌ران و شه‌یدایانی كازم جێده‌هێڵم، باخۆیان له په‌رتووكه‌كه‌دا بیخوێننه‌وه. ٭ نهێنی سەركەوتنی كازم لە چیدایە، چونكە وەك ئەزانی لە عێراق و وڵاتانی تریش دەیان هونەرمەند هەن، بۆچی ئەو سەركەوتنی زیاتری به‌ده‌ست هێناوه؟ - به‌ڕای ساده‌ی خۆم، كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری سه‌ره‌كی هه‌ن، كه به‌دڵنیایی وایانكردووه كازم له هونه‌رمه‌ندانی دیكه جیابكاته‌وه و هه‌میشه له لوتكه‌دا بمێنێته‌وه و خۆری ئاوا نه‌بێت، ئه‌ویش ئه‌مانه‌ن: ١. به‌هره‌ی (ئاوازدانان)ی زۆر به‌جوانی قۆستۆته‌وه. ٢. ده‌رچووی (په‌یمانگه‌ی موزیك)ه، به‌و مانایه‌ی، موزیكی به‌شێوه‌ی ئه‌كادیمیانه خوێندووه. ٣. كه‌سێكی كۆڵنه‌ده‌ره، كاره‌كانی زۆربه‌جیددی ئه‌نجام ده‌دات. ٤. توانای (نووسینی هۆنراوه)ی هه‌یه، ئه‌مه‌ش بۆته پاڵنه‌رێكی به‌هێز تاكو بتوانێت هۆنراوه‌ی به‌پێز و ناوازه هه‌ڵبژێرێت و بیانكات به‌گۆرانی. ٥. كاركردنی له‌گه‌ڵ هۆزانڤانی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب، به‌تایبه‌ت سوری كۆچكردوو (نزار قه‌بانی)، كه كاركردنی له‌گه‌ڵیدا، به‌یه‌ك له خاڵه هه‌ره سه‌ركه‌وتووه‌كانی ژیانی هونه‌ری داده‌نرێت. ٦. ئه‌نجامدانی (وه‌رزش) به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، كه ئه‌مه‌ش واده‌كات ده‌نگی به‌هێز بمێنێته‌وه، هاوكات جه‌سته‌یه‌كی چوست و چالاكی له‌سه‌ر شانۆ پێده‌به‌خشێت و ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی چه‌ندین كاتژمێر بێ وه‌ستان، گۆرانی بچڕێت. ٭ وه‌ك ئەزانین كازم شیعر و ئاوازیش دائەنێت، ئه‌مه چۆن لێك ئەده‌یته‌وه؟ - ئاشكرایه كه كازم ئاوازدانه‌ره و سه‌رجه‌م ئاوازی گۆرانییه‌كانی خۆی دایناون، جگه له‌چه‌ند ئاوازێك نه‌بێت، كه به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن. له‌پاڵ ئه‌م به‌هره‌یه‌شی، چه‌ندین به‌هره‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی تری هه‌ن وه‌ك (هۆنراوه نووسین)، بۆ به‌ڵگه، كۆمه‌ڵێك هۆنراوه‌ی گۆرانییه‌كانی له نووسینی خۆیه‌تیی و سه‌ركه‌وتنی چاكیشی به‌ده‌ستهێناوه. ٭ چ لایەنێك له ژیانی تایبەتی و هونه‌ری كازم، سەرنجی ڕاكێشایت؟ - گومانی تێدا نییه، كه كازم هونه‌رمه‌ندێكی هه‌تابڵێی به‌توانا و لێهاتووه و سه‌رجه‌م سنووره‌كانی هونه‌ری به‌زاندووه، ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رنجی منی ڕاكێشاوه له‌باره‌ی ژیانی تایبه‌تییه‌وه، چه‌ندین هۆكارن، دیارترینیان: (خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی تایبه‌ته، ساده‌یه، نیشتیمانپه‌روه‌ره، به‌سۆز و به‌زه‌ییه، لێبوورده‌یه، ئارامگره، ڕاستگۆ و وه‌فاداره، ته‌نها پشت به‌خۆی ده‌به‌ستێت و هه‌ر خۆیشی خۆی پێگه‌یاندووه). له‌باره‌ی هونه‌ره‌كه‌شییه‌وه: (هونه‌ره‌كه‌ی ئێجگار زۆر خۆشده‌وێت، قه‌سیده‌ی زۆر به‌هێز و ناوازه بۆ گۆرانییه‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێت و ئاوازیان بۆ داده‌نێت، له‌سه‌ر شانۆ به‌شێوازێكی زۆر تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ژه‌نیارانی تیپه موزیكه‌كه‌یدا ده‌وه‌ستێت و به‌باشترین شێوه گۆرانییه‌كانی بۆ ئاماده‌بووان ده‌چڕێت). ٭ زۆرترین یادگاریت له‌گه‌ڵ كام گۆرانیدا هه‌یه؟ - ڕاستییه‌كه‌ی كه‌م گۆرانی كازم هه‌یه كه من یادگاریم له‌گه‌ڵیدا نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له‌یادمه، گۆرانی (حبيبتي والمطر)ه، كه چیرۆكه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه بوو، قوتابی قۆناغی (٥)ی ئاماده‌یی بووم، ڕۆژێكی وه‌رزی زستان دوای كۆتایی هاتنی ده‌وامی قوتابخانه، به‌ماندوویی بۆ ماڵه‌وه ده‌گه‌ڕامه‌وه، بارانێكی به‌خوڕ ده‌باری، له‌و ساته‌دا له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌مدا دانیشتم و ده‌ستم دایه دیوانه‌كه‌ی (نزار قه‌بانی)؛ حه‌زمكرد یه‌ك له قه‌سیده‌كانی بخوێنمه‌وه، ڕێكه‌وتێكی سه‌یر بوو! له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی دیوانه‌كه‌ی؛ چاوم به‌قه‌سیده‌ی (المطر) كه‌وت؛ كاتێ خوێندمه‌وه، له‌گه‌ڵ خۆم دوام و بیرم له‌وه كرده‌وه و گوتم: (خوایه گیان، ده‌بێت ڕۆژێك بێت كازم ئه‌م قه‌سیده ناوازه‌یه بكات به‌گۆرانی؟)، ئینجا دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ك، له‌میانه‌ی گۆڤارێكی عه‌ره‌بیدا خوێندمه‌وه كه كازم ئه‌م قه‌سیده‌ی كردووه به‌گۆرانیی و به‌ناونیشانی: (حبيبتي والمطر) بڵاوی ده‌كاته‌وه. له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه، به‌ڕاستی تووشی شۆك بووم! و ئێجگار دڵخۆشی كردم. ٭به‌ڕای خۆت به‌هێزترین ئه‌لبومی كازم كامیانه؟ - به‌ڕاشكاوی ئه‌سته‌مه بتوانین به‌هێزترین ئه‌لبومی كازم دیاری بكه‌ین، به‌ڵام به‌لای منه‌وه، ئه‌لبومی (حبيبتي والمطر) كه له ساڵی (١٩٩٩)دا بۆ هه‌وادارانی بڵاوكرده‌وه، به‌هێزترین ئه‌لبومیه‌تی؛ چونكه له‌چه‌ندین گۆرانی قه‌سیده‌ی هه‌مه‌جۆر و زۆر قوڕس و ناوازه پێكهاتووه، كه من وه‌ك خۆم، وایده‌بینم كازم له‌میانه‌ی ئه‌م ئه‌لبومه‌یدا، زیاتر وه‌ك (موزیسیانێك) دێته به‌رچاو وه‌ك له گۆرانیبێژێك؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی موزیكێكی هێنده به‌هێزی له‌م ئه‌لبومه‌یدا پێشكه‌شكردووه و بۆته مایه‌ی سه‌رسامی هه‌مووان. ٭ چ شتێك كازم به‌كورد ئەبه‌ستێته‌وه؟ - سه‌ره‌تا پێویسته ئێمه‌ی هونه‌ردۆست، (هونه‌ر) به‌لایه‌نه جوانه‌كه‌یه‌وه سه‌یر بكه‌ین و له‌ڕووی ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه لێوه‌ی نه‌ڕوانین؛ چونكه مرۆڤ كاتێك گوێبیستی گۆرانییه‌ك یاخود موزیكێكی ناسك ده‌بێت، نابێت بیر له‌وه بكاته‌وه كه ئاخۆ هی چ كه‌سێك یاخود نه‌ته‌وه‌یه‌كه؛ گرنگ چێژوه‌رگرتنه‌كه‌یه. منیش هه‌ر له‌م لایه‌نه جوانه‌وه سه‌یری هونه‌رم كردووه. وه‌ك لای گه‌لی كوردیش ئاشكرایه، كازم پێشتر له گوندی (گربیش)ی سه‌ر به‌شارۆچكه‌ی (ئاكرێ)ی كوردستانی خۆماندا مامۆستا بووه و كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند و موزیسیانی ناوداری كوردیش ئاشنایه‌تییان له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه، ئه‌ویش زۆر به‌جوانی له هونه‌ری كوردی ڕوانیووه و حه‌زی به‌موزیكی كوردی كردووه. ٭ ئایا خۆی زانیویەتی ئه‌م بەرهەمەی لەسەر نووسراوە و به‌ڕێزت لە بەرنامەتدا نییە بیكه‌یته عەرەبی؟ - تا ئه‌م ساته، له‌هیچ كه‌س و لایه‌نێكه‌وه پێم ڕانه‌گه‌یه‌نراوه كه ئایا كازم په‌رتووكه‌كه‌می به‌ده‌ست گه‌یشتووه یاخود نا! بێگومان زۆر به‌په‌رۆشه‌وه‌ش چاوه‌ڕێی ئه‌م ساته‌م. له‌باره‌ی وه‌ڕگێڕانه‌كه‌شی، به‌دڵنیایی له به‌رنامه‌مدا هه‌یه له‌داهاتوودا بۆ سه‌ر (زمانی عه‌ره‌بی) وه‌ریبگێڕم؛ تاوه‌كو سوود به‌هه‌موو هه‌وادارانی بگه‌یه‌نێت. بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ش، به‌ڕاشكاوی له ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێم؛ بۆئه‌وه‌ی (سپۆنسه‌ر)ێكم ده‌ستبكه‌وێت. شایانی باسه، نووسه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگی ده‌رباره‌ی كازم له‌میانه‌ی ڕۆژنامه‌كان و گۆڤاره‌كان و ماڵپه‌ڕه ئه‌لیكترۆنییه‌كاندا بڵاوكردۆته‌وه.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure