4/12/2021 06:10 PM

پێش مەرجەکانی هاتنە دی کۆمەڵگای مەدەنی

1

«هێرشی بەردەوامی چەند دەیە پاوانخوازی بۆ سەر پێکهاتەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتانی بلۆکی رۆژهەڵات، کۆمەڵێک کەسی ئەتۆمیدە (لەبەر یەک هەڵوەشاو)ـی لێکەوتەوە کە بە شێوەیەکی کوشەندە بە شوێن پرەنسیپێکی هاوبەشەوە بوون بۆ ئەوەی ژیانێکی نوێی لەسەر دابمەزرێنن. لەم دۆخەدا ناسیۆنالیزم وەکوو سەرەکیترین (نەک تەنها رێگەی شایستە) بۆ ئاگاداری کردن لە کۆمەڵگا خرایە روو. بەڵام لەو رووەوە کە ناسیۆنالیزمی سیاسی لە سەردەمی زاڵێتیی حزبە کۆمۆنیستەکاندا کە سیاسەتێکی ئەنتەرناسیۆناڵیان هەبوو لەناو چوبوو، هۆکارە ئەتنیکییەکان بە شێوەیەکی تایبەت دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت».
لەدوای رووخانی بلۆکی رۆژهەڵات، دیموکراسی لە وڵاتانی هەنگاریا، کۆماری چیک و پۆڵەندا کە کەمترین درز (کەلێن)ـی ئەتنیکیان هەبوو زیاتر پەرەی سەند. بەپێچەوانەوە لەو وڵاتانێکی وەکوو سڵۆڤاکیا، بولغارستان، رۆمانیا و یوگوسلاڤیا کە لەگەڵ درزی ئەتنیکی رووبەڕوو بوون، تێکهەڵچوونی ئەتنیکی هاتە ئاراوە. لەم وڵاتانەدا دیموکراسی زۆر بە کەمی گەشەی کردووە.
کۆمەڵگای مەدەنی دیاردەی سەردەمی مۆدێرن و ئابووریی پیشەسازییە. هاتنە دی کۆمەڵگای مەدەنی پێویستی بە ئامادە کردنی بەستێنە زەینی و عەینییەکانی ئەم دیاردەیە، بۆ نموونە دروستکردنی دیاردەی دەوڵەت-نەتەوە، جێگیربوونی مافی شارۆمەندی و مافی مرۆڤ و چارەسەرکردنی چەند رەهەندیی شوناسی ئەتنیکی، نەتەوەیی و ئایینی هەیە. ئامادەبوونی ئەم پێش مەرجانە رێژەییە و لە پرۆسەی گەشەی بەرامبەری هەمووان لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنیدا ئەنجام دەدرێت. لە درێژەی ئەم زنجیرە باسانەدا تایبەتمەندییەکانی ئەم دیاردانە و چۆنیەتیی هاتنە دی، پێوەندی و گرنگییەکەیان لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی شرۆڤە دەکرێت.

 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved