4/12/2021 06:12 PM

نەتەوە و نەتەوە خوازی (ناسیۆنالیزم)-بەشی یەکەم

2

هەر وەکوو ئادام میکیۆڤیچ، بیرمەندی پۆڵەندایی دەڵێ: «نیشتمان هاوشێوەی تەندروستییە، تەنها کەسانێک لێی تێدەگەن کە لە دەستیان دابێت». یان هەر وەکوو بیرمەندێکی دیکەی پۆڵەندایی، لزک کولاکۆفسکی گوتوویەتی: «نەتەوە یان ئەتنیک ئەزموونێکە، بەڵام مرۆڤایەتی تەنها تامەزرۆییە...ئەو کەسانەی خاوەنی ئەم پێوەندییە فەرهەنگی و زمانییەن هەندێک جار ناتوانن لەو کەسانە تێبگەن کە ئەم پێوەندییەیان نییە».
ئێریک هابسبام (١٩١٧-٢٠١٢ ز)، بیرمەندی بەناوبانگ و مێژوونووسی مارکسیستی بەریتانی، نەتەوە بە دەسکردی توێژی ئیلیت دەزانێ. نەتەوە لە روانگەی هابسبامەوە بە گروپێک لە خەڵک دەگوترێت کە خۆیان بە ئەندامی یەک نەتەوە دەزانن. بەم پێناسەیەوە، نەتەوەخوازی مانایەکی لاواز پەیدا دەکات. پرسی نەتەوەیی‌بوون بە چەمکی نەتەوە و نەتەوەخوازییەوە دەست پێدەکات. نەتەوە پێوەندی بە مێژووی مۆدێرنەوە هەیە و شوناسێکی کۆمەڵایەتییە و وێڕای ئەو سەرزەویانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەکاندایە، دێتە دی. کەوابوو دەوڵەت-نەتەوە بە تەنها هیچ واتایەکی نییە. ماکەکانی بنیاتنان، داهێنان و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی دێنە ناو پرۆسەی نەتەوەسازییەوە. کەوابوو، نەتەوە وەکوو دیاردەیەکی سروشتی، خوداپێداوی، میراتی و نەگۆڕ، تەنها ئەفسانەیەکە و بەس.
هابسبام هاوشێوەی گلنر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە نەتەوەکان، دەوڵەت و نەتەوەخوازی بنیات نانێن، بەڵکوو راستەقینە پێچەوانەی ئەم شتەیە. بە واتایەکی دیکە، ئەوە ناسیۆنالیزمە کە نەتەوەکان دێنێتە دی، نەک پێچەوانەکەی. گلنر دەڵێ: «بەدڵنیاییەوە، ناسیۆنالیزم بە کەڵکوەرگرتن لە پێشینەی فەرهەنگی ئێستایی و میراتی مێژوویی و بەرهەمهێنانەوەی ئەم بابەتانە، یان بەرهەمهێنانەوەی پاشەکەوتە فەرهەنگییەکان، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی بژاردەییش بێت کە زۆر جار دەبێت بە شتیکی تۆخ و خەست، دێتە دی. دەکرێ زمانی مردوو زیندوو بکەیتەوە، نەریتی دەست‌لێنەدراو و دەسکرد دروست بکەیت و نۆژەنی بکەیتەوە. بەڵام، ئەم داهێنانە فەرهەنگی، خەیاڵی و داهێنەرانەیە نابێ کەس بە لاڕێدا بەرێت و بەو قەناعەتەی بگەیێنێت کە ناسیۆنالیزم، داهێنانی ئیدئۆلۆژیک، دەسکرد و بابەتێکی ئێپیدێمیکە، کە ئەگەر کۆمەڵێک کەسی سەرلێشێواو و بیرمەندانی ئەوروپیی دەستێوەردەر نەبن و کاریان بەسەریانەوە نەبێ، روو نادات».

 

 

خاک _ سیامەند موهتەدی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved